بەرگی پێنجەم کتێبەکەی بارزانی

Wednesday, 07/09/2022, 21:50

4556 بینراوە


 مەودایەک بۆ شێواندنی مێژوو !  

حوکمی مێژوو وانەی زۆری تێدایە و کەس ناتوانێت تا دونیا دونیایە مێژوو چەواشە بکات و بیشێوێنێت ، مێژوو تەنیا بە خوێندنەوە ناگاتە ئامانج، تەنیا رەخنە گرتنیش کەمە بۆ پێداچوونەوە بە مێژووماندا ، کەواتە هەڵدانەوەی لاپەرەكانی مێژوو تەنها بۆ نوسین نیە، بەڵكو بۆ رەخنەگرتن و پەند لێوەرگرتنەو هەموو مێژوویەک قۆناغ و کات و زەمەنی تایبەتی خۆی هەیە ، کورد نەتەوەیەکی نامۆی نێوجەنگەڵی مێژووەو ناتوانێت بەروبومی مێژووی خۆی بچنێتەوە و ئیمکانی دەربازبوونی لەباجی مێژووی نییە ، کورد بۆ دەربازبوون لەباجی مێژووی پێویستە خودناس بێت و مێژووەکەی بەفلتەرێکی بەهێزدا پاڵفتەبکات. 
هەمیشە چێژم لە خوێندنەوەی مێژوو لە بیرەوەری سەرکردەو کەسایەتیەکان وەرگرتووە و سەرنجی منیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، من لە خوێندنەوە و تێڕامانی مێژوودا بەدوای دێڕە نەنوسراوەکاندا دەگەڕێم، حەز بە ئاشنا بوونی ڕێڕەوو ئاراستە ميژوویەکان دەکەم ، دەمەوێت پاڵەوانەکانی مێژوو بدۆزمەوە و بزانین ئەو پێوەرانەی پاڵەوانی مێژویمان پێ دەناسێنێت کامانەن ؟! کورد لەناو ئەم نامۆبوونەی مێژوودا کە ئیمکانی خۆدەربازبوونی نییە بیرەوەرییەکانیش بە جۆرێک نوسراوەتەوە کە بە كۆمەڵگا نامۆ بێت و نوسینەوەی بیرەوەرییەکانیش بە دیدێکی هه‌ست و سۆز بۆ یار و رق له‌ نه‌یار نوسراوەتەوەو نەیانتوانیوە هەڵەو كەموكوڕییەكانمان بۆدەردەخەن و تێکستەکانی مێژوومان بۆ ڕاستبکەنەوە . 
 دوێنێ لە خوێندنەوەی کتێبەکەی مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی (بەرگی پێنجەم بارزانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) تەواو بووم ، ئەم کتێبە خوێنەری کەم بوو تەنانەت پارتییەکانیش حەوسەڵەی خوێندنەوەی کتێبەکەیان نەبوو ، چونکە لەلایەن مێژوو نوسێک یان توێژەرو لێۆڵەرێکی مێژووی نەنوسراوەو نوسەری کتێبەکە ئەو حوکمانەی بەسەر ڕووداوەکاندا داویەتی ڕەخنەو هەڵێنجانی زۆر هەڵدەگرێت و پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زیاتر و ڕاوەستانێکی ڕەخنەییە لەبەردەم ئەو ڕوداوانەی کە سەرۆکی پارتی وەکو چیرۆک بۆ خۆی بۆ حیزبەکەی نوسیوەتەوە ، مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا زوڵمی زۆری لە یەکێتی و ئیسلامیەکان وپەکەکە کردووە ، تێبینی من له‌ باره‌ی كتێبی (بارزانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی پێنجەم)  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌مان سایكۆلۆژیه‌تی (بوغز، ڕق، کینە ،شه‌ڕی كۆنه‌قین) نوسراوه‌تەوەو خۆی وه‌كو لایه‌نێكی براوەی‌ ناو ڕووداوەکان پێناسەکردووەو ئه‌زمونی خۆی پی سه‌ركه‌وتوو بووه‌و ئه‌زمونی نه‌یاره‌كانی پێ شكست و نوشستی بووه‌ !
بۆ نمونە لە لاپەڕە ( ٥١٧) شەڕی ناوخۆی ناوناوە شەڕی خۆکوژی ، بەڵام لاپەرە ( ٢٦١ ) دا ئەم شەڕە بە شەڕی بەرگری لە شەرعیەت پێناسە دەکات و شانی خۆی و حیزبەکەی لە شەڕی ناوخۆ پاک کردووەتەوە !! لە بەشێکی تری کتێبەکەدا وەسفی خیانەتی ٣١ـی ئاب دەکات ، لە کاتێکدا خیانەتی ٣١ـی ئاب هەموو پێوەرو پرەنسیپ و موراڵ و ویژدان و ئەخلاق و بەهایەکی ئینسانی ونیشتیمانی بەزاند و نوسەری کتێبەکە نەیتوانیوە دادپەروەرانە بە پێوەرو دیدێکی نیشتیمانی و نەتەوەییانە ڕووداوەکان هەڵبسەنگێنێت !!  لەبەشێکی تر و لە لاپەڕە ( ٨٤ - ٨٧ ) داستانی کوڕێی کردووەتە دەستکەوت و ئینجاز بۆ خۆی و حیزبەکەی بە ئەستەم ناوی یەکێتی و یان ئیسلامییەکان دەهێنێت ، لەکاتێکدا یەکێتی بە سەرکردایەتی (کۆسرەت رسول و حەسەن کوێستانی ) لە شەڕی دەستەو یەخەدا بوون دژ بە سوپای رژێمی بەعس و نۆ پێشمەرگەی یەکێتی تێدا شەهید بوو، جەلال تالەبانی لە (بیرەوەرییەکانی خۆی و لە دیداری تەمەن)دا بەو شێوەیەی خۆی ویستویەتی باسی داستانی کۆرێی کردووە،  نەوشیروان مستەفاو کەریم ئەحمەدیش بەشێوەیەکی تر باسی ھەمان داستانی کۆڕێ یان کردووە ، هەموو دژ بەیەک دیدی خۆیان لەبارەی ئەم داستانە خستووەتە ڕوو خۆیانیان تێدا کردووەتە پاڵەوان و خاوەنی دەستکەوتەکان شکست و هەڵەو کەموکوڕییەکان بێ خاوەن بوون !  لەکۆتایی دا دەڵێم ئەم کتێبە بە دور نییە لە هەڵەو کەموکوڕی و نوسەر نەیتوانیوە ڕووداوەکان و هەڵوێست و هەنگاوەکانی خۆی بخاتە بەر رەخنە و پاساوی بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و ویژدانی  هێناوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە