لە شـێرەژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨ـ ١٩٥٥)

Tuesday, 06/09/2022, 23:29

4259 بینراوە


زۆرن ئـەو نـاودارە کوردانـەی، چ پیاوان چ ژنان، کە لە بـواری سەربازی و لە هەموو بوارەکانی تردا، خزمەتی دەوڵەتی ئیسلامی و عـەباسی و دەوڵەتی عوسمانییان کردووە. یا خـزمەتی دەوڵەتی عـیراق و ئێـران و سوریایان کردووە. بەرگرییان لە گەلانی تورک و عـەرەب و فـارس کـردووە. بە هـەزاران قـوربانییان لە شەڕ و بەرگریکردنیاندا داوە. چەندین داستانی قارەمانێتی و نەبەردییان تۆمار کردووە، بۆ نموونە سەلاەدینی ئەیوبی، ئەبو موسـلم خۆراسانی، ئیبراهـیم هەنانۆ. شێخ مەحمودی نەمریش لە ساڵی (١٩٢٠) بە لەشکرێکی گەورەوەی سوارەی کوردەوە، لە شۆڕشی ساڵی (١٩٢٠) لە حەبانییە و شوعـێبەی لە خـوارووی عـیراق. بە هـانای برایـانی عـەرەبی چـاوڕەشمانەوە چـوو و بەشداریی شەڕی کرد. چەنـدین کورد لەو شـەڕەدا کـوژران. بەڵام تەنیـا عـەرەبێکـیش نەچـووە پـاڵ شـۆڕشـەکەی شـێخ مەحمـوود. تەنانەت بە قـسەش پشتگیرییان لێنەکرد.
بە دەیان ناوداری تر کوردمان کە بەرگرییان لـەو گەڵانەی کە بە ناوە برامانن کردووە.
بەڵام برایانمان زۆر سـفـڵەن و زۆر بە نامەردی و ناپیاوی و دڕنـدەیی و بێ بەزەییانە، پـاداشـتی قـوربانـیـدان و  پیـاوەتی کوردیـان داونـەتـەوە و دەدەنـەوە. بە ژینـۆسـایـد و رەشەکوژی و کیمیاباران و ئەنفـال و داگیرکردنی کوردستان و بە تاڵانی و سووتاندن و وێـرانکـردن و دەربەدەرکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگـرافـیای کوردستان پاداشتی چاکە و قـوربانیـدانی کوردیـان داوەتـەوە و دەدەنـەوە. ئەگەر کورد ئەو هەمـوو قـوربانییەی لە پێنـاوی دامەزرانـدنی دەوڵـەتی سـەربـەخـۆی کوردیـدا بـدایە، دەمـێکبـوو دەوڵـەتی کوردستانمان دامەزراندبوو. چونکە وەکوو دەڵێن "هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی هـەر دەهـێنیـت نـوشستی". بـە داخـەوە تـا ئەمـڕۆش کـورد دۆسـت و دوژمـنی خـۆی ناناسێت و پەنـد و وانەشـمان لە شکستییەکان و لە نەهـامەتییەکانمان وەرنەگـرتـووە.
ئەتاتـورک، باش ئـەوەی دەزانی، کە بەبێ لایەنگـیری و بەبێ بەدەستهێنانی یارمەتی و بەشـداریکردنی کورد لە شەڕدا، ناتوانێت لە شەڕەکانیدا سەرکەوتـن بەدەست بهـێنێـت.
لە کورد نزیک بـۆوە و لەژێـر عەبـایی ئاینی ئیسلامی و جیهـادا، کەوتە درۆ و دەلەسە بۆ لە خـشـتەبـردن و تەفـرەدان و هـەڵخـەڵـەتانـدنی کـوردی خـۆشـباوەڕ، ئـەوەی کردە ئەقـڵیانـەوە، کە کـورد و تـورک بـرایـن و ئیسلامـین و داگـیرکەران گـومـڕان "کافـرن" پێویستە پێکەوە جیهـاد بکەین. سوێنـدی خوارد و بەڵـێنیشی دا کە سەربکەون، بەبێ جیاوازی بە زیادەوە هەموو مافێکی کورد دەدەین. گەر پاڵپشتیکردن و بەشداریکردنی کورد نەبـوایە ئەتـاتـورک نەیـدەتـوانی بەسەر یـۆنانییەکـان و روسـیادا سەربکەوێت و لە تـورکـیادا دەریـان بـکەن و بتوانێـت دەوڵـەتی تـورکـیای ئەمـڕۆ دابمـەزرێـنن. 
ئەتاتورک چۆن پاداشتی قوربانیـدان و مافـەکانی کوردی دایـەوە، بەڵـێ بە رەشەکـوژی و ژیـۆسایـد و تـاڵان کـردن و بە داگیرکـردن و وێرانکردنی کوردستان و نکوڵیکردن لە بوونی کورد، وەڵامی قوربانی و پیاوەتیی کوردی دایەوە. تا ئەمڕۆش هەتیـوەکانی دوای خـۆشی، درێـژە بە هـەمـان ئایـدۆلـۆژیـای بـۆگـەنی رەگـەزپـەرستی دەدەن و دژایـەتی کورد دەکـەن و حاشا لە بـوونی کـورد دەکـەن.
ئەم باسە قـسەکردنی زۆر زیاتر هەڵـدەگرێت. دێنە سەر کـرۆکی باسەکەمان دەربـارەی شـێرەژنێکی جەنـگاوەری کوردمـان، بە نـاوی "فـاتە رەش" لە باکـووری کوردسـتان.
 
فـاتە رەش یا "فـاتێ رەش" کـێـیە؟
 
فـاتە رەش، کچی (یـوسـف ئاغـا) ی سـەرۆکی هـۆزێ گـەورەی مەرعـەشی سـینمـیلی  ناسراوی کـوردە، لە ناوچـەی (مـەرعـەش) لە پارێـزگـای (ئـەرەزەڕووم)ی باکـووری کوردسـتان. لە ئەنـادۆڵ.. فـاتە رەش لە ساڵی (١٨٨٨) لـە گـونـدی (چـای) سـەر بـە ناحیەی (عەشکالێ)ی سەر بە ئەرزەڕووم لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کورد لەدایکبووە. 
دکتۆر کامەران ئەمین ئـاوە، لە کورتە نووسینێکـدا، کە لە ویکـیپیدیای تـورکـییەوە بە ناوی (فـاتمەڕەش شێرەژن) وەریگـرتـووە، لە رێـکەوتی (٧/ ٧/٢٠١٨) دا، لە سایتی (ئەمـڕۆ) دا، بڵاویکردۆتەوە، نووسیوێتی:"فـاتێ رەش نازناوی (ئایشـە خانـم)ە، کچی (حاجی عـوسمان بـەگ) ە، خـەڵکی (ئانـدرین)ە"ی سـەر پارێـزگایی مەرعـەشـە. 
نووسینێکم دەربارەی بینباشی (ئایـشە) خوێندەوە، کە لە تورکیدا بە (بـینـباشی ئایشە) ناسراوە، (بینباشی : رائـید) بە کوردی (ئایشەی سەرکرەی هـەزار) دەگەیەنێت. ئایشە لەگەڵ هاوسەرەکەی لە (ساڵۆنیک) لە یۆنان ژیاون، هاوسەرکەی ئەمیش سەرباز بوو، لە شەڕی قەفـقاسدا کوژرا. لە رووی خـێزانیشەوە جیاوازی لە نێوان (ئایشە بینباشی) و (فـاتە رەش) دا هـەیە. باسی ئەوەش نەکراوە کە ئایشە کورد بێت. بەڵان هەمان ئەو شەڕانە و ئازایەتی و قارەمانییەتییەی بە ناو فاتە رەشەوە تۆمارکراون، هەمان شەڕ و سەرکـەوتن و رۆڵیـش، بە نـاوی بینباشی (ئایـشە) شەوە تـۆمـارکـراون. بـۆیە لـێرەدا، گۆمانێکمان لا دروسـت دەبێـت، کـامیان راستن (فاتە رەش) یا رائید (ئایشە). یا ئەوەتە بۆ چەواشکاری و ناوبـزکـردنی رۆڵی ئـەو شـێرە ژنە کوردەمانە. بە ئەنقەست ئەم دوو ناویـان بـردووە!. ئایا رائید (ئایشە) هەر (فاتە رەش)ە ؟!. بەڵام دوو وێنەی جیاوازیان هـەیە. جیـاوازیش لە ساڵ و لە شوێنی کۆچکردنیان هـەیە. (ئایـشـە بیـنباشی) لە ساڵی (١٩٤٩) لە ئیزمیر کۆچی کردووە، بەڵام (فاتە رەش) لە ساڵی (١٩٥٥) لە ئەستەنبوڵ کـۆچی دوایی کـردووە. کەواتە، فـاتە رەش و ئایـشە بینـباشی دوو ژنـی جـەنـگـاوەری جـیـاوزن و هەمـان کەسـایەتی نیـن.
 
نەک هـەر ئـەم ناوە بەڵکو چەنـد ناوێـکی جیاوازی تـریش، دراونـەتە پـاڵ نـاوی فـاتە رەش و باوکی و هـاوسەرەکەشی. بەڵام لە زۆربەی ئەو سایـت و نووسینە تـورکییانەی کە من خـوێنـدمەوە، نـاوی فـاتە رەش بە (فـاتیمە سـێهـر ئاردن) ناونووسـیان کردووە، (سـێهـر ئـاردن) نـاو نییـە، وەک نـازنـاو هـاتـووە. زۆربـەی نـووسینەکانیـش، جەخـت لەسەر ئەوە دەکەن کە ناوی باوکی فاتە (یوسف ئاغا) یە. بەپێ ناسنامەکەی و تۆماری سەرژمێریی (سەریکامیش) ناوی راستی فاتە ناوی (ماهـی) یە خەڵکەی ناوچەکەشیان هـەر بە مـاهـی ناویـان بـردووە.
وانەبێژی یاریدەدەر دکتۆر (ئۆرون) لە کۆلێژی ئاداب و زانیاری لە زانکۆی (کوجایلی) لە تـورکیا، لە بارەی مێـژووی تـورکیا، دەربـارەی فـاتە رەش دەڵێـت:"نازناوی راستی فـاتیمە سێهـر خـانم، کە بە ـ کـارا فـاتـمە ـ فـاتە ڕەش ـ ناسـراوە، "سافـاشـێـر"ە. 
فـاتە رەش، کچـێکی ئەسمەری رەشتاڵەی کورتە بـاڵا و لاواز، ئەنـدام تونـدوتـۆڵ بوو، چاوەڕەشەکانی دەبـریسکانەوە. زۆر خاکی بوو، بەزۆری ستایـلی ئەو جلوبـەرگەکەی لەبـەری دەکـرد، پیاوانە بـوون. کەوایـەکی رەشی شـۆڕێ لەسەر جلـەکانیـیەوە لەبـەر دەکرد. فاتە رەش شۆڕە سوارێکی لێهاتووبوو، شـێرەژنـێکی زۆر ئازا و چاونەترس و جەربەزە بـوو. خەنـجـەرێک و دەمانچەیەکی لە پشتێنە پانەکەی قـایم دەکرد. تـفـەنگی درێـژی هـەڵـدەگـرت. پشـت و شانەکانی بە فـیشەکـدان داپـۆشـرابـوون. شـمـشـێرێـکی درێـژیـشی دەگرتە دەسـتەوە. رمـێکـیـشی بە لایـەکی ئەسپەکەیـەوە هـەڵـدەواسی. فاتە رەش نیشانشکـێنـێکی لـێهـاتـووش بـوو. 
دوو بـرای هـەبـوو، ناویان (سـلێـمان) و (سەلاحـەدیـن)ە، لە هـەمـوو شـەڕەکـانیـدا لەگەڵـیـدا بـوون. هـەردووکیـشـیان لە شـەڕدا لە پێـناوی تـورکیـادا کوژران. 
فاتە رەش، لەگەڵ (دەروێـش بـەگ) هـاوسەرگیری کرد. کە ئەفـسەرێکی جەنـگاوەری ئازای کورد بـوو، لە سوپای عـوسمانیـدا، هـەر لە هـۆزەکەی خۆیـان بـوو. لە گەڕەکی (کایکـوی) لە (ئەرزەڕووم) لەدایک ببـوو. ماڵیان لە شارۆچـکەی (ئەدرنـە) بوو. دوو کوڕ و کچـێکـیان بـوو. ناوی کوڕەکانی (سەیـفەدیـن) و (محەمـەد)، ناوی کچـەکەشی (فـاتیمە) بـوو. کوڕەکانی و کچەکەشی وەکوو خـۆی ئازابـوون و لە هەمـوو بەرەکانی شەڕدا لە گەڵ دایکیانـدا لە شـەڕدا بـوون. 
وا باس دەکرێت کە هاوسەرەکەی فاتە رەش (دەروێش بەگ) زیندانی کـرابـوو، گـوایە فـاتە رەش لە پێناوی ئازادکـردنی هـاوسەرەکەی لە بەنـدیخـانە، چەکی هەڵگـرتـووە و شەڕی کردووە. تـوانی ئازادی بکات. بەڵام لە هـیچ لەو نووسینانەی مـن خـوێنـدمەوە، باس لە زینـدانیکـردنی هـاوسەرەکەی فـاتە رەش ناکـەن. تەنیـا دکتۆر کامەران ئەمـین باسی ئەم زینـدانیکـردنەی هـاوسەرەکـەی فـاتە رەش کـردووە. 
یەکەم شەڕ کە فاتە رەش بە شداری تێـدا کرد شەڕی بەڵـقان بوو، (١٠) ژنی ئازای لە خـزمانی و بنەماڵەکەی چەکـدار کرد. منداڵەکانی لە ماڵی خزمێکـیان بەجـێـیانی هـێشت. لەگـەڵ ئـەو دە ژنـە و هـاوسەرەکەی لە ساڵی (١٩١٤) دا، لە شـەڕی بەرگـریکـردن و رزگارکردنی (ئـەدرنە) لە دژی بـولـگارییـەکان شـەڕێکی قـارەمانـانەی بێوێنـەی کـرد، لەم شەڕەوە ناسراو و وەکوو جەنـگاوەرێـکی قـارەمـان و جـەربـەزە نـاوی دەرکـرد. 
فـاتە رەش دەڵێـت:"فاتـیمە کچـیشم کە تەمەنی (٩) ساڵ بـوو، وازی ناهـێنا و دوامـان کەوتـووبـوو، بێ ئەوەی بـزانێـت شـەڕ و مەرگ چـییە، نـان و ئـاوی بـۆمـان دەهـێنا" 
فاتە رەش لە دوای شەڕی ئەدرنە، لەگەڵ هاوسەرەکەی و چەندین ژنی کورد بەشداری لە شەڕکرد، زیاتر ناوی دەرکرد. لە ساڵی (١٩١٩) دا بە فەرمی وەکوو جەنگاوەرێکی شەڕکەر لە سوپای عـوسمانیدا تۆمارکرا. پلەی (عەریف) یان پێبەخشی. هەر لە ساڵی (١٩١٩) دا، هـاوسەرەکەی (دەروێـش بـەگ) لە شـەڕیکـدا لە (سەریکامیـش) کوژرا. فاتە رەش دوای کوشتنی هـاوسەرەکەی بۆ ماوەیەک گەڕایەوە بۆ ئەرزەڕوومی زێـدی خـۆی و کەسوکارەکەی. دوایـش لەگەڵ منـداڵەکـانی و بـراکانیـدا لە ساڵی (١٩١٩) دا، باریان کـرد بۆ ئەستەنبـوڵ، کە زۆربەی ناوچەکانه لەژێـر دەستی یۆنانییەکاندا بـوون. 
هەر لە ساڵێ (١٩١٩) دا، کە زانی مستەفـا کەماڵ (ئەتاتـورک) لە شاری (سیواس)ە، کۆنگـرەیەک دەبەستێت.  جلێکی باڵاپۆشی و دەموچاوپۆشی رەشی لەبەرکرد و لەگەڵ چەنـد سوارەیەکدا بەرەو سیواس بە رێکەوت. دوای سێ شەو و رۆژی بـڕینی رێگای سەخـت و بەنـاو بەفـردا، گەیشتنە سیواس، لـەوێ مستەفـا کەمـاڵی دەبینێـت. لە پێشا مستەفـا کەماڵ زۆر بە رەقی قـسەی لەگەڵـدا کرد و وتی دەتەوێـت باسی چـیم لەگەڵـدا بکەیـت؟ فـاتە رەش، باڵا پـۆشییەکەی لەخـۆی دەکـاتەوە و بە مستەفـا کەماڵ دەڵێـت: "سوورم لەسەر ئەوەی بۆ مـاوەی خولەکـێک گوێـم لێبگـریت، هـاوسەرە شەهیـدەکەم لەژێـر خاکـدایە، منـداڵـە هـەتیـوەکانیـشم لە ئەستەنبـوڵـن، لە ئەدرنە لە دژی داگـیرکەر شەڕم کـرد، سەربـازە بـرینـدارەکان بە کـۆڵـم هـەڵـیانـم گرت، ژنانم هـانـدا کە گـۆرەوی و بلـوز و قـات بۆ سەربازەکان بچـنن و بـدوورن. بەڵام ئامـانە بەس نـین، کارێکـم پێ بسپـێرە دەمەوێـت شـەڕی دوژمـن بـکەم، دەمەوێـت لـەو شـوێنـەوە کە هـاوسەرەکەم وەسـتا، درێـژە بە شـەڕ بـدەم".
مستەفا کەماڵ نـاوی لێ دەپـرسێـت و ئەوەشی لێ دەپـرسێـت: ئایا دەتـوانیـت تـفەنـگ بەکاربهـێنیت؟ دەزانیت چـۆن سواری ئەسپ ببیـت؟ لە شـەڕکردن ناتـرسیت؟ کە فـاتە رەش وەڵامی پـرسـیارەکـانی دایـەوە. مسـتەفـا کـەمـاڵ زۆر دڵـخـۆش بـوو و وتی:
"خۆزگە هەموو ژنان وەکوو تۆ دەبـوون فـاتمە رەش" بە تورکی "کارا فاتـمە" ئیتر لەو رۆژەوە (فـاتـیمە، فـاتە، فـاتێ) لە تورکیـادا بە (کـارا فـاتـمە) ناویـان دەبـرد.
لە کوردیـشدا، وشەی "رەش" خـراوەتە پاڵ پیاوان و ژنانێک، کە ئەسمەر یا رەش و رەشتاڵەبن، وەکوو: کاکەرەش، حەمەڕەش، عەبەرەش، کچەڕەش، گوڵەڕەش،...هـتد. 
دوای ئەوەی کە مستەفا کەمـاڵ داواکەی قـبووڵ دەکات بە پێکهـێنانی هـێزێکی سوارەی شەڕکەر، فـاتە رەش و هـاوڕێـکانی دەگـەڕێنـەوە بـۆ ئەستەنبـوڵ. بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەستەنبوڵ کە ناوبانگی فاتە رەشیان بیستبوو، هـاتنە سەر رێگا و شەقـەمەکان بۆ ئەوەی فاتە رەشی شیرەژنی شەڕڤـانی کورد ببینن. کە گەیشتنە (سەرا سکـیران) لە پێـش هەمـوویـانەوە (رەزا پاشا) بە گـەرمی پێـشوازیی لـێیان کـرد. لە قـاوەخـانـەکان و ماڵان و لە هەموو شوێـنێکی ئەستەنبوڵـدا، باس تەنیا باسی ئازایەتی فـاتە رەش بـوو. 
بارەگایەکی لە (ئوسکۆدار) دا کردەوە، لە سەرەتا (٣٠٠) شەڕڤانی خۆبەخشانە خۆیان لە سوپاکەیدا تۆمارکرد، لە دواییدا ژمارەیان گەیشتە (٧٠٠) پیاو و (٤٣) ژنی سوارەی شەرڤـان. بـراکانی و کوڕەکانی و فاتـیمەی کچـیشی کە تەمـەنی (١٣) ساڵ بـوو ئەویش شەڕکەرێک بوو، بەشی هەرەزۆری لەشکرەکەی کەسوکار و لە هۆزەکەی خۆی بوون. تەمەنیان لە نێوان (١٦بـۆ ٦٠) ساڵ بـوون. لە قەوقـازەوە بۆ بەڵقان لە چەندین شەڕی دژواری دەستەویەجەدا، بەشـدارییـان کرد و رۆڵـێکی پاڵەوانانەیـان بیـنی. بە زۆریشی هـێڵەکانی پشتەوەی نەیارانیان پێ سپاردبـوون، دەچوونە پشتی سوپـای یـۆنانییەوە، بە رۆژ لەنـاو دارستانە چـڕەکانـدا خـۆیـان دەشاردە و بە شـەویش هـێڕشیان دەکـردە سەر سوپای گریکییەکان. گەرچی هـێزەکەی فاتە رەش کە لە شکری (٢٠) ی سوارە بوون، سەر بە تیپی (٨) ی سوپای عوسمانی بوون. بەڵام لە راستیدا فاتە رەش سەربەخۆبوو لە شەڕەکانـدا، خـۆی نەخـشـە پلانـەکانی هـێڕشەکانی دادەنـا و جـێبەجـێیانی دەکـرد. لە زۆر شوێـنی ئەستەنبـوڵ و ناوچـەکانی دەوروبـەری، رۆڵـی سـەرەکی بیـنی لە شکانـدن و دەرکردنی هـێزەکانی گریکییەکان. چونکە لە هەموو شەڕەکاندا، لە ریـزەکانی پێشەوە شەڕیان دەکرد. لە رزگارکردنی شاری (ئیزمیر) دا لە (٩/ سیپتەمبەر/١٩٢٢)هـێزەکەی فـاتە رەش، یەکەم هـێزبوو کە چـووە ناو شاری (ئیزمیر) کە سوپای یۆنانی تێـدابـوون.
هەر هـێزەکەی فاتە رەش، بە تەنیا دەستیان بەسەر (کارسیاکا) دا گرت، لە باکووری کەنداوی ئیـزمیـردا.
فاتە رەش چەند جارێک برینداربوو، لە شەڕی (کۆجالی) دا، پارچە گولە تـۆپێک، دوو پەنجەی دەستی راستی بـڕییەوە، دەستی پێچا و درێژەی بە شەڕدا، ئەمجارەیان پارچە گولـەیەک بەر سنگی کەوت. گەیانـدیانە نەخـۆشخـانە و چـاک بـۆوە، بەڵام ئەو پارچە گـولەیە هـەر لە سنگـیدا مایەوە. فـاتـیمەی کچـە (١٣) ساڵانـەکەشی لە شـەڕدا، گـولە تـۆپێک بەر دەستی راستی کەوت و دەستی پەڕانـد. 
چۆن پلەی (ئەفسەرـ مولازم) یان بە فاتە رەش بەخشی؟ فاتە رەش لە بیرەوەرییەکانیدا کە لە ساڵی (١٩٤٤) دا بە تورکی نووسیوێتی و چاپکراوە. لەوانەیە بۆیا نووسیبێتەوە چـونکە باس لـەوە نەکـراوە، کە فـاتە رەش خوێنـدەواری هـەبێـت. دەڵێـت:"پـێـش دوا هـێڕشی شـەڕی سەربـەخـۆیی، لە ساڵی (١٩٢٢) دا، ئاهـەنـگی پـێـشانـگای گـوڵ لە (ئەنقـەرە) سازکـرا. مـن بانگ کرام و یەکێک بـووم لە میوانەکان، لەناو میـوانەکانـدا، ئەتاتورک و باڵیـۆزی روسیا و سەرۆک و جێگری پەڕلەمان و هەنـدێ لە بەرپرس و کاربەدەستی باڵای حکـومەت ناوەکانیانم لەیاد نەماون، ئامادە بـوون. لە پێـشانگاکەدا، قوتوویەکی زیوینی جگەرە دانرابوو. ویستیان بە فرۆشتنی زیادکردن بیفرۆشن. دوایی پێشـنیاری ئەوەیان کرد، کە نیشان بنێنەوە، ئەوەی بـردییەوە، قـوتووەکەی پێشکەش بکرێت. داوایان لە منیش کرد کە بەشداری بکەم. لەم پێشبڕکێیەدا بە یەکەم دەرچووم. قوتووە زیوینییەکەیان پێشکەشم کرد. ئەتاتورکیش پلەی ئەفسەری(مولازم) ی دامێ". بەم پێیەش فـاتە رەش، بـوو بە یەکـەم ئەفـسـەری ژن لە سـوپـای عـوسـمانیـدا.  
فاتە رەش، لە شەڕی (ئینـۆنـو) دا، هـێزەکەی بەشداری کـرد، شەڕێکی زۆر قـورس بـوو،. ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکار و ئەو ئەو ژنانەی کە لەگەڵیدابـوون، لەم شەڕەدا کوژران. (٢٨) لە ژنـەکان کـوژران. خـۆشی بـرینـداربـوو. 
فـاتە رەش، دوو جار لە لایـەن سوپای گریکـییەکانەوە بەدیـل گـیرا، هـەردوو جارەکە توانی خۆی رزگار بکات. جاری دووەمیان. لە شەڕی (هـێڕشی گـشتی) دا لە ئـیزمیر، سوپـای یـۆنـانی (فـینـدیک تەپـە) یان گـرت، لەوێـدا فـاتە رەشـیان بەدیـل گـرت.
فاتە رەش لە بیرەوەرییەکانیدا، دەگێڕێتەوە و دەڵێت:" چاومیان بە دەستەسڕێک تـوند بەستەوە، دوو کاتـژمێر دووریان خـستمەوە و بردیماینە پشتەوەی سەربازگاکانیانەوە، لە دێی (سورمیلی) دا چاومیان کردەوە. رۆژانە ئەشکەنجـەیەکی زۆریان ئەدام، هـێزم تێدا نەما، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵمدا کرد، بەڵام هـیچ نهێنییەکم نەدرکان و پێچ و پەنام بە وەڵامەکانـم دەدا. بە پێی دیمانەیەک کە لە رۆژنامەی (تانـین) دا بڵاوکـراوەتەوە، لە بە دیـل گرتـنی دووەمـیدا، فـاتە رەش دەڵێـت:"بـردمیان بـۆ بارەگـای ل سەرکردەی گـشتی هـێزە شەڕکەرەکانیان، ژەنـەڕاڵ (نیکـۆلاوس تریکـۆپـیس) بۆ لێکـۆڵینەوە، کە بینـیمی، سەیـری کردم و زۆر بە سەرسوڕمـانەوە لـێمی دەڕوانی، وتی:"تـۆی فـاتە رەش؟ سێ جـار نـاومی دووبـارە کـردەوە. لە دوای ماوەیـەک لە سـەرسـۆڕمـانـەکەی تـێگەیـشـتم، دەرکەوت ئەوان لەو خەیاڵەدا بوون، کە فاتە رەش شـتێکی زەبـەلاح بێت. بەڵام من لە وەڵامدا پێـم وت:"مـن بەهـێزتـرین فـاتمە رەشی ئەنادۆڵـم" لە شوێنێکـدا بەندمیانکرد. لە پێـشا چـوار پاسەوانیـان بـۆ چـاودێـریـم دانـا، دوایی کـردیـان بە یـەک پاسـەوان. رۆژێک هاوڕێیەکی پاسەوانەکەم هات بۆ لای، پێکەوە ئارەقـیکی زۆریان خواردەوە و سەرخۆش بوون. دوایی هاوڕێ میوانەکەی رۆیـشت. پاسەوانەکە درێـژەی بـە ئـارەق خـواردنـەوەکـەی دا. دیـاربـوو کە زۆری خواردبۆوە، چونکە کە بەیـانی دیـم ئاگای لە خۆی نەبـوو، گـێژببـوو، هـاوسەنگی تـێکچـووبوو و بەلادا دەهات، لە پێـشا بـڕوام بە سەرخۆشییەکەی نەکـرد. بـەڵام کـە دوانـم، بـۆم دەرکـەوت کە بە راستی سەرخـۆشە و ئاگای لە خۆی نییە. چەکەکەیم هەڵگرت و دوورکەوتمەوە، پێش ئەوەی تاریکی بکات ئەو شوێنەم بەجـێهـێشت. دوای (١٩) رۆژی بەنـدکردن و ئەشکەنجەدان و بێ هـێزی، زۆر بە زەحـمەت تـوانـیـم هـەڵـبـێم و خـۆم بـگـەیـەنـمەوە نـاو لەشکـرەکـەم. کـە ئـەم هـەواڵـە بـڵاوبـۆوە، بـە هـۆی ئـەم سەرکەوتـنەمەوە، یەکسەر پـلەی سەربـازیمـان بۆ (مولازمی یەکەم) بەرزکردەوە. بە گوڕ و تینێکی زیاتر، دڕێژەمان بە شەڕەکانمان دا" 
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لە (٢٥/ ئەپـریل/ ١٩٢٢) دەربارەی ئازایەتی فاتە رەش نووسیوێتی:"ئەم ژنە کە بە فـاتیمە ناودەبـرێت، عەریفـێک بوو، پێشەنگی پێـشرەوی دەکـرد، بە زۆری هـەمـوویـان ژن بـوون، کە هـێڕشی کـردە سـەر هـێـزەکـانی دوژمـن بە گـرتنی (٢٥) دیـلەوە گەڕایـەوە، کە ئەفـسەرەکەشـیان لە نێـوان دیـلەکانـدا بـوون". 
(سیمیۆن ئیڤانۆڤیش) کە لە نێوان دیپلۆماسییەکانی روسیای سۆڤیەتی بوو لە تورکیا، لە کتێبی ئالۆڤ (یادەوەرییەکانی دیپلۆماسی سۆڤـێتی لە تورکیا) ناوی فاتە رەشی هێناوە و نووسیوێتی:"رەقـیب فاتیمە جەنگاوەرێک بوو، چەندین جار هـات بۆ باڵیۆزخانەکەمان. فاتیمە رەقیب سەرۆکی ئـۆردوویەک بوو، لە دژی گـریک و یاخـیبووەکان شەڕی کـرد. مـولازم فـاتیمە کـورتە بـاڵا بـوو، لاواز بـوو، دەموچـاوێـکی تاریـکی چـالاکی هەبـوو، چاوێکی پیـرەژنانەی هەبـوو. کوڕە گەورەکەی لەگەڵـیدا دەهـات بۆ باڵـیوزخانە، کە لە شەڕەکاندا لەگەڵ دایکیدا شەڕی دەکـرد. فـاتیمە کەوایەکی رەشی درێـژی لەبەردەکـرد، کە پشـتی پۆشیبوو، تەنـوورەیەکی خەت خەتی لە بەردەکرد. فـیشەکـدانێکی پانیشی لە پشت بوو، فـیشەکـدانێکـیشی لە شان بـوو،..."  
فاتە رەش لە ( ١٩١٩ـ ١٩٢٣) لە هەموو شەڕەکان، کە بە (شەڕی کریمە) یا (شەڕی سەربەخـۆیی) ناویان دەبـرد، وەکوو سەرکردەی لەشکرێکی کوردی لە شەردا بوو، لەم شەڕانەدا، هاوسەرەکەی و منداڵەکانی و براکانی و ژمارەیەکی زۆری لە بنەماڵەکەی و لە خـزمەکانی کـوژران. تەنیا (فـاتیمە) کچی مایـەوە، ئەویش دەستی راستی لە شـەردا  پەڕیبـوو. شـووی کردبـوو، دوو کوڕی هـەبـوو. لە دوای تـەوابـوونی شـەڕ فـاتە رەش خـۆی خـانەنشـین کرد. مووچـەی مـولازمی یەکـەم، مانـگانە (٥٠٠٠) قـورشـیان بـۆ بڕییەوە. فـاتە رەش وتی:"مـن لە پێناوی پارەدا شەڕم نەکـردووە، بەرگریـم لە وڵات کردووە" مووچەی مانگانەکەی پیشکەش کرد بە (کیزیلاری ـ مانگی سووری تورکی). 
وەک رێزلێنان بۆ ئەو خزمەتەی، مەدالـیا گەل و ویسامی سەربەخـۆییـان پـێبەخـشی. 
فاتە رەش، لە ساڵانی کوتاییەکانی ژیانیدا، لە ژوورێـکی پەرپـووتی سارد و سردا، لە ئەسـتەنبـوڵ، زۆر بەبـێ نـازی و کـوێـرەوەری و نەبـوونی و بـرسێـتی و تـوێـنێـتی و کولەمەرگی و گۆشەگیری دەژیا. تەنانەت رۆژێکیان هـیچ نەبـوو بیخـۆن  دوو منداڵە نەوەکەی، چوون سواڵیان کرد و (١٠٠) قروشیان هێنایەوە و دایەن دەست داپیرەیان کە شتێکـیان بـۆ بکـڕیت و سکی برسیان تـێربێت. ماوەیەکـیشی کەنیسـەیەکی روسی رۆژی قاپێک شۆربایان دەدایێ. ئەم هـەواڵە لە رۆژنـامەکان بڵاوبۆوە، ئینجا پارێـزگار و سەرۆک شارەوانی ئەستەنبـوڵ لە ساڵی (١٩٥٤) دا مانگانەیەکیان بە بڕی (١٧٠) لـیرە بۆ بـڕییەوە. هـەردوو نەوەکەشیان لە بەشی ناوخـویی قـوتابخـانەکان وەرگـرت. 
فاتە رەش دواڕۆژەکانی ژیانی لە (دارولاسزە ـ خانەی پاراستن بۆ هەژاران و پیرەکان، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، لە لایەن شارەوانی ئەستەنبـوڵەوە بەڕێـوە دەبـرا) بەسەربـرد. تا لە رۆژی (٢/ یـۆلیـۆ/ ١٩٥٥) لە نەخۆشخـانەدا کـۆچی دوایی کـرد. لە گۆرستانی (کولاکسـیز) لە ئەستەنبوڵ بە خاک سپیردرا. لەوەدوا گۆڕەکەی بەر شەقام کەوت و تێکـیانـدا. لە (٢٠١٥) دا هـەر لە ئەستەنبوڵ گـۆڕێکی تریان بۆ دروستکرد. 
بەکتاشی سـینەماکار، سەرۆکی کۆمـەڵەی (ئیلکـنـور) لە تورکیا، سیناریـۆی فـیـلمێکی نووسی دەربارەی ژیانی فاتە رەش (فـیلمبیۆگرافی) ساڵ و نیوێک خەریکی دەرهـێنانی بوو. بەکتاشی دەڵێت:"ناوی راستی فاتیمە (ماهی) یە خەڵکی بەم ناوە بانگیان کردووە، ناوی باوکـیشی، ئیبراهـیم یەحـیا" یە. بەکـتاشی دەشـڵێـت:" ناسـنامە مـۆرکـراوەکـەیـم دۆزییـەوە.. پێـویستە ئەوەش بـزانـرێـت کە پاڵـەوانێـک هـەیـە نـەک ئەفـسانەیـەک". 
نووسەر و توێژێنەر (محەمەد بەیرەق) لە کتێبی (ژنـانی کورد لە دەوڵەی عـوسمانیدا) لە بارەی چارەنووسی "فاتیمە رەش" بە درێـژی باسی لەوە کـردووە. کە چـۆن تورک لەگەڵ تێپەڕینی کاتـدا، راستییان چەواشە کـردووە و کـردوویانە بە "ژنـێکی تـورک". 
لەسەرەوە باسمان لەوە کرد، کە چون ئەتاتورک و موریدەکانی دوای خۆی بە نامەردی و دڕندەیی وەڵامی قـوربانیدان و پیاوەتـیی گـەلی کوردیان دایەوە و دەدەنـەوە. چۆنیش بە هەمـوو شـێوە و شـێوازێـک، راسـتییەکان و میـژوو لە بەرژەوەنی خۆیـان چەواشە دەکـەن. لە هەمـوو ئـەو نووسینانەی دەربـارەی فـاتە رەش خـوێنـدمەوە، هـیچـیان دان بەوەدا نانـێن، کە فـاتە رەش بە رەسـەن کـوردە و تـورک نیـیە. 
هەندێکیش دەڵین: بۆ ناوبانگ بزرکردنی (فاتە رەش)ی کورد. تورکەکان فاتە رەشێکی وەهمی تریان لە تورکیا بە ناوی (کارا فاتمە) وە، کردووە بە پاڵەوانی داستانەکانی فاتە رەشی کورد. ئەمەش بە لای ئێـمەی کوردەوە نامـۆ نیـیە، چـونکە تـورکان گـەلێ کاری قـێزەوەنی لـەم جۆرەیان کردووە. بەڵام هەزاران (کارا فاتمە) ی ساختە دروست بکەن. بێ سوودە، چونکە تەنیا یەک (فاتە رەش) هەیە ئەویش شێرەژنە کوردەکەی باکوروی کوردستانە. فاتە رەش خانمە، فـاتە رەشەکەی کوردستانە. فـاتە ئەمـازۆنەکەی کوردە. جـا مـلازم فـاتە رەش بێـت یا ژەنەڕاڵ فـاتە رەش بێـت، هـەر فـاتە رەشەکەی خۆمانە. 
هەر لە خوێندنەوەی ئەو نووسینانەدا، گۆمانم لە هەندێ لە قـسەکانی نووسەرەکانیان هـەیە، کە لە سـوودی خـۆیانـدا، بە دەمی فـاتە رەشـەوە قـسەیـان هـەڵـبەســتووە. 
تا ئەمڕۆش (ئـینسکلۆپیـدیا) و فەرهـەنگێکی یەکگـرتووی نووسینەوەی (بیـۆگرافی)ی کوردیمان، نییە، تا کەسایەتییە ناودارە میژووییەکانمان، چ پیاون و چ ژنان، لە هەموو بوارەکاندا، لە لایەن پسپۆرانی کوردمانەوە، بە شێوە و شێوازێکی ئاکادیمی ژیانامەیان بنـووسنەوە و لە چـەواشەکاری رزگاریان بکەن.  
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوود لە چەنـد سایتـێکی تـورکی و لە چەنـد نـووسینێکی نـووسەرانی تـورک وەرگـرتـووە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە