کوردستانپۆست ئەم پرسیارانە ئاڕاستەی کاک سەباحی غالبی دەکات

Saturday, 24/09/2022, 13:48

7423 بینراوە


لە کوردستانپۆستدا نووسینێک دەربارەی کاک سەباحی غالبی کە لە لایەن کاک سەردار پشدەرییەوە بە ناونیشانی راوێژکارەکەی دەزگای پاراستن سەباحی غالبی بناسن . بڵاومان کردەوە.
لەو بارەیەوە ژمارەیەک نامە، وتارو پەیوەندییمان پێوە کراوە، تێکڕا بیروڕاو کاردانەوەی جیاوازیان لەسەر کەسەکان و بابەتەکە هەیە، بۆیە ئێمە وامان بە باش زانی، کە لەو نووسراوانەی بۆمان هاتوون نامەیەکی کراوە ئاراستەی کاک سەباحی غالبی بکەین بۆ ئەوەی لە لایەکەوە پرسیار و گومان و رامانی خوێنەران یەکلا ببێتەوە، لە لایەکی تریشەوە کاک سەباح دەرفەتی ئەوەی هەبێت وەڵامی خۆی و بەرگری لە خۆی بکات، کە ئەوەی راستییە لە زمانی خۆیەوە بیخاتە بەرچاوی خوێنەران، تا ئەو تۆمەت و قسانەی گوایە هەڵبەستراون جیایان بکاتەوە.
ئەمانەی خوارەوەش ئەو پرسیارانەن کە کوردستانپۆست لە نامەکان و نووسینەکەی کاک سەردارەوە دەریهێناون و  ئامادەی کردون. هیوادارین بە زووترین کات کاک سەباحیش وەڵامیان بداتەوە:

پرسیاری یەکەم:

کاک سەردار پشدەری ئێوەی تاوانبار کردووە، کە داواتان لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و پێشنیاری ئەوەتان بۆ کردووە ببێتە پارتیی و پاراستن!
ئایا شتی وا بووە یان نا!؟ لەسەر ئەمە قسەتان چییە؟

پرسیاری دووەم:

کاک سەردار پشدەری تاوانباری کردوون، کە ئێوە راوێژکاری دەزگای پاراستننن و موچەی خانەنشینی ئەو دەزگایە وەردەگرن!؟
ئایا  ئێوە خانەنشینی لەو دەزگایە، یان لە پارتی مووچە یاخود خانەنشینی وەردەگرن!؟ ئەگەر وەڵامەکەتان (بەڵێ)یە، تکایە روونی بکەرەوە بۆ کام پیشە ئێوە ئەوخانەنشینیە وەردەگرن؟ هەروەها باسی بکە، چەند ساڵ ئەو پیشەیەتان هەبووە و کارت تێدا کردووە، کە بە دوایدا خانەشین کراون؟

پرسیاری سێیەم:

چەند کەسێک لەوانەی پەیوەندییان پێوە کردووین، گومانیان دەربارەی دکتۆراکەتان هەیە!، دەیانەوێت بزانن، ئایا دکتۆراکەی ئێوە لە چ بوار و بەشێکدا بووە و لە چ وڵاتێکدا هێناوتانە؟ لە کامە زانکۆ بووە، هەروەها نامە و تێزی دکتۆراکەتان لە چیدا بووە؟ بە کام زمان نووسراوە؟ تکایە لەو بارەیەوە لینک و بەڵگەی تەواومان پیشان بدە!

تێبینی:

 ئەگەر وەڵام و روونکردنەوەی دیکەتان دەربارەی قسەکانی کاک سەردار پشدەری هەیە، بێگومان ئازادن و بە بێ سانسۆر ئێمە بۆتان بڵاو دەکەینەوە، واتا بۆ وەڵام و روونکردنەوەی بەدەر لەو پرسیارانە دەرگامان لەسەر پشتە.

ستافی کوردستانپۆست


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە