پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات ببێتە گۆمی خوێن


ئایا ڕاستە مرۆڤ چووەتە سەر مانگ؟ (بەشی سێیەم)

Tuesday, 09.13.2022, 19:14

806 بینراوە


بەڵگە یەکلاییکەرەوەکانی چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ

دوای ئەوەی لە بەشەکانی پێشوودا هۆکارەکانی بوونی گومانەکان و وەڵامی ناسراوترین بانگەشە و ڕەخنەکانمان خستە ڕوو، لەم بەشەی کۆتاییدا ئاماژە دەدەین بە هەندێ بەڵگەی یەکلاییکەرەوە و بەهێز، دەربارەی چوونە سەر مانگ کە هیچ یەکێک لە لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی نەتوانێت بەهەڵەی بخاتەوە.

وێنە نوێیەکانی شوێنەواری گەشتەکان

وەک پێشتر گوتمان، ناسا زۆر بەدەگمەن وەڵامی لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی دەربارەی بانگەشەی ساختەکاری گەشتەکانی دەداتەوە، بەڵام لە ساڵی 2009دا هەندێ وێنەی نێردە ئاسمانییەکەی بۆ خولگەی مانگ (Lunar Reconnaissance Orbiter) بڵاو کردەوە، وێنەکان زۆر بەڕوونی لە بەرزاییەکی کەمەوە لەسەر مانگ گیرا بوون. لە وێنەکاندا شوێنی نیشتنەوەی ئاسمانگەڕەکان و کەرستەی جێماوی گەشتەکان بەچاکی دیار بوون.
پێش ئەم وێنانەی ناسا، لە ساڵی 2008دا پشکنەری سیلینی (SELENE) وڵاتی ژاپۆنیش کۆمەڵە وێنەیەکی زۆر وردی (سێ ڕەهەندیی) شوێنی گەشتەکانی ئەپۆڵۆی گرت، تەواو هاوشێوەی وێنەکانی ناسا بوون لە سروشتی شوێنی نیشتنەوەکان.
لەتەک ئەمانەدا لە ساڵی 2009، نێردەی چاندریانی (Chandrayaan) ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی هیندستان، ژمارەیەک وێنەی جێی دابەزین و ئاراستەی هاتوچۆی بەشی بەجێماوی یەکەی نیشتنەوەی ئەپۆڵۆ 11 و 15ی گرت. وێنەکان لە نێزیکەوە و بە کامێرایەکی پێشکەوتوو جۆری (OHRC) گیرابوون، بە ڕوونی و وردایەتییەکی گەلەک پتر لەوانەی ناسا.
دوای ئەمانە چینییەکان هەر لە ساڵی 2010وە، چەندان جار کۆمەڵێک لە وێنەی زۆر نایابی پشکنەرەکەیان بەناوی چانگ Change2)) بڵاو دەکەنەوە، بۆ شوێنی نیشتەنەوەکانی ئەپۆڵۆ.
بێگومان ئەمانە هەموویان بەڵگەیەکی زەق و بەرچاون بۆ دابەزینێکی ڕاستەقینەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، چونکە هیچ لۆژیکێک لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ئەو وڵاتانەی ناومان بردن، گشتیان بەشدارییان کردبێ لە پیلان و ساختەکارییەکانی ئەمریکا.
زانا و شارەزایانی بواری گەشتە ئاسمانییەکان دەبێژن، بۆ ئەوەی ناسا بتوانێت شوێنەواری گەشتەکان و ڕێڕەوی ئامێرەکانی سەر مانگ بەساختە ئەنجام بدات، ئەوا پێویستی بەو جۆرە کەشتی و ئامێرانەیە کە ئێستە بۆ هەسارەی بارام (Mars) دەنێردرێن، پاشان بە نێردەی دیکەی مانگ دەبێ وێنەیان بگرێت، بێگومان ئەمەش لەلایەنی توانا و تێچوونی پارەوە هاوتای گەشتە ڕاستەقینەکانە.

  سەدان کیلۆگرام بەردی مانگ

لە گەشتەکانی ئەپۆڵۆدا ئاسمانگەڕەکان، نێزیکەی 380 کیلۆگرام بەردی مانگ و هەندێ خۆڵیان کۆ کردۆتەوە و لەگەڵ خۆیان هێناوەتە سەر زەوی. ئەو بەردانە چەند تایبەتمەندییەکی جیۆکیمیایی ناوازەیان هەیە کە لە بەردی زەویدا نابیندرێن، وەک بەڵگەیەک بۆ بەرکەوتنیان بە تیشکە گەردوونییەکان. بەردی زەوی لە پێکهاتەیاندا جیاوازن لەوەی مانگ، بە کاریگەری کەشوهەوا و ئاو لەسەریان.
بەردی مانگ لە تەنە کشاوەکانی کە دەکەونە سەر زەویش ناچن، چونکە ئەوانە کاتێک نێزیک دەبنەوە لەبەر لێکخشانیان بە بەرگە هەوای زەوی، دەسووتێن و بەشێکی زۆر لە بارستاییەکەیان لەدەست دەدەن. هاوکات بەردەکانی مانگ تەمەنیان زۆر کۆنترە لە کۆنترین بەردی زەوی (نێزیکەی 4 ملیار ساڵ)، ئەوانەی مانگ تەمەنیان لە نێوان 3.1 - 4.4 ملیار ساڵ دەبێت.
لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی بانگەشەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئەمریکا بڕێکی یەکجار زۆری نموونەکانی مانگی شاردۆتەوە. بەڵێ ئەمە ڕاستە، ئەمریکا نێزیکەی 300 کیلۆگرام لەو بەردانەی زۆر بەچاکی لە شوێنی تایبەتی و کەشێکی ناترۆجینی دوور لە هەوای زەوی و گازی ئۆکسیجن گل داوەتەوە، تا نەبێتە هۆی گۆڕان و تێکچوونیان. بەڵام ئەو 80 کیلۆیەی دیکەی لە جیهاندا بڵاو کردۆتەوە، ئەوانەی تەواو هاوشێوەی نموونەکانی ڕوسیاییەکانن، ئەوەی بیەوێت دەکارێ سەیریان بکات.
ئەم بەردانە بە پارچەی بچووک لە چەندان نێوەندی زانستی و مۆزەخانەی جیهانی دانراون (135 وڵات) و لەبەردەستی گشت زانایەک و تۆژەرێکی جیهانن. تا ئێستە تاکە یەک پسپۆڕ و زانای ئەو بوارە لە پشکنین و شیکردنەوەیدا، ڕاپۆرتێکی نەخستە ڕوو لەسەر جۆرێک لە ساختەکارییەکان.

  جێگیرکردنی ئامێری دانەوەی تیشکی لەیزەر 

لە گەشتی ئەپۆڵۆ 11، 14 و 15دا، ئاسمانگەڕەکان بەدەستی خۆیان ژمارەیەک ئاوێنەیان بۆ شکاندنەوە و دانەوەی تیشکی لەیزەر لەسەر ڕووی مانگ لە چەند خاڵێکدا جێگیر کردووە کە تا ئەمڕۆکەش بەکار دەهێندرێن. بەبەردەوامی تیشکی لەیزەر لە هەندێ شوێنی سەر زەوی وەک، ڕوانگەی ماکدۆناڵد (McDonald Observatory) لە تکساسی ئەمریکا و گراسی (Grasse) باشووری فەڕەنسا ئارستەی ئەو ئاوێنانە دەکرێن، بە گەڕانەوەی تیشکەکان دەتواندرێت دووری مانگ لە زەوییەوە بەوردییەکی یەکجار زۆری میلیمەترەیی بپێوین، ئەمەش سوودی هەیە بۆ زانینی جووڵە و ڕێژەی ساڵانەی دوورکەوتنەوەی مانگ و کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی.

  ئایا گشت زاناکانی جیهانیش بەشدارن لە پیلانگێڕان؟

زاناکانی چەندان وڵات لەو دەمەدا ئاگاداری تەواوی وردەکاری گەشتەکانی ئەپۆڵۆ بوون، لەسەرووی هەمووانەوە یەکێتی سۆڤیەت دێت کە ئەو کاتە لەگەڵ ئەمریکا لە توندترین کێبڕکێ بوو بۆ چوونە سەر مانگ. سۆڤیەتییەکانیش چەند گەشتێکیان بۆ سەر مانگ کرد (بێسەرنشین)، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ئامێرە و توانایە بەهێزەیان بۆ بەدرۆخستنەوەی دوژمنەکەیان، کەچی هەرگیز نەیان گوت ناسا ساختەکارە.
بەرپرسانی ناسا دەڵێن، سەرلەبەری گەشتەکانمان هەر لەسەرەتاوە لەلایەن دۆست و دوژمنانەوە بەوردی چاودێری دەکران، گشتیان بەهۆی سەرکەوتنەکانمان و دابەزینمان لەسەر مانگ بەگەرمی پیرۆزباییان ئارستەمان دەکرد. لە دەمی بوونی ململانێی تووندی نێوانمان و پێشبڕکێی گەشتە ئاسمانییەکان، باشترین هەل بوو بۆ ڕوسیاییەکان (ڕکابەرەکەمان)، بەدرۆمان بخەنەوە و بڵێن بابەتەکە جگە لە فڕوفێڵ هیچی دیکە نییە.
ژمارەیەک لە ئاسمانگەڕە ڕوسیاییەکان دەربارەی سەرکەوتنی ئەمریکا دواون لەوانە، ئەلێکسی لیۆنۆڤ (Alexei Leonov) و جۆرجی گریچکۆ (Georgy Grechko).
لیۆنۆڤ دەبێژێت: تەنیا کەسانی نەزان پێیان وایە ئەمریکا نەچووەتە سەر مانگ، چونکە گەشتەکانی ئەپۆڵۆ هەر لە ئاگادارییەکانی کەشتییەکان و گفتوگۆی بێتەل و ڕادیۆیی کارمەندانی سەر زەوی لەگەڵ ئاسمانگەڕەکان، تا دەگاتە وێنەی دیمەنەکانی دابەزینیان بۆ سەر مانگ، بە چەندان ئامێر لەلایەن سۆڤیەتەوە تۆمار دەکران. هەموو ئەوانە ئەگەر لە زەوییەوە بیان ناردبایە، ئێمە زۆر زوو دەمان زانی و هەستمان پێی دەکرد، بەڕاستی جێبەجێکردنی تێکرای ئەو فڕوفێڵ و ساختانە شتێکی ئەستەمە و هیچی لە گەشتە ڕاستەقینەکان کەمتر نییە. لیۆنۆف لە درێژەی گوتەکانیدا دەڵێت، ئێمە ئەو کاتە لە بنگەیەکی سەربازیدا بووین، زۆر بەپەرۆشەوە لەو هەنگاوە مەزنەمان دەڕوانی، پڕبەدڵ پێمان خۆش بوو ئەو پیاوانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، چونکە ئەو کەشتییەوانانەمان دەناسی، ئەوانیش ئێمەیان دەناسی.
هاوشێوەی زانا ڕوسیاییەکان، زاناکانی چەند ووڵاتێکی دیکە دان بە چوونی مرۆڤ دەهێنن بۆ سەر مانگ و بەتەواوی ئاگاداری ئەو گەشتانە بوون لەڕێی نێوەندە زانستییە ئاسمانییەکانیانەوە وەک، ڕووانگەی بۆخوم (Bochum) لە ئەڵمانیا و جۆردڵ بانک (Jodrell Bank) لە شانشینی یەکگرتوو.

  پیلانی سەدان هەزار ئەندازیار و کارمەندی ئەپۆڵۆ

زیاتر لە 400 هەزار کەس و هەزاران کۆمپانیا و نێوەندی زانستی و زانکۆکانی جیهان بەشدارییان کرد لە پڕۆژەکەی ئەپۆڵۆ. بۆچی تاکە یەک کەس لە سەرتاسەری جیهان بەدرێژایی پتر لە پێنج دەیە، دزەی بە بەشێکی بچووک نەکرد لەو پیلانە؟ ئەوانەشی بەشێوەیەکی سروشتی مردن، هیچ یەکێکیان لەسەرەمەرگیشدا شتێکیان نەدرکاند، وێنەیەک یان بەڵگەنامەیەکیان بەجێ نەهێشت بۆ ئەوانەی دوای خۆیان. کرێکار و ئەندازیارێک نەبوو بەرتیل پێدانێکی ناسا ئاشکرا بکات، هەموویان کاتێک خانەنشین کران، ژیانێکی ئاسییان بردەسەر بەبێ پارە و پوولێکی زۆر و کۆشک و تەلارێکی بەرز و مەزن. ڕۆژێک موچەخۆرێکی دەرکراوی تووڕەمان نەبینی شتێکی شاراوە بخاتە بەردەست، بەکورتی تێکڕای شتەکان سروشتین و نامۆیییان تێدا نادۆزرێنەوە.
دەبێ بزانین، شاردنەوەی کارێکی زەبەلاح و داخستنی دەمی ئەو کەسانەی بەشدارییان لەو پڕۆژە مەزنە کردووە بەدرێژایی هێندە ساڵە شتێکی ئاسان نییە، چونکە ئەگەر ڕووداوێکی ڕاستەقینە نەبووایە یەکێک هەر دەبوو، لەبەر ئازاری ویژدان، یان بۆ پارە و ناو و ناوبانگ، یاخۆ تەنیا بۆ بەرپاکردنی ژاوەژاوی ڕاگەیاندن شتێکی بگوتبایە.
ئەگەر بمانەوێ بەقووڵی بیر لە گەشتی مرۆڤ بکەینەوە بۆ سەر مانگ، هەوڵ بدەین پرسیارێکی گەلەک ئاڵۆز و دژوار بدۆزینەوە، دەربارەی وردەکارییەکی یەک لە گەشتەکان، ئەوا گشت ئەندازیار و پسپۆڕێک لە هەر کوێیەک بێت، هەمان وەڵامی پرسیارەکەمان دەداتەوە. کەسیان نابینین بشڵەژێ، یان ڕابکات لە پرسیارەکەمان، یاخۆ بە بۆچوون و ڕای خۆی وەڵامێکمان بداتێ، لەبەرئەوەی زۆر بەسادەیی، کەسەکە لە چیرۆکێکی ئەفسانەیییەوە بۆمان ناگێڕێتەوە تا ڕووداوەکانی بەگوێرەی ئەندێشەی کەسەکان جیاوازی تێدا دروست ببێت، بەڵکوو لە گەشتێکی مێژوویی ڕاستەقینەوە وەری گرتووە.
لە کۆتاییدا لە دەرەنجامی هەموو ئەو وەڵام و بەڵگانە دەڵێین، چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ ڕاستییەکی زانستییە و بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە سەلمێندراوە. واتە کۆمەڵێک تۆژینەوەی یەک بەدوای یەکی بۆ ئەنجام دراوە، کۆمەڵگەی زانستی جیهانی ئاگاداری وردەکارییەکانە، ئەوەشی خاوەنی کەرستە و ئامرازی گونجاو بێت، دەکارێ لە ڕاستبوونی دڵنیا ببێتەوە.
ئەوانەی بڕوای تەواویان بە گەشتەکان هەیە، ناهەقیان نییە لەوەی بیر بکەنەوە کە چۆن ئەمریکا دەتوانێ بە بابەتێکی ئاوا یاری بە پلە و پایە جیهانییەکەی بکات، ئایا ناترسێ فڕوفێڵ و ساختەکارییەکەی ئاشکرا ببێت و متمانەی بەیەکجارەکی لەدەست بدات؟
ئەم گومان و گفتوگۆ و مشتومڕییانە وامان لێ دەکەن بەچاکی بۆمان ڕوون ببێتەوە کە کۆی بانگەشەکانی لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی نازانستین و دوورن لەڕاستییەوە.
مرۆڤ چووەتە سەر مانگ، نەک جارێک، بگرە چەندان جار، ئەمەش داهێنان و سەرکەوتنێکی مەزنە و جێی شانازییە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. ئەوەشی پاش ئەو بەڵگانە، دیسانەوە پێدا دەگرێ لەسەر بۆچوونە هەڵەکانی و دژایەتیکردنی زانست و زاناکان، ئەوا بەداخەوە کەسێکە خۆی هیچ لە زانست تێناگات و تەنیا لە نەزانینەوە گوتەی ئەوانەی دیکە دەڵێتەوە.
....................................

سەرچاوەکان؛