نیشـانـەکـانـی دواکـەوتـن

Tuesday, 13/09/2022, 19:50

5141 بینراوە


بە گشتی چەمکی پێشکەوتنی وڵاتێک ، ئاماژەیە بۆ ئابوورییەکی پێشکەوتووی پتەو ، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر باشی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسیدا هەیە . بە پێچەوانەشەوە دواکەوتن بریتییە لە بارێکی نالەباری ئابورییەکی وێران ، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی زۆر خراپی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسیدا هەیە ، بەهۆی سود وەرنەگرتن لە سامانی وڵات و دابین نەکردنی ژیانێکی شایستە بۆ زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتییان . بێگومان گەندەڵی سیاسیش ، کە لەگەڵ دواکەوتندا دووانەی یەکترین و هەرگیز لەیەک جیانابنەوە ، یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ئابوورییەکی دواکەوتووی لاواز . جا ئەگەرچیش هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت ، بەهۆی  سامانی زۆری نەوتەوە دەوڵەمەندن و تێکڕا داهاتی هاوڵاتییەکانی لە تێکڕا داهاتی ئەندامانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرزترە ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە گەیشتبن بە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتوو . چونکە پێوانەی پێشکەوتنی ڕاستەقینەی وڵاتێک نەبەستراوەتەوە بە دەستکەوتی دراوی قورسی بەرهەمی نەوتی فرۆشراوەوە ، بەڵکو بەستراوە بە توانای دەوڵەتەوە لە دروستکردنی ئامێر و ئامرازە پیشەسازییەکان و سودوەرگرتن لە بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردە کردنی کەرەسە و یەدەک و ماددەی خاوەوە لە وڵاتانی بێگانەوە ، کە بۆ کەرتەرکانی بەرهەمهێنان پێویستن. چونکە پشتبەستن بە دنیای دەرەوە ، ڕادەی بوژاندنەوە سستدەکات و خۆی لە خۆیدا ملکەچکردنە بۆ ئەو وڵاتانە و زاڵبوونی بەرژەوەندییەکانییانە بەسەر بەرژەوەندی نیشتماندا ، چ کاتێکیش بیانەوێت ، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئەو ئابوورییە وێران و نابووت بکەن . بێگومان ئەمەش ناکاتە ئەوەی بە تەواوی پشتبکرێتە وڵاتە پێشکەوتووەکان ، بەڵکو پێویستە لە پێناوی بوژاندنەوە و پەرەپێدان و پیشکەوتندا ، بە وریاییەوە پەیوەندی سنورداریان هەبێت ، تا بتوانن سود لە تەکنەلۆژیا و ئەزمۆنەکانیان وەربگرن . ئاشکرایە وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاوی گەورەیان بەرەو ژیانی
 شارستانییەت و ئارامی و خۆشگوزەرانی ناوە ، توانیویانە ژیانێکی شایستەی سەربەرزانە و پێویستییەکانی ژیان بۆ گەلەکانییان مسۆگەر بکەن . بە پێچەوانەشەوە ئەمڕۆ گەلانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دواکەوتووی جیهان ، بە دەست حیزب حیزبێنە و قۆرخکردنی دەسەڵات ، نەخۆشی و دیاردەی گەندەڵی ، شەڕی ناوخۆ و دەرەوە ، زۆر و ستەم ،  نادادپەروەری و نەزانی و هەژارییەوە دەناڵێنن . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێک لە نیشانەکانی دواکەوتن بکەین :
١ – بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێکاری لە نێو بەشێکی زۆری کۆمەڵگادا ، لە ئەنجامی نەبوونی پڕۆژەی ستراتیجیدا ، پاشان لاوازی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە و سوود وەرنەگرتن لە داهاتی وڵات بە شێوەیەکی گونجاو .
٢ – کەمبوونی ماددە سەرەکییەکانی پێویستی ژیان ، نەبوونی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی پێویست . کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی لەسەر وڵاتی دواکەوتووی بێ بەرنامە .
٣ – سەرهەڵدانی چینی جیاواز . چینێکی دەوڵەمەندی مشەخۆری دز و چاوبرسی ، کە دەستدەگرێت بەسەر بەشی هەرە زۆری داهاتی وڵاتدا و چینێکی هەژار و داماو ، کە بە کولەمەرگی ژیانی خۆیان دابین دەکەن . پاشان بەکارهێنان و چەوساندنەوەی چینە هەژار و ماندووکەش بۆ بەرژەوەندی و قازانجی چینە دەوڵەمەندە شڕەخۆر و گەندەڵەکە .
٤ – هاتنەخوارەوەی ئاستی ئابوری ، کەمبوونی ڕێژەی هەناردەکردن ، خراپی بەرهەمی ناوخۆ و کەمبوونەوەی داهاتی وڵات ، کەمی مووچەی فەرمانبەران ، لاوازی و جێبەجێ نەکردنی یاسا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و ناکۆکی ، دەستبەسەرا گرتنی موڵک و ماڵی گشتی . 
٥ – کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ، بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە گوێزراوەکان لە ناو چینەکانی کۆمەڵگادا . دابینەکردنی چارەسەر و دەرمان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن . 
٦ – خۆدزینەوەی دەوڵەت لە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی و هەستانی کۆمپانیای تێرنەخۆری چاوبرسی بەو ئەرکانە و دوور لە بەرژەوەندی گشتی 
٧–  نزمی ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری ، نەبوونی هوشیاری و بێ ئاگایی لە زۆر لایەنی ژیان . ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ خراپی و وێرانبوونی کەرتی پەروردە و بڵاوبوونەوەی ئایدیا و بیرۆکە و میراتی کۆنی  کۆمەڵایەتی و سەپاندنییان بەسەر کۆمەڵگادا .    
٨ –  وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و بەکارهێنانیان بۆ کارکردن لە پێناوی بژێویدا .
٩ – بەرزبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون لە ژێر سایەی ژیانێکی سەختی هەژاریدا و کۆنترۆڵ نەکردنی بەشێوەیەکی گونجاو .
١٠ – ڕێزنەگرتن لە ژنان و دانانی کۆسپ لە ڕێگای پێشکەوتنیاندا ، سنوردارکردنی رۆل و توانایان لە بوژاندنەوەدا ، ناچارکردنییان لە ماڵدا بمێننەوە و لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکەن .
١١ -  لاوازی کەرتی گرنگ و بایەخداری کشتوکاڵ ، کە یەکێکە لەو کەرتانەی ڕۆڵی گەورەی لە بوژاندنەوەی ئابوریدا هەیە . لاوازی ئەم کەرتەش ، نیشانەیەکی دیاری دواکەوتنە . بە گشتی هۆکارەکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ چۆڵکردنی گوندەکان ، پشتگویێ خستن و گرنگی پێنەدانی لە لایەن دەوڵەتەوە ، بەکارهێنانی شێوازی کۆن و سوود وەرنەگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ لە لایەن جوتیارانەوە .
١٢ –  سود وەرنەگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک خاک ، ئاو ، کانزا و دارستانەکان و .. هتد . پاشان کەمی ڕێژەی پڕۆژەی پیشەسازی و گرنگی نەدان بەو کەرتە گرنگە .
١٣ – گرنگی نەدان بە زانست و کەسانی زانا و شارەزا ، چونکە ئاشکرایە ئەو وڵاتەی سودی لە زانست وەرگرتبێ  پێشکەوتووە ، ئەوەی پشتیشی تێکردبێ دواکەوتووە .  
١٤ – بوونی ڕێگاوبانی باش ، ژیان ئاسان دەکات و هاوبەشییەکی زۆر گەورە لە بوژاندنەوەی ئابوریدا دەکات . بە پێچەوانەشەوە نەبوون و خراپی ڕێگاوبان ، کرێی گواستنەوە بەرزدەکاتەوە و کاردانەوەی زۆر خراپ لەسەر ئابوری و ژیانی خەڵکی بەجێدەهێڵێت .
ئەوەی شایانی باسە پێش ڕاپەڕین زوربەی هەرە زۆری ئەو خاڵانەی سەرەوە لە عیراق و هەرێمدا بوونییان نەبووە . هۆکارەکەشی وەزارەتێکی چاڵاکی پلاندانان و کەسانی زانا و زیرەک و شارەزا بووە ، توانیویانە هەموو کەرتەکانی وڵات بەرەو پێش بەرن .  بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و هەلی کار و ژیانێکی شایستە ، ئەو پڕۆژانەیان دامەزراندووە ، کە بەرژەوەندی گشتی و  ماددە خاوەکەی لە وڵاتەکەدا بووە .  بۆ نموونە کارگەی جگەرە و پوختەکردنی تووتنییان بۆ دامەزراندووین ، کە سەرچاوەی بژێوی هەزاران فەرمانبەر و کرێکار و جوتیار و کاسبکار بووە ، ساڵانە نزیکەی بیست ملیۆن دۆلاری قازانجی کردووە و تووتنی پوختەکراوی نایابی هەناردەی دەیان وڵات کردووە ، کەچی بە نەفامی خۆمان دەرگاکانی دادەخەین . کارگەیەکی ستراتیجی وەک شەکرمان بۆ بنیات دەنێن  ، کە لە وەرزی چەوەندەردا ڕۆژانە دوو هەزار تەن چەوەندەری کردووە بە شەکر ، کەچی خۆمان ئەو کارگە گرنگە دەکەین بە باڵەخانە و هەزاران فەرمانبەر و کرێکار و جوتیار بێ کار دەکەین و سەدان هەلی کار لەدەستدەدەین . بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ئاودانی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و گلدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسی لافاو ، بەنداوی دەربەندیخان و دوکانمان بۆ دروستدەکەن ، کەچی بە دەستی خۆمان ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە هەڕاج دەکەین و ڕێگاش نادەین حکومەتی عیراق ئەو پڕۆژە زۆر گرنگەمان بۆ تەواو بکەن . بێگومان ئەو جۆرە پڕۆژانە ، دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون و مشتێکن لە خەروارێک . دیارە جیاوازی پێش و پاش ڕاپەڕین ، دوو هۆکاری سەرەکی بووە ، یەکەم وەزارەتێکی پلاندانانی چالاک ، دووەمیش کەسی شیاوی زانا و زیرەک لە شوێنی شیاوی خۆیاندا بوون . بێگومان ئەگەر دوور لە دەستێوەردانی حیزب و خزم خزمێنە ، ئەو جۆرە وەزارەتەمان هەبووایە و بیانزانیایە لە هەرێمدا قەیرانی ئاو و کارەبا و لافاو هەیە ، مەحالبوو پێشنیاری بەرزکردنەوەی ئەو هەموو کۆشک و تەلار و باڵەخانانەیان بکردایە ، کە هۆکاری سەرەکی کێشەکانن .
جا دەسەڵاتێک پاش سی ساڵ لە گەندەڵی و دواکەوتن ، لە هەڵەکانی خۆی پەندی وەرنەگرتبێ ، بیری لای پڕۆژەی ستراتیجی و ژیانی خەڵکی نەبێ ، ڕیشی درێژی خۆی دابێتە دەستی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی سەرانە ، سەرقاڵی تاڵانکردنی نەوت و بەرزکردنەوەی کۆشک و تەلار و باڵەخانەی بەرزی ڕوو لە ئاسمان بێ ، مەحاڵە ئەو هەرێمە پێشکەوتن و ئارامی بە خۆیەوە ببینێ !.  

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی وەرگیراوە.  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە