جوانكردنى سته‌مكارى وه‌ك تاوان

Wednesday, 07/09/2022, 21:42

4979 بینراوە


سه‌ره‌تا :

بیرمه‌ جارێكیان ده‌موویست له‌ سه‌ر پرۆسه‌ى ئه‌نفال وئه‌و پرسه‌ لاى خه‌ڵك هه‌ندێك وه‌ڵامم چنگ بكه‌وێت ، له‌ یه‌كێك له‌ فێرخوازه‌كانى زانكۆم پرسى ، ئه‌نفال لاى تۆ چى ده‌گه‌یه‌نێت ، ئه‌و زۆر خوێنساردانه‌ ووتى ئه‌نفال كێشه‌ى من نیه‌ ، ئه‌م وه‌ڵامه‌ بۆ من وه‌ك ئازارێك وابوو ، چۆن ده‌كرێت ئه‌نفال بۆ ئه‌و كێشه‌ نه‌بێت ، چۆن ده‌كرێت فێرخوازێكى زانكۆ پرسى ئه‌نفال به‌ پرسى خۆى نه‌زانێ ، ئه‌وه‌ چ هۆكارێكه‌ واى كردووه‌ ، ئه‌م كۆسته‌ گشتیه‌ كه‌ ده‌كرا ده‌وڵه‌تى له‌ سه‌ر بنیاد بنرێت ، به‌و جۆره‌ ته‌ماشا بكرێت ، من دڵنیابووم ئه‌و وه‌ڵامه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى رقه‌ له‌ خۆ ده‌سه‌ڵاتى و ئه‌و گیرو گرفتانه‌ى خۆ ده‌سه‌ڵاتى تووشى مرۆڤى كوردى كردوه‌ ، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵامه‌ له‌ ئاوه‌زێكى كه‌مبینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ، ئاوه‌زى له‌ یادكردنى برین و ئاوه‌زى خۆ به‌ خاوه‌ننه‌زانینى ئازارى گشتى ، فێرخوازه‌كه‌ توڕه‌ى كردم ، لێ وه‌ڵامه‌كه‌ى هانیدام پرسیارو په‌یدۆزى ئه‌و ئاوه‌زه‌ كوردیه‌ بكه‌م ، ئاوه‌زێك 16ى 3 شینگێڕى ده‌كات و رۆژى دواتر شاى لۆغان ، 14ى 4 كۆستى كه‌وتوه‌ و 15ى 4 بیرى چووه‌ دوێنێ چ یادێك بوو ، ئێ هه‌رده‌بێت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ بكه‌ین خوێندكارێك به‌و جۆره‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌ ، له‌وه‌ش خراپتر ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر هه‌ر وا ده‌سته‌ پاچه‌ دانیشین، ئه‌وانه‌ى له‌ بوارى نووسین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ده‌ستمان بۆ ئه‌و زامه‌ بردووه‌ ، به‌شێك ، به‌شێكى كه‌م له‌ ئه‌ركى سه‌رشانمان جێبه‌جێ كردووه‌ ، به‌ڵام حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و ده‌سته‌ بژێره‌ جیاجیاكانى ناوكۆمه‌ڵى كورده‌وارى و مه‌لایانى ئاینى  و زانكۆكان ئه‌وانیش ئه‌ركى زۆریان له‌ ئه‌ستۆیه‌ ، من دڵنیام خوێندكارێك ئه‌مڕۆ به‌ كێشه‌ى خۆى نه‌زانێت ، ئه‌گه‌ر بێده‌نگ بین به‌رانبه‌ر ئه‌و ئاوه‌زه‌ سبه‌ى خراپتر ڕووده‌دات ، هه‌ڵبه‌ت قسه‌ى زۆر ده‌كرێت ، بۆخۆم گوێبیستى زۆر قسه‌ بوومه‌ ، له‌م ماوه‌یه‌ى پێشودا به‌ كورتى قسه‌یه‌كم له‌ سه‌ر باوكم نووسیبوو ، كوڕى قوربانیه‌كى پارتى كه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ى به‌عسیه‌كاندا شه‌هید بوو، بۆى نووسیبووم خۆزگه‌ باوكى من و تۆش جاش بوونایه‌ ، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامى فێرخوازه‌كه‌ ترسى لا دروستكردم ، خۆزگه‌ خواستن به‌ جاشى ، خۆزگه‌ خواستن به‌ سه‌رده‌مى زه‌برو زه‌نگى به‌عسیانه‌ ، سه‌رسامبوون به‌ كاره‌كته‌رى سه‌دام و به‌عسیه‌كان ، هه‌وڵى روناككردنه‌وه‌ى ئه‌و مێژووه‌ تاریكه‌ ، هى ئه‌وه‌یه‌ بێده‌نگ نه‌بین به‌رانبه‌رى ، ئه‌م نووسینه‌ كورته‌ به‌شێكه‌ له‌و بێده‌نگ نه‌بوونه‌ ، زۆرم هه‌وڵدا سه‌رچاوه‌به‌ كوردى و عه‌ره‌بى له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ده‌ست بخه‌م شتێكم ده‌ستنه‌كه‌وت ، هیوام وایه‌ ئه‌م نووسینه‌و نووسینگه‌لى دیكه‌ ببنه‌ سه‌ر چاوه‌ بۆ كاره‌كانى ئاینده‌ .

پیاهه‌ڵدان و گه‌مژه‌یى:

له‌ پێشه‌كى ئه‌م وتاره‌دا ترسمان له‌ سه‌ر له‌ بیر كردن و خۆزگه‌ خواستن به‌ خراپى خواست ، له‌ برى دیوه‌كه‌ى تر ، له‌وێدا هیچ باسى پیاهه‌ڵدان و گۆرانى گوتن به‌ باڵاى سته‌مدا قسه‌مان نه‌كرد ، به‌ڵام له‌ بیر كردن و خۆزگه‌ به‌ جاشێتى ره‌نگه‌ ئه‌هوه‌ن تر بێت له‌ پیاهه‌ڵدان به‌ سته‌مكاریدا ، چه‌ند جۆرێك له‌ پیاهه‌ڵدان هه‌یه‌ ، یه‌كێكیان ئه‌م شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ئێستا قسه‌ى له‌ سه‌ر ده‌كه‌ین ، پیا هه‌ڵدانێكى گه‌مژانه‌ ، واته‌ پیا هه‌ڵده‌ر بێئه‌وه‌ى سته‌مكارى دیبێت ، بێئه‌وه‌ى زه‌برو زه‌نگى سته‌مكارى به‌ركه‌وتبێت ، پێیدا هه‌ڵده‌ڵێت ، ئه‌وانه‌ى  رژێمى به‌عسیان نه‌دیوه‌ ، له‌ نێو زه‌برو زه‌نگى سى و پێنج ساڵه‌ى " 1968- 2003" دا نه‌ژیاون ، رق له‌ ئێستا ، رق له‌ كه‌م و كوڕى و كێماسیه‌كانى خۆ ده‌سه‌ڵاتى ده‌یانباته‌ پاى پیا هه‌ڵدان به‌ سته‌مكارو سته‌مكاریدا ، ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌ گه‌مژه‌یه‌ك زیاتر نین ، ئه‌وان له‌ ژیچر كاریگه‌رى هه‌ندێك گرته‌ى ڤیدیۆى دیكتاتۆره‌كه‌دا ، یان كاردانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر نادادى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، گۆشه‌ى بینینیان بۆ دوێنێ گۆشه‌یه‌كى زۆر لێڵه‌و تاریكبینه‌ ، له‌ گرته‌یه‌كى ڤیدیۆییدا سه‌دام به‌ توندى وه‌ڵامى توركیا ده‌داته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى سه‌رسامى به‌ سه‌دام لاى ئه‌وانه‌ى كه‌ سته‌مى ئه‌ویان نه‌بینیوه‌ ، ئاگادارى روداوه‌كانى هۆڵى خولدو دوجه‌یل و كیمیاباران و ئه‌نفال و سته‌مكارى نین و تێیدا نه‌ژیاون ، له‌ كاتێكا سه‌دام سێكوچكه‌ى  هاوبه‌شى سڕینه‌وه‌ى كورد بووه‌ ، له‌ گه‌ڵ توركیاو ئێران ، رێكه‌وتنى هاتنه‌ ناو سنور بۆ كوشت و بڕى كوردى بێپه‌نا له‌ نێوان عیراق و توركیادا به‌ ئاگادارى سه‌دام بووه‌ ، میدیاى كوردى نه‌یتوانیوه‌ وێنه‌ى هه‌قیقى سته‌مى 35ساڵه‌ى به‌عس له‌ كورد نیشانى نه‌وه‌كان بدات ، بۆیه‌ كاریگه‌رى گۆڕینى وێنه‌ كه‌ دواتریش قسه‌ى له‌ سه‌ر ده‌كه‌ین جۆرێك له‌ گه‌مژه‌یى بینینى ئه‌وى تر نیشانى ئێمه‌ ده‌دات .

 پیاهه‌ڵدان و په‌روه‌رده‌ :

وا ده‌زانم په‌روه‌رده‌ى خوێندن و قوتابخانه‌ ، په‌روه‌رده‌ى خێزان ، په‌روه‌رده‌ى سیاسى و ئاینى و كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌موویان كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌ كه‌ گیرۆده‌ى پیا هه‌ڵدان ده‌بێت ، له‌ راستیدا مرۆڤى دروست بونیاد نانه‌ین ئێمه‌ ، ئێمه‌ مرۆڤێك وه‌بار دێنین كه‌ سۆزى بۆ رابردوو هه‌بێت به‌ دیوه‌ نا حاڵیه‌كه‌یدا ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ش په‌روه‌رده‌ى ئایدۆلۆژى و میدیایى ئێمه‌ مرۆڤ چه‌واشه‌ و كه‌مبین یان كوێر بین ده‌كات ، یانى به‌ جۆرێك مرۆڤ به‌و جۆره‌ بار دێنین یان ئه‌وتا جنێو فرۆش و هه‌میشه‌ توڕه‌ و دڕدۆنگ بێت و جوانى و جیاوازى نه‌بینێت ، یان ئه‌وه‌تا لاره‌ مل و پیا هه‌ڵده‌ر بێت ، بیریش له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌ست له‌ سه‌ر كه‌م و كوڕى و كێماسیه‌كان دابنێت ، ئه‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌ گشتیه‌ كه‌سێتیه‌كى راڕاو هه‌میشه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌وانى تردا دروست ده‌كات ، نه‌ك كه‌سێتیه‌كى خۆ كاریگه‌ر ، په‌روه‌رده‌ رۆڵێكى نه‌رێنى مه‌ترسیدار له‌ پیرۆزكردندا ده‌بینێ ، به‌ جۆرێك ئیدى ئه‌وه‌ى كه‌ لاى هه‌واداران و نزیكه‌كانى پیرۆز ده‌كرێت ناتوانێ هیچ كه‌م و كورتیه‌كى پیرۆزكراوه‌كه‌ى ببینێ ، له‌وه‌ خراپتر ئه‌وه‌یه‌ میدیا له‌ رێى ئێستا نه‌فره‌تیه‌وه‌ مرۆڤ ناچارى ئه‌وه‌ بكات ئاوات بۆ سه‌رده‌مى دیكتاتۆریه‌ت بخوازێت و خۆى به‌ قوربانى سته‌مكارى بكات ، له‌ راستیدا ئه‌م ئێستا نه‌فره‌تیه‌كه‌ په‌روه‌رده‌به‌ گشتى رۆڵێكى زۆرى تیا ده‌بینێ ، له‌ قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ، له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ، له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن و باره‌گا حزبیه‌كانه‌وه‌ دێته‌ نێو بازاڕو خه‌ڵك و ماڵه‌كانه‌وه‌و ئه‌وانه‌شى  كه‌ ئامانجیانه‌ بره‌و به‌م ئێستا نه‌فره‌تیه‌ بدرێت ره‌واجى پێده‌ده‌ن .
كۆى كایه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانى ئێمه‌ پێویستى به‌ پیاچونه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى دووباره‌یه‌ ، مرۆڤى ئێمه‌ رۆژانه‌ له‌به‌رده‌م پاكتاوێكى مه‌ترسیداردایه‌ كه‌ ناتوانێ به‌ ته‌نها به‌رگه‌ى بگرێت بۆیه‌ پێویسته‌ له‌رێى چاره‌سه‌ركردنى كه‌لێنه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانى په‌روه‌رده‌ به‌ گشتى ، هاوكارى بكرێت .

پیاهه‌ڵدان و نائومێدى :

جۆرێكى تر له‌ پیا هه‌ڵدان په‌یوه‌ندى به‌ نائومێدیه‌وه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتى ئێستا ، یانى له‌ نائومێدى مرۆڤدا كاتێك كه‌ خه‌ون به‌ سبه‌ینێیه‌كى باشتره‌وه‌ ده‌بینێ ، كاتێك بۆ ئه‌و سبه‌ینێ باشتره‌ هه‌رچى له‌ توانایدایه‌ ده‌یكات ، به‌ڵام ناگات پێى ئیدى ده‌ست ده‌كات به‌ ئێستا نه‌فره‌تى ، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا ده‌باته‌ به‌ر گێڕانه‌وه‌ى حه‌كایه‌ته‌كانى دوێنێ به‌و جۆره‌ى كه‌ نه‌فرت بن له‌ ئێستا نا ئومێد كردنى مرۆڤ، جۆرێك له‌ تێكشكانى گیانى و ده‌رونى دروست ده‌كات ،سۆزێكى نه‌رێنى له‌ مرۆڤدا بۆ رابردوو دروست ده‌كات هه‌رچه‌ند ئه‌و رابردووه‌ تاریكیش بێت ، ئه‌و ده‌كه‌وێته‌ نێو ئه‌و به‌راورد كردنه‌ى ئێستاو رابردوه‌وه‌وده‌كه‌وێته‌ گێڕانه‌وه‌و پیاهه‌ڵدانى ئه‌و رابردووه‌ ، له‌ ماوه‌ى رابردودا من له‌ زۆر شوێن گوێبیستى ئه‌م جۆره‌ له‌ پیاهه‌ڵدان و ئه‌و خۆزگه‌ خواستنه‌م به‌ دوێنێ گوێ لێبووه‌، هه‌ڵبه‌ت بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر راپرسیه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ بكرێت مرۆڤ تووشى سه‌رسامى ده‌بێت .
كاتێك كه‌ مرۆڤى ده‌سته‌ پاچه‌ له‌ رێى نه‌زانى پیاهه‌ڵدان و په‌روه‌رده‌ى ناجۆرو نائومێدیه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو گیرو گازێكى له‌ش و ئاوه‌ز پڕوكێنه‌وه‌ ده‌یانپاڵنه‌رى نائاوه‌زى ده‌یخه‌نه‌ دۆخى جوانكردنى دیكتاتۆرو دیكتاتۆریه‌ته‌وه‌ . 

جوانكردنى دیكتاتۆر :

جوانكردنى دیكتاتۆر وێڕاى كاریگه‌رى په‌روه‌رده‌و نائومێدى هۆكارى دیكه‌شى هه‌یه‌ ، وه‌ك شانه‌ نووستوه‌كانى نێو كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ده‌یان وته‌ى دیكتاتۆرو وێنه‌و ڤیدیۆى بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌و به‌شانه‌ داده‌گرن ، كه‌ تێیدا دیكتاتۆر وه‌ك كه‌سێكى نیشتمانى و خه‌مخۆرى خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌وێت ، به‌مه‌ش ده‌یانه‌وێ قوربانیه‌كان و سته‌مه‌كان له‌ بیر به‌رنه‌وه‌ ، یان به‌ جۆرێ تر هه‌ق بده‌ن به‌ سته‌مكار له‌و كارانه‌دا كه‌ كردویه‌تى ، چه‌ند ساڵێكه‌ زۆر به‌ چڕى ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار له‌ رێى كه‌سانى خوێنه‌وارو خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رزیشه‌وه‌ به‌ ئاشكرا هه‌وڵى جوانكردنى دیكتاتۆرو رابردوه‌كه‌ى ده‌درێت ، بێئه‌وه‌ى كاردانه‌وه‌یه‌كى لۆڤیكى و به‌رنامه‌دار هه‌بێت .

بیانوه‌كانى جوانكردن:

له‌ راستیدا هیچ بیانویه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌ى دیكتاتۆر جوانبكرێت ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى به‌م كاره‌ هه‌ڵده‌ستن ، ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان له‌ نائومێدى و رقبوون له‌ سته‌مى ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌ندێكیش هه‌ن په‌یوه‌ندى دیرۆكى و هێشتا ئومێدى گه‌ڕانه‌وه‌ى رابردوو جا له‌ هه‌ر فۆڕمێكا بێت ده‌یانخاته‌ سه‌ر ئه‌و كاره‌ و بیانوو ده‌ده‌نه‌ ده‌ست خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌میشه‌ ئێستا نه‌فره‌تى بكات . 
ئامانجیشیان له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یى بوو به‌ گژ سته‌مكاریدا چوونه‌وه‌ ، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ نایانه‌وێ دۆخى ناجۆر بگۆڕن ، یان به‌شدارى له‌ گۆڕینیدا بكه‌ن ، ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌ڵێن كێ ده‌ڵێت سبه‌ى خه‌راپتر نابێت .

جوانكردنى ئاگایانه‌:

جوانكردنى ئاگایانه‌ى دیكتاتۆر ئه‌و جوانكردنه‌یه‌ ئامانج لێى ناشرینكردنى ئێستاو هه‌وڵدانه‌ بۆ ده‌سته‌ پاچه‌كردن و نائومێدكردنى مرۆڤ ، ئه‌م جۆره‌ له‌ جوانكردن جوانكردێكى سیاسى و هه‌وڵدانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ ئاوات به‌ رابردوو بخوازێت ، ئه‌ده‌بیاتى پاشماوه‌ى به‌عسیه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌و ئه‌و رابردوه‌دان به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها ئه‌و جۆره‌ له‌ حوكمڕانى چاره‌سه‌ره‌ ، ته‌نانه‌ت من زۆر جار له‌ خه‌ڵكى به‌ ئاگا ئه‌وه‌م بیستوه‌ ، كه‌ پێویسته‌ جۆرێك له‌ زه‌برو زه‌نگ و سته‌م له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتا هه‌بێت ، ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانى حوكمڕانى ئێستا له‌ هه‌رێم و به‌غداش زۆر جار بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن ، ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ یه‌ك حزب حوكمڕان بێت ، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستى پۆڵاینى هه‌بێت و ده‌یان بڕو بیانوو پێویسته‌ى دیكه‌ ، به‌شێكه‌ له‌ جوانكردنى ئاگایانه‌. 

جوانكردنى نا ئاگایانه‌ :

جوانكردنى نا ئاگایانه‌ دواى هه‌ڵاكه‌وتنه‌ ، زۆربه‌ى ئه‌و نه‌وانه‌ى سته‌مى رابردویان نه‌بینیوه‌ ، كه‌وتونه‌ته‌ ژێرئه‌و كاریگه‌ریه‌وه‌ ، ئه‌وان له‌ ناو دۆخێكى جیاوازدا گه‌وره‌ بوون ، ئاگادارى مێژوه‌ تاریكه‌كه‌ى پێشوو نین ، ئه‌وان نازانن بۆ نمونه‌ له‌ ناو زانكۆیه‌كى به‌غدایا بۆ ئه‌وه‌ى بۆ نمونه‌ عامر ناوێك كه‌ گومانى له‌ سه‌ره‌و نایناسنه‌وه‌ كامه‌یه‌ هه‌رچى عامر ناوى زانكۆكه‌یه‌ راپێچى په‌تى سێداره‌ى ده‌كه‌ن ، چووزانن كه‌پاره‌ى ئه‌و گوللانه‌ش له‌ باوك و كه‌سى ئه‌وانه‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گوله‌ بارانكراون ، نه‌ له‌ مێژودا وه‌ك پێویست ئه‌و رابردوه‌یان نیشاندراوه‌ ، نه‌میدیا توانیویه‌تى ئه‌و وێنه‌ راستیانه‌ وه‌ك خۆى نیشانبدات ، بۆیه‌ دۆخى ئێستایان بێئاگایه‌نه‌ سه‌رسامیان ده‌كات به‌ رۆژگارێك كه‌ نه‌یانبینیوه‌ ، جوله‌كه‌و ئه‌رمه‌ن به‌رده‌وام له‌ رێگه‌ى فیلم و كتێب و وانه‌و رێگاگه‌لى دیكه‌وه‌ ، سته‌مى نازى و فاشیزمى تورك نیشانى نه‌وه‌كانیان ئه‌ده‌ن و پێیان ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌و دۆزه‌خه‌دا تێپه‌ڕیووین ، ئه‌ى كوردو گه‌لانى عیراق چى .

جاشێتى و شانازى :

خود نه‌فره‌تىو له‌ خۆ بێگانه‌ بوون یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانى پیاهه‌ڵدان به‌ سته‌مكارى و سته‌مدا ، هه‌ر وه‌ها یه‌كێكیشه‌ له‌ هۆكاره‌كانى بوونه‌ پیاوى سته‌مكارو جاش و خۆ فرۆش ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ى شانازى به‌ جاشێتیشه‌وه‌ بكات و جاشێتى وه‌ك جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارى و هێز ببینێ و بڵێت "جاشایه‌تى و پاشایه‌تى" زۆر ئاساییه‌ به‌ شان و باڵى سته‌مكاریشدا هه‌ڵبدات و گۆرانى  پێدا هه‌ڵبڵێت .به‌شێك له‌وانه‌ى وێنه‌ى سته‌مكارى جوان ده‌كه‌ن و بێسڵ بارو دۆخى پیاهه‌ڵدان به‌ سته‌مكارى و جه‌لادیدا دێننه‌ گۆڕێ هه‌ر ئه‌و جاش و خۆ فرۆشانه‌ن ، كه‌ هه‌میشه‌ دژى نه‌ته‌وه‌و گه‌لى خۆیانن ، خۆستنه‌ ئامێزى جه‌لاد ملدانه‌ به‌و سته‌مه‌و نیشاندانى سته‌مكاریشه‌ وه‌ك فریاد ڕه‌س ، به‌ فریاد ڕه‌سكردنى جه‌لاد و سته‌مكار، هۆكاره‌كه‌ى هه‌رچیه‌ك بێت له‌ گه‌مژه‌یى زیاتر نیه‌ . 

هیتله‌رو نازى و جوله‌كه‌:

 من باوه‌ڕى ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هه‌وڵێك هه‌رچه‌ند بچوكیش بێت بۆ گۆڕینى وێنه‌ى جه‌لاد له‌ دزێویه‌وه‌ بۆ روناككردنه‌وه‌ ، جوانكردنى وێنه‌و ره‌وتارى جه‌لاد ، ئاماژه‌ دان به‌ وته‌و هه‌ست و كه‌وته‌كانى ، خۆزگه‌ خواستن به‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئه‌و ، تاوانه‌و ده‌بێت وه‌ك تاوان مامه‌ڵه‌ى له‌ گه‌ڵ بكرێت ، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ یاساو رێساى تایبه‌ت ده‌ربچێت كه‌ من دواتر هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر بكه‌م ، به‌ڵام جێى خۆیه‌تى به‌راوردێكى ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت له‌ نێوان هیتله‌رو نازى و جوله‌كه‌ و به‌عس و سه‌دام و كوردا بكه‌ین ، مامه‌ڵه‌ى جوله‌كه‌ به‌رانبه‌ر نازیزم و مامه‌ڵه‌ى كورد به‌رانبه‌ر فاشیزمى به‌عس ، روانینى جوله‌كه‌ بۆ نازى و هیتله‌رو روانینى كورد بۆ به‌عس و سه‌دام ، جوله‌كه‌ له‌ رێى یاساو به‌ گژا چونه‌وه‌ى نازیم و دادگاى كردنى سه‌رانى نازیه‌وه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ رێى نیشاندانى به‌رده‌وامى ئازاره‌كانى جوله‌كه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستى  نازى و له‌ رێى داواكردنى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها سزادانى هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ ره‌وتاره‌كانى  نازیدا هه‌ڵده‌ڵێن ، یان له‌ سته‌مكارى نازیزم كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ناو خودى ئه‌ڵمانیاشدا دۆخێكى دروستكردووه‌ ، كه‌ نازیزم وه‌ك بێزراوێك سه‌یر بكرێت و كه‌س شانازى پێوه‌ نه‌كات ، نه‌ك هه‌ر شانازى پێوه‌ نه‌كرێت ته‌نانه‌ت حكومه‌تى ئه‌ڵمانى و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤى ئه‌و وڵاته‌و وڵاتانى دیكه‌ش نه‌فره‌تى لێبكه‌ن ، جوله‌كه‌ بۆ سزادانى هه‌ر نازیه‌ك كه‌ ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ كوشت و بڕى جوله‌كه‌دا هه‌موو هه‌وڵێكى خۆى داوه‌ ، له‌ سه‌ر ئاستى دنیا نازیزمى وه‌ك مه‌ترسیه‌كى بێزراو وێنا كردوه‌و خۆیشى وه‌ك قوربانیه‌كى دیرۆكى ، ئێستا كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ تاریكه‌ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلیشى بونیاد ناوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامه‌ له‌ له‌ قاودانى نازیزم و سته‌مكارى هیتله‌رو هیتله‌رى وه‌ك دڕنده‌یه‌كى دیرۆكى وێنا كردووه‌ ، كاریگه‌رى ئه‌و وێناكردنه‌ى جوله‌كه‌ بۆ نازى و هیتله‌ر تا راده‌یه‌كى زۆر چووه‌ته‌ هه‌موو كوچه‌و كه‌نارێكى دنیاوه‌، به‌ جۆرێك زۆر كه‌م خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ئاگادارى ئه‌و بارو دۆخه‌ى ناو ئه‌ڵمانیاى دواى كه‌وتنى نازیه‌كان بێت .
ئێستا با ئه‌م شێوازى ئیشكردنه‌ى جوله‌كه‌ به‌راورد بكه‌ین به‌ ئیشكردنى كورد ، له‌ ساڵى 1991 به‌ره‌ى كوردستانى ، كه‌ به‌ره‌ى حزبه‌ كوردیه‌كانى باشور بوو بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك لێبوردنى سیاسى بۆ هه‌موو كاره‌كته‌ره‌ سه‌ربازیه‌ كورده‌كان و جاش و موسته‌شاره‌كان ده‌ركرد ، دواتریش به‌شى زۆریانى پاراست و كردنى به‌ گه‌وره‌و خاوه‌ن نفوز و هاوكارى كردن ، له‌ كاتێكا زۆربه‌یان به‌ نهێنى په‌یوه‌ندیان به‌ به‌عسه‌وه‌ كردبوو ، من لیستێكم له‌و باره‌یه‌وه‌ لایه‌ ، له‌ دواى روخانى به‌عسیش كاتێك دادگاى باڵاى تاوانه‌كان له‌ دۆسیه‌ى ئه‌نفال داواى ژماره‌یه‌كى زۆرى داواكراوى كرد ، وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان یه‌ك كه‌سیان له‌و ناوانه‌ نه‌دابه‌ داگا، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى كورد شانازى به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌یهێشتوه‌ ئه‌و موسته‌شارو داواكراوانه‌ دادگاى بكرێن .
جگه‌ له‌و حه‌وت كه‌سه‌ى له‌ سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌نفال له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌كان دادگاى كران ، كه‌سى تر دادگاى نه‌كرا ئه‌و حه‌وت كه‌سه‌ش بریتى بوون له‌ ( سه‌دام حوسێن ، سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د ، حوسێن ڕه‌شید ، فه‌رحان موتڵه‌گ ساڵح ، تاهیرتۆفیق ، عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید، سابیر عه‌زیز دورى  ) له‌م حه‌وت كه‌سه‌ بترازێت كه‌س له‌ گوڵ كاڵترى پێنه‌وترا ، له‌ كاتێكا هه‌ر به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى قۆناغه‌كانى ئه‌نفاله‌وه‌ لاى به‌عس سه‌دان موسته‌شارو جاش و خۆ فرۆشى كورد نامه‌ى پیرۆزباییان بۆ سه‌دام ناردوه‌و زۆریشى له‌ میدیاكانى عیراقى ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ .
جاش هه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌شدارى كردنى له‌ پرۆسه‌ى ئه‌نفالداچه‌ندین نۆتى وه‌رگرتوه‌ و گله‌ى ئه‌وه‌ى كردوه‌ كه‌ ده‌بوو زیاترى بده‌نێ دواتریش حزبى كوردى له‌ برى لێپرسینه‌وه‌و دانه‌ دادگا دیوه‌خانیان بۆ كردوه‌ته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها هیچ یه‌ك له‌ بكه‌رانى ئه‌نفال هیچ دادگایه‌كى هه‌رێمى كوردستان دۆسیه‌ى له‌ سه‌ر نه‌كردنه‌وه‌، نمونه‌ى نزار خه‌زره‌جى ، سوڵتان هاشم ، وه‌فیق سامه‌ڕاى و زۆرى ترهه‌ندێك له‌وانه‌ش حزبى كوردى له‌ سه‌ر ئاستى زۆر باڵا داكۆكى لێكردون و پۆست و داونه‌تێ نمونه‌ى نزارو وه‌فیق . 
چیرۆكى ده‌سه‌ڵاتى كوردى و حزبى كوردى له‌ گه‌ڵ به‌عسیه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ شه‌رمهێنه‌ مرۆڤ ناتوانێ به‌رگه‌ى بگرێت ، سه‌رانى حزبى كوردى له‌ باشورى كوردستان له‌ دواى ئه‌نفالیش چه‌ندین جار ئامێزیان بۆ سه‌دام كردوه‌ته‌وه‌و ئه‌ملاو ئه‌و لایان ماچ كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ دژى یه‌كتر په‌نایان بۆ بردوه‌، ئێستا كه‌ به‌راوردى هه‌ڵوێستى جوله‌كه‌ به‌رانبه‌ر جه‌لاده‌كانى له‌ گه‌ڵ كورد به‌رانبه‌ر جه‌لاده‌كانى ده‌كه‌یت مرۆڤ توشى شه‌رمه‌زارى ده‌بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ مایه‌ى به‌راورد نیه‌ .

فه‌یسبوك و تێكدانى یادگه‌ :

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى تێكدانى یادگه‌و ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت فه‌یسبوكه‌ ، هه‌موو كه‌سێك له‌ ڕوكارێكى ئاسایى فه‌یسبووك ئه‌توانى 5هه‌زار هاوڕێى هه‌بێت ، هه‌ر یه‌ك له‌و ژماره‌یه‌ش ده‌توانێ خاوه‌نى هه‌مان ژماره‌ هاوڕێ بێت ، دیاره‌ به‌ هاوڕێ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ژماره‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ رێى ئه‌م روكاره‌وه‌ زۆربه‌مان گرێدراوى یه‌كین ، ئه‌م گرێدراویه‌ جگه‌ له‌ ئاشنایه‌تى و براده‌رى ، دژایه‌تى و دژیه‌كى ئایدۆلۆژى و بیرو باوه‌ڕیش له‌ خۆ ده‌گرێت ، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێگه‌كانى فریودانى یادگه‌ ، بۆ نمونه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و من وتارێكى به‌راورد كارى له‌ نێوان سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌دام حوسێنا بنووسم ، هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌ جۆرێك دژى سه‌رۆكى هه‌رێمن په‌سه‌ندى سه‌دام ده‌ده‌ن ، یان ئه‌وه‌ش نه‌كه‌ن بێده‌نگ ده‌بن ، له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌موو ئه‌وانه‌ى په‌سه‌نى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ده‌ن نایه‌ن لۆژیكیانه‌ بڵێن ئه‌م به‌راورده‌ نابوو وابێت ، پێش سه‌دام په‌لامارى من ده‌ده‌ن ، كاردانه‌وه‌كان هه‌ر له‌وێ ناوه‌ستن ده‌كرێت ، هه‌ر یه‌ك به‌ جۆرێك و به‌ چیرۆكێكى جیاواز ئه‌مه‌ تاقیبكه‌ینه‌وه‌ ، با وادابنه‌ین من ئه‌مشه‌و رسته‌یه‌كم به‌و جۆره‌ نووسى " خۆزگه‌ هه‌ر سه‌دام سه‌رۆك با " یان دوو دێڕ له‌ شیعره‌كه‌ى زێڕه‌م دانا ، بزانین كاردانه‌وه‌كان چرن ده‌بن ، ده‌شێت به‌ ڕێكه‌وت كوڕى شه‌هیدێك كه‌ له‌م ده‌سه‌ڵات و رۆژگاره‌ توڕه‌یه‌ له‌ كۆمێنتێكا ده‌ستخۆشى بنووسێت ، ئه‌مه‌ تێكدانى یادگه‌و له‌ بیر بردنه‌وه‌ى سته‌مه‌ ، فه‌یسبووك له‌ برى نیشاندانى ناشرینیه‌كانى سته‌مكارى ده‌شێت ببێته‌ روكارێك بۆ جوانكردنى ناشرینى .
كه‌واته‌ ده‌سكارى كردنى وێنه‌كه‌ ئێستا له‌ رێى فه‌یسبوكه‌وه‌ زۆر جیاواز تره‌ ، گۆرینى وێنه‌یه‌كى جوان بۆ دزێوى یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، رۆڵى سایكۆلۆژیاو كارلێكى ده‌رونى له‌و باره‌یه‌وه‌ ، ئه‌مانه‌هه‌موو مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌ له‌ سه‌ر كردنى به‌رده‌وامن .

فه‌یسبوك و شێواندنى بینین :

بینینشێوێنى و مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ چاوو كاریگه‌رى دانان له‌ سه‌ر كه‌سه‌كان بابه‌تێكى گرنگه‌و ئێمه‌ كه‌متر خۆمان لێداوه‌ ، من هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى كوردیم له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ ، فه‌یسبووك ، نوسین و وێنه‌ دانان له‌ نێو روكارى فه‌یسبووك و كاریگه‌ریه‌كانى له‌ سه‌ر وه‌رگر  له‌ئاستێكدایه‌ كه‌ ده‌توانێ یارى به‌ بارى ده‌رونى وه‌رگر بكات ، ده‌كرێت له‌ رێى نیشاندانى قوربانیه‌وه‌ وه‌ك جه‌لاد ، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جه‌لاد وه‌ك قوربانى وه‌رگره‌كان بخه‌یته‌ دۆخى ده‌رون شێوێنى و  چه‌وتبڕیاریه‌وه‌ ، به‌ باوه‌ڕى من فه‌یسبووك كاریگه‌رى زۆر بێهه‌ڵوه‌سته‌و لێكدانه‌وه‌ى قوڵ له‌ سه‌ر وه‌رگره‌كان به‌ جێدێڵێت ، با كه‌سایه‌تیه‌كى ناسراو ، هه‌روه‌ها باش و به‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرین ، قسه‌یه‌كى به‌ جۆرێ بده‌ینه‌ پاڵ و له‌ فه‌یسبووك له‌ گه‌ڵ وێنه‌كه‌یدا دایبنه‌ین ، زۆر كه‌م گومان ده‌به‌ن كه‌ ئه‌وه‌ قسه‌ى ئه‌و نیه‌و زۆربه‌ له‌ سه‌لا شێوازى قسه‌كه‌ى بڕیار ده‌ده‌ن ، گریمان له‌ فه‌یسبووك له‌ گه‌ڵ وێنه‌یه‌كى سه‌لاحه‌دین ده‌میر تاشدا نووسیمان ئه‌ردۆغان سه‌ركرده‌یه‌كى دیرۆكیه‌ ، كه‌س پرسیارى سه‌رچاوه‌ى قسه‌كه‌ ناكات ، من چه‌ندین جار  بابه‌تى له‌م جۆره‌م  به‌رچاو كه‌وتوه‌ ،ئیتر خه‌ڵك و وه‌رگرو بینه‌ره‌كان به‌ ئاره‌زووى خۆیان كۆمێنت ده‌نووسن ، وێنه‌ى سه‌دام دابنه‌و له‌ ژێریا بنووسه‌ ته‌نها تۆ دڵسۆز بووى ، ئه‌مه‌ بینبن شێوێنیه‌ .

ئه‌ركى ئێمه‌:

 ئێستا ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌ركى قورسى ئه‌وه‌داین كه‌ ناكرێ به‌و جۆره‌ وێنه‌ى سته‌مكارى جوانبكرێت و ئێمه‌ش بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێست دابنیشین ، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى له‌م كاره‌ بكه‌ین ، پێویسته‌ بڕیارى به‌ گژا چوونه‌وه‌ى هه‌قیقى بده‌ین و ئه‌مه‌ به‌س له‌ چوار چێوه‌ى نووسین و كۆڕدا نه‌هێڵینه‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت حكومه‌ت و دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بخه‌ینه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تى بڕیاردانه‌وه‌ ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت رێگه‌ به‌ پیاهه‌ڵدانى سته‌مكارى و جوانكردنى سیماى دیكتاتۆر بده‌ین ، ئه‌ركى ئێمه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت رێكخراوى یه‌كێتى نوسه‌رانى جینۆساید كه‌ له‌ باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ رێ و شوێنى پێویست بگرێته‌ به‌رو كارێك بكات كه‌ نه‌ك پیاهه‌ڵدان و جوانكردنى سته‌مكارى و جه‌لاد وه‌ك تاوان سه‌یر بكرێت ، بگره‌ خیانه‌ت و جاشێتیش به‌ یه‌كجارى له‌ قاو بدرێت .  
ئه‌ركى ده‌زگاى یاسادانان له‌ عێراق و كوردستان :
له‌ سه‌ر هه‌ردوو پارله‌مانى عیراقى و هه‌رێمى كوردستانه‌ ، یاساى تایبه‌ت به‌ سزادانى ئه‌وانه‌ ده‌ربكه‌ن كه‌ به‌ دیكتاتۆریه‌ت و سته‌مكاریدا هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌ پێى یاسا هه‌موو جۆره‌ پیا هه‌ڵدان و جوانكردنێكى ناشرینى سزاى له‌ سه‌ر بێت .
له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ركردنى ئه‌و یاسا تایبه‌ته‌ش كه‌ پێویسته‌ هه‌ردوو پارله‌مان پێكه‌وه‌ كارى له‌ سه‌ر بكه‌ن و ببێته‌ یاساى هاوبه‌شى هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى یاسا دانانى عیراقى و كوردستان ، پێویسته‌ كار بۆ ئه‌وه‌ش بكرێت هه‌موو داواكراوه‌كانى دۆسیه‌ى  ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و بارزانیه‌كان و دۆسیه‌جیا جیاكانى دیكه‌ببرێنه‌ به‌رده‌م دادگاى تایبه‌ت و له‌وێ تاوانبارى و بێتاوانیان یه‌كلا بێته‌وه‌ ، نه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ گرێبدرێت به‌ حزب و سیاسه‌ته‌وه‌ ، دادگاى كردنى تاوانباران ده‌بێته‌ رێگرێكى باش بۆ ئه‌وه‌ى چى تر خیانه‌ت مایه‌ى شانازى و سینگده‌رپه‌ڕاندن نه‌بێت .
ئه‌گه‌ر هه‌ردوو په‌رله‌مانى هه‌رێم و عیراق  به‌ هاوكارى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندداره‌كان و رێكخراوه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ و پرسى ئه‌نفاله‌وه‌ به‌م كاره‌ ئاكاریه‌ هه‌ڵنه‌سن ، ئه‌وه‌ تۆمارێكى خراپ بۆ مێژووى خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن .
ئومێدم وایه‌ چى تر به‌ ئاگایانه‌ یان نا ئاگایانه‌ كه‌س بوێرى ئه‌وه‌ى نه‌بێت به‌سته‌مكاریدا هه‌ڵبدات . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە