جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


مرۆڤ پێکهاتەیەکە لە پەروەردەی بنەمالە، سیستەمی پەروەردە و دەسەڵات

Tuesday, 13/09/2022, 18:30

4063 بینراوە


ئەگەر ئێمە بڕوامان بە زانست و دروونناسی هەبێت، ئەگەر لەوە تێبگەین و بزانین کە مرۆڤ پێکهاتەیەکە لە پەروەردەی بنەمالە، سیستەمی پەروەردە و دەسەڵات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بزانین کە راگەیاندن، مزگەوت، فیلم و سینەما و .... کاریگەری هەرە گرنگیان لە بارهێنانی مرۆڤەکاندا هەیە، ئەو کات باشتر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان تێدەگەین. دەرونناسی سەلماندویەتی کە کەسایەتی مرۆڤ، لە ٥ ساڵی یەکەمی تەمەنیدا شکڵ دەگرێت. پێکهاتەی بنەماڵە گرنگە. ئەو منداڵە لە چ بنەماڵەیەکدا گەورە بوە، منداڵی چەندەمە، چەند برا و خوشکی هەیە، تاکە منداڵە یان نا و ....هەموو ئەمانە لە کەسایەتی ئەو کەسەدا دەور دەبینن. هیچ مرۆڤێک بە تاوانبار یان فریشتە لە دایک نابێت. کۆی ئەو شتانە کە لە سەرەوە باسم کرد و زۆر شتی دیکەش، ئەو مرۆڤە دەکەن بەوە کە هەیە.
ئەگەر ئێمە ئەو راستیانەمان لە بەرچاو ون ببێت، ئەو کات تاوانبارە سەرەکییەکە تەبرەئە ناکەین. 
هەندێ دۆست نمونەی ئوروپا دەهێننەوە. هەڤاڵان سیستەمی ئوروپا، سیستەمی بە کۆیلە کردنی مرۆڤە بە شێوازی مودێرن، بەرهەمهێنی خەمۆکی و دنیایەک نەخۆشی نەفسیە. سیستەمێکە کە رۆحی مرۆڤەکان دەکوژێت. ئەم سیستەمە بۆتە مەکینەی بەرهەمهێنانی رۆبۆت بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنانی قازانج. ئەگەر ئێمە سیستەمی ئوروپا بکەینە ئولگو، کارەساتە. من لە ئاپارتمانێکدا دەژیم کە تا ئێستا ١٦ کەس خۆیان لە قاتی ١٢وە فڕێداوەتە خوار و گیانیان لە دەستداوە و یەک راگەیاندنیش باسی ناکات!!!
ئەوەی لە مەریوان رویدا، تاوانباری سەرەکی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامییە کە تان و پۆکەی لە سەر  بنەمای دژایەتی ژن پێکهاتوە، هەروەها دواکەوتووی کۆمەڵگا. بەداخەوە قوربانی سەرەکی ئەو دۆخەش ژنانن.
ئەو راستییە کە لە راگەیاندنی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانیشدا بەدروستی ئاماژەی پێکراوە.

وێنەی بابەتەکە شاری مەریوانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. پیاوێک دەیخواست بەزۆر دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک، بۆ پاراستنی شەرەفی خۆی ژنەکە لە ساختومانێکەوە خۆی فرێ دەداتە خوراێ، بۆیە خەڵك خۆپیشاندانیان کردوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە