کاتێک سەرۆکەکان توڕە دەبن

Tuesday, 06/09/2022, 23:41

11170 بینراوە


مێژووی توڕە بوونی سەرۆکەکانی کورد، گەلێ دوورە. ئێمە زۆرێک سەرۆکی، زمان زبر و تۆڕەمان بەجێهێشتووە. چما چ پەکمانە، لە سەر ئەو چەند جنێوەی، ئەوێ شەوی، سەرۆکە گەنجەکە بوەستین. بڕۆن بە ئەدەبییاتی خۆیاندا بچنەوە. بڕۆن بیرەوەرییەکانی خۆیان بخوێننەوە. خۆیان ئەڵین، گوایە باپیرە سەرۆکمان هەبووە، تەنانەت ئافرەتانی سەر بە ڕێکخراوەکانی حزبەکەی خۆشی، بە لەشفرۆش ناساندووە. سەرگوزشتەی سەرۆکە باپیری وامان بۆ ئەگێڕنەوە، کە جنێوی وای دابەشکردووە، بە سەر سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی خۆی، کە لە قووتووی هیچ عەتارێکدا، دەست نەکەوتوون. چما ئێوە، بۆ کردووتانە بە هەڵا، لە سەر ئەو چەند جنێوەی، سەرۆکە گەنجەکەی دوێنێ شەو؟ بنوارن کە توڕە بوون و هەڵچوون و جنێودانی سەرۆکەکانی ئێمە مێژووی هەیە. ئەمە وەکو دەرد و بەڵایە ئەگوێزرێتەوە.  بەڵام ئەمە دەردێکی ئاسایی، سەرۆکەکانی دونیای سیاسەتی کوردییە. بگەڕێنەوە بۆ نووسینەکانی خۆیان، بزانن چۆن، باوکە سەرۆک هەبووە، هەر بە گۆچان وەشاندن بە ناوبانگ بووە. هەشبووە بە ئیهانە و بە جنێوی سارد و سڕ بە خوشک و دایکی مرۆڤەکان، بەناوبانگ بووە. هەشبووە بە شەپازلەی گوێ کەڕکەر و هەشبووە بە چی و بەچی ..جا بەچی نا؟!  ئەمانە هەر لە ئەزەلەوە بە توندوتیژی زارەکی و جەستەیی بەناوبانگ بوون. 
سەرۆک و پەچکە سەرۆکیش هەن لە بەردەم میدیا و مایک و تەلەفونا، بە سرنجی موزەمیدیش، سی سییەک جنێویان لێ دەرنایەت لە حورمەت بەولاوە، بەڵام نێچیری خۆیان بگرن، باش ئەزانن لە پشتی دیوارەکانەوە چییان لێ بکەن. خۆ ئەگەر تەعدای نامووسی لێ دەرکەین، ئەوا لە باشترین حاڵدا، فیشەکێکی گەرم ئەچزێنن بە زمانێوە. هەموو ئەمانە، چونکە ئێمە، مێژوویەکمان هەیە لە جنێو و شەق و شەپازلە و توندوتیژی و تیرۆر و کوشتارگەی سەرۆکەکان. 
بۆیە مەتاسێن لە جنێوەکانی سەرۆکە گەنجەکە؟ ئەویش جۆرێکە لە نەفامی لە دونیای سۆشیال میدیا، دەنا ئاخۆ، لە پشتی دیوارەکانەوە ڕۆژانە، چەند جنێو و چەند توندوتیژی و چەند پەتپەتی، لە لایەن سەرۆکەکانەوە ئەنجام دەدرێن و کەسیش پێ نازانێ؟
ڕاستە سەرۆک توڕەکراوە و ورووژێنراوە! بەڵام ئاخۆ سەرۆک ئەبێت توڕە ببێت؟ ئەی سەرۆک چی بکات باشە، بۆ ئەوەی سەرۆکێکی هێمن و خۆڕاگر بێ و توڕە نەبێت؟ ئەمەش‌ بەوەی وەڵامی هیچ جنێو و هیچ کارتێکردنێک نەداتەوە. هەوڵ بدات بە زمانی لوژیک و هۆش وەڵام بداتەوە. من پێم وایە، سەرۆکەکانیش وەکو عەوام لەم ڕووەوە، پێویستیان بە مامۆستای عەقڵ و مەنتیق هەبێت! 
ئەدی سەرۆک چی بکات باشە، بۆ ئەوەی دەم و لەبزی پاک وپێگەرد بێت و بەتاڵ بێ لە وشەی زبر، جگە لە ڕستەی کورت و پوخت و نەرم و نیان، هیچ دڕێژدادڕی و قسەی لابەلاش نەکات؟  بۆ ئەمەشیان، سەرۆک ئەتوانێت، سود لە (کتێبی فەرهەنگی وشە زبرەکان)ی مامۆستا حەمە فەریق حەسەن، وەربگرێت. نە بۆ کۆپی کردنیان، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی وشەی زبر و جنێوەکان بناسێت و خۆی لێیان لا بدات.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێم، جارێکیان سەرۆک لە شی کردنەوەی مانای ناوەکەی خۆیدا وتی: بەڵێ وایە بڕگەی یەکەمی بە واتای  (با)دێت و بڕگەی دووەمیش ڕەگی کرداری فڕینە، واتا (فڕ). بەڵام بە پێی کات لە (فڕ)ەوە گۆڕاوە بە (فڵ). واتا کرداری فڕینی ئەو گەردیلە ئاوانەی، کە کەم کێشن و با فڕاندوونی. کەواتا سەرۆک تۆبی و خودا کەمێک وەکو سەرۆک هەڵسوکەت بکە و هێمن و ئارام، با هێندەی تر نەتەریقێینەوە لەو مێژووەی لە ناو یەکێتیدا کارمان کردووە. تەنها سەرۆکێکی سەلار و دڵسۆز بە، بۆ حزبەکەت، بۆ شارەکەت. بیرم کەوتەوە ئەمما لە مەڕ جاکسازیشەوە، کە زۆر جەختی لێ دەکەیتەوە. هەر بە گیانی کادرە دڵسۆزەکەی جاران ڕای خۆم ئەڵێم. بە ڕای من ئەم چاکسازییە، خراپسازییەکی چاکسازییە! چونکە گەر دەتەوێ چاکسازی بکەی ئەوا دەبێت چاکسازی‌ لە خۆتانەوە، لە گیرفان و سەروەتی خۆتانەوە دەست پێ بکەن، ئەنجا بچنە سەر بازنەی دووەم و سێیەمی خێزانەکەتان. خۆتان بکەنەوە بە هاوڵاتی ئاسایی، لە مامۆستایەک و فەرمانبەرێک و کارگوزارێک بپرسن، بزانن بە ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ خزمەت چی پێ بڕاوە لە ماڵ و حاڵی دونیا. دە قوربان مەنتیق نیە ئێوە و پوری بەڕێز و خەدەم و حەشەمتان، ئەوەندەی یەکێک لەو فەرمانبەرانە، زیاترتان پێ ببڕێ لە سامانی وڵات. ئەوسا دڵنیابە بازنەکای گەندەڵی دیکەی حزب‌ و ئیدارە و حکومەت خۆیان یەک لە دوای یەک دەقرتێن و لە ناودەچن. گەر  واش نەکەن، نە ئەم تەلەفونە دوا تەلەفونی وەڕسکەر ئەبێ و نە لێشاوی جنێویش کۆتایی دێت. هەمیشە وەکو مانای ناوەکەی بەڕێزتان، فڕینی حزب و دەسەڵاتتان وەکو فڕینی گەردیلە ئاوەکانی تاڤگەکەی (بافڵ)ی چەمی ڕەزانی لێ دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە