سکانداڵێکی تر و تاوانێکی قێزەونی تری بنەماڵەی بارزانی

Monday, 05/09/2022, 14:06

3530 بینراوە


لەم بابەتەدا ئاشنابە بە تاوانێکی قێزەون و خیانەتێکی شاردراوەی تری بنەماڵەی بارزانی بە ڕابەرایەتی مەلا موستەفا و کوڕەکانی...
وەک لە ڕابردوو لە چەند بابەتێک ئاماژەم بە چەند پارتێکی کوردی کردوە کە هەر یەک ناویان هەبوە و تەنها شوێنی پارتەکان جیاواز بوە 
بۆ نموونە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق ، پارتی دیموکراتی کوردستانی (داش / ئێران و داش / سوریا و داش / تورکیاشمان) هەبوە 
لەم بابەتەدا باس لەسکانداڵێکی تر و تاوانێکی تری موستەفا بارزانی و نەوەکانی دەکەین کە چۆن بە پلانی میتی تورک سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیای کوشت و دواتر بکوژەکەشی کوشت.
چۆن سەعید ئاڵچی و پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە پلانی بارزانی و میتی تورک سەر لەبەری هەڵوەشایەوە ؟؟ 
لە ساڵی ١٩٧١ پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پ د ک ت) بوبو بە دوباڵی چەپ و ڕاست. باڵی چەپی د. شڤان (د.سەعید قرمز توپراخ) و باڵی ڕاستیش لەلایەن سەعید ئاڵچی ڕێبەرایەتی دەکرا. بنکەی هەردوکیان لە کوردستانی عێراق بو.
بارزانی بۆ لە ناو بردنی شۆڕشی باکور پیلانی میتی تورکیای بە شێوەی خوارەوە جێبەجێ کرد:
دوای ئەوەی له‌ ئۆکتۆبەری ١٩٦٩دا، پارتی دیموکراتی کوردستان تورکیا، شه‌ش ئه‌ندامی خۆی نارد بۆ‌ باشوری کوردستان که‌ له‌ بواری سیاسیی و پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بکرێن. سەعید ئاڵچی سکرتێری پارتی، به‌رپرسایه‌تی نێردراوه‌کانی به‌ دوکتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک “ناسراو بە دکتۆر شڤان” سپارد. 
دکتۆر شڤان خۆی دەگەیەنێتە بارەگاکەی بارزانی لە گەڵاڵە و لەوێ لەگەڵ ئیدریس و موستەفا بارزانی کۆدەبێتەوە و باسی پارتەکە و چۆنیەتی کارەکانیان بۆ دەکات ، لەوێدا مەلا مووستەفا پێیان دەڵێت چەند ڕۆژێک بمێننەوە و دواتر بڕیار ئەدەین ، هەر ئەو دەم ڕاستەوخۆ مەلا نامەیەک دەنێرێت بۆ کوردێکی زازای کە میتی تورکی بوە و هەواڵی دکتۆر شڤان و دروستبونی پارتێکی کوردی دو بەرە ئەدات بە میت ، لەوێدا میت پلانێک دادەنێت بەوەی کە ئەبێت ئەو پارتە نەمێنێت. 
هەر بۆیە مەلا مووستەفا و ئیدریس و مسعودی کوڕی لەگەڵ محمود عسمان و محمد عزیز پلانێک دادەڕێژن بەوەی دەبێت ئاژاوە لە ناو پارتەکەدا بنێنەوە کە دواتر بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا کۆتایی هات ، پلانەکەش بەو شێوەیە بوو کە باڵی دکتۆر شڤان بەهێز بکەن و هەموو پاڵپشتیەکی ماددی و معنوی پێ بدەن و باڵی سعید ئاڵچی کە زۆرینەی پێکدەهێنا لاواز بکەن بە کودەتای ناو حزب یا بە گرتن یا بە کوشتن.

پلانەکە کەوتە بواری جێبەجی کردن

بەناو سەرکردایەتی شۆڕش لە باشووری کوردستان ، بنکەیەکی لە نزیک گوندی “دێشیشێ” لە ناوچەی‌ زاخۆ بۆ ئەو ژمارە پێشمه‌رگه‌یە دانا.
لە ڕەوتی کارەکانیدا، مەلا موستەفا کۆبونەوەی لەگەڵ دکتۆر شڤان دەستپێکرد و پێی ڕاگەیاند کە دەبێت پارتی کوردستانی تورکیا یەک باڵ بێت و یەک سەرکردە و ڕابەری هەبێت و ئێمە پاڵپشتی تۆین گەر تۆ بتوانیت حزبەکەتان بکەن بە یەک ، هەر بۆیە دکتۆر شڤان بەبێ پرسکردن بە سەرکردە و ئەندامانی پارتی دیموکرات، خۆی پارتێکی نوێ بە ئایدیۆلۆژی چەپی ماویی لەنێو دڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دامەزراند و ناوی “پارتى کارگه‌رى کوردستان شۆڕشگێڕى ديموکرات” DDKD”ی لەسەر دانا.

بەشی دووهەمی پلانەکە...

ڕۆژی ١٩٧١/٣/١٢، له‌ تورکیا کودەتای سه‌ربازی کرا. سه‌عید ئاڵچی سکرتێری پارتی کوردستانی تورکیا ، له‌ تورکیا هەڵهات و خۆی گه‌یانده‌ سوریا. له‌وێ که‌سێک له‌ بنه‌ماڵه‌ی حاجۆ، به‌ناوی مه‌جید حاجۆ یارمه‌تی کرد و ئه‌وی گه‌یانده‌ موسڵ. سه‌عید ئاڵچی له‌ موسڵه‌وه‌ چوو بۆ زاخۆ که‌ لەوێوە بچێته‌ لای دکتۆر شڤان، به‌ڵام ڕۆژی ۱۹۷۱/٥/۲٥ لە نزیکگوندی قومری کە بارەگای سەرەکی پاراستن و میتی تورک بوو شڤان دوو‌ پێشمه‌رگه به‌ناوه‌کانی “چه‌کۆ” و “بروسک” نارده‌ زاخۆ که‌ سه‌عید ئاڵچی بگرن. ئه‌وان سه‌عید ئاڵچی و که‌سێکی هاوڕێی ئەویان به‌ ناوی محه‌مه‌د به‌گ ‌گرت و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیانن بۆ لای دکتۆر شڤان.
ڕۆژی ١٩٧١/٦/١، دوکتۆر شڤان، سه‌عید ئاڵچی و محه‌مه‌د به‌گی کوشت. دوای چه‌ند ڕۆژ مه‌لایه‌ک به‌ ناوی “مه‌لا عه‌بدول له‌تیف” ‌چووە‌ لای دوکتۆر شڤان و له‌ سۆراخی سه‌عید ئاڵچی پرسی. کاتێک دکتۆر شڤان تێگەیشت، مه‌لا له‌تیف به‌هاتنی سه‌عید ئاڵچی بۆ‌ بنکه‌کەی ده‌زانێت، دوکتۆر شڤان، مه‌لا عه‌بدول له‌تیفیش ده‌کوژێت. دیاره‌ به‌رله‌ کوشتنی ئه‌و سێ که‌سه‌، هه‌ر سێیان زیندانی ده‌کات ‌ سه‌عید ئالچی و هه‌ڤاڵانی هەفتەیەک له‌ زینداندا ڕاده‌گیرین و دواتر ده‌یانبه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌که‌یان ده‌یانکوژن و ته‌رمه‌کانیان له‌ زه‌ویدا ده‌شارنه‌وه‌.
بەم شێوازە سکرتێری یەکەمی حزب تیرۆر کرا لەلایەن کەسی دووهەمی حزبەوە و بەو شێوە پلانی یەکەمی بارزانی سەری گرت 
لە بەشی دووهەم بۆ لە ناو بردنی شڤان مەلا مووستەفا بە پیاوێکی پاراستن بە ناوی مچکۆ زازایی دەنگۆیەک بڵاو دەکاتەوە کە سعید ئاڵچی دیار نەماوە کە چۆتە باشوور ، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە ئەندامانی سەرکردایەتی و هەڤاڵانی سەعید ئاڵچی بێنە باشوور و لە سۆراخی بپرسن و دواتر تاوانەکە بخەنە ملی شڤان و بە هۆکاری کوشتن و دەستگرت بەسەر حزب پاڵپشتی لایەنگرانی ئاڵچی لێ دور بخەنەوە و بە خیانەتکار دادگای بکەن و دواتر سزای مەرگی بدەن بە سەردا ، هەر چۆن پلانەکە دانرا بەو شێوازە ڕووی دا... ، 
لە گێڕانەوەی دەمی خۆیان هەڤاڵانی ئاڵچی ((شاکری ئوپوزدەمیر و مەلا یونس کایا ))خۆیان گەیاندە باشوور لەوێ چونە ناوپردان بۆ بارەگای پارتی لەوێ چاویان بە محمود عوسمان کەوت شاکر بە محمود عوسمان دەڵێت هەڤاڵی ئێمە سەعید ئاڵچی هاتووەتە کوردستانی باشور و ئێمە نازانین چی بەسەر هاتووە. 
مەحمود بروسکەیەکی بۆ عوسمان قازی قایمقامی زاخۆ نارد و نوسی: ئەگەر سەعید ئاڵچی هاتووەتە زاخۆ، پێیڕابگەیەنن، بێتە مەکتەبی سیاسی. عوسمان قازی وەڵامی دایەوە کە سەعید ئاڵچی ڕۆژی ٢٣ تا ۱۹۷۱/٥/۲٥ لێرە بووە و چونکە بەڵگەی هاتوچۆ “عدم تعرض”ی پێنەبوو، لەگەڵ دکتۆر شڤان و حکمەت بلوت تەکین “چەکۆ” چوو بۆ مقەڕی دکتۆر شڤان. دوای گەیشتنی ئەو بروسکەیە 
مەحمود عوسمان بروسکەیەکی بۆ ئەسعەد خۆشەوی ئامر هێزی ناوچەی بادینان نارد، تا هەواڵی ئاڵچی لە شوان بپرسێ. شوان گوتبووی ئاڵچی هاتۆتە لای ئێمە و چونکە نەمانتوانیوە ڕایەکانمان بکەینە یەک، ئەو گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور. ئەسعەد خۆشەوی ئەو وەڵامەی بە دکتۆر مەحمود دایەوە. من لە وەڵامیدا گوتم ئەوە ڕاست نییە و ئاڵچی نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور. دوکتۆر مەحمود منی نارد بۆلای ئیدریس بارزانی. ڕای خۆم سەبارەت بە سەعید ئاڵچی پێڕاگەیاند. گوتی سەبەینێ وەرە قسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی بکە.
(( ڕۆژی بینینی بارزانی و دەرکردنی بڕیاری مەرگ بەسەر دکتۆر شڤان ))
ڕۆژی ١٠ تەموزی ١٩٧١، کاتژمێر ٨ی ئێوارە بە خزمەت بارزانی گەیشتم و باسی ڕووداوەکەم کرد. گوتم دکتۆر شڤان دەڵێ سەعید ئاڵچی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور، بەڵام ئەو نەگەڕاوەتەوە و دیار نییە چی بەسەر هاتووە. بارزانی بەئیدریسی گوت: بروسکەیەک بۆ ئەسعەد خۆشەوی بکە و پێیڕابگەیەنە کە ئەگەر سەعید ئاڵچی لە ناوچەکەیە، ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی بکەن، ئەگەرنا دکتۆر شڤان بنێرن. 
ڕۆژی ١٥ی تەموزی ١٩٧١ لەگەڵ حەبیب محەمەد کەریم سکرتێری پارتی دیموکرات چووم بۆ هەولێر و لە ماڵی عەبدولوەهاب ئەتروشی نانمان خوارد و منیان بە سەیارەیەک نارد بۆ موسڵ. عەلی سنجاری بەرپرسی لقی یەکی پارتی بوو. لەوێ لەگەڵ فازل میرانی چووین بۆ بامەڕنی و چاومان بە ئەسعەد خۆشەوی کەوت. ڕۆژی دوایی هەموو بەرپرسانی پێشمەرگەیان ئاگادار کردەوە، وەڵام ئەوە بوو کە سەعید ئاڵچی هاتووەتە ناوچەکە و چووەتە مقەڕی دکتۆر شڤان و نەگەڕاوەتەوە. شۆفیری ئەو سەیارەیەیان هێنا کە سەعید ئاڵچی بردبوو بۆلای دکتۆر شڤان. گوتی بەڵی من بردومە. سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریخست کە ئاڵچی نەگەڕاوەتەوە و دوکتۆر شڤان و چەکۆ، سەعید ئاڵچیان کوشتوە. ئەسعەد خۆشەوی دوو پێشمەرگەی نارد بۆلای دوکتۆر شڤان کە پێی ڕابگەیەنن کوڕی ئەسعەد نەخۆشە و داوای لێکرد بێت، تەداوی کوڕەکەی بکات. ئێوارە بوو کە دکتۆر شڤان لەگەڵ چەکۆ هاتن بۆ بامەڕنی. لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا و سەرئەنجام دەرکەوت کە شڤان و چەکۆ، سەعید ئاڵچیان کوشتوە. هەردوویان دانیان بە تاوانەکە نا. لەبەر ئەوە بردیانن بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێ زیندانییان کردن. منیش گەڕامەوە بۆلای سەرۆک بارزانی و باسی کارەساتەکەم بۆ کرد. زۆر ناڕەحەت بوو. گوتی بچۆ هەڤاڵانی خۆتان بێنە و لێرە بڕیاری لەسەر بدەن.
ئەوە بوو دوای هاتنی هەڤاڵانمان بە چەند مانگێک ، لە دادگای بەناو شۆڕش بڕیاری مەرگیان بەسەر شڤان و چەکۆ دادرا،و هەردوکیان کوژران.
دوای ئەم ڕوداوە پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا وەک بۆمبێکی تیا تەقیبێتەوە بەو شێوازە هەڵوەشایەوە و ئەندام و لایەنگرانی لێی تەکینەوە ، ئەم کارەی بارزانی یەکێکە لە پەڵە ڕەشەکان بە نێوچاوانی ئەو بنەماڵەیەوە وەک چۆن پارتی کوردستانی سوریا و لوبنان ی هەڵوەشانەدەوە پارتی دیموکراتی تورکیاشی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و پلانی میت و ووڵاتان سەری گرت بەوەی کورد ئازاد نەبێت ، ئەم تاوانەش پەڵەیەکی ڕەشی ترە وەک تاوانەکانی شەهید کردنی سلێمانی معینی و زێباریەکان و هتد.. بە نێوچەوانی بارزانی و پارتیەوە و خەونی یەکگرتنەوە ودروستکردنی کوردستانی گەورە لە گۆڕ نراوە وەک چۆن بارزانی بە دەمی خۆی دەڵێت ئێمە هەرگیز داوای جیاکردنەوەی کوردستان و دروستکردنی کوردستان ناکەین. 
ئەم کارەساتە ئەوەمان پێدەڵێت ، خەنجەری دوژمن لە دۆستایەتی ناوخۆ باشترە بەوەی دوژمن یەکجار دووژمنە بەڵام خیانەتی نزیکەکانت هەموو ڕۆژێک کوشتنە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە