پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


ئایا ڕاستە مرۆڤ چووەتە سەر مانگ؟ (بەشی دووەم)

Wednesday, 09.07.2022, 22:04

1324 بینراوە


وەڵامی ناسراوترین گومان و بانگەشەی لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی دەربارەی چوونە سەر مانگ (بەشی دووەم)


هەرچەندە گومانەکان دەربارەی گەشتەکانی ئەپۆڵۆ بۆ چوونە سەر مانگ و تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بە پیلانگێڕی ژمارەیان یەکجار زۆرە، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین بە بەڵگەی یەکلاییکەرەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینە و متمانەداری کۆمەڵگەی زانستی، وەڵامی چەند دانەیەکی گەلەک باو و ناسراویان بدەینەوە.

 1- ئاڵا شەکاوەکەی ئەمریکا

گومان: لە دیمەنێکی گەشتەکەی ئەپۆڵۆ 11، ئاڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ڕووی مانگ دەشەکێتەوە، بەڵام ئاشکرایە مانگ بەرگە هەوای نییە، بۆیە دەبووایە ئەو ئاڵایە چەسپاو و بێ جووڵە بێت.
وەڵام: هەر لە سەرەتاوە شتێکی گەلەک سەیر و نالۆژیکییە بڕیار لەسەر جووڵە بدرێت لە وێنەیەک، یاخۆ دیمەنێکی وەستاودا.
هۆکاری ئەو بۆچوونە لەبەرئەوەیە هەندێک کەس گرنجی و چرچی ئاڵاکە (لەکاتی پێچانەوە و هەڵگرتنیدا وای لێهاتبوو) لەگەڵ جووڵانەوەی وەک یەک دەبینن، چونکە ئەو دەمەی سەیری تەواوی ڤیدیۆکە بکەین، بۆمان بەدەر دەکەوێت کە ناجووڵێت. هاوکات ئەگەر بگەڕێین بەدوای پێکهاتەی ئاڵای دروستکراو بۆ مانگ (lunar flag assembly)، ئەوا دەزانین کە ئەو جۆرە ئاڵایە تەلێکی بە شێوەی Г (پیتی L بە سەراوژێریی) بۆی دادەندرێ، تا پەڕۆی (بە ڕێژەیەکیش لە پلاستیک) ئاڵاکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و پێویستی بە هەوا و هەڵکردنی با نەبێت.
باس لەوەش دەکرێ، گوایە ئاسمانگەڕەکان کاتێک خەریکی چەقاندنی ئاڵایەکەن، ئەوا لەرەی تێدەکەوێت و دەشەکێتەوە، دەڵێن ئەمەش سەلمێنەری بوونی هەوایە لە شوێنی وێنەگرتنی دیمەنەکاندا (ستۆدیۆکان). ئێمە بمانەوێت بە بادان شیشی ئاڵایەک جێگیر بکەین، ئەوا دەبێتە هۆکاری جووڵانەی ئاڵاکە، ئەمە بەم شێوەیەیە چی لەسەر زەوی بین، یان لە بۆشایی ئاسمان. ئەو جووڵانەوەیە دەرەنجامی بوونی هەوا نییە، بەڵکوو لەرەی خودی کوتاڵەکەیە. 
ڕەخنەگرتن لەمە بەئاشکرا نەزانینی بنەما هەرە سەرەتاییەکانی فیزیامان نیشان دەدات. ئەم خاڵە بە ئەزموون یەکلایی کرایەوە لە یەکێک لە ئەڵقەکان، لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی بەرنامەی (MythBusters). ئەمانە ئاڵایەکی دروستکراوی ڕێک وەک ئەوەی ئەپۆڵۆ، لە ژوورێکی بەتاڵکراو لە هەوادا هاوشێوەی سەر مانگ، شیشی ئاڵایەک بادەدەن، دەبینن تۆزێک دەلەرێتەوە و پاشان دەوەستێت، بەڵام لەبەرئەوەی شوێنەکە بەرگریکردنی هەوای لێ نییە بۆ خاوکردنەوەی جووڵەی پەڕۆی ئاڵایەکە، ئەوا هەر کاتێکی درێژتری دەویست تا بەتەواوی بوەستێت.
لە وێنەی خاڵی یەکەم: دوو دیمەنەکەی سەرەوە، دوو چرکەساتی جیاواز نیشان دەدەن، زۆر بەچاکی نەجووڵانی ئاڵایەکەمان بۆ بەدیار دەکەوێت.

2- ئاسمانە بێ ئەستێرەکەی مانگ

گومان: مانگ نە هەوری هەیە و نە بەرگە هەوا، بۆیە دەبێ ئاسمانەکەی پڕ بێت لە ئەستێرە، بەڵام لە وێنەکانی سەرجەم گەشتەکانی ئەپۆڵۆدا هیچ ئەستێرەیەک دیار نییە.
وەڵام: لەڕاستیدا دروستکردنی ئاسمانێکی بە ئەستێرە لە ستۆدیۆکان، کارێکی سەخت و دژوار نییە. دەرنەکەوتنی ئەستێرەکان لە تێکڕای وێنەکانی ئەو گەشتانەی ئەپۆڵۆ بەڵگەی گەلەک زەقن، چونکە ئەگەر تاکە یەک وێنە هەبێ بە بوونی ئەستێرەکان، ڕاستەوخۆ بەرەو ئەوەی دەبردین بڵێین، وێنەکان ساختەیان تێدا کراوە.
وێنەی دیمەنی ئەستێرەکان پێویستی بە کامێڕایەک هەیە خاوەنی کۆنتڕۆڵکەری خێرایی داخەر (Shutter) بێت، واتە خێراییە خاوەکەی (slow shutter speed) بپارێزیت بۆ بەرکەوتنی زێدەتر (exposure)، ئەمەش شێوازێکە بۆ وێنەگرتنی دیمەنی وەستاو و شوێنێک کە ڕووناکییەکەی کز بێت بەکار دەهێندرێت، هاوشێوەی ئەستێرەکان لە تاریکایی ئاسماندا. وێنەگرتنی ئەستێرەکان دەبێ کامێراکەمان خێرایی داخەرەکەی (shutter) لە 30 چرکە خاوتر بێت، لەبەرئەوەی ئەستێرەکان نابیندرێن کاتێک خێرایی داخەرەکەی بەرز دەبێت.
دەبێ ئەوەش بزانین، ئەو دەمەی ئاسمانگەڕەکان دابەزینە سەر ڕووی مانگ، کاتەکەی ڕۆژ بوو. ڕووی مانگ بە ڕەنگە سپییەکەی، تیشکی خۆر بە بڕێکی یەکجار زۆر بەدەر دەداتەوە، ئەو کاتەشی ڕووناکی بەهێز بێت، پێویستە خێرایی داخەر تەواو بەرز بێت (Fast shutter speed) بۆ نێزیکەی 1/500 چرکە، تا ڕێگری بکات لە بەرکەوتنی زیاد و شێوانی وێنەکان، بەمە وێنەکانی گەشتەکان بە کامێرایەکی داخەری خێرا دەگیران، دەرەنجام هەرگیز ئەستێرەکان لە وێنەکاندا بەدەر نەدەکەوتن.
هەموو وێنەگرێکی شارەزا دەزانێت، ناکرێ وێنەی دوو بابەتی ڕۆشن و یەکێکی زۆر کزی وەک ئەستێرەکان لە دیمەنێکدا بگیرێن. بۆیە گشت ئەو یارییانەی بە نموونەی تۆپی پێ کە بە شەو ئەنجام دەدرێن، لەبەر ڕووناکی بەهێزی ناو یاریگەکان، کەسمان تاکە یەک ئەستێرە بە ئاسمانەوە نابینین. بۆ ئەمە هەر یەکێکمان دەتوانێت خۆی ئەم شتە تاقی بکاتەوە، با هەوڵ بدەین لە شەوێکی پڕ لە ئەستێرەدا لە شوێنێکی بەر ڕۆشنایی توند، وێنەی ئۆتۆمبیلەکەمان بگرین، بەچاکی دەبینین هیچ ئەستێرەیەک لە دواوەی دیمەنەکەدا بەدەر ناکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەگران چەندجارەبوونەوەی پاشخانی وێنەکان دەکەنە بەڵگە بۆ وێنەگرتن لە ستۆدیۆیەکاندا. وەڵامی ئەمە شتێکی سەخت نییە، چونکە ئاسمانگەڕەکان لەو شوێنەی دابەزینیان هەزاران وێنەیان لە چەندان گۆشەی جیاجیا گرتووە، کەواتە ئاساییە ئەمە ڕووبدات و سروشتی دەوروبەریان لەیەک بچێت.
هاوکات کەسانێک هەن پێیان وایە لە وێنەکاندا قەبارەی زەوی لەسەر مانگەوە بچووک بەدیار دەکەوێت، هەرچەندە ئاشکرایە زەوی زلترە لە مانگ. وەڵامی ئەمەشیان دیسانەوە دەوەستێتە سەر جۆری کامێرا، وەک ئەوەی ژمارەیەک وێنەی مانگمان لەکاتی مانگەشەودا هەیە لەسەر زەوییەوە گیراون، بەقەبارەی گەلەک گەورە.
لە وێنەی خاڵی دووەم: وێنەیەکی ئاسمان بەبێ ئەستێرەکان کە بە کامێرایەکی داخەری خێرا گیراوە، بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی زێدەی بەدەردانەوەی زەوی بۆ تیشکی خۆر.

  3- بەرزی و نزمی پلەی گەرمی نائاسایی سەر مانگ

گومان: دەبووایە فیلم و کامێراکان و جلوبەرگی ئاسمانگەڕەکان بتوێنەوە، لەبەر بوونی ئەو ئاستە لەڕادەبەدەرەی پلەی گەرمی سەر مانگ. 
وەڵام: گشت ئەو فیلم و کامێرانە بۆ پاراستنیان لەناو پۆشاک و هەگبەی تایبەتی دادەنران، بەهەمان شێوە جلوبەرگەکان سیستەمی ساردکردنەوەیان تێدا هەبوو، هەموو شتەکانیش بە مەبەستی تیشکدانەوە ڕەنگیان سپی بوو.
هەوا لەسەر ڕووی مانگ نییە، کەواتە گوێزانەوەی گەرمی بە بەریەککەوتن ڕوو نادات، تەنیا لەڕێی تیشکەوە دەبێت، بەمەش دەتواندرێ گەرمی زۆر بەچاکی لە تەنەکان دوور بخرێتەوە، بەهۆی ماددەیەکی سپی کە تیشکدانەوەیەکی باشی هەبێ. جگە لەوە نیشتنەوەکان لە کاتێکدا ئەنجام دەدران کە ڕۆژە و خۆر لە بەرەبەری هەڵهاتندایە، واتە تیشکی خۆر لە پلەیەکی یەکجار گەرمدا نییە و چەند ڕۆژێکی دەوێ تا تیشکەکەی ستوونی دەبێت. دەبێ بزانین کە یەک ڕۆژی سەر مانگ لە هەڵهاتنی خۆر تا ئاوابوونی یەکسانە بە نێزیکەی 15 ڕۆژی زەوی، شەوەکەشی بەهەمان شێوە. کەواتە ساردی و گەرمییەکی کەمترە لە باری ئاسایی (لە نێوان +127 پلەی سەدی بە ڕۆژ و -173 بە شەو و لە جەمسەرەکانیدا -240).

4- سێبەرە سەیر و ناوازەکان

سێبەرەکانی سەر مانگ لەلای گومانداران لە چەندین ڕووەوە کێشە و گرفتیان هەیە؛
ا- گومان: سێبەرە نایەکسانەکان: سێبەری شتەکانی سەر ڕووی مانگ دەبێ تەریب و یەکسان بن، لەبەرئەوەی تاکە سەرچاوەی ڕووناکی لەوێدا تیشکی خۆرە (لە وێنەی ئەم خاڵە: بڕوانە سێبەری ناتەریب و نایەکسانی ئاسمانگەڕەکان).
وەڵام: ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە بەندە بە تێگەیشتن لە ڕوانگەی کامێرا (Perspective) و گۆشەی وێنەگرتن، هاوکات گرد و چاڵاییەکانی دوروبەریان کاریگەرییان هەیە لە گۆڕینی ئاراستەی تیشک. لەسەر مانگدا سەرچاوەی سەرەکی ڕووناکی تیشکی خۆرە، زەویش سەرچاوەیەکی دیکەیە وەک چۆن لای ئێمە مانگەشەو دەوروبەرمان ڕووناک دەکاتەوە، پاشان ڕووی مانگ سەرچاوەی ڕووناکییە، چونکە ئەو تیشکەی دەکەوێتە سەری زۆری دەداتەوە، هەروەها خودی یەکەی نیشتنەوەکەش سەرچاوەیەکی دی ڕۆشنایی بوو.
بۆ سەلماندنی ئەو وەڵامە، ئەمە دەستەی کارگێڕی بەرنامەی (MythBusters) ئەزموونێکیان ئەنجام دا. لەسەر زەویشدا ئەمە دەبیندرێت (سەرنج بدە سێبەری ئەو ڕیزە دارەی لە وێنەکەی ئەم خاڵە).
هەندێک ڕەخنەی دەگرن و دەڵێن، لە چەند وێنەیەکدا ئاسمانگەڕەکان بێ سێبەرن، هەرچەندە بەرانبەر بە تیشکی خۆر وەستاون. وەڵامەکەی ئەوەیە، سێبەرەکان لە گۆشە و چرکەساتی تایبەتی بچووکن و بەلەشیان نەنووساون، لەو دەمانەی ئاسمانگەڕەکان بە تەنیشت چاڵاییەک ڕێ دەکەن، یاخۆ باز دەدەن.
ب- گومان: سێبەرە ڕووناکەکان: لە وێنەکاندا شتەکانی بەر سێبەریش بەتەواوی دیارن (لە وێنەی ئەم خاڵەدا بەز ئاڵدرین لەگەڵ ئەوەی لەبەر سێبەرە لەکاتی دابەزیندا، بەڵام هەر بەچاکی دیارە).
وەڵام: وەک گوتمان ڕووی مانگ توانایەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ بەدەردانەوەی تیشکی خۆر، لەبەرئەوەی ئاو و گیا و هیچ شتێکی وای لێ نییە تا تیشک بمژێت، هۆکارە سەرەکییەکەش بوونی دەنکە گەردی بچووکی شێوە شووشەیی خاکەکەیەتی، ئەوەی دەرەنجامی پاشماوەی خۆپێدادانی تەنە کشاوەکانن لەسەر مانگ، ئەم تیشکدانەوەیە وا دەکات لایە تاریکەکانی شتەکان ڕۆشن بن.
ڕووی مانگ نێزیکەی %10 لە کۆی گشتی ئەو تیشکە خۆرەی بەری دەکەوێت دەیداتەوە.کاتێک تیشکی خۆر بەستوونی دەکەوێتە سەر مانگ، بەرزترین پلەی بریسکەکەی دەگاتە 10 هەزار لومن (یەکەی پێوانەی گورزی تیشک). گەشتەکانی ئەپۆڵۆ لە دەمێکدا دەکران تیشکی خۆر بەلاریی خۆی دەدا لە مانگ، واتە بە بڕی 3400 لومن، بەمەش ئەگەر ڕێژەی %10 وەربگرین، ئەوا ڕۆشنایی ڕووی مانگ دەبێتە 340 لومن.

5- ماشێن و مووشەکی بێ دەنگ و بێ ئاگر

ا- گومان: دەبووایە دەنگی ماشێن و مووشەکی یەکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ لەڕێی گوێزەوی دەنگ لە ئەپۆڵۆ ببیسترێت، کەچی گوێمان لە هیچ دەنگێک نەبوو لە کاتی نیشتنەوەدا.
وەڵام: ئەمەیان زۆر ئاسانە، لەبەرئەوەی دەنگ پێویستی بە بوونی نێوەندێکە بۆ گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی. ئاشکرایە لەسەر زەوی هەموو ئامێرێک و گەڕێنەکەکان دەنگ دەردەکەن، بەڵام لە بۆشایی سەر مانگی بێ هەوا دەنگ نابیسترێت. لە لایەکی دیکەوە ئەو میکرۆفۆنانەی بەکار دەهێندران، لەناو بەرگی ئاسمانگەڕەکان دانرابوون تەنیا بۆ کاری تایبەتی و پێوەندیکردنەکان.
ب- گومان: لە کاتی گەڕانەوەی ئاسمانگەڕەکان یەکەی نیشتنەوە بەرز دەبێتەوە، کەچی هیچ گڕێک و دوکەڵێک لە مووشەکەکە نایەتە دەرەوە.
وەڵام: هۆیەکی سادە بۆ ئەمە هەیە، ئەویش سووتەمەنییەکە تایبەتە و بڵێسە و گڕی نییە، بۆ ئەو مەبەستە تێکەڵاوێک بەکار هێندرا لە هایدرازین و دووەم نایترۆجنی چوارینە ئۆکسید (hydrazine - dinitrogen tetroxide)، ئەم دوو پێکهاتە کیمیاییە پێویستیان بە هیچ پریشکیک نییە و بە لێکدانیان گڕ دەگرن، دەرەنجامەکەیان شتێکی ڕوون و دیودەریان لێدێتە بەرهەم کە نابیندرێت. هاوکات ئەو گازانەی لە دەمی مووشەکەکە دێنە دەرەوە، گەلەک بەخێرایی بڵاو دەبنەوە، بۆیە بەچاکی دیار ناکەون. سووتەمەنی لەسەر زەویدا هەرکە بەر ئۆکسیجنی هەوا بکەوێت، یەکسەر گڕ دەگرێ و بلێسەکەی دەبیندرێت، ئەمەش لە بۆشاییدا ڕوو نادات.

6- شوێنپێیەکی پتەو و جێگیر

گومان: لەسەر خاکی مانگ شوێنپێیەکی پتەوی ئاسمانگەڕێک دەبیندرێت، ئەمەش شتێکی ئەستەمە لەبەر نەبوونی خاکێکی تەڕ و شێدار، تا بەو شێوەیە خۆی بگرێت.
وەڵام: زەوی بەهۆی ئەوەی بەبەردەوامی دەکەوێتە بەر کەشوهەوا، گەردەکانی خاکەکەی خڕن، ئەگەر هەندێک شێدار نەبن ئەوا بەچاکی یەکدی ناگرن و بەسەر یەکەوە کەڵەکە نابن. خاکی مانگ ئەو تایبەتمەندییەی نییە، چونکە ناکەوێتە بەر کاریگەری با و ئاو، بەمەش گەردەکانی لێواریان هەیە و گەلەک وشکن بۆ جێگیربوون، دەرەنجام شێوەی بەجێماو لەسەریاندا بەباشی دەپارێزن.
ئەمەیان وەک چەند خاڵێکی دی، بە ئەزموون لەلایەن بەرنامەی (MythBusters)، یەکلایی کرایەوە.

7- وێنەی بێ وێنەگر 

گومان: وێنە هەرە گرینگەکەی گەشتی ئەپۆڵۆ 11، ئەوەی ئەرمسترۆنگ بوو لەو چرکەساتەی کە پێی دەنێتە سەر خاکی مانگ. ئەگەر ئەرمسترۆنگ یەکەمین مرۆڤە، ئەی کێ ئەو وێنەیەی بۆ گرتووە؟
وەڵام: لەڕاستیدا هەریەکێک لە ئێمە ئەگەر بیەوێت گەشتێکی گرینگ و ناوازە ئەنجام بدات، بێگومان دەبێ بەتەواوی خۆی بۆ ئامادە بکات. ساتی دابەزین لەو گەشتەدا لە سەرووی گشت بابەتەکانەوە دێت، لەبەرئەوەش بوو ناسا بەگوێرەی پلانێکی پتەو ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی ئەو ڕووداوە مەزنە ئەنجام دابوو. کاتێک ئەرمسترۆنگ لەسەر پلیکانەکە بوو، هەڵ دەستێت بە دامەزراندنی ئامێر و ئامرازەکان لە تەنیشت یەکەی تایبەتی بۆ سەر مانگ، ئەو یەکەیەی کامێرایەکی تەلەفزیۆنیشی لەگەڵدا بوو.
 

8- جلوبەرگە قورسەکەی ئاسمانگەڕەکان

گومان: ئاسمانگەڕەکان بەو جلوبەرگە یەکجار قورسەوە، چۆن توانیان هەموو کارەکانیان بەئاسانی بەڕێوە ببەن؟ هەروەها دەبووایە دەستکێش و بەرگی ئاسمانگەڕەکان لەبەر کەمی پەستان بکشێن و فرەوان ببن، تا ئەو ئاستەی نەتوانن بیان جووڵینن.
وەڵام: پۆشاکەکان و دەستکێش و کڵاوەکان لە ماددەی ڕەق دروست کرابوون بۆ پارێزگاریکردن لە تەنەکشاو و تیشکە زیاندارەکان، کرابوونە چەند بەشێک بۆ ئاسانکردنی جووڵەی ئاسمانگەڕەکان. بەشی سەرەوە و ژێرەوە بەجیا دادەندران، لە ناوەڕاستەوە بە شێوەیەک پێک دەبەستران کە هەم بۆ جووڵە بشێن، هەم بۆ هاتوچۆی ئاو و گاز. ماددەی پۆشاکەکان بە تایبەت بۆ ئەو شوێنە دروست دەکرێن، لە بۆشاییدا ناکشێن، هاوکات بەرگەی پەستانی زۆر نزم دەگرن. 
ئەوەشی پێوەندی بە کێشی جلوبەرگەکان هەیە، دەزانین لەسەر زەویدا گەلەک قورسن، بەڵام بۆ سەر مانگی خاوەن هێزی کێشکردنێکی کەم، تا ڕادەیەک سووک بوون و کێشەیەکی ئەوتۆیان بەرپا نەدەکرد.

9- بازدانە نزمەکانی ئاسمانگەڕەکان و فیلمە خاوکراوەکان

ا- گومان: لەبەرئەوەی هێزی کێشکردنی مانگ یەک لە شەشی زەوییە، دەبووایە ئاسمانگەڕەکان لە بازدانەکانیاندا چەند مەترێک بەرز ببنەوە، کەچی ئەوەی دەبیندرێت زۆر کەمتر بوو.
وەڵام: بازدانە نزمەکانیان تەنیا بە مەبەستی خۆپاراستن بووە لە ڕووداوی ناکاو. لەبەر جلوبەرگە قەبەکەیان بازادانی بەرز مەترسی بۆیان دروست دەکرد ئەگەر هاوسەنگییان لەدەست بدایە. ئاشکرایە بەربوونەوە لە بەرزییەکی چەند مەتری، ئەگەری زیان گەیشتنێکی گەورەی لێ دەکەوتەوە بۆ سەریان و هەگبەکەی پشتیان کە پێداویستییەکانی ژیانیان لەخۆ گرتبوو. ئاسمانگەڕەکان بەتەواوی لەم مەترسیانە ئاگادار کرابوونەوە، ئەمەش بوو هۆکاری سەرەکی جووڵە و بازدانە نزمەکانیان.
ب- گومان: فیلمەکەی هاتوچۆکردن لەسەر مانگ، لەڕاستیدا فیلمێکە ئاسمانگەڕەکان لەبەردەم کامێرایەک باز دەدەن کە وێنەی دیمەنەکان بە دوو هێندەی باری ئاسایی تۆمار دەکات، تا بە خاوبوونەوەی وێنەکان وا بەدەر بکەوێت لەسەر مانگن. واتە ئەگەر ڤیدیۆکان بە دوو هێندەی خێرایی ئاسایی لێ بدرێنەوە، ئەوا جووڵەیان بەتەواوی سروشتی دەبیندرێت، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ساختەکردن و یاریکردن بە خێرایی بەگەڕخستنی فیلمەکان.
وەڵام: بەرنامەی (MythBusters) تاقیکردنەوەیەک دەکات، بەوەی کەسێک دەهێنن بە جلوبەرگی ئاسمانگەڕەکان بۆ ئەوەی لاسایی جووڵە و هاتوچۆکردنی ئاسمانگەڕەکان بکاتەوە، بە کامێرایەکی خێرایی کەمکراو وێنەی دەگرن، هاوکات بە چەند تەلێکەوە بەرزی دەکەنەوە، وەک ئەوەی لەژێر کاریگەری هێزی کیشکردنی مانگدا بێت. ئەو دەمەشی دیمەنە نوێکانیان بەراورد کرد لەگەڵ فیلمە ڕاستەقینەکەی سەر مانگ، لە سەرەتاوە هەستیان بە لێکچوونی وێنەکان کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە وردبوونەوەی پتر گەلەک جیاوازی بچووکیان بەرچاو دەکەوێت، بە هۆکاری وێنەگرتن لە کایەی هێزی کێشکردنی زەویدا. بۆ وێنەگرتن لە شوێنێک کە هێزی کێشکردنێکی یەکجار نزمی هەبێ، کارگێڕانی بەرنامەکە پەنا دەبەنە بەر فڕۆکەیەک بۆ بەدەستهێنانی بە هێزی کێشکردنێکی زۆر کەم، دیسانەوە بەشێوەی پێشوو وێنەی جووڵەکان دەگرن. کەسەکەی تاقیکردنەوەکانی ئەنجام دەدا، لە بوونی هێزی کێشکردنی نزمدا جووڵەی ئاسانتر و باشتر دەبوو، ئەو وێنانەشی لەناو فڕۆکەکە گیران، بەتەواوی وەک فیلمە ڕاستەقینەکە بوون. دەرەنجام بەرنامەی (MythBusters)، ڕاستی فیلمی نیشتنەوەی سەر مانگی بۆ یەکلایی دەبێتەوە. 
لەتەک ئەمانەشەوە، ڕاڤەیەکی زانستی هەیە دەڵێت: هەر تەنێک لە دۆخی (فڕینی ئازاد)دا بێت، ئەوا بەگوێرەی یاساکانی نیوتن ئارستەیەکی بالیستی (ئارستەیەکی چەماوە، یاخۆ نیوە بازنە) دەگرێتە بەر. هێزی کێشکردنی مانگ 1/6ی ئەوەی زەوییە، واتە ئەگەر تەنێک ڕێڕەوێکی بالیستی وەربگرێت و خێراییەکەی 2.46 جار خێراتر بکرێتەوە، یەکسان دەبێ بە جووڵەیەکی بالیستی لەسەر زەویدا. مەبەست ئەوەیە بەکارهێنانی کامێرای جووڵە خاوکراو، وێنەی شتە هاوێژراوەکان تەواو لەیەک دەچن، بەڵام جووڵەی دەستەکان خێرا و نائاسایی بەدەر دەکەون، شێوان و ناسازییەکان بەچاکی دەبیندرێن.

 10- نەبوونی تەپوتۆز و شوێنەواری یەکەی نیشتنەوە

ا- گومان: کێشی یەکەی نیشتنەوە (پشکنەری مانگ) بە دەیان تۆن دەبوو، لە بەشی ژێرەوەیدا مووشەکێکی زۆر بەهێزی هەبوو، کاری پێکرا بۆ خاوکردنەوەی نیشتنەوەی پشکنەرەکە، هێزی تەقینەوەی ئەو مووشەکە دەبووایە چاڵێکی لە ژێرەوە دروست بکردایە، کەچی هیچ شوێنەوەراێک لەسەر خاکی ژێر پشکنەرەکە نابیندرێت.
وەڵام: لە سەرەتاوە دەبێ بڵێین، نیشتنەوەکە ستوونی نەبوو، بەڵکو هەوڵ درا لە تەنیشتەوەڕا بەلاری داببەزن. بەڵێ، بە دڵنیاییەوە پشکنەرەکە بارستەیەکی گەورەی هەبوو، بەڵام لەبەر کەمیی هێزی بەکێشکرنی مانگ (یەک لەسەر شەشی زەوی)، ئەو دەیان تۆنە شەش هێندە بچووکتر دەبووەوە. بێگومان ئەمەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی چاڵاییەک لە شوێنی نیشتنەوە بەجێ بهێڵێت، لەسەر خاکێک کە گەردەکانی بەچاکی بەیەکەوە جێگیر دەبن (لە خاڵ شەشەمدا ئاماژەی پێ کرا). ئێمە کاتێک بمانەوێت ئۆتۆمبیلەکەمان لە جێیەک بوەستێنین، ئایا کەسمان خێراییمان دەکەینە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێریکدا بۆ گەیشتن بە شوێنی وەستان؟ نەخێر، دەبێ خێراییمان خاو بکەینەوە، ئاسمانگەڕەکانیش هەروایان کرد.
ئەو یەکەیەی مانگ بۆ ماوەیەکی درێژ بەسەر شوێنی نیشتنەوەیدا نەسوڕاوەتەوە تا چاڵاییەک دروست بکات، بەڵکوو بۆ دوورییەکی زۆر بەئاراستەیەکی چەماوە و لار بە‌هێواشی دابەزی. هەروەها لە بۆشاییدا، ئەو دەمەی ماددە و گازی سوتەمەنییەکان دەردەچن، بە خێرایی بەربڵاو دەبنەوە و پەستانێکی بەهێز ناخەنە سەر خاکی ژێر خۆیان.
ب- گومان: نیشتنەوەکە بووە هۆی بەرپاکردنی بڕێکی گەلەک زۆر لە تەپوتۆز، بەڵام نە لە پلیکانەی دابەزین و نە لە هیچ شوێنیکی ئەو یەکەیە خۆڵ و تۆز نابینین.
وەڵام: بە نەبوونی بەرگە هەوا، گەردەکانی تۆزی وەربەرهاتوو لە دەرەنجامی نیشتنەوە بە جووڵەیەکی بالیستی بڵاو دەبنەوە، کاتێک بۆ دوور فویان لێ دەکرێت. خۆڵی مانگ پاش بەرزبوونەوەی خێراتر دەکەوێتەوە خوارەوە، واتە هەوری تەپوتۆزی بەیەکداچووی هاوشێوەی زەوی لەسەر مانگدا نایێتە چێبوون، لەبەرئەوەی هەوای لێ نییە، تا تەپوتۆزەکان بۆ ماوەیەک لەبەرزایی بهێڵێتەوە.

  11- وێنە نموونەییەکان

گومان: تێکڕای دیمەنی وێنەکان نموونەیی و نایاب بوون، بۆچی تاکە یەک وێنەی ناڕێکمان نەبینی؟
وەڵام: هەموو وێنەی دیمەنەکان نموونەیی و جوان نەبوون، پێویستیشی نەدەکرد ناسا گشت وێنەکان بڵاو بکاتەوە، ئەگەر باش و ڕوون نەبن. ئەو چەند وێنانەی بڵاوکرانەوە و بە خەڵکی نیشان دەدران، هەڵبژاردەیەک بوو لە کۆی نێزیکەی 5300 وێنەی گەشتەکانی ئەپۆڵۆ.
سەرەڕای ئەوە ژمارەیەک لە ڕەخنەگران، پێیان وایە لەلایەنی جۆرایەتییەوە وێنە و ڤیدیۆکانی ناسا زۆر خراپ و ناڕوون بوون، ئەمەش بەمەبەستەوە وا گیراون، تا فڕوفێڵ و ساختەکانیان بشارنەوە.
وەڵاممان ئەوەیە کە دیمەنەکانی دابەزینی سەر مانگ ڕاستەوخۆ بۆ زەوی دەگوێزرانەوە بە کامێڕایەکی تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی سادە، بەڕێژەی ڕووپێویکی گەلەگ خاوی 10 fps بۆ 320 ips. لەڕاستیدا ئەپۆڵۆ 11، هەنگاوێکی سەرەتایی بوو بۆ هیوایەکی مەزن، بۆیە لە چەندان لایەنەوە کەموکوڕی تێدا هەبوو، ناسراوترینیان نەبوونی توانای گوێزانەوەی وێنە تەلەفزیۆنییەکان بوو بە کوالیتی بەرز. خۆشبەختانە زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانە لە گەشتەکانی دیکەدا چارەسەر کران، بە ناردنی وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و ڕوونتر.

12- ڕووناکی ستۆدیۆکان و هێمای سەر دیمەنەکان

ا- گومان: لە هەندێک لە وێنەکانی ئەپۆلۆدا چەند تیشکێک لە پاشخانە تاریکەکاندا بەدەر دەکەون، لە ڕووناکی و گڵۆپی ستۆدیۆکان دەچن (وەک ئەو ڕووناکیەی سەر هاوێنەی کامێراکە لە بەشی سەرەوەی لای چەپی وێنەی ئەم خاڵە دیارە).
وەڵام: ئەم ڕووناکییانە درەوشانەوەی هاوێنەن (Lens flare)، زۆر جار لەسەر زەویش دەبیندرێن، ئەو کاتەی تیشکی خۆر لەناو هاوێنەی کامێراکان بەدەر دەدرێتەوە.
ب- گومان: هێمای جۆراوجۆر لەسەر چەند وێنەیەک هەن، بۆ نموونە لە یەکێک لە وێنەکانی گەشتی ئەپۆڵۆ 16، هێمای پیتی (C) لەسەر بەردێکدا بەئاشکرا دیارە، ئەم هێمایانەش لەسەر کەرەستەکانی دەرهێنانی فیلمەکان دادەنرێن.
وەڵام: ئەو بەردە بەناوبانگەی لە وێنەکەدا دەیبینین، پاش لێکۆڵینەوە زانرا کە هێما نییە و تەنیا تاڵە مووێکە لە کاتی بە تیشک لەبەرگرتنەوە کەوتووەتە سەر فیلمەکان. ژمارەیەکی زۆری ئەم وێنەیە بەم شێوەیە بڵاوکرایەوە، بەڵام وێنە بنەڕەتییەکە ئەو هێمایەی لەسەر نییە. ئەگەر هێماکە (C) گەورەتر بکرێت، ئەوا لە ژێرەوەیدا هێمایەکی دیکە بەدەر دەکەوێت وەک سێبەرێکە بۆ بەشی سەرەوەی هێماکە، ئەمەش سەلمێنەری بوونی مووێکە لەسەر فیلمەکە.

13- پشتێنە تیشکاوەرییە کوشندەکە

گومان: بۆ گەیشتن بە مانگ دەبێ ئاسمانگەڕەکان ڕێی پشتێنەی تیشکاوەری فان ئاڵن (Van Allen radiation belt) بگرنەبەر، ئەمەش دەبێتە هۆی وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە تیشکاوەرە فرە مەترسیدارەکان.
وەڵام: ناسا بەچاکی ئاگاداری پشتێنەی فان ئاڵنی تیشکاوەریی بوو، بۆیە هەموو ئەو بەشانەی ئاسمانگەڕەکانی لێ بوو بۆ پارێزگاری کردن لە دیوارێکی ئەستور و پتەو دروست کرابوون. پاش چەندان تۆژینەوەی ورد، ناسا گەیشتە ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی کاتی خایەنراو، خێرایی تێپەڕین و دوورکەوتنەوە لە شوێنی بوونی تیشکاوەرییە چڕەکان، هیچ مەترسییەک نایەتە ئاراوە. ئەمە خودی فان ئاڵن دووپاتی کردۆتەوە و زێدەڕۆیی لە گەورەکردنی ئاستی مەترسییەکان لەسەر گەشتەکانی ئەپۆڵۆ نەکردووە.
کۆی گشتی ئەو تیشکە زیانبەخشانەی بەر ئاسمانگەڕەکان کەوت 1 ڕیم دەبوو (REM: یەکەی پێوانەکردنی بڕی تیشکاوەری)، ئەم بڕە کەمە لەشی مرۆڤ بەئاسانی بەرگەی دەگرێت. ئاستی ژاراوی و مەترسیداری تیشکاوەری لە 150-200 ڕیم دەستپێ دەکات، لە 300 پتر دەبێتە هۆی مردن.

14- وێنەی ئاسمانگەڕەکان لەسەر زەوی

گومان: ژمارەیەک وێنەی جۆراوجۆری ئاسمانگەڕەکان بڵاو بووەتەوە بە بەرگی تایبەت بە ئاسمانگەڕیی، لە چەند شوێنیکی دروستکراوی سەر زەوی هاوشێوەی ڕووی مانگ، ئەمانەش ستۆدیۆکانن وێنە و فیلمی نیشتنەوە ساختەکانی سەر مانگیان تێدا گیراوە.
وەڵام: ناسا چەند شوێنێکی هەبوو هاوقەبارەی یەکەی چوونە سەر مانگ و لاساییکەرەوەی ڕووی مانگ بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان، بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان بە چاکترین شێوە لە هەلومەرجە نائاسایییەکاندا. کەواتە وێنەکان دیمەنی ڕاهێنانە جیاجیاکانن لەسەر زەوی، ئەوانەی دەبێ گشت ئاسمانگەڕێک ئەنجامی بدات، پێش ناردنیان بۆ مانگ. وێنەکان لەبەردەستی هەموومانە، ئاژانسی ناسا هەرگیز نەی گوتووە وێنەکان لەسەر مانگ گیراون، بۆ یەک جاریش هەوڵی شاردنەوەی ئەو وێنانەی نەداوە.

15- گەڕانەوە لە مانگەوە بۆ زەوی ئەستەمە

گومان: کەشتییەکەی ئەپۆڵۆ لەدەمی گەڕانەوەیدا لەسەر مانگەوە چۆن هەڵدرا؟ لە کاتێکدا ئەوەی تۆزێک ئاشنای بابەتەکان بێت، دەزانێت کە کرداری هەڵدانی کەشتییە ئاسمانییەکان پێویستی بە بنگەی تایبەتی هەیە، لەگەڵ مووشەکێکی بەشبەشکراوی گەورەی چەند قۆناغەیی، وێستگەی ئۆکسیجن، دامەزراوەی پێکەوەنانی بەشەکان، سەرباری هەموو ئەمانە ژوور و یەکەکانی چاودێریکردن لەلایەن ئەندازیار و پسپۆڕان، بەبێ ئەوانە کەس ناتوانێت کەشتی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان.
وەڵام: پێویستە ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە بدەین، ئەم خاڵە بۆ لایەنگرانی چوونە ناو مانگیش تا ڕادەیەک گومان دروست دەکات، بەتایبەتی لای ئەوانەی لە هەندێ وردەکاریی ئەو بوارانە شارەزاییان نییە. 
گوتومانە کە هێزی کێشکردنی مانگ 6 جار لەوەی زەوی بێهێزترە، ئەمە پێمان دەڵێت، دەربازبوون و بەرزبوونەوە لەسەر مانگدا گەلەک ئاسانترە لە زەوی. خێرایی سەرەتایی ئەو تەنانەی دەیانەوێ لە زەوییەوە دەرباز ببن 8 کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا، لە مانگەوە 1.7 کلم/چرکەیە، واتە نێزیکەی 5 جاران کەمتر. ئەوەش لەبیر نەکەین کە خێرایی 1 بەرانبەر بە 5، ئەو واتایەمان ناداتە دەست کە مووشەکەکەش پێویستە پێنج هێندە سووکتر بێت، بەڵکو دەکرێ کێشی مووشەکەکە سەدان جار کەمتر بکرێنەوە. شتێکی فرە گرینگ ئەوەیە، لە هەڵدانی مووشەکێک لەسەر زەوییەوە، دەبێ بە چینە ئەستوور و چڕەکانی بەرگە هەوا تێپەڕێت، لە هەمان کاتدا بکارێ زاڵ ببێ بەسەر بەرگریکردنی هەوا.
لە لایەکی دییەوە، لە دەرچوونی مووشەکێک لە زەوییەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان، دەڕوانینە تێکڕای بارە هەڵگیراوەکە، واتە مووشەکەکان و گشت بەشەکانی کەشتییەکە لە یەکەی خزمەتگوزاری و نیشتنەوە و هی دیکە، بەڵام لە مانگەوە جیاوازییەکی زۆری هەیە. بارەکە تەنیا چەند یەکەیەکی کەم دەگرێتەوە، وەک بەشی نیشتنەوە و بە کۆی کێشی دوو لە کەشتییەوانەکان و ئەو بەرد و خۆڵەی لەگەڵ خۆیان دەیان هێننەوە. هەر بەم شێوەیە بوو، چونکە لەکاتی بەرزبوونەوەی یەکەی بەشی نیشتنەوە، نیوەی سەرەوەی جیا دەبێتەوە، ئەوەی مووشەکێکی لێ بەستراوە و دوو ئاسمانگەڕەکانی تێدا بوو دەچێتەوە ئاسمان، نیوەکەی دی وەک بنگەیەکی ئاسمانی کاری خۆی کرد و لەسەر مانگ بەجێ دەمێنێت. 
بۆ بابەتی وزە، واتە سووتەمەنی هەندێک دەپرسن، ئەو سووتەمەنییە لەکوێوە هێنرا، تا بەشی چوون و گەڕانەوە بکات؟
یەکەی نیشتنەوە پێویستی بە کەمێک سووتەمەنی هەبوو، تەنیا بۆ ئەوەی لە مانگەوە هەڵبدرێت و بە بەشی خزمەتگوزاری بلکێتەوە، لە هاتنەوەشی بۆ سەر زەوی بەرگە هەوا نییە و هێزی کێشکردنی زەوی وا دەکات پێویستییان بە بڕێکی کەم وزە هەبێ. لە نێزیک زەوییەوە دیسانەوە بەشی خزمەتگوزاری جیا دەبێتەوە لە یەکەی نیشتنەوە، ئەوەی خزمەتگوزاری دەسووتێت، تەنیا ئەو یەکە زۆر بچووکەی ئاسمانگەڕەکان و نموونەی هێنراوی لەخۆ گرتووە، بەمەبەستی خاوکردنەوەی خێرایی بە پاڕاشووت دێتە خوارەوە و دەکەوێتە ناو دەریا. 
شایەنی ئاماژە پێکردنە، ئەمریکاییەکان هیچ کاتێک زانیاری دەربارەی کار و فەرمانی کەشتییەکانیان لە کەس نەشاردۆتەوە، هەموو ژمارە و پێوانەکانیان دەستبەجێ بڵاو کردەوە. یەکێتی سۆڤیەت گشت ئەو زانیارییانەی گەشتەکانی ناسایان لە دامەزراوە زانستییەکاندا، بەشێوەی سەرچاوەی باوەڕپێکرا بەکار دەهێنا، بۆ ئەوانەی خوێندکاری ئەو بەشە زانستییانە بوون. پسپۆڕەکانیان چاک لەو زانیارییانە تێدەگەیشتن و کەسیان تێبینی شتێکی نائاسیییان نەکرد لە چوونە سەر مانگی ئەمریکاییەکان. خودی سۆڤیەتییەکان چەند جارێک بەبێ کەشتییەوان (Luna-20 و 4Luna-2) چوونە سەر مانگ، نیشتنەوە و خۆڵیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە و بەرزبوونەوە لەسەر ڕووی مانگ و گەڕانەوە سەر زەوی، پێویستیان بە وێستگەی زێدە و دامەزراوەی هەڵدانی مووشەک نەبوو.

16- گەشتێکی دووبارە نەبووەوە

گومان: بە پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، بۆچی جارێکی دیکە نەچوونەوە سەر مانگ؟
وەڵام: ئەپۆڵۆ 11 تاکە گەشتی مرۆڤ نەبوو، چونکە پاش ئەمەیان لە گەشتەکانی ئەپۆڵۆ 12، 14، 15، 16، 17 هەر جارەی دوو کەس دادەبەزینە سەر ڕووی مانگ. تەنیا لە ئەپۆڵۆ 13دا نەیان توانی پێ بخەنە سەر مانگ، لەبەر ڕوودانی هەڵەیەک کە چی نەمابوو کارەساتێکی گەورە ڕوو بدات و کەشتییەوانەکان بمرن.
ناسا لەڕێی 9 گەشتی جیاجیا لە نێوان ساڵانی 1969-1972، توانی 24 ئاسمانگەڕ بەسەرکەوتوویی بنێرێتە سەر مانگ، لە 6 گەشتدا 12 کەس دابەزین و پێیان خستە سەر مانگ ئەوانەش: لەگەڵ نيڵ ئاڕمسترۆنگ Neil Armstrong و بەز ئاڵدرين Buzz Aldrin، پيت كۆنراد Pete Conrad، ئاڵان بين Alan Bean، ئاڵان شيپرد Alan Shepard، ئیدگار ميچيڵ Edgar Mitchell، ديڤيد سكۆت David Scott، جيمس ئیڕوين James Irwin، جۆن يونگ John Young، چاڕڵز ديک Charles Duke، ئۆگين سێڕنان Eugene Cernan، هاريسۆن شميت Harrison Schmitt.
پێویستە بزانین کە گەشتی هەڵگری ئاسمانگەڕ گەلەک سەخت و مەترسیدارە، هەندێ لە هەوڵەکان شکستیان هێنا و بوونە هۆی مردنی چەند ئاسمانگەڕێک (وەک ئەوەی لە کاتی مەشقی سەر زەوی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی کەشتیەکەی ئەپۆڵۆ 1، سێ کەسەکەی بۆ ئەو گەشتە ژیانیان لەدەست دا). ناسا ژمارەیەکی نارد، پاشان بەردەوام بوو لە گەشتکردنە بێ سەرنشینەکان بۆ هەسارەکانی دیکە، ئەمەش بوو مەبەستی ناسا لەو کاتانەدا بۆ تۆژینەوەکانی، لەلایەک نەی دەویست مەترسی بخاتە سەر ژیانی هیچ کەسێک، لەلایەکی دییەوە ناردنی ئامێرەکان بە هەرزان ئەنجام دەدرێن بە بەراورد بە گەشتی مرۆڤ.
بەرنامەکەی ناسا پارەیەکی یەکجار زۆری دەویست، خەرجی تێکڕای پڕۆژەی ئەپۆڵۆ لەو سەردەمەدا 25 ملیار دۆلار بوو، بەگوێرەی ئەمڕۆکە بەرانبەرە بە نێزیکەی 150-200 ملیار دۆلار. تا ڕادەیەک تەنیا مووشەکەکانی ساتۆرن 5 نێزیکەی 6.5 ملیاریان تێ چوو، واتە چارەکی سەرلەبەری پڕۆژەکەی ناسا. ئینجا با بهێنینە بەرچاومان ئەم هەموو پارەیە، چی جۆرە کارێکی پێوە دەکرێ بۆ کەرتی تەندروستی، یان پیشەسازی و پەروەردە و فێرکردن. بۆیە ناسا لەو دەمەدا دوو بژارەی لەبەردەستدا بوو، گەشتی حەفتەمی بەسەرنشینانەوە، یاخۆ ناردن و دامەزراندنی ئەزموونگەیەک (وێستگەیەک) لە بۆشایی ئاسمان. بڕیاری ڕاست و دروست، ناردنی وێستگەی ئاسمانی ئەمریکایی (سکای لاب) بوو، بە سوود و دەستکەوتێکی مەزنی زانستی و پارەیەکی گەلەک کەمتر لە گەشتەکان.
پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین کە ناسا بەهاوکاری چەندان ئاژانسی دیکە لەڕێی پڕۆژەی ئارتیمیس (Artemis)، لەم ماوەیەدا گەشتی بێ سەرنشینی دەستپێ کردووە، بەو هیوایەشە لە ساڵی 2024دا دیسانەوە مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ. دەبێ بزانین ئەمڕۆکە زانست و تەکنەلۆژیا لەوپەڕی پێشکەوتندایە، بەهۆی ئەمەوە هەموو لایەنێکی بابەتی چوونە سەر مانگ لەبەرچاو گیراوە، چی لەلایەنی کەمی نرخی تێچوونی گەشتەکان، چی لە بوونی دڵنیایی پتر و کەمبوونەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئاسمانگەڕەکان. 
پاش تێگەیشتنمان لە گومان و وەڵامەکانی ئەم بەشە، زۆر بەچاکی بۆمان ڕوون دەبێتەوە دژبەیەکی و نالۆژیکییەکی ئاشکرا لە بیرۆکەی لایەنگرانی پیلانگێڕیدا هەن. چونکە ئەو دەمەی یەکێک بەدرێژی باسی تۆکمەیی و لێزانی (ناسا)ت بۆ دەکات لە ساختەکارییەکان و هەڵبەستنی فیلمی نیشتنەوە لەسەر مانگ، دەبینی لەپڕێکدا پەنا بۆ وشەی "بەڵام" دەبات و دەڵێت، بەڵام کاتێک وێنەی ئاسمانگەڕەکانیان دەگرت لە ئاراستەی سێبەرەکان هەڵەیان کرد، بەڵام یەکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ نابێ ئەو شێوەیە وەربگرێت، بەڵام دەرهێنەرەکە لەبیری چوو لە وێنەی دیمەنەکاندا ئەستێرە دابنێت. واتە هەر هەموویان ئاماژە دەدەن، بە وردیی و پسپۆڕیی لەڕادەبەدەری ناسا و دروستکەرانی فیلمەکان، هەروەها لە خەرجکردنی ملیاران دۆلار لەپێناو دەم بەستنی بەشداریکەران و شاردنەوەی فڕوفێڵ و ڕووپۆشکردنی پیلانەکانیان، کەچی لە هەندێ بەشی یەکجار سادە و ساکار هەڵەیان کردووە!