بۆچی قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێی کوردستان؟!

Tuesday, 06/09/2022, 16:20

3629 بینراوە


هۆکاری گرانبون و قەیرانی غاز و بەنزین لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیاوەیە، ئەویش بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا خسویانەتە سەر ڕوسیا بۆیە لەڕوی ئابوریەوە زیانێکی زۆریان لە ڕوسیاداوە، لەبەرامبەردا ڕوسیاش بۆری غازی (نۆرد ستریم -1) لێگرتونەتەوە، چونکە ڕوسیا لەڕێی سێ بۆری غازەوە ڕۆژانە 16 ملیار پێ موکەعەب غاز بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتی بەریتانیا دابین دەکات، بەگرتنەوەی ئەو بۆریە لە 50%  ی غازی هەناردە کەمیکردووە لەچاو ساڵانی پێشوودا، ئەوازانیمان هۆکاری گرانبونی سوتەمەنی لەوڵاتانی ئەوروپا چییە.
ئەی ئاخۆ گرانبونی سوتەمەنی بەگشتی لەهەرێمی کوردستان چییە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و هەرخۆیشی دەیپاڵێوێت و هەناردەی دەرەوەی دەکات، واتە هەرێم خۆی خاوەنی نەوتی خۆیەتی و پاڵاوگەکانێش هی خۆیەتی، لەلایەکیتر خاوەنی غازێکی زۆرە و پێش بۆردومانەکەی هەولێر بڕیاربوو لەداهاتوودا غاز بۆ وڵاتانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دابین بکات وەک بەدیلێک بۆ غازی ڕوسیا!
ئەی ئێستە خێرە هێشتا وەرزی زستان نەهاتووە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بۆ دووهێندە بەرز بۆتەوە و مژدەی ئەوەدەدەن بەهاوڵاتیان کەلەزستاندا کێشەی غاز دروست دەبێت، لەکاتێکدا هەرێم خاوەنی نەوت و غاز و پاڵاوگە و بۆری گواستنەوەی خۆیەتی؟! بۆیە کەس باوەڕ بەو قەیرانانە ناکات و بە قەیرانی دەستکردی دەزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە