گۆرباچێڤ و هێزی هەنگوین

Friday, 02/09/2022, 20:40

3851 بینراوە


گۆرباچیڤ لە زمانی خۆیەوە دەگێڕێتەوە، و دەڵیت، کە منداڵ بووم، هێندە باری تەندروستیم خراپ بوو، هێندە لاواز بووم، دایکم تەواو بێ هیوا بوو، دواجار ژنێکی ساڕێژکەر ئامۆژگاری دایکم دەکات  یەک شوشە هەنگوینی تەواوم دەرخوارد بدات، ئیدی ئاوا هاتمەوە ژیان و ژیانم دەستی پێکرد.
 کاتێک لە دەمی گۆرباچێڤ خۆیەوە گوێبیستی ئەو چیرۆکە بووم ، بیرم بۆ لای وتەیەکی لاکانی دەرونشیکار رۆیشت، کە دەی ووت: ئەگەر ئێمە وەک هەنگ هەنگوینمان بەرهەم بهێنایە، هەموو شت جیاواز دەبوو، بەلام کێشە ئەوەیە ئێمە هەنگ نین و هەنگوین بەرهەم ناهێنین. بۆیە ژۆزێف بۆیس، هونەرمەندی ئەڵمانی شوێنێکی دانابوو لەگەڵ چەند هونەرمەندێکدا بۆ کارکردن، ناویان نابوو؛ دانشگای هەنگوین.
گۆرباچێڤ  لە شارێکی دور لە مۆسکۆ دەژیا، کاتێک بە کەسوکاری دەڵێت دەچێت بۆ مۆسکۆ بۆ خوێندن، باپیری لە خۆشیدا فرمێسک بە چاوانیدا دێتە خوارێ.
رۆژێک بەرپرسی (کەی جی ڤی) بە گۆرباچیڤ دەڵێت :
نمایشی سەربازی پارتە خۆشەویستەکەمانت بینی چەندە مەزن بوو ؟
گۆرباچێڤ وەڵامی دەداتەوە: هەمووی هەر پیاوی پیر بوون. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:
-  ئاخر دارستان پێویستی بە داری پیرە.
گۆرباچێڤ دەڵێت:
-  ڕاستە بەڵام ئەگەر نەمامی تێدا نەبێ دەفەوتێت.
ئیدی ئەو ڕستەیە فکری کابرا دەوروژێنێت. هەرجارێک بانگی دەکات بۆ خزمەتێک و پلەی حیزبایەتیشی بەرز دەکاتەوە،  تا گۆرباجێڤ بە خۆی دەڵیت: باوکەڕۆ، من چیم بە خۆم کرد!
گۆرباچێڤ دەگێڕێتەوە و دەڵێت پوتینم جارێک بینی، ووتم چییە نات بینین، سەرمان لێ نادەیت. ئەویش وەڵامی دەداتەوە، کەوا سەری قاڵە و کاتی نییە.
لەسەر بۆریس ئێلسینیش دەڵێت، کاتی خۆی یاسا رێگەی پێدەدام، کە سوپا دابەزێنم و کۆنترۆڵی بارەکە بکەم، بەڵام نەمکرد، چونکە ویستم خەڵکی فێری دیموکراسی بکەم.
بۆیان گێرامەوە کە بۆریس قەرابەیەک ڤۆدکای خواردبووەوە، بە تەنیشت فرۆکەکەوە میزی کردبوو، پیاوەکانی قۆلیان گرتبوو نەوەکا بکەوێت،  پاشان  پانتۆلەکیان بۆ ھەڵکێشابووەوە.
سەبارەت بە ماڵەی دەڵێت: ماڵەکەم بە پارەی دەرس وتنتەوە لە بواری ئابوری و سیاسەت داکڕیوە، کە لەو وڵاتانەدا دەستم دەکەوتن.
گۆرباچێڤ لە کۆتایی ژیانیدا، لە ماڵێکی دوور لە شار لە خانویەکدا بە تەنها ژیانی پیری بەسەر دەبرد، خزمەتکارێکیش خواردنی بۆ ئامادە دەکرد. کاتێک هاوڕێکانی دەزانن لەبەر ئازاری جومگەکانی بە بیست خولەک لە پلیکانەکانەوە دێتە خوارەوە، پارەی بۆ کۆدەکەنەوە و  لە ماڵەکەی خۆیدا پلیکانەیەکی کارەبایی بۆ دروست دەکەن
سەبارەت بە ستالین دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
- کاتێک لە ئارشیڤدا تاوانەکانی ستالینم دەخوێندەوە ، دەمەویست  لە مێژووی ڕوسیاداهەرگیز شتی وەها دووبارە نەبێتەوە. تەنیا یەک جار بە گاڵتەوە قسەیەکی زبرم بە ژنەکەم ووت، دەستی کرد بە گریان، ئیدی هەرگیز لەو ڕۆژەوە بە شۆخیششەوە قسەیەکی خراپم لەبەردەمیا نەکردووە. ئەو ڕۆژەی کە کۆچی دواییشی کرد، ئیدی ژیان بۆ من مانای نەما.
                                   ****
رۆژێک پێشتر بیرم لە گۆرباچێڤ دەکردەوە، بەخۆمم دەوت ئاخۆ کەی دەمرێت، کەچی بۆ ڕۆژی دوایی مرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە