پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


كرٍۆكی كێشه‌كه‌ ململانێیه‌ له‌سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌ت

Wednesday, 08.31.2022, 20:34

255 بینراوە


پاش قسه‌ و باس له‌سه‌ر نزیكبونه‌وه‌ی مردنی سیستانی و دیارنه‌بونی جێگره‌وه‌ی كه‌ هه‌مووان دانی پێبنێن و به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ململانێ دوورودرێژه‌ی نێوان مه‌رجه‌عیه‌ سه‌ره‌كی و لاوه‌كیه‌كانی نه‌جه‌ف و قوم و یه‌كتربرٍی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و  دواجار لێدوانی حائری له‌ قومه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی سه‌ره‌كی شیعه‌ خامه‌نئی بێت و ئه‌و توانای به‌رێوه‌بردنی كاروباری مه‌رجه‌عیه‌تی نیه‌. هه‌موو پرسه‌كه‌ وه‌كو خۆی ده‌ركه‌وتن و خوێنی عیراقیه‌كان له‌و نێوه‌نده‌دا به‌ فیرۆ ده‌چێت و هیچ سوودێكیان به‌رناكه‌وێت و له‌ هه‌ر لایه‌كیه‌وه‌ بیخوێنیته‌وه‌ ته‌نها جمهوری ئیسلامی ئێران به‌ره‌كه‌ی ده‌چنێته‌وه‌.
هه‌موو ده‌زانن ده‌رگای ئیجتهاد لای شیعه‌ كراوه‌یه‌ و كه‌س ناتوانێت به‌ته‌واوی و میراتی قۆرخی مه‌رجه‌عیه‌ت بكات و ئه‌ویتر ره‌تبكاته‌وه‌. حائری له‌ لێدوانی ئیدعای نه‌خۆشی و گه‌رٍانه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت بۆ خامه‌نئی، به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌خۆ ره‌خنه‌ی له‌ موقته‌دا صه‌در گرت و به‌وه‌ تۆمه‌تباری كرد كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ناوی محه‌مه‌د باقر صه‌در و محه‌مه‌د صادق صه‌دره‌وه‌ ریزی یراقیه‌كان و شیعه‌ بترازێنیت و موقته‌دا هیچ شه‌رعیه‌تێكی نیه‌ و توانای ئیفتا و ئیجتهادی نیه‌ و مه‌رجه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌تی پێنیه‌، به‌ڵكو ئه‌و هه‌رچه‌ند بڵێت به‌خۆی صه‌دری نیه‌.
صه‌دریش له‌ تویتێكدا وه‌ڵامی حائری دایه‌وه‌ و وتی زۆر كه‌س و تێیاندا حائری منه‌ت ده‌كه‌ن و وا ده‌زانن خێری ئه‌وانه‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ به‌ خێری خوا و چاكه‌ی باوكم محه‌مه‌د صادق ئه‌لصه‌دره‌ كه‌ وازی له‌ عیراق و گه‌له‌كه‌ی نه‌هێنا. ئه‌وه‌شی وت كه‌ وازهێنانی حائری به‌ ویستی خۆی نه‌بووه‌، ئه‌و باسی عصمه‌ت و مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌كردووه‌ ، به‌ڵكو فه‌رمانی به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌ ده‌كات.
به‌و شێوه‌یه‌ صه‌در وا ده‌یبینێت كه‌ وازهێنانی حائری كۆتایی به‌ مه‌رجه‌عیه‌تی صه‌دریه‌كان دێنێت و راده‌ستی ئێران و قومی ده‌كات و ده‌ستی صه‌دریه‌كانیش له‌ ینی هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌گینا حائری به‌خۆی قوتابی صه‌دری بووه‌.
وه‌ك ده‌زانین زۆر مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌ن ئه‌وه‌ی جیایان ده‌كاته‌وه‌ باوه‌ربون و نه‌بوونه‌ به‌ ولایه‌تی فه‌قێ و ولایه‌تی حه‌سبی، هه‌مووانیش ده‌زانن كه‌ سیاسه‌ت رۆڵی خۆی هه‌یه‌ له‌ دیاریكردنی مه‌رجه‌عیه‌ت، ئه‌گینا له‌ رووی زانستی ئاینییه‌وه‌ هه‌موان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ محه‌مه‌د به‌شیر ئه‌لنه‌جه‌فی بلیمه‌ت و توانایه‌كی باڵای هه‌یه‌ له‌ حه‌وزه‌ی نه‌جه‌ف، واته‌ له‌ یه‌عقوبی و حائری و سیستانیش پر زانیاری و زاناتره‌، كه‌چی له‌ ململانێكه‌ سیستانی له‌ خوئی نزیكتر بوو و هه‌روه‌ها ململانێی ابوقاسم ئه‌لخوئی له‌گه‌لأ محه‌مه‌د صادق ئه‌لصه‌در وایكرد له‌دواجاردا سیستانی جێگه‌ی خۆی بگرێت و صه‌دریه‌كانیش وه‌كو ده‌سه‌ڵات و توانای زانستی له‌ حه‌وزه‌ و رۆڵی ئایینی و سیاسی پاشه‌كشه‌یان پێكرا، هه‌رچه‌ند له‌م باره‌دا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ صدام پشتگیریه‌كی ناراسته‌وخۆی محه‌مه‌د صادق صه‌دری كرد و دواتر تیرۆریشی كرد. 
ئه‌مرٍۆش ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌سه‌ر ساحه‌كه‌ پاشماوه‌ی ئه‌و ناكۆكیه‌ به‌رده‌وامه‌یه‌، به‌ڵام  ئه‌مرۆ به‌ ئاشكرا وراسته‌وخۆ و به‌ ئازادانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ریده‌برٍن نه‌ك وه‌كو پێشتر به‌ نهێنی و ژێربه‌ژێر بێت، كه‌چی هه‌میشه‌ هه‌ژار و داماو سوته‌مه‌نیه‌كه‌یه‌ چی ئایینی بێت یان سیاسی. زانینی حه‌قیقه‌ت و هۆشیاریی ئایینی و سیاسی و عه‌قڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌ رزگار ده‌كات و هیجیتر .
ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌، كورد وه‌كو هه‌میشه‌ زیانی كردووه‌ ئه‌مجاره‌ خۆی نه‌خاته‌ نێو ئه‌م گێژاوه‌ و ئه‌گه‌ر عاقڵانه‌ بجوڵێت ده‌توانێت بێ زیان لێی ده‌رچێت و به‌ڵكو ره‌وشی پرسه‌كه‌شی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێت.