ئەو پزیشکەی ناوبانگی گەورەترە لەخۆی (د.عبدالواحید بەنمونە)

Tuesday, 23/08/2022, 19:39

7174 بینراوە


زۆر جار ناوبانگیش وەک دەوڵەمەندیی ڕەوا نییە. دەوڵەمەندی بێ ماندووبوون و ناوبانگی ناڕەوا سودیان تەنها بۆ خودی خاوەنەکەیان هەیە، کەسێک کە بێ ماندووبوون و توانا ی پێویست دەوڵەمەند دەبێت و کەسێک، کە ناوبانگەکەی لە خۆی گەورەترە هەردووکیان خۆپەرست و قۆڵبڕن. بەدڵنیاییەوە ناوبانگی دکتۆر ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، نەک زانستەکەی کە لە سودان فێری بووە! تا ئێستا خەڵکی دوو مەسەلە تێکەڵ دەکەن، مەسەلەی فێربوون و داهێنان، هەروەها زانایی و زانین. ئاخر پزیشکی شتێکە مرۆڤ فێری دەبێت، بەڵام داهێنان و زانایی بلیمەتییە. بلیمەتی و زیرەکی و توانای وەرگرتن "ئەزبەرکردن" جودان.
ئیسلامییەکان زیاد لە پێویست ئەم دکتۆرە گەورە دەکەن، لەوانەیە ئەمەش پەیوەندی بەگرێیەکی دەرونییەوە هەبێت، دەکرێت بڵێین گرێی زانست و زانایی، چونکە ئیسلامییەکان هەست بەکەمی دەکەن لەبەرامبەر زانست و زانا "کافرەکان"دا، کە بەردەوام ئەوەیان بەگوێدا دەدرێت کەوا زانست بەرهەمی ئەقڵە و دین دوورە لە لۆژیک و زانست، ئەوەش کێشەیەکە هەرخۆیان دروستیان کردووە، چاوەڕوانی زیاد لە پێویستیان له دینەکەیان هەیە، یانی بەوە ڕازیی نین، کە دین کایەیەک یان دیاردەیەک بێت و بەشێک بێت لە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگە، بەڵکو دەیانەوێت دین بخزێننە ناو هەموو خانە و شانەکانی کۆمەڵگاوە. ئیسلامیەکان لەو ڕووەوە، کە گرێیەکی دەرونییان هەیە و لە کەس شاراوەنیە. هەر بۆیە شاگەشکە دەبن، کاتێک زانایەک موسڵمانبوونی خۆی ڕابگەیەنێت "ئەگەرچی پێدەچێت دینیش خزابێتە ناو گەمە و یاریەکانی سەرمایەداریی و فرۆشتن و کڕینی بیروباوەڕەکان" بۆ نا! ئەم سیستەمە چاوی قازانجی لەسەر هەموو شتێکە، پاشان تێکەڵ بوونی مەسەلەکە بە سیاسەت و خاپاندنی کۆمەڵگا موسوڵمانەکانە.
بەکورتی دەمەوێت لەم هەڵە تێگەیشتنەی کۆمەڵگاکەمان بدوێم سەبارەت بە ناو و دەنگی هەندێ کەس لەوانەش دکتۆر عبدالواحید. ئەم کەسە پزیشکێکە ئاسایی ئەمڕۆ پزیشکی پیشەیەکە، هەرکەسێک دەتوانێت فێری ببێت، چونکە زانستی پزیشکی زانستێکە هەیە و هەرکەس بتوانێت بگاتە کۆلیژێکی پزیشکی و ئەو بەشە بخوێنێت ئیتر پێشناوی دکتۆر هەڵدەگرێت، بەڵام هەرکەس بچێتە بەشی فەلسەفە نابێتە فەیلەسوف، هەروەک چۆن دکتۆریش نابێتە زانا لە بەر ئەوەی پزیشکی خوێندووە. ئینجا لە سودان بێت، یان لە وڵاتێکی تر . لەم وڵاتە زۆرپزیشکی بەتواناتر لەم بەڕێزە هەن، بەڵام خەڵک نایان ناسێت، لەبەر چی؟ لەبەرئەوەی ئەوان بەدوای ناوبانگەوە نین، ئایدیۆلۆژی نین، ئەوەی وا دەکات ئەم بەڕێزە ئەوەندە گەورە بکرێت، لەڕاستیدا بیروباوەڕەکەیەتی نەک پیشە و زانستەکەی. لەلایەکی تر مەسەلەی خێرخوازی و هەرزانکردنی نرخی نەشتەرگەریی!
بەڵام ئەمە بۆ خۆی ناحەقیی و ناڕەوایە، لەبەر ئەوەی بەشێکی لە هەژارانی کۆمەڵگە سودیان لێبینیوو و خۆشیان دەوێت، بەمە هەلەکەی قۆزیوەتەوە و بۆتەتە واعیز و خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەک دەکات، ئاخر دکتۆر و ناوبانگەکەی هی کارە مرۆیەکانی نییە، ئەوەندەی هی ئەفکارە نامرۆیی و خوڕافیاتەکانێتی. د. عەبدولواحید واعیزێکی گەورەیە نەک پزیشکێکی گەورە. دکتۆر خۆشەویستی بەشێک لەکۆمەڵگە و ئەوکەسانەیە، کە هاوکاری کردون، ئەمەشی قۆستۆتەوە و بەکاری دێنێت بۆ بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەکەی خۆی و لەوێوە پەلاماری گروپی دینی جیاواز دەدات، تەنانەت پەلاماری نیشتیمانیش دەدات! ئەمە دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجییە، کە وا دەکات دکتۆر بێ منەتانە خاکی کورد هەڕاج بکات. دەبێ دکتۆر بزانێت هەڕاج و هەرزانکردنی نۆرینگەکەی، شەفاعەت ناکات بۆ هەڕاجکردنی نیشتیمان، ئەو تەنها دەتوانێت نرخی نەشتەرگەریی کەمبکاتەوە، کە داشکاندن و هەرزانکردنی نرخ پیشەی بازرگانی زیرەکە ! ئێمە لەو کارە خێرخوازیانە دەگەڕێین، بەڵام ڕەواش نییە خەڵکانێک خۆیان بە چاو لەبەری بزانن و لەبەرئەوەی هاوکاری کردوون، چاو لە بیروباوەڕی بپۆشن! چونکە بیروباوەڕی کەسانی دیار کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە هەیە. مەرج نییە ئەوەی پزیشکێکی باش بوو، مرۆڤێکی باشیش بێت. ئەم دونیایە پڕە لە پزیشکی نامرۆڤ، فاشی ! ئەم پزیشکانەی خزمەتی هیتلەریان دەکرد پزیشکی گەورەبوون، بەڵام مرۆڤ نەبوون. د کتۆر غبدالواحید یەکێکە لەو پزیشکانەی بیروبۆچونەکانی نامرۆڤانەن، فاشیستانەن، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە و لەسەری بوەستین، نابێت کاری باش بۆ ئامانجی چەپەڵ بەکاربێت. لە مێژوودا کەم نین ئەوانەی بەناوی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوە کاری شەیتانیان کردووە. دکتۆر لەپەنای کاری پزیشکییەکەیدا پەلاماری ئێزیدیەکان دەدات، پەلاماری کەلتور و مێژوویان دەدات، د. عەبدولواحید زۆر نامرۆڤانە هێرشی کردە سەر دوای ئەو کارەساتەی بەسەریان هات! با خەڵک گوێ لە وتارەکانی بگرێت. ئەم پزیشکە کە لەسودان خوێدویەتی و ئینتیمای بۆ خاک نییە، ئاسایە، بەڵام نابێت لە پەنای پیشەی پزیشکییەوە پەلاماری پیرۆزیەکانمان بدات. ئەو ئەگەر وەکو پزیشکێک سودێکی بۆ جەستە هەبێت، ئەوا لە بەرامبەردا ئەقڵ نەخۆش دەکات! ئاخر بیروبۆچونەکانی بە گوێرەی لۆژیک و زانستی سەردەم دۆگما و نەخۆشیی ئەقڵین، بەگوێرەی پێوانەکانی مافی مرۆڤ نالێبوردەیی و توندوتیژی و فایستانەن.
دکتۆر پەلاماری ژن و کەسێتی ژن دەدات، کە لەم وڵاتە چەندین، ژنە پزیشکی بەتوانا هەن، بەڵام دکتۆر گاڵتە بە ژن و مافی ژن دەکات. ئەو گاڵتە بە ئاینەکانی تر دەکات و خەڵکی بێباوەڕان دەکات، ئەم پزیشکە باوەڕی بە ئازادیی و ماف و دیموکراسی نییە!
لێرەدا دەبێت خەڵکی دوو مەسەلە لە یەکتر جودا بکەنەوە، مەسەلەی زهنیەت و زیرەکی، یاخود زهنیەت و پیشە. باشە دەکرێت کارەکانی دەزگا خێرخوازیەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، شەفاعەت بۆ دزینی سامانی خەڵک و گەوجاندنی خەڵک بکەن؟ ئێ ئەمە بۆ هەموو لایەنێک ڕاستە.
وتراوە کورد ئەقڵی لە چاویدایە، ئێمە دەبێت وردتر بین لە دادوەریکردن لەبارەی کەسایەتیەکان.
من ناتوانم بڵێم پزیشکێکی خراپە، بەڵام دەتوانم بڵێم بیروبۆچونەکانی فاشیستانەن، دۆگمایانەن، نامرۆڤانەن، نازانستی و نالۆژیکین.
لە حاڵێکدا ئەگەر مرۆڤێک گریمان بلیمەتیش بێت، مانای وا نیە توانای خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی ئیدۆلۆژی خۆی بەکار بهێنێت، ئەوکاتە خێر و شەڕ یەکسان دەبن. 
بریتا بولەر دەڵێت: کاتێک بە مناڵی تێستی زیرەکیم بۆ کرابوو، باوکم ئەوەی لێشاردبوومەوە، تا لە قوتابخانە بەسەر هاوڕکانمدا خۆم فەرز نەکەم، پاشان دەڵێت: باوکم فێری کردم، کە دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە هاوکاری خەڵک بیت، نەک پارەیان بدەیتێ و خێریان پێبکەیت.
هەوڵدان بۆ عەدالەت و هاوکاری سیاسی خەڵکی داماو باشترە لەوەی خێر و خێراتیان پێ بکەیت. ئەوە کۆنە پارێزانن، ئەوانەی خواپێداون، پارچەیەک بۆخەڵکە هەژارەکە فڕێ دەدەن، لەو لاشەوە لەسەر ئەوسیستەمە دەژین، کە خەڵکی هەژارکردووە. بە کورتی ئەوەی کۆمەڵگا پێش دەخات بیروبۆچونی پێشکەوتنخوازانە و بیرکردنەوەی زانستیانەیە، ڕزگارکردنی ئەقڵە لە دۆگما، نەک نەشتەرگەری هەرزان.
بۆ د. عبدالواحید لە یەک گوتەدا دەڵێم: ئەگەر بۆ تەندروستی جەستە پێویست بێت، ئەوە بۆ تەندروستی ئەقڵ مەترسییە. ئەگەر جەستەیەک چاک بکاتەوە ئەقڵێک نەخۆش دەکات. وڵات پێویستی بە ئەقڵیش هەیە! دەکرا دکتۆر هەر خەریکی پزیشکی بوایە، بەڵام بیرکردنەوە نا، چونکە ئەو نازانێت بیربکاتەوە. من لەگەڵ ئەوەدا نیم کەسێک لەسەربیروڕاکانی زەڕبی صفربکرێت، بە پێچەوانەشەوە نابێت لەبەر باشیەکانی چاو لەخراپیەکانی بپۆشرێت.
 لەکۆتایدا دەڵێم: ئەگەر ئەم پزیشکە نەبێت کەس پەکی ناکەوێت و نامرێت لەبەر ئەوەی دکتۆر و جووودی نییە، بەڵام لەوانەیە ئەگەر ئەم کۆمەڵگایە نەبێت دکتۆریش ناتوانێت ئەوە بکات کە لێرە دەیکات.
هیچ میللەتێک ڕێگە نادات سوکایەتی بە مێژوو و خاک و کەلتوری بکرێت. ئەڵبەت کەس گومانی نییە، کە لە ڕووی تیۆرییەوە نەزانە بەزانستی پزیشکیش! شتانێک دەربارەی جەستە دەڵێت، کە پێچەوانەی زانستە. دیارە بیروباوەڕەکەی ڕێگەی پێنادات ددان بە زانستیشدا بنێت، ئەگەر هاتو پێچەوانەی بیرو بۆ چونەکانی بوو، جا چ کارەساتێک لەوە گەورەترە حەقیقەت بە مەسڵەحەت بفرۆشیت. دەربارەی هاوسەرگیری کچی بچوک، دکتۆر وەک کەسێکی دینی قسە دەکات، نەک وەک پزیشکێک، لەوە دەچێت ئەم بەڕێزە لە زانستدا بەس باوەڕی بە نەشتەرگەری و هەڵدڕین و دورینەوە بێت!
دکتۆر ئەگەر عەرەبایەتی نەبێت، کێ و بۆچی وچۆن دێیت خاکی ئێمە بەراورد بە پیرۆزی میللەتێکی تر بکەیت. ئێستا یەکێک بڵێت هەنجیر پیرۆزترە لە خورما، ڕەنگە دکتۆر بڵێت بێ باوەڕە و دژی دینە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە مەنتیقی عەرەبایەتیە نەک ئیسلامەتی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە