جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

Saturday, 17/09/2022, 21:32

3553 بینراوە


کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، نە رێکەوتە و نە لە خانەی هەڵسوکەوتەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم لەگەڵ ناوەند نشینەکان پێناسە دەکرێ!!!
١- کاتێک شیرین عەلەمهولی بڕیاریدا شەڕ لەگەڵ داگیرکەر بباتە ناو خاکی داگیرکەر و ناوەند، رژیم ئەم جەسارەتەی بە دەستدرێژی بۆ سەر ئیقتداری خۆی زانی و توندترین پەرچەکرداری لە خۆی نیشاندا و شیرینی لە سێدارەدا. 
٢- ئەگەر شێوەی کوشتنی بێ باکانە و جینایەتکارانەی ژیناش لە چوارچێوەی تێڕوانینی ناوەند بۆ ناوچەکانی دیکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەت شرۆڤە بکرێت، دەمانگەیەنێتە نەتیجەیەکی راستتر.
ژینا لەگەڵ براکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەچێت بۆ تاران. ئەوجۆرە دایکی ژینا باسی دەکات، جل و بەرگیشی لە چواچێوەی نورمەکانی رژیمدا بوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە گیریان پێداوە!!! کاتێک براکەی بە جەلادەکانی رژیم دەڵێ: تکایە خوشکەکەم نەبەن، ئێمە لێرە غەریبین، ئەو تاوانبارانە دەستی خۆیان ئاواڵاتر بینیوە تا رەفتارێکی وەحشیانەی لەو شێوە بکەن!!!
هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیەوە، وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو هەڵسوکەوتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە. لە زۆر قۆناخیشدا بۆ چاترسێن کردن و سەرکوتی ناڕەزایەتی لە ناوچەکانی دیکە ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاوانی ئەنجام داوە. 
لە پرسی کوشتنی ژینا-شدا، هەمان زێهنیەت دەوری سەرەکی بینیوە. هەروەک ئاگادارن رژیم بڕیاریداوە جارێکی دیکە لە شەخسی ژناندا، کۆمەڵگا سەرکوت و لاواز بکات، ژینا بژاردەیەکی باشە بۆ ئەو مەبەستە. کچە کوردێکە، رژیم هەروەک نەتەوەکەی ژینا، دەیەوێ بە کوشتنی ئەو، ئامانجەکەی خۆی کە سەرکوتی ژنانە، مسۆگەر بکات!!! رژیم لەم بابەتەدا تەنانەت لە سەر هاودڵی زێهنیەتی ناوەندگەراکانی ئۆپۆزیسیۆنیش حیسابی کردوە. 
باشترین پەرچەکرداریش خاوەن دەرکەوتنی گەلی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژینا و بنەماڵەکەی. پەرچەکردارێک کە رژیم لەوە تێبگات تاوانەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وا بە ئاسانی بەسەریەوە نەڕوات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە