نانی لە خوێندا خووساو.. لە سنوورەکانی بانە چی روودەدات؟

Saturday, 17/09/2022, 21:29

2958 بینراوە


کۆڵبەری هەڵبژاردنێکی  زۆرەملێیە لە نێوان دوو بژاردەی مەرگ و ژیانی کولەمەرگی. نە پیشەیە نە شیاوی مرۆڤە، بەڵام ناچارییە و هەزاران مرۆڤ، مرۆڤی کورد، مرۆڤی کوردی بێ دەرەتان پەنای بۆ دەبەن، زۆرجاریش گیانیان، یان ئەندامێکی جەستە و یاخود تەندروستییانی لەسەر دادەنێن.
بۆ دوو مانگ دەچێت، رۆژ نییە لە سنوورەکانی بانە هەواڵی تەقەکردن، کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران بڵاونەکرێتەوە. لەو ماوەدا زیاتر لە 30 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون (هەشت کوژراو و لانیکەم 23 بریندار). هەڵبەت نەک ئەوەی لە سنوورەکانی تر کوشتاری کۆڵبەران راگیرابێت، لە شوێنەکانی تریش بەردەوامە هەر لە باکووریترین خاڵی سنووری رۆژهەڵات لە پارێزگای ورمێ تا پارێزگای کرماشان.
ئەوەی کوشتاری بەربڵاوی ئەمجارەی کۆڵبەرانی لە بانە جیاکردووەتەوە، بوونی فەرمان و هەڕەشەیەکی پێشوەختەیە لە لایەن فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران.
ئەحمەد عەلی گودەرزی فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران لە سەرەتای مانگی ئاگوست لە سەردانێکدا بۆ بانە فەرمانی کرد بە داخستنی سنووری نێوان حەوتاش و بڕوێشکانی بۆ ماوەی دوومانگ و هەڕەشەی ئەوەشی کرد، کە وەڵامێکی رووخێنەر دەدەنەوە بەو کەسانەی لەو سنوورانەوە دەپەڕنەوە گوێ بەو فەرمانە نادەن.
ئەم تیرباران و گولـلەبارانکردنە سەحرایی و گیانکێشانە بێ دادگایی کردنە، نوێ نییە و تراژیدیای کوشتنی کۆڵبەران ئەوەندە ئاشنا بووە بە ژیانی کورد کە زۆر جار وەک هەواڵێکی رۆژانە و کەم بایەخ و سواو زۆر دەزگای راگەیاندن کاری لەسەر دەکەن.
بۆ ئەوەی هەم ئەو ئاسایی بوونەوەی ئەو کارەساتە نەمێنێت، هەم ئەو تاوانەی لەم رۆژانەدا و لە قەبارەیەکی گەورەدا لە سنوورەکانی بانە روودەدات، رابگیرێت و بکرێتە پرسێک و هەڵوێستێک بە باڵای ئەو تاوانە ببینرێت، دەبێت چی بکرێت؟
مامەڵە کردنی پێشتر و دەستبردنی پێشتر بۆ ئەو کەیسە گەورەیە تا چەند راست و لەجێدابووە؟ گەیاندن و تێگەیاندنی رێکخراوە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو تاوانە بە چ شێوەیەک بووە؟ تاچەند تاوانەکانی بەرامبەر بە کۆڵبەران بە بەڵگەوە تۆمار کراون، هەر لە ناوی کوژراوان، برینداران و کەمئەندامان بە تەواوی وردەکارییەکانەوە؟
تا هەموو ئەمانە نەدرێنە بەر نەشتەری رەخنە و خوێندنەوە و خەسارنباسی و بە شێوەی نوێ مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت وەک رابردوو ئەو کەیسە، سەرباری قەبارەی گەورەی تاوانەکە، کە هەندێک رەهەندی هەیە دەیبەستێتەوە بە پرسی پاکتاو و رەشەکوژی نەتەوەیەکیش هەروا کەمبەها و بێ بایەخ دەبێت لە چاوی ئەو رێکخراوە و ناوەندانەی کە زۆرجار لە سەر کەیسێک و پرسێکی کەسی دێنە دەنگ.
بۆیە لەم بێدەنگییە سامناکەدا بەرامبەر بە پرسی کوشتاری کۆڵبەران، ئەگەر ئەو رێکخراوانە جارێک کەمتەرخەم و بێدەربەست بن، لە خۆمەوە دەست پێدەکەم، وەک تاک، وەک رۆژنامەنووس، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها رێکخراوە کوردییەکانی ئەو بوارووە و حزب و رێکخراوە سیاسییەکانیش سەد هێندە بەرپرسیارێتی و ئۆباڵەکەیمان لە ئەستۆیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە