پیلانی دێموکڕات، بارزانی و ئێران لە دژی خەباتی مەدەنی گەلانی ئێران

Friday, 23/09/2022, 11:06

3058 بینراوە


ئەمین سەحەربین

زۆر گرینگە؛ تکایە چوار خولەک کاتی خۆت تەرخان بکە بەم وتارە. 
"عەلیە مشکەی کەوپەڕ" و دابەستەکانی بارزانی
کەوپەڕ دێیەکی خۆشە لە بناری قەندیل جادەی پیرانشار- سەردەشت.
تا لەم دێیە شەڕێک ساز دەبوو، برایم ئاغای دێیەکە بە خەڵکی دەکوت عەلیە مشکەی بگرن شەڕەکە بۆخۆی کۆتایی دێت.
عەلیە مشکە کابرایەکی فیتنە و ئاژاوەچی بوو. 
تا لەم دێیە شەڕێکی نێوخۆیی هەڵدایسا، عەلیە مشکە دارێکی شیلان یان دڕدووکی دەبڕی و سەرێکی لوس دەکرد و سەرەکی دیکەی وەک خۆی بە دڕوەکانی دەهێشتەوە.  
دەچۆ ناو شەڕەکە و بە لای دڕوەکانی یەک دانەی لە دەم و چاوی یەکێک لە بەشەڕهاتوەکان دەدا.
دەم و چاوی کابرا بە خوێن سوور هەڵدەگەڕا و شەڕەکە بە ئاقارێکی توند و خوێناوی دا دەسوڕا. لەم کاتە دا عەلیە مشکە خۆی دەشاردەوە.    
 بەڵام لایەنەکانی شەڕکەر بە داس، تەور و خەنجەر دەکەوتنە گیانی یەکتر...
...نزیک ساڵێک بو کە لەم دێیە هیچ شەڕێک ڕووی نەدابو. ڕۆژێک عەلیە مشکە دەبێنێ لە دێیەکی ئەوبەری چۆم بە ناوی "کانی سێو" شەڕە.
عەلی بە غار دان خۆی دەگەیێنێتە شەڕەکە. داری دڕواوی لە دەم و چاوی یەکیان دەدا. دەم و چاو بە خوێن سوور هەڵدەگەڕێن. 
دەستبەجێ برای بریندارەکە خەنجەرێک لە زگی عەلیە مشکە دەدات، ڕیخۆڵەکانی دەکەونە سەر زەوی. عەلیە مشکە هەر لەوێ دەمرێ. ئیتر خەڵکی کەوپەڕ لەم بەڵایە ڕزگاریان دەبێ.
هێندێک حیزبی ئاژاوەچی کە لە سەر خوانی بارزانی دەژین. ئەم ڕۆڵەی عەلیە مشکە لە ڕۆژهەڵات دەگێڕن. 
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەهاری ١٩٧٩ لە شاری پێکەوە ژیانی کورد و تورکی نەغەدە، بۆ خۆنیشاندان و ترساندنی تورکەکانی نەغەدە میتینگێکی چەکداری لە ناوچەی تورک‌نشینی ئەم شارە بەڕێوە برد. 
بە وتەی سەعید کوێستانی ئەم میتینگە زۆرتر لە مانۆڕی سەربازی دەچو. هەمو جۆرە چەکێکیان هێنابو. پێش میتینگ ڕێپێوانی گەورەی چەکداریان لە ناو شار دا کرد.  
چەند تورک وەک کاردانەوە لە حەساری ماڵی خۆیان چەند تەقەی هەواییان کرد.
 کورد و تورک تا ئەو ساتە ژن و ژن‌خوازیان لە یەکتر دەکرد و زۆریان ببونە خاڵ و خوارزا.
ئیتر کورد و تورک بەربونە گیانی یەکتر.
 هەر کوردێکی چەکدار کڵاو حەجەمیەکی دیبایە دەیکوشت. هەر تورکێکی چەکداریش پێچ و کڵاو لەسەرێکی دیبایە دەیکوشت. حیزبی دێموکڕات وەک عەلیە مشکەی کەوپەڕێ شەڕەکەی هەڵایساند و لە شار هەڵات. کوژران و گیران و ئاوارەیی بو بە چارەنوسی کوردانی دانیشتوی نەغەدە. ئێستاش ئەم برینە ساڕێژ نەبوە. 
چل و سێ ساڵ دوای ئەم کارەساتە ڕێڕەوانی هەمان حیزب بە ڕێنوێنی مەسعود بارزانی کە ئەو کات جاشی ئێران بو و سەدان پێشمەرگەی دێموکڕاتی کوشتبون، بۆ بە لاڕێ دابردنی شۆڕشی ئازادیخوازانەی گشت گەلانی ئێران خەرێکە هەمان ڕۆڵی دوشمنایەتی گەلان دەگێڕێ. 
لەم کاتە دا کە هەمو گەلانی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازدی"  خەباتی مەدەنی دەکەن. ڕژێمیش لە ئاست ئەم خەباتە دا لە شکان و پاشەکشە دایە. 
حیزبی دێموکڕات بە فیتی بارزانی و دەوڵەتی ئێران دەیهەوێ ئەم خەباتە لە شکڵی مەدەنی بخاتە حاڵەتی شەڕی چەکداری. ئەویش تەنیا لە ناوچەیێکی بچوکی کوردستان. 

ئامانجی ئەم گێرەشێوێنیە چیە؟

١- ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ئێران لە جیاخوازی کوردەکان. 
٢- ترساندنی تورکەکان کە زۆرترین تێکەڵاوی جوغڕافیان لە گەڵ کوردەکان هەیە.
٣- ڕەخساندنی بەهانەی سەرکوتکردنی خوێناوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە هەمو جۆرە چەکێک.  

چی بکەین؟ چارە چیە؟ 

عەلیە مشکەی بگرن.
 با خەباتی مەدەنی و ئازادیخوازی سەرسەری ئێرانیەکان نەبێتە شەڕی کورد و تورک و .... 
 با ئەم خەباتە مەدەنیە جوانە ئامانجەکانی خۆی بپێکێ. پیلانی هەلپەرەستان پوچەڵ بکەینەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە