پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


ئایا ڕاستە مرۆڤ چووەتە سەر مانگ؟ (بەشی یەکەم)

Wednesday, 08.31.2022, 20:47

1742 بینراوە


نیڵ ئاڕمستڕۆنگ: ئەمە هەنگاوێکی بچووکی پیاوێکە، بەڵام بازدانێکی مەزنی مرۆڤایەتییە

پڕۆژەکەی ئەپۆڵۆ و هۆکاری بانگەشە و گومانەکان

لە ڕۆژی 20ی مانگی حەفتی ساڵی 1969، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێی پڕۆژەیەکی ئاژانسی ئەمریکایی بۆشایی ئاسمان ناسا (NASA)، نیل ئاڕمستڕۆنگ (Neil Armstrong) بە جیهان دەناسێنێت، وەک یەکەمین ئەو مرۆڤەی چووتە سەر مانگ. بێگومان ئەمەش هەنگاوێکی گەلەک مەزنی زانستی و ڕووداوێکی بێ وێنە و ناوازەیە لە مێژووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرلەبەری جیهان.
ئاڕمستڕۆنگی سەرۆکی گەشتی ئەپۆڵۆ 11 (11Apollo)، بووە یەکەمین مرۆڤ پێی بنێتە سەر خاکی مانگ، پاش ئەو بە چەند خولەکێک بەز ئەڵدرین (Buzz Aldrin)، فڕۆکەوانی یەکەی نیشتنەوە ئیگڵ (Eagle) دادەبەزێت، لەو دەمەشدا کەشتییەوان مایکڵ کۆڵنز (Michael Collins)، لە خولگەی مانگدا لەناو بەشی خزمەتگوزاری کۆڵمبیا (Columbia) مایەوە. لە جیهاندا نێزیکەی 650 ملیۆن کەس بە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنەکان ئەو دیمەنانە دەبینن و گوێیان لە گوتە مێژوویەکەی ئارمسترۆن دەبێ کاتێک دەڵێت: ئەمە هەنگاوێکی بچووکی پیاوێکە، بەڵام بازدانێکی مەزنی مرۆڤایەتییە.
دوو ئاسمانگەڕەکە پتر لە دوو کاتژمێر لە دەرەوەی یەکەی نیشتنەوە مانەوە، بۆ وێنەگرتن و کۆکردنەوەی هەندێ نموونەی سەر مانگ و ئەنجامدانی چەند ئەزموونێکی زانستی. دوای بەجێ گەیاندنی ئەرکەکەیان، بەشی نیشتنەوە بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەی خزمەتگوزاری یەک دەگرنەوە و دەگەڕێنەوە سەر زەوی.

  سەرچاوەی بیرۆکەی پیلانگێڕی

پاش تێپەڕبوونی 53 ساڵ بەسەر ئەو بۆنە یەکجار گرینگەی چوونە سەر مانگ، کەچی تا ئەمڕۆکەش کەسانێک هەن باوەڕ بە ڕاستبوونی ناکەن، پێیان وایە ئەو وێنە جوانانەی ناسا بڵاوی کردنەوە، لە بنچینەوە پیلانێکە، جگە لە فڕوفێڵ و فلمێکی سینەمایی هیچی دیکە نییە.
ئاشکرایە لەم دواییانەدا ئەنتەرنێت هەلی بۆ گشت کەسێک ڕەخساندووە بە ئارەزووی خۆی و بەبێ بەڵگە چی بوێ بیڵێت و گومان لە هەموو شتێک بکات. بەتایبەتیش ئەمریکاییەکان زۆر سەرسامن بە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی، لە هەر ڕووداوێکی گەورەدا یەکێک دەدۆزرێتەوە کە خاوەنی ڕاڤەیەکی پێچەوانە بێت لەوەی دەخرێتە ڕوو. لە هەمان کاتدا ئەو ئەنتەرنێتە لەبەر بەرژەوەندی بازرگانان، نەیتوانیووە ببێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی دژکارەکان، ئەو دەمەشی لە ئەنتەرنێت و یۆتیوبدا هەوڵی وەرگرتنی زانیاری دەدەین دەربارەی گەشتەکانی ئەپۆڵۆ بۆ سەر مانگ، ئەوا یەکسەر بە هەزاران هەواڵ و ڕاپۆرت و فلم دێنە بەرچاومان، لەسەر بەدرۆخستنەوەی ناسا و چوونە سەر مانگ، مەبەستی سەرەکیش بۆ ڕێکلام و زێدەکردنی ژمارەی بینەرانە.
بۆچوون و گومانی لایەنگرانی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان هۆکاری جیاجیایان هەیە، لەسەروی هەمووانەوە نەزانین و نەبوونی شارەزاییە لە بنەمای بابەتگەلە زانستییەکان. دەشێ لێکدانەوە و تێگەیشتن لە دەقی ئاینیش هۆیەک بێت لای ئاینداران بەتایبەتی موسڵمانان، بەوەی گوایە ئاسمان کراوەتە بنمیچێک بۆ پارێزرانی زەوی و کەس نەکارێ لێی دەرباز بێت، یان بەگوێرەی ئەو دەقەی تێیدا هاتووە کە مرۆڤ هەر دەبێ لە زەویدا بمرێت.
هێرشی توندی بەدرۆخستنەوەی چوونە سەر مانگ سەرەتاکەی لە ساڵی 1976وە دەستپێ دەکات، کاتێک بیڵ کێیسینگ (Bill Kaysing)، کتێبی هەرگیز گەشتمان بۆ مانگ نەکردووە (We Never Went to the Moon) بڵاو دەکاتەوە، بە پاڵپشتی وێنەگر دێڤید پێرسی (David Percy) و ڕالف ڕینێ (Ralph Rene)، ئەو دووانەش خاوەن کتێبن دەربارەی بابەتی چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ. هەڵە لە دیمەنەکان و دیارنەکەوتنی ئەستێرەکان لە وێنەکانی سەر ڕووی مانگ، جووڵەی نائاسایی ئاسمانگەڕەکان، دروستنەکردنی چاڵێکی گەورە لەژێر یەکەی نیشتنەوە، مردنی چەند بەشداریکەرێکی ناسا بەڕووداوی جیاجیا، ئەمانە و چەندانێکی دیکە گومانەکانی کێیسینگ بوون بۆ سەلماندنی نەچوونە سەر مانگ.
پاش کێیسینگ ژمارەیەک لە دروستکەرانی بیردۆزی پیلانگێڕی هاتنە پێش و هەوڵیان داوە بە کۆمەڵێک گومانی جۆراوجۆر، چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ بەدرۆ بخەنەوە. ئەوانە زۆربەیان پێیان وایە، ناسا لەو سەردەمەدا خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی هێندە بەهێز نەبووە، تا بەسەرکەوتوویی پێ بنێتە سەر مانگ، بۆیە ئەگەر گەشتیشی کردبێ، ئەوا بێ سەرنشین بووە. گەلەک نموونە هەن بۆ بانگەشەی لایەنگرانی پیلانگێڕی وەک، نووسەرێک دەڵێ لەبەر بوونی ئاستی بەرزی تیشکاوەری کوشندە ئەستەمە مرۆڤ چووبێتە سەر مانگ، ئەندازیارێک لە مشتومڕییە دەربارەی هێزی کێشکردنە نزمەکەی مانگ، ڕۆژنامەوانێک باس لە ساختەیی وێنەکانی ناسا دەکات، بەرهەڵستکارێکی ڕوسیایی دەربارەی یارمەتیدانی زانا و دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە فڕوفێڵی چوونە سەر مانگ کتێب بڵاو دەکاتەوە، زانای بواری سیاسی ژاپۆنییش دەبێژێت هەرگیز مرۆڤ پێی لەسەر مانگ دانەناوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە ڕەخنەگران و دژکارانی گەشتەکان، دەبینین زۆرینەیان دوورن لە بواری زانستی فیزیا و گەردوونناسی و شارەزایی لە کارەکانی ناسا. هەر خودی کێیسینگ ڕاستە بەشداری پڕۆژەی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکایی کردووە، بەڵام بەشداریکردنەکەی ڕاستەوخۆ نەبووە، لە ساڵانی نێوان 1956 و 1963دا فەرمانبەری بەشی ڕاگەیاندن بووە لە کۆمپانیایەک کە کاریان لەگەڵ ناسا کردووە، پیشەی پێشووی دەریاوان بووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی وێژەییە لە زمانی ئینگلیزی.
لەگەڵ ئەوەش هۆکاری سەرەکی ناسران و تەشەنەکردنی بانگەشەکان و باوەڕپێکردنیان لەلایەن خەڵکانی ئاساییەوە بۆ ساڵی 2001 دەگەڕێتەوە، کاتێک کەناڵی ناودار فۆکس (Fox)، بەرنامەیەک پەخش دەکات بە ناوی "بیردۆزی پیلانگێڕی: ئایا چووینەتە سەر مانگ؟". لەمەشدا زۆربەی خاڵەکان بۆچوونەکانی کێیسینگ بوون، بەڵام بەرنامەکەی فۆکس بە هاتنەکایەی جیهانی یوتوب و سۆشیال میدیا، ڕەخنەکانی بە هەموو جیهانی ناساند، لەو ڕۆژەوە ئەوانە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بڕوانەبوون بە چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ. لە بەرنامەکەدا چەندان بابەت وروژێندران بۆ سەلماندنی ناڕاستی گەشتەکانی ئەپۆڵۆی ئاژانسی ناسا، جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەوەی هەبووە تەنیا دیمەنی فیلمێک بووە، بە سەرپەرشتی دەرهێنەرێکی ناوداری فلمە ئەندێشەییە زانستییەکان، لە شوێنێکی دیارکراوی سەر زەوی.
بنچینەی ئەمەش ئەو کاتە سەری هەڵدا کە هاوسەری دەرهێنەری بەناوبانگی خاوەن ئۆسکاری کۆچکردوو ستانلی کوبریک (Stanley Kubrick‏: 1928- 1999)، لە دیدارێکدا گوتویەتی، سەرۆکی ئەمریکا نیکسۆن، گەلەک سەرسام بووە بە فلمی هاوسەرەکەی بەناوی داستانی بۆشایی ئاسمان (A Space Odyssey)، ئەوەی لە ساڵی 1968 نیشان درا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرۆک نیکسۆن داوا لە کوبریک و چەند شارەزایەکی دیکە لە هۆلیوود بکات، بە کارکردنیان لەگەڵ ناسا فلمێک دەربهێنن دەربارەی پڕۆژەکەی چوونە سەر مانگ، بە مەبەستی جوانکردنی شێوەی ئەمریکای ئەو دەمەی پڕ لە قەیران. لەڕاستیدا ئەو فلمە بەڵگەنامەییەکی ساختەیە و گفتوگۆکان هەموویان هەڵبەستراون و ئەکتەرەکان ئەنجامی دەدەن، هاوکات بەچاکی بەدەر دەکەوێ، دیمەن و سروشتی دەوروبەر و جووڵەی ئاسمانگەڕەکانی سەر مانگی فلمەکە کە ساڵێک پێش گەشتەکە بوو، یەکجار جیاواز و دوورن بە بەراوردکردن لەگەڵ فلمە ڕاستەقینەکانی ئەپۆڵۆی سەر مانگ.
لە لایەکی دیکەوە، لە ڕاپرسییەکی دامەزراوەی ناوداری گالوپ لە ساڵی 1999دا، ڕێژەی 6%ی بەشداریکەرانی ئەمریکایی، گومانیان هەبوو لە نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ، لە 5%یش هیچ ڕایەکیان دەرنەبڕی بەرانبەر بەو ڕووداوە، ئەمەیان هاوشێوەی ڕاپرسییەکەی سی ئێن ئێن (CNN) و گۆڤاری تایم بوو دەربارەی هەمان بابەت. بەڵام کاربەدەستانی تۆڕی فۆکس گوتیان، ڕێژەی ئەوانەی بڕوایان بە چوونە سەر مانگ نییە، پاش پەخشکردنی بەرنامەکەمان گەیشتە نێزیکەی 20%.
هەرچەندە ناسا ماوەیەکی زۆر بوو بێدەنگی هەڵ دەبژارد لە وەڵامدانەوەی لایەنگرانی پیلانگێڕی، کەچی کاتێک دەرەنجامی ئەو ڕاپرسییەیان بینی، توڕە بوون و چیدیکە خۆیان بۆ نەگیرا و دەبووایە هەڵوێستێک وەربگرن. هۆکاری سەرەکی وەڵامدانەوەکانی ناسا، لەبەر پرسیاری دایک و باوکی خوێندکاران بوو کە دەیان گوت، منداڵەکانمان پاش بینینی ئەو بەرنامەیە پرسیارمان لێ دەکەن، ئێمەش دەمانەوێ بزانین چۆن وەڵامیان بدەینەوە؟ دەرەنجام ناسا ناچار بوو چارەسەرێک دابنێ بۆ ئەو بانگەشە مەترسیدارانە، ئەوە بوو ماڵپەڕێکی خستە بەردەست، هەروەها کۆمەڵێک زانیاری و ئامراز و پێداویستی فێرکردنی بۆ خوێندنگەکان نارد. پسپۆڕانی ڕاپرسییەکان هەرگیز لەو بڕوایەدا نین 20%ی ئەمریکاییەکان چوونە سەر مانگ بە ساختە دابنێن، رێژەی ڕاستەقینە لەنێوان 4 تا 5% دەبێت، بەڵام دەزانن کە زۆر ئاسانە پرسیارەکانی ڕاپرسی بە مەبەستەوە بە شێوەیەک دابڕێژرێن، بۆ گەیشتن بەو رێژە بەرز و سەرنجڕاکێشانە.
لەم چەند ساڵەی دوایی کەسانی دیکە هاتوونەتە پێش و بابەتی نەچوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ دەوروژێننەوە، لەسەروی هەمووانەوە ماتماتیک و فیزیازانی ڕوسیایی ئەلکساندەر پۆپۆڤ (Alexander Popov) دێت، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ڕوسیای ئەمڕۆ (RT Arabic)، گوایە ڕەخنەی نوێی پێشکەش کردووە. ئەمەشیان زۆربەی خاڵەکانی هی کێیسینگە دووبارەیان دەکاتەوە، لە بۆچوونەکانی بۆ هیچ بابەتێک ئاماژە بەناوی زانایەک و سەرچاوەیەکی متمانەداری زانستی نادات. پۆپۆڤ دەستلەکار کێشانەوەی جەیمس وێبی (James Webb) سەرۆکی ناسای ئەو کاتە، دەکاتە بیانووەک بەوەی نەیویستووە بەشدار بێت لە پیلان و ساختەکارییەکان، کەچی خودی جەیمس وێب لەو دەمەدا گشت هۆکارەکانی بەڕاشکاوی بۆ هەموو جیهان خستەڕوو، ئەوانەی لەبەر چەند بابەتێکی تایبەتی بوون و پێوەندییان بە گەشتەکانی ئەپۆڵۆوە نەبوو. جگە لەمە پۆپۆڤ وەک کەسانی ئاسایی و ناشارەزا، سێ کەشتییەوانەکەی ئەپۆڵۆ 1 کە دەرنجامی ڕوودانی هەڵەیەک سووتان، ناسا تاوانبار دەکات بە کوشتنیان، بێگومان ئەمەش بانگەشەیەکی مەترسیدارە. ئەوەی جێی داخە، گەیشتۆتە ڕادەیەک هەریەکێک لەوانەی بەشداری پڕۆژەکانی ناسای کردووە لە فڕۆکەوان و ئاسمانگەڕەکان، یانیش ڕەخنەی هەبووە بەرامبەر بە ناسا و گەشتەکانی، پاشان بەهۆی ڕووداوێک مردووە، ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسانی وەک پۆپۆڤ و لایەنگرانی پیلانگێڕی، بەرپرسان و دەزگەی هەواڵگری ئەمریکای (CIA) تێدا تاوانبار دەکەن.
ئەگەر ورد ببینەوە لە گوتەکان و کەسایەتی پۆپۆڤ، هەرچەندە ئەویش بواری پسپۆڕییەکەی دوورە لە گەردوونناسی و گەشتە ئاسمانییەکان (دکتۆراکەی لە بابەتی ڕۆشنایی و تیشکی لەیزەرە)، بەباشی بۆمان ڕوون دەبێتەوە گومان و ڕەخنەکانی لە هەستکردن بە شکستی ڕوسیاییەکان بەرانبەر بە ئەمریکا سەرچاوە دەگرن، چونکە ئەوان لەو ڕۆژگارانەدا لە گەلەک بابەتی گەشتی بۆشایی ئاسمانی لەپێش ئەمریکاییەکان بوون، تەنیا لە نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ سەرکەوتوو نەبوون.

  چەند هۆکارێکی گومانەکان

ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، جگە لەوانەی لێیان دواین، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هۆکاری جیاجیا هەن بۆ بانگەشە و دروستبوونی گومان لە چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، بەڵام لێرەدا پێمان باشە تەنیا چەند دانەیەکی ناسراو گرینگ بخەینە بەردەست؛ 
1- جەنگی سارد: لەو ساڵەی 1969دا ڕکابەری و جەنگی سارد لەنێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لە ئارادا بوو، ئەمەش وای لە ئەمریکاییەکان کرد، بیرۆکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ بهێننە پێشەوە. بەتایبەتیش لەو دەمەدا سۆڤیەت چەندان هەنگاوی گەورەی بڕی بوو، لە ساڵی 1957 یەکەمین مانگی دەستکردی سپوتنیک (Sputnik 1) هەڵدا، پاشان لە ساڵێ 1961 یوری گاگارین (Yuri Gagarin)، وەک یەکەمین مرۆڤ چووبێتە بۆشایی ئاسمان و لە خولگەی زەوی بسووڕێتەوە لە جیهاندا ناسرا، دوای ئەوە لە ساڵی 1965 یەکەم کەشتی بێ سەرنشینی ناردە سەر مانگ. لێرەدا دەگوترێ کە ئەمریکاییەکان هیچ گومانیان نەما لە شکست هێنانیان لە پێشبڕکێکەیان بەرانبەر بە سوڤیەت، بۆیە ناچار بووین بانگەشەی چوونە سەر مانگ بڵاو بکەنەوە.
2- قەیران و کێشە ئاڵۆزەکان: ئەگەر سەرنج بدەینە ئەمریکای ساڵی 1969 دەبینین، ڕۆژگارێکی گەلەک سەخت و پڕ لە گیروگرفت بووە، لەوانە، زیانەکانی شەڕی ڤێتنام و تێوەگلانە دەرەکییەکان، قەیرانە ناوخۆییەکان لە ڕێژەی یەکجار بەرزی بێکاریی و تەشەنەکردنی گەندەڵی. بە نێزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، نەبوونی متمانە بە حوکمەت و رێگرتن لە ناڕەزایی و ڕەخنەکانی گەل، وایان لە نیکسۆن کرد بابەتێک بدۆزێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی داڕوخاوی خەڵک و گێڕانەوەی پلە و پایەی ئەمریکا لە جیهاندا. گوایە هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری دروستکردنی شانۆگەری چوونە سەر مانگ، بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە چی نەمابوو کۆشکی سپی و دارودەستەکەی ڕابماڵێت. 
3- توانای دارایی ناسا: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گومانەکان ئەوەیە، ئەمریکا پارەیەکی لەڕادەبەدەری تەرخان کردبوو بۆ کار و تۆژینەوەکانی ناسا، لەو سەردەمەدا خۆی پتر لە 25 ملیار دۆلار دەدا (بەگوێرەی ئەمڕۆ 150-200 ملیار دۆلار)، کەچی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو نەدەبیندرا، بەتایبەتیش شکستی پڕۆژەی ئەپۆڵۆ 1 و سووتانی سێ کەسەکەی کە دەستنیشان کرابوون بۆ یەکەمین گەشتی ئاسمانیی، دەرەنجام ناسا لەبەر تووڕەیی ڕای گشتی و ترسی هەڵوەشاندنەوە و بڕینی ئەو بودجەیە، بەبێ ئاگاداری حوکمەت، فڕوفێڵی چوونە سەر مانگی هەڵ بەستاوە. 
4- نەبوونی توانای تەکنەلۆژیایی: لەو دەمەدا نە ئەمریکا و نە یەکێتی سۆڤیەت خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو نەبوون لە کۆمپیوتەر و پێوەندیکردنە ڕادیۆییەکان و ڕادارەکان، بۆ ئەنجامدانی ناردنی مرۆڤ بۆ مانگ. هاوکات بەدرێژایی چەندان ساڵ سۆڤیەت لە هەموو بابەتێکی پەیوەست بە گەشتەکانی بۆشایی ئاسمان لەپێش ئەمریکاییەکان بوو، بەمەش ئەگەر سۆڤیەتییەکان بۆیان نەکرا مرۆڤ دابەزێننە سەر مانگ، ئەمریکا چۆن توانی؟
5- ئەمریکا لە فڕوفێڵکردن یەکەمە: ئەمریکاییەکان لە پیلانگێڕی و هەڵخەڵەتاندی گەلی خۆیان و ئەوانەی جیهان گەلەک بەتوانان. لە ساڵی 1972، ئاشکرابوونی درۆ و فڕوفێڵەکانی سەرۆک نیکسۆن و دەستوپێوەندەکەی، بە کاری سیخوڕییان بەسەر نەیار و پارتی دیموکراتی ڕکابەرەکەیان، لە مەزنترین ئابڕووچوونی سیاسی لە مێژووی ئەمریکا بەناوی واتەرگێیت (Watergate scandal‏)، ئەوەی دواجار نیکسۆنی ناچار کرد دەستلەکار بکێشێتەوە و بدرێتە دادگە، پایەی متمانەداریی ئەمریکا لە بەتەواوی لەکورتی دا. بۆیە ئەم ڕووداوە کەسانێکیان وا لێکرد، بڕوایان بەوە هەبێت کە ئەمریکا لە گەشتەکانی چوونە سەر مانگیش ساختەکاری کردبێ.

  چۆنەتی کارکردنی زانست

وەک گوتمان، گرینگترین هۆکاری بوونی گومان لەلای زۆرینەی خەڵکی ئاسایی، نەبوونی زانیاری و تێنەگەیشتنە لە وردەکاریی هەنگاوە زانستییە جۆراوجۆر و یەک بەدوای یەکەکان. 
با جارێکی دیکە بێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەمان، ئایا بەڕاستی مرۆڤ چووەتە سەر مانگ؟ دەکارین بڵێین ئەمە پرسیارێکی بەجێیە، چونکە من لێی نازانم و هیچم بە چاوی خۆم نەبینیووە، بۆیە دەشێ ئەمریکا بەهۆی شتانێکەوە و بوونی مەبەستێکەوە چیرۆکی ئەو گەشتەی دروست کردبێ.
لەڕاستیدا گەڕان و پشکنین بۆ وەڵامی پرسیارەکانمان هیچ پێوەندییەکی بە توانای ناردنی مرۆڤ بۆ مانگ نییە، بگرە ڕاستەوخۆ بەندە بە ئاستی نزمی تێگەیشتنمان لە چۆنەتی کارکردنی بابەتگەلە زانستییەکان. واتە تێڕوانینمان بۆ شێوازی کارکردنی زانست و تەکنەلۆژیا، پێچەوانەی تێگەیشتنمانە لە سروشت و دیاردەکانی. لەبەرئەوەی لەوانەیە ئێمە تەواوی ژیانمان ببەینە سەر، بەڵام هیچ تێنەگەین لە چەمکی ڕێژەیی تایبەتی و گشتی (بیردۆزەکانی ئەینشتاین) لەسەر کاتژمێری گەشتیاران، یاخۆ جیاوازی نێوان خێرایی و هێز و کاریگەرییان بەسەر ئۆتۆمبیلەکانمان. ئێمە تەنیا تا ئەو ڕادەیە گرینگی دەدەن بە بابەتێک کە زێدەترین سوودمان پێ بگەینێت. بەگوێرەی ڕای زاناکانی دەروونناسی، ئێمە کەمترین بڕی هۆشمەندیمان بەکار دەهێنین، بۆ بەڕێوەبردنی زۆرترین ژمارە لە کاروبارەکانمان. لەو خاڵەدا جیاوازی نێوان زانست و تێڕوانینی ئێمە بۆ دیاردەکان، لە ئاستی تێگەیشتنمان بۆ سنووری وردایەتی لە زانست و تەکنەلۆژیادا بەدەر دەکەوێت.
ئەگەر بڕوانینە خەڵاتەکانی نۆبڵی زانستی ساڵانی چلەکان تا کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەوا بەئاسانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە، زانست گەیشتبووە چی ئاستێک لە پێشکەوتن و وردایەتی. چونکە دەربارەی ناردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ، یەکەمین کێشە ڕووبەڕومان دەبێتەوە لەو پرسیارەدا خۆی دەبینێتەوە، ئایا ئەمریکا لەو دەمەدا هێندە توانایەی هەبووە بۆ ئەنجامدانی کارێکی یەکجار سەخت و ئاڵۆزی لەو شێوەیە؟
ڕاستە ناردنی مرۆڤ بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ و گێڕانەوەی بەبێ زیان بۆ سەر زەوی، بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەری جۆراوجۆر و کارکردنێکی پێکەوەیی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە گەلەک بواری جیاجیا. بەڵام لێرەشدا گرفتی سەرەکیمان لەگەڵ داهێنان و بەرهەمە زانستییەکان ئەوەیە، ئێمە تەنیا دەرەنجامەکان دەبینین، بۆیە پێمان وایە، ناسا بەیەک هەنگاو مرۆڤی ناردە سەر مانگ و تەواو.
کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە دەستبەجێ دەپرسین، ئەو کارە دەرئاسایە چۆن سەری گرت؟ لەبەرچی تاکە یەک ئامێر تێک نەچوو؟ چۆن ئاسمانگەڕێک نەمرد؟ ئایا دەشێ لە گەشتێکی ئاوا مەترسیدار هیچ هەڵەیەک و شتێکی نەخوازراو ڕووی نەدات و گشت قۆناغەکان سەد لە سەد بێ کەموکوڕی بەڕێوە بچن؟ ئەمە جێی باوەڕپێکردن نییە، بەتایبەتیش لە سەردەمانێکی پێش پتر لە 50 ساڵ. کەواتە هەردەبێ لە بابەتەکەدا فڕوفێڵ و ساختەکاریی کرابێ. ئەم پرسیارانە و بوونی گومان دەرەنجامێکی ئاساییە لەلای ئەوانەی زانیارییان دەربارەی پڕۆژەی ئەپۆڵۆ نییە، هەروەها ئەو بۆچوونانەی وا دەزانن مرۆڤ یەک جار چووەتە سەر مانگ، ئەویش گەشتە بەناوبانگەکەی نیڵ ئاڕمستڕۆنگ بووە.
بۆ دەستنیشان کردنی تێکڕای لایەنەکان، ئەگەر ئێمە بیر لە ناردنی کەسێک بۆ سەر مانگ بکەینەوە، بێگومان لە یەکەمین کۆبوونەوەمان، دەست دەکەین بە نەخشەدانان و نووسینەوەی پرسیارەکانمان. بۆ نموونە، ئایا بۆشایی ئاسمان بۆ مرۆڤ دەشێت؟ چۆن و بەچی شێوازێک دەتوانین ئەو گەشتە ئەنجام بدەین؟ بۆ سەرەتا هەندێ ئامێر نەنێرین؟ ئایا باشتر نییە پێشتر ئاژەڵێک بنێرین؟ چۆن بتوانین شتگەلانێک دروست بکەین کە مرۆڤ هەڵ بگرن و ئەو هەموو دوورییە ببڕن لە چوون و گەڕانەوەیاندا؟ گرینگترین شت لێرەدا دێتە پێشمان ئەوەیە، چەند کەشتیمان پێویستە بۆ گشت هەنگاوەکانمان؟
واتە لە هەنگاوی یەکەمدا ئامادەکردنی کەشتییەک بە مووشەکێکی گونجاو، دامەزراوەیەک بۆ هەڵدانی کەشتییەکەمان، چوون بۆ بۆشایی و پاشان سوورانەوە بە خوولگەی مانگ، یەکەی نیشتنەوەی بە چەند ئاسمانگەڕێکەوە لەسەر مانگ دابنێین، ئەو یەکەیەش، یان بەشێکی دەبێ هێندە وزەی هەبێ بەرز ببێتەوە و بلکێتەوە بەوەی لە خوولگەکەدایە، دواجار بگڕێنەوە زەوی و لە بەرگەی هەواوە بکەونە خوارەوە. ئەمانە و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە پرسیار دێتە مێشکمان، بەڵام تووشی سەرسڕمان دەبین، کاتێک دەزانین ناسا سەرجەم ئەو پرسیارانەی لە پڕۆژەکەیدا هەنگاو بە هەنگاو وەڵام داوەتەوە.
لە ساڵی 1966 تا 1967، پێنج گەشتی بێ سەرنشین بە مووشەک و کەشتی ئاسمانی نێردرا، بۆ ڕووپێوکردنی مانگ و گرتنی هەزاران وێنە، ئەوانیش تەنیا بۆ وەڵامی ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەسەر مانگ دابەزێت؟ لەلایەکی دیکەوە لە 1966 تا 1968 حەفەت کەشتی دیکە، بۆ تاقیکردنەوەی چۆنەتی نیشتنەوەی کەشتییەکان. پاشان نۆرەی ناردنی مرۆڤە، چۆن لەناو قوتویەکیان دابنێین و هەڵیان بدەینە سەر مانگ؟ لێرەدا ئەزموونی سۆڤیەتی دووبارە کرایەوە بە ناردنی مرۆڤێک بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەمە بۆ ئەمریکاییەکان پتر لە 25 گەشتی پێویست بوو، بەچەندان ئەزموونی جۆراوجۆر و پێوانەکردنی یەکجار ورد، بەڵام هەر هەموو گەشتەکان بە سەرنشینەوە نەبوون. واتە نێزیکەی 40 گەشت بۆ تێگەیشتنێکی چاک و بێ کەموکوڕی لە دامەزراوەکانی سەر زەوی، توانای مووشەکەکان، بڕی سووتەمەنی پێویست، نیشتنەوەی بەشێکی کەشتییەکە و هاتنە دەرەوە و گەڕان، لکان بە بەشەکەی دیکە و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر زەوی.
بەو هەموو مەشقە و بە 10 گەشت، ئینجا توانییان بە سەرنشینانەوە تۆزێک نێزیک ببنەوە لە مانگ، دوای ئەوە لە خوولگەی مانگ دایان بنێن، بەڵام دانەبەزین، ئەمەیان ڕاهێنانێکە تەنیا بۆ ئەوەی ئاسمانگەڕەکان لەوێدا بخوولێنەوە و پاشان بگەڕێنەوە سەر زەوی. ئێستە تەنیا یەک هەنگاو ماوە لە تەواوی ئەوانەی پێشتر ئەنجام درا، ئەم جارەیان تاکە بازێکی دیکەی دەویست بۆ پێ خستنەسەر مانگ، ئەوەی لە تێکڕای گەشتەکان سەخت و ئاڵۆزتر بوو. دەبێ بزانین کە یەکێتی سۆڤیەت جگە لە دوا هەنگاوی ئەمریکاییەکان، ئەویش گەیشتە سەر مانگ، گەلەک وێنەی ڕووی پشتەوەی مانگی گرت، توانی چەند ئامێرێک بەسەرکەوتوویی بنیشێنێتەوە، تا ڕادەی ئەوەی کە بڕێک لە خۆڵ و بەردی مانگ بهێنێتەوە. کەواتە چوونە سەر مانگ کارێکی ئەستەم نییە، هەردوو وڵاتی ڕکابەر پێی گەیشتن، ئەوەی ئەمریکا دانانی ئاسمانگەڕ بوو لەسەر ڕووی مانگ، ئەمەش هەڵگری ئاڵۆزییەکی یەکجار زۆر لە زانست و تەکنەلۆژیا بوو. کەواتە کێشە و تێنەگەیشتنەکە ئەو دەمە بەرپا دەبێت، ئەوانەی وا دەزانن بیرۆکەی چوونە سەر مانگ، یەک جارە و هەوڵێکە دەدرێ دەشێ سەر بگرێت، یاخۆ شکست بهێنێت. 
دواجار دەڵێین، زۆربەی لایەنگرانی بیردۆزەکانی پیلانگێڕی بە ناسراوەکانیشیان کە ناومان بردن، بڕوانامەی بەرز و پاشخانێکی پتەوەی زانستییان نییە، گشت بەڵگەکانیان تەنیا شیکردنەوەی چەند وێنەیەک و جووڵەی ئاسمانگەڕەکانی گەشتەکانی ئەپۆڵۆیە، بەبێ ئەوەی بچنە ناو وردەکاری بابەتگەلەکانی فیزیا و ئەستێرەناسی و سروشتی ناو مانگ. بێگومان بیروڕای ئەو جۆرە کەسانە و نەبوونی سەرچاوەی زانستی ڕاستەقینەی باوەڕپێکراو بۆ ڕەخنەکانیان، هەرگیز نابێتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێکی فرەگرینگی هاوشێوەی گەشتە ئاسمانییەکان.
.........................