٥/ لە ساڵی (١٩٩٢) تا (ئەمڕۆ) تیرۆر کردن و هێزی ئێران و تورک هێنانە سەر و ڕاوەدوونانی کادر و پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و گەرێلای پەکەکە و حزبەکانی ڕۆژئاوا و لێدانی پەنابەری سڤیلی ناو کەمپەکانیان بەردەوامە. هەموو ئەم کردانە لە لایەنی ئێران و تورکیاوە، لە سنوری یەکێتی و پارتی ئەنجام دراون و دەدرێن. به هاوکاری و بێ هاوکاری یەکێتی و پارتی. هەمووان بە خیانەتی یەکێتی و پارتی پێکەوە یان بە جودای ئەبینن.
٦/ بە درێژایی (١٩٧٦-١٩٩١) و (١٩٩١ - ٢٠٠٣)، چەندین شەڕی خوێناوی و ناکۆکی قووڵ و دەست بادانی نامرۆڤانە و بۆسەی نامەردانەی نێوان حزبەکانی کوردستان، بەهاوکاری و بێ هاوکاری عێراق و ئێران و تورکیا، بە ورد و درشتی شەڕەکانیانەوە، لە نێوان هەر یەک لە (پارتی، یەکێتی، شیوعی، سۆسیالیست، ئاڵای شۆڕش، پاسۆک، بزوتنەوەی ئیسلامی، پەکەکە، ئەنسار، کۆمەڵ، حزب اللە، …)، لە چەندین فۆرم و شێوەدا و بە جەولەی شەڕی براکوژی نەوەدەکانیشەوە. لە هەموو ئەمانەدا، هەمووان یەکتریان دابەشکرد لە نێوان شەیتان و ڕەحماندا یاخود جاش و باشدا.
٧/ لە (٣١ی ئابی ١٩٩٦)ەوە تا (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧)، بە بەردەوامی خیانەت و براکوژی و دەست تێکەڵکردن و هاریکاری دوژمن و ناحەز و تێکەڵ کردنی کارتەکان و قڵپ کردنەەی مێزی یارییە سیاسی وسەربازییەکان بە سەری یەکتریدا، کراوە. کاراکتەری سەرەکی نێوان جاش و باشی ئەم ساڵانە یەکێتی و پارتی بوون. پارتی لە جەولەی شەڕی ناوخۆی براکان بە بیانووی هاتنی ئیران بۆ یارمەتی یەکێتی، دەبابەکانی بەعسی بانگێهشتی هەولێر کرد. یەکێتی بە خیانەتی مەزن و پەڵەی ڕەش ئەمەی ناوبرد. بەڵام پارتی، ئەمەی بە بەرگری پیرۆز، لە قەڵەم دا. ڕیفراندۆمەکەی پارتیش بە هاوکاری بەشێک لە یەکێتیش لە لایەن زۆرێک و بەشەکەی دیکەی یەکێتی بە پیلان و دەسیسە و موغامەرەی سیاسی دانرا، بەڵام لای پارتی، کۆتاییەکەی، کە بە لە دەست دانی زۆرترین خاکی کوردستان بوو، بە خیانەتی ئەو بەشەی یەکێتی لە قەڵەم دا.
٨/لە (١٩٨٨)دا، هەڵەبجەییەکان بەر کیمیاوی دەدرێن و لە (٢٠١٤)شدا، ئێزیدییەکان بۆ داعش جێدەهێڵدرێن. جارێک تۆمەت یەخەی یەکێتی و جارکیش یەخەی پارتی دەگرێت. لە نێوان بەرگری و ڕێگەی هەڵاتن لە کیمیاوی گرتن لە هەڵەبجەییەکان و جێهێشتنی ئیزیدیان بۆ داعشی دڕندە، یەکێتی و پارتی و تۆمەتبار و ناکۆکن.