پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوردستان جه‌وهه‌ری حزبایه‌تیان شێوان

Monday, 08.29.2022, 16:24

349 بینراوە


ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكی ئاساییدا بین و به‌ شێوه‌یه‌كی سانا و ئاسان له‌ بارودۆخێكی هه‌مه‌جۆری هاوشێوه‌ی كوردستان بدوێین نه‌ك وڵاتێكی دیكه‌. حزب وه‌ك چه‌مكێكی مۆدێرن و رێكخراوی سه‌رده‌میانه‌، زۆر جار له‌ قۆناغێكدا دروستده‌بێت كه‌جه‌وهه‌ر و روكه‌شی ژیانی خه‌ڵك تا راده‌یه‌كی باش له‌ حاڵه‌تی راگوزه‌ر و لادانێكی جیاواز له‌ وه‌ی پێش خۆیدا بێت.  دروستبونی حزب، له‌ ده‌رئه‌نجامی كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵه‌ كارلێكێك له‌ سه‌ر بارودۆخی هه‌مه‌جۆری  سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و، گۆرٍانكاریی خودی و بابه‌تی  ته‌نانه‌ت له‌ رووی چۆنێتی ژیانی گه‌لیشه‌وه‌ دروست ده‌بێت. به‌ پێگه‌یشتنی زه‌مینه‌كه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی بارودۆخی باو دێته‌ئاراوه‌ و، ره‌وشی  نوێی جیاواز خۆی فه‌رزده‌كات، له‌وێدا بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیاواز له‌ نێو ره‌وتی سیاسی خه‌ڵكدا دروست ده‌بێت.  سه‌رئه‌نجام  گردبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێكی پشتبه‌ستوو به‌ رێباز و شیعار و بنه‌مای سه‌ره‌كی تایبه‌ت دروستبده‌بێت. واته‌ ره‌وشێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری نوێ دێته‌ئاراوه‌ كه‌ له‌ قۆناغی هه‌نوكه‌یی خۆی جیاواز و پێشكه‌وتربێت و پێشه‌نگی ژیانی پێشكه‌وتوانه‌ی سه‌رده‌میانه‌ بێت له‌ چاو ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌.
به‌ پشتبه‌ستن به‌و فاكته‌رانه‌ی دروستبونی حزب و چۆنێتی كاركردنی، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ی ئێستای كوردستان  هه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ رۆخی قۆناغی دامه‌زراندنی حزبی راسته‌قینه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ناوی حزبه‌وه‌ رێكخستنێكی په‌رشوبڵاوی بنه‌ماڵه‌ و كۆمه‌ڵێك هاوبه‌رژه‌وه‌ندخوازن و به‌دوور له‌ سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی به‌رێوه‌چونی كاروباری حزب، پێداویستیه‌كانی ژیانی تایبه‌تی خۆیان مه‌یسه‌ر ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌قه‌د كۆمپانیایه‌كی بچوكیش قازانجی كورتمه‌ودا و دوور مه‌ودایان بۆ ره‌وتی ئاسایی ،سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری ، رۆشنبیریی ژیانی خه‌ڵك نیه‌. 
بنه‌ماڵه‌ و كه‌س و خێزان و كۆمه‌ڵێك خزم له‌ مه‌رجه‌كانی بوونی حزب تێنه‌گه‌یشتبن و سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی حزبایه‌تی بكه‌نه‌ قوربانی خۆیان و زه‌مینه‌سازی دروستكردن و به‌رێوه‌چونی حزب تێكبده‌ن و بنه‌ما و رێباز و شیعاری گونجاو له‌ كیسه‌ی هیچ عه‌تارێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌بێت، ئا ئه‌مه‌ ناوی ده‌نێیت چی. 
باس و خواس و كفتوگۆ و مشتومرٍ و تیۆریزه‌كردن و توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌گایه‌كی هاوشێوه‌ی چاخانه‌ و ته‌نها له‌سه‌ر برٍی قازانجی مادی و شێوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ت و سامان و موڵك و ماڵ و پۆست و ده‌سه‌ڵات زیاتر هیچیتر نه‌بێت، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵێك بۆ چۆنێتی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و قازانجانه‌ به‌دوور له‌ویتری  ركابه‌ر بێت ، تاوه‌كو ته‌نها داهاتیان له‌ زۆری بدات، نه‌وه‌كو خه‌ڵكه‌ وابه‌سته‌ به‌رژه‌وه‌نخوازه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ریان له‌ كه‌می بدات. 
حزب به‌خۆی ئه‌م كارانه‌ بكات :
*ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌ و داهات و ماڵ و موڵكی گشتیدا بگرێت.
* ته‌مویلی حكومه‌ت بكات نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ .
*قۆرخی بازرگانی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیه‌وه‌ بكات و بازار بخاته‌ ژێر ركێفی خۆی و داروده‌سته‌كه‌یه‌وه‌.
*به‌ ئاره‌زووی خۆی و به‌ پێی  به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا.
*پاراستنی ئاسایشی نێوحۆ و سنوری ولاته‌كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و بێت.
*چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و باری سه‌ربازی له‌ ژێر ركێفی ئه‌ودا بێت.
*دادگا و دادوه‌ری سه‌ر به‌و بن نه‌ك حكومه‌ت .
*حكومه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی به‌رێوه‌بردنی نه‌بێت و ته‌ماشای ده‌ستی حزب بكات .
*كاروباری په‌روه‌رده‌ و فێركردن رایی بكات.
* به‌رپرسی حزبی به‌رپرسی به‌رپرسی حكومی بێت. 
ئا ئه‌مه‌ ده‌كرێت و ده‌شێت ناوی بنێیت حزب، به‌ڵێ ئه‌مه‌ گه‌ر گردبونه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یی و خزمخزمێنه‌ و ته‌نها پاراستنی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك نه‌بێت هیچ ناوێك هه‌ڵناگرێت و حه‌ق نیه‌ لافوگه‌زاف به‌ چه‌مكی پیرۆزی حزبی راسته‌قینه‌وه‌ بده‌ن. 
له‌ لایه‌كه‌وه‌ هیچ مه‌رجێكی حزبیت له‌ خۆت هه‌ڵنه‌گرتبێت، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ بێبه‌ش بیت له‌ كه‌سێكی كاریزما هه‌ر نه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خزمان و هه‌روه‌ها خاوه‌نی هیچ بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی حزبایه‌تی له‌ پێكهاته‌كه‌ت نه‌بیت و ته‌نها پۆست و پاره‌ و هیزی چه‌كدارت هه‌بێت، راسته‌ ناوی خۆت بنێیت حزب؟ !! 
له‌ كۆتاییدا با ئه‌وه‌ش بڵێم. ئه‌م به‌یانیه‌ پیاوێكی پیری كه‌نه‌فتم بینی به‌ گۆچانێكه‌وه‌ ده‌رۆیشت، پێی وتم: وه‌ره‌ كورٍم با ئه‌و خه‌ڵكه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یان به‌گوێدا بدات و بڵێت؛ بۆ كوێی ده‌به‌ن صه‌دام نه‌یبرد.