شەڕارە و ڕێبازی نوێ، فەرید و مەحمود!

Thursday, 01/09/2022, 9:37

9901 بینراوە


پێشەکی: 

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بابەتێک لەبەرواری ٧/٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە، کە سمینارێک بووە فەرید ئەسەسەرد و مەحمود ڕەزا، قسەیان دەربارەی گۆڤاری (شرارە و ڕێبازی نوێ) کردوە و بە ئارەزووی بەرژەوەندییان لەو بابەتە دواون. بۆیە لەم نووسینەدا هەوڵدراوە کە هەندێک ڕاستی هەیە کە ئەوان ویستوویانە خەڵکی پێ چەواشە بکەن، ڕوون بکرێتەوە! 

هەموو بڵاوکراوەکانی یەکێتی نیشتمانی لە شاخدا بە (شرارە و ڕێبازی نوێ)وە بە دوو قۆناغدا ڕەت دەبوون:

یەکەم: عەقڵ و بیرکردنەوە و بیرۆکە

بڵاوکراوەکانی بەرەی یەکێتی نیشتمانی لەسەرەتایی دامەزراندنیەوە تا کۆڕەو، ڕەنگدانەوەی جۆری بیرکردنەوە و بیرۆکەی جەلال تاڵەبانی بوون، واتە عەقڵی بیرکردنەوەو جۆری بەرێوەبردنی سیاسەتی یەکێتی، جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان، جۆری ئاراستەکردنی هێزی یەکێتی بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی خۆی، بەکارهێنانی پرسی ڕەوای میللەتەکە بۆ ئەو مەبەستە بەگوێرەی قۆناغە جیاوازەکان و ڕووداوەکان، بگرە لە دروشمەکانەوە تا مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی بەعس و دەزگەی هەواڵگری موخابەراتی سوری و ئیتیلاعاتی ئیران، تا دەگات بە گەرم کردنی ئاگری شەڕی براکوژی، نووسراو و بڵاوکراوەکان لەلایەن جەلال تاڵەبانی ئاراستە دەکران، ئەوجا نەوشێروان مستەفا ئەمین تەکانی پێ دەدا، نووسینی گشت ئەندامەکانی دی سەرکردایەتی یەکێتی لەو ئەڵقەیەدا دەخولایەوە. 
 شەڕارە  بە زمانی عەرەبی و ڕێبازی نوێ بە زمانی کوردی وەک هەموو بڵاوکراوەکانی یەکێتی ئامرازێک بوون، بۆ گەیاندنی بیرۆکەی جەلال تاڵەبانی بە خەڵک و هەڵوێستەکانی بەگوێرەی قۆناغەکان بەرامبەر بە بەعس، حکومەتی ئیران و سوریا و شەڕی براکوژی. ئەم ڕاستییە هەرگیز ناگوجێت لەگەڵ ئەوەی کە فەرید ئەسەسەرد لە سمینارەکەدا باسی دەکات، کە گوایە "شەرارە" ماوەیەک عەباس بەدری سەرنووسەری بووە، لەبەرئەوەی فەیلی بووە و لەنێو عەرەباندا پەروەردە بووە و ژیاوە، ئەمە وای لێ کردوە کە مەیلی زێتر بۆ عیراقچیەتی بڕوات و  ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی عیراقچیەتی بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە شەڕارە لەو قۆناغەدا زێتر لەژێر هەژموونی بیرکردنەوی عیراقچیەتی ئەو بووە، لە بابەتەکانی "شەڕارە"دا جەختی لەوە کردۆتەوە کە کورد تەنیا دەتوانێت لەگەڵ بەغداد هاوکار بێت بۆ بەدیهێنانی مافەکانی. بە دڵنیاییەوە ئەمە زۆر دوورە لە ڕاستی، مەسەلەی عیراقچیەتی، جەلال تاڵەبانی خۆی بڕوای پێ هەبوو، هەردەم ئەو خەونەی هەبوو، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێت بە سەڕۆک کۆماری عیراق نەک کوردستانێکی ئازاد، بۆیەش کاتێک کە ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا، بە پەلە یەکێتی بۆ هێرۆی خێزانی و حکومەتی هەرێمی بۆ بارزانی بەجێهێشت و بەرەو بەغداد ئۆغری کرد، دواتر تا زمانی نەشکا و لەهۆش خۆی نەچوو، عەرەبستانی بەجێنەهێشت، ئەو ئەزموون و ڕاستییە لە مێژوودا ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت. 
شەڕارە، لەبەرئەوی بە زمانی عەرەبی بوو، دەزگەی هەواڵگری سوری و ئیرانی بە ئاسانی دیان توانی لە ڕێگەیەوە چاودێری سیاسەتەکانی یەکێتی بکەن، بۆیە جەلال تاڵەبانی هەمیشە هەوڵی دەدا، لە ڕێگەی میدیای حزبەکەی نیەت سافی خۆی پێشانی ئەوان بدات، لەبەرئەوەی هەردووک دەوڵەت هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبوونە کە سنووری عیراقێکی یەکگرتوو هەڵبوەشێتەوە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دی قەت نەیانویستووە کوردستانیش ئازاد بێت، بۆیە هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی یان هەر سەرکردەیەکی حزبە کوردییەکان، ئەگەر ئەو دوو خاڵەیان بۆ ئەو دەزگە هەواڵگریانە نەسەلماندبا، ئەوا بێ گومان پشتیوانی ئەو دوو دەوڵەتەیان هەرگیز مسۆگەر نەدەکرد.  
شەڕارە و ڕێبازی نوێ، دوو گۆڤاری یەکێتی بوون بە تەوجیهی جەلال تاڵەبانی ئەوجا نەوشێروان مستەفا ئەمین بابەتەکانیان دەگەیشتە قۆناغی چاپ کردن، بۆیە ئەگەر هەر سەرنووسەرێک لە هێڵی سووری لادابوایە ئەوا وەدەر دەنرا. بە شێوەیەکی سەرەکیی زۆربەی هەرە زۆری بابەتەکانیش هەر هەردووکیان دەیاننووسی، بەبێ ئاماژە کردن بە ناویان، واتە ئەوەی دەخرا سەر کاغەز ئەوە بوو کە خۆیان دەیانویست چی بڵێن و چۆن یاری بە هەستونەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی خەڵک بکەن. بابەتی هیچ کەسێک بەبێ تێپەڕبوون بە قۆناغی چاودێری نەدەگەیشتە چاپکردن و بڵاوبوونەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە فەرید ئەسەسەرد لە سمینارەکەدا ئاماژەی پێ دەکات و مەحمودیش بۆی دەسەلمێنێت، بۆیە نووسراوەکان بەبێ ناو بڵاوکراونەتەوە، گوایە لەبەرئەوە بووە، کە کەسیان ناوبانگ و پلەیان لا گرنگ نەبووە. بێ گومان ئەمە ڕاست نییە، لە قۆناغی شاخ و لە سەرەتایی دروست بوونی یەکێتی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران، ململانێ و گرفتەکانی نێوخۆ بە پلەی یەکەم لەبەر ناوبانگ و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو بەرەیە و ئەو ڕێکخراوە بووە. کێشەی ئیعلام گەورەترین گرفت بوو، شەڕ بوو لەسەر ئەوەی کێ ببێ بە لێپرسراوی ڕادیۆ، لێپسراوی ئیعلام و سەرنووسەری فڵانە گۆڤار و فیستکە بڵاوکراوە. هەرگیز کەس نەیدەتوانی ئەو لێپرسراویەتە وەربگرێت، ئەگەر بە پلەی یەکەم پیاو و ماستاوچی جەلال تاڵەبانی ئەوجا نەوشێروان مستەفا نەبوایە.  

دووەم: کاری هونەری و بە چاپ گەیاندن

لەم سمینارەدا تەنیا ناوی ئەوانە دێت کە لە شاخیش بە جەلالی ناسراو بوون کە گوایە ئەمانە سەرنووسەری "شەڕارە" بوونە وەک (جەلال تاڵەبانی، یوسف زۆزانی، فایز یونس واتە ئەبوشەهاب ، عەباس بەدری).  
لە ساڵی ١٩٨٠وە تا کۆتایی قۆناغی شاخ، ئەرکوبرکی هونەری و تایپ کردن و ڕاکێشانی و ڕۆنیۆ سەرپەرشتی بە چاپ گەیاندنی هەموو گۆڤار، نامیلکە و بڵاوکراوەکانی یەکێتی،  قورسترین ئەرک بوو بەتایبەتی تایپ کردن، ڕۆنیۆ و ڕاکێشانی، ئەویش کۆمەڵێک پێشمەرگەی لەخۆ بووردوو ئەو ئەرکەیان دەگرتە ئەستۆ وەک پێشمەرگە( بەختیار حەمە شەریف تا کۆتایی، هۆشیار عابد تا ساڵی ١٩٨٥)، شەونخونی (یوسف شەریف) تا کۆتایی و  ناوی ئەوانی دیم لە یاد نەماوە، کە ئەمە هەردوو گۆڤاری شەرارە بە زمانی عەرەبی و ڕێبازی نوێ بە زمانی کوردی دەگرێتەوە.  
لە سەرەتادا کاتێک کە "شەرارە"  و "ڕێبازی نوێ" لە سوریا و بیروت چاپ دەکرا، ئەوەندە کێشەی نەبوو وەک ئەوەی فەرید ئەسەسەرد باسی دەکا و گەورەی دەکات. ئێمە هەموو ئەزموونی ئەوەمان هەیە، کاتێک کە گۆڤارێکی سەر بە حزبێکی کوردی لەنێو جەرگەی بەغداد چاپ دەکرا، حکومەت ڕێگەی پێدەدا و بە دڵی ئەو بوو، ئەوا هەموو کارمەندەکانی پارەیان وەردەگرت و خەرجی چاپ و کاغەز و تا گەیاندنی بە بڵاوکردنەوە لەسەر خەرجی حکومتی بەعسدا بوو، بۆ دەرهێنانی گۆڤارێکی کوردیی لە سوریادا هەمان ئەزموون بوو، واتە "شەڕارە"  و "ڕێبازی نوێ" لەژێر باڵی دەزگەی هەواڵگری بەعسی سوریادا لە دایک بووە، تا ئەو کاتەی کە سوریا خەرجومەخارجی ئەو گۆڤارەی لە ئەستۆ بووە، بێ گومان بە ڕێککەوتن لەگەڵ جەلال تاڵەبانی بیرۆکە و نووسراوەکانیشی بە دڵی  ئەوان و بەرژەوەدنیی  ئەوانی تێیدا ڕەچاو کراوە. کاتێک کە جەلال تاڵەبانی لە سوریا گوزەری دەکرد، وەک موستەشارەکانی لای خۆمان پارەی وەردەگرت و لە باڵاخانە خۆی و خێزانی ژیانیان بەسەر دەبرد و پاسەوانیان هەبوو.  لە پەڕتووکی (دیداری تەمەن)دا جەلال تاڵەبانی خۆی باسی هاوکاری نێوان خۆی دەزگەی هەواڵگری سوری دەکات.
قۆناغی شاخی یەکێتی لە ١٩٧٦- ١٩٨٧- ١٩٨٨وەیە. ڕەنگە پرسیار بکریت کە بۆجی قۆناغی شاخ تا ساڵی ١٩٩٠ نییە؟  وەڵامەکە ئەوەیە، کە لەبەرئەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بەتایبەتی بۆ جەلال تاڵەبانی و هەندێکیان لە٩/١٩٨٧ لە دەرەوەی سنوری باشووری کوردستان بوون، واتە زۆربەیان لە تاران و دیمەشق بوون، ئەوانی دی لە ساڵی ١٩٨٨وە لە شارەکانی ئیراندا نیشتەجێ بوون، هەندێکیان دواتر ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، پێش ئەوەش ئاشبەتاڵێکیان بەبێ دەنگی و  بە شەرمەوە جاڕ دا، داوایان لە هێزی پێشمەرگە کرد هەرکەسە و لەلای خۆیەوە بڕیاری چارەنووسی خۆی بدا، ئەوان ئیدی پێویستیان تەنیا بە ١٥٠٠ گەنجی پێشمەرگە هەیە. دەبێت ئەوە نەبوێرین کە بە دریژایی ژیانی شاخ سەرانی یەکێتی و مەکتەبی سیاسییان هەمیشە لەنێوان ئەو ساڵانەدا بە مانگان بۆ پشوو بە ناوی نەخۆشی و نەشتەرگەری و یان کۆبوونەوە ڕوویان لە تاران و دیمەشق و ئەوروپا دەکرد، بە دەیان بەڵگە لەبەر دەستدا هەیە کە ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێت کە کامیان لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئەوروپا خولاوەتەوە. 
لە پەرتووکی "لە سێبەری شاخدا" ئەو قۆناغە بە وردی باس کراوە،  ئەوەی لە دوای ١٩٨٧-١٩٨٨دا لە شاخ مایەوە، ئەو پێشمەرگە پەرتەوازانە بوون، لە ناوچەکانی نزیک لە شارەکانی باشووری کوردستان بوون کە پێشوەخت ئاگادار نەکرابوونەوە، لەوەی کە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر دەستی ئیتیلاعاتی ئیران، باروبارخانەی پێچاوەتەوە بۆ جێهێشتنی باشووری کوردستان و چوون بۆ ئیران و سوریا و ئەوروپا. ئەم پێشمەرگانە بە دۆخێکی ئێجگار نالەبار ڕەت بوون، ئەوانەی مەفرەزەی پارتیزانیان ڕێکخست لەنێو خۆیان، ئەوانەی بە ناچاری گەڕانەوە نێو شار، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشاردا بوو بەبێ نان و ئاو و مەترسی، ئەوانەی بە پێیان توانیان بگەنە ئێران.  ئەوەی کە سنووری عیراق و ئیرانی دەبری، لە ئەندامانی سەرکردایەتی  تا دەگات بە پێشمەرگەی سادە لەسەر سنوور، پێش موڵەت دانیان بە چوونە نێو ئیران، سوپای پاسداران چەکی دەکردن! 
ئەم قۆناغەی سەرەوە بۆ پێشمەرگەی سادە بە شێوەیەکی گشتی قۆناغی بێ ئاگایی بوو لە جەوهەری کەسایەتی سەرانی یەکێتی و ئامانجی گەیشتن بە بەرژەوەندیی تایبەتیان و جۆری یاریکردن بە چارەنووسی پرسێکی ڕەوا و تێوەگلانیان لە گەمەی دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی ناوچەکە وەک  سوریا، ئیران و عیراق و کارکردن بۆ ئەجێندای دەرەکیی، بە بەرنامە کارکردن بۆ بەخێزانیکردنی یەکێتی نیشتمانی، کە فەرید و مەحمود هەمیشە یەکێک بوونە لەو کادیرانەی کە کێشەی ئەوەیان نەبووە و تا بەڕێوەبردنی ئەو سمیناڕەش دەیانەوێت پێنەوپەڕۆ بۆ سەرانی یەکێتی و ئیعلامە چەواشەکاریەکەی بکەن. 
هەر دووکیان بەشێکی زۆری سمینارەکە بەوە دەکوژن دەیانەوێت بڵێن لە "شەڕارە و ڕێبازی" نوێدا باس کراوە کە لە ساڵی ١٩٩٢دا پارتی ڕازی بووە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەعس و بەڵام یەکێتی ڕاز نەبووە. هەردووکیان لە یاد خۆیان دەبەنەوە کە دوای ئەو بەروارە جەلال تاڵەبانی لەگەڵ پارتی بوو بە برا و دوای دەیەکی دی سەرانی بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕێگەی پیرمامیان کرد بە ڕێگەی کانی، کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان ڕازی بوو بەشداریی لە دەسەڵاتی کرمێ بووی هەرێمدا بکات، ئەم کادیرەی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، یان دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە گردەکە نەکرد. 
ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە، مەحمود خاڵێکی دی دەوروژێنێت،  گوایە لەو ڕێککەوتنامەکەی کە سەدام پێشکەشی سەرانی ینک و پدکی کردوە لە ساڵی ١٩٩٢دا، ئەولەوەیی داوە بە موستەشار و سەڕۆک جاشەکان، نەک بە ئەوانەی کە لە شاخ بوونە! بەڵام دوای ٢٠٠٣ کۆمەڵیک بەڵگەنامە کەوتە دەست، کە سێ بەشی سەرانی یەکێتی فایلداری بەعس بوون، کەچی فەرید و مەحمود هەر وەک دوو کادیر لەنێو ئەو حزبەدا کاریان کردووە، ئەی بۆ ڕازی بوون بە سەرکردەی فایلدار؟ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا موستەشار و فایلداری بەعس چی جیاوازیەکیان هەیە، تەنیا ئەوە نەبێت کە موستەشار بە ئاشکرا و ئەوان بەنهێنی و لەژێر پەردەی شۆڕشگێری و چەواشە کردنی خەڵکدا خیانەتیان کردووە! 
فەرید و مەحمود، لەم سمینارەدا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خەڵک ماستەرنامە لەسەر ئەو دوو گۆڤارەدا بهێنێت، لەبەرئەوی بابەتەکانی هێندە گرنگن و سوودمەندن، بەتایبەتی لەشێ کردنەوی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا!؟ وەک ئەوەی ئەو دوو گۆڤارە وتار و نووسراوی یەکێک لە فەیلەسوفە یۆنانیەکان بێت، کە ببیرۆکەکانیان بوون بە چرا بۆ ڕۆشن کردنەوەی ڕێگەی ژیان و سیاسەت و سیستەمی حوکمڕانی بۆ وڵات و کۆمەڵگەکانیان و مرۆڤایەتی. 
ئەزموونی چارەکە سەدەیەک لە باشووری کوردستاندا، ئاوێنەیەکە کە ئەمڕۆ هەموو کەسێک لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باشووردا نەماوە نەیبنێت، کە ئەوەی بەسەر یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕاندا هات، لە ئەنجامی هەڵە و چەواشەکاری، جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان، بەخێزان کردنی حزب و دەستبەسەردا گرتنی سەرچاوەی ئابووریی ینک و گۆڕان، بوون بە پیاوی ماڵی بارزانی  لەلایەن سەرانی ینک و گۆڕانەوە بووە. تازە دوای ئەو ئەزموونە تاڵە، ئەم دوو زاتە دەیانەوێت خەڵک بگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەکانی سەرانی ئەو دوو حزبە و ماستەرتەڕەماش لەسەریاندا بهێنێت !؟
ڕژێمی بەعس و کادیرەکانی لە هەشتاکان چەندێک ناشرین بوون و خەڵک نەفرەتی دەکردن، پێتان خۆش بێت یان نا، ئێستا کادیری ینک و گۆڕانیش هەر وەک ئەوان چاو لێ دەکرێن، بواری ئەوە نەماوە، دانیشن پاکانە بۆ سەرانی ئەو حزبە و کادیرە ماستاوچیەکانی بکەنەوە و ڕوویان بە مێژووی ماندووبوون و خەباتی کوڕی هەژاری ئەو میللەتە سپی بکەنەوە. 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە