هەرچیەک ئەکەم حەزم لێ ناکا
Tuesday, 30/08/2022, 18:36
2608 بینراوە
هەرچیەک ئەکەم حەزم لێ ناکا
هەرچیەک ئەکەم هەر شوم پێ ناکا
ببم بە حسکێ عەرزی بۆ بدڕم
ببم بەهەڤاڵ قردێلە ببڕم
ببم به مەسروور بەڕۆژی ڕوناک
بەپارەی دزی ڤیلای بۆ بکڕم
هەرچیەک بکەم حەزم لێ ناکا
هەرچیەک بکەم هەر شووم پێ ناکا
نابم بە فواد خەریکی خەو بم
ناچمه لالە زار شێرەکەی شەو بم
نابم به ڕێباز ورگم بقوپێنم
لەگەندەڵیشدا هێشتا قەڵەو بم
کەچی بێ ڕەحمە حەزم لێ ناکا
هەرچیەک بکەم هەر شووم پێناکا
مەلای مێباز نیم چاوباشقاڵێ بم
کل لەچاو بدزم لەخوا نەترسم
ابم بە قوباد گڕلە یار بەربێ
لەپەنجەرەوە ئەحواڵ بپرسم
کەچی کافرە حەزم لێ ناکا
هەرچیەک ئەکەم هەر شووم پێ ناکا
کرێکارێکم لە ئێسک و لە چەق
کۆڵنادەم ئەژیم لەسەر بەردی ڕەق
نابم بەکۆیلە بۆ بنەماڵە
خۆپشاندەران بدەمە بەر شەق
کەچی زاڵمە ، حەزم لێ ناکا
هەرچیەک ئەکەم هەر شوم پێ ناکا
هێندە زیرەک نیم زانای ئەتۆم بم
هێندە شێتیش نیم سوار سەری خۆم بم
وەکو گردەکە درۆزنیش نیم
بەڵێنم داوە بەڕاستی مۆم بم
کەچی ناگۆڕێ حەزم لێ ناکا
هەرچیەک ئەکەم هەر شووم پێ ناکا
نەماڵم ئەوێ نەگەنج و حۆری
ئەوم دی دەستم لە دنیا شۆری
وەک دوو حیزبەکە نەوتی بۆ بدزم
لەملا بەتەنکەر لەولا بەبۆری
هەر باوەڕ ناکا حەزم لێ ناکا
هەرچیەک بکەم هەر شووم پێ ناکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست