بەراوردێک لە نێوان موحەممەد و ئەبولحەکەم

Friday, 23/09/2022, 20:33

3084 بینراوە


ـ ناوی ئەسڵی ئەبولحەکەم «عەمری کوڕی هیشامی مەخزومی»یە و لە گەورەپیاوانی بەنی مەخزوم بوو. بەهۆی ئاستی بەرزی هۆشیاری و زیرەکییەوە، نازناوی «ئەبولحەکەم»، واتە «باوکی حیکمەت و ژیریی»یان لێنابوو. وەلێ پەیامبەری ئیسلام و موسوڵمانان، ناتۆرەی «ئەبو جەهل»، واتە «باوکی نەزانیی»یان لێنابوو.!
یەکەمین بەراورد ئەمەیە کە:
ئوسوەی حەسەنەی موسوڵمانان، دوژمنی خاوەن پێگەی خۆی بە دەستەواژە و نازناوی نزم و نادروست وەسف دەکا؛ ئەمما بەڵگەیەک بۆ ئیشێکی لەوشێوە بەدی ناکەین لەلایەن ئەبولحەکەمە ڕووی دابێت.
دووهەم:
ـ ئەبولحەکەم سەرەڕای ئەوەی لەسەردەمی خۆیا خاوەنی دەموچاوێکی دیار و پێگەیەکی بەرز و زیرەکی و لێھاتووییەکی باش بووە، هیچکاتێ بانگەشەی پەیامبەرێتی و سەرمەشقبوونی نەکردووە و ڕێگەی ئەوەی بەخۆی نەیاوە بەناوی خوایێکەوە کۆمەڵێ ماف بۆخۆی تەرخان بکات، وەکو موحەممەد لە زۆریک لە ئایەتەکانی قورئانا بۆ خۆی داناوە.!
سێھەم:
ـ ئەبولحەکەم خزم و قەومی خۆی ڪۆ نەکردەوە تاکو لەژێر ناونیشانی جیھاد، دەست بە تاڵانکردنی کاروان و دارایی خەڵک بکات، وەکو ئەوەی موحەممەد ئەنجامی دا. بە پێچەوانەوە ئیشی ئەبولحەکەم بازرگانی بووە و لە ماڵ و گیرفانی خۆی بەخشیویەتەوە و هاریکاری خەڵکی کردووە.
چوارەم:
لەهیچ شوێنێکا نەبینراوە ئەبولحەکەم وێڕای هێز و زیرەکییەکەی خۆی پەیامێک هاوشێوەی ئایەتی پەنجای سوڕەتی ئەحزاب ڕاگەیەنێ تاکو هەرکات ئافرەتێ پێیخۆشبوو خۆی پێشکەش بکا؛ پاشان لە کۆتایی پەیامەکەیا بڵێ بۆیە ئەوەم کرد تاوەکو لە تەنگژەیا نەمێنمەوە.
پێنجەم:
ـ لە مێژووی ئەبولحەکەمدا نابینی ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ سەردانی کوڕە پەیمانییەکەی، یا تەنانەت کۆیلەکەی خۆی چووبێت و حەزی چووبێتە سەر ژنەکەی و بە هاوسەری خۆی دەرهێنابێ و لەپاشاندا بڵێ ئەوە خواستێکی ئیلاهی بوو.!
شەشەم:
ـ ئەبولحەکەم تایفەی بەنی مەخزومی ڪۆ نەکردەوە تاکو هاوشێوەی پەیامبەری ئیسلام و دارودەستەکەی سوکایەتی بە باوەڕ و هێمای پیرۆزی خەڵکانی تر بکەن.
حەوتەم:
لەهیچ شوێنێکی مێژووی ژیانی ئەبولحەکەمدا نابینن خۆی و گەورەپیاوانی تایفەکەی دانیشن و دەستە دەستە پیاوە دیلکراوەکانی بەرەی دوژمن بھێنن و لە ملیان بدەن و پاشان ژن و مناڵەکانیان ببەن بۆ شام و یەمەن و بیانفرۆشن.!
هەشتەم:
ئەبولحەکەم فەرمانی بەوە نەدابوو کە ئەگەر تاکێکی ناو قەوم و عەشرەتی خۆی لە پیرۆزییەکانی هەڵگەڕێتەوە مەحکوم بە مەرگ ئەبێت. تەنات ئەگەر کۆیلەیەک ئایینی ئەوانی بەجێھێشتبایە بە وەرگرتنی پارە ئازادیان دەکرد. بەپێچەوانەی موحەممەد کە دەستور بە کوشتنی هەڵگەڕاوەیەکی وەک عەبدوڵڵای کوڕی سەعدی کوڕی ئەبی سەرحی بدات، هەتا ئەگەر خۆیشی بە قوفڵی کەعبەوە هەڵواسی بێت.!
نۆهەم:
لە هیچ شوێنێکی مێژووی ئەبولحەکەمدا نابینی شاعیرێکی تیرۆر کردبێت لەسەر ئەوەی ڕەخنەی لە بیرکردنەوەکانی گرتووە. وەکو پەیامبەری ئیسلام ئافرەتێکی شاعیری بەناوی «عەسمای کچی مەروان»ی لەشەودا تیرۆر کردووە و کوشتووە، تەنیا لەسەر ئەوەی ڕەخنەی ئاڕاستەی موحەممەد و ئایینەکەی کردووە.!
دەهەم:
ئەبولحەکەم پێیناخۆش نەبوو بەناوی دایکییەوە بانگی بکەن، لەو ڕووەوە کاتێ بە «ئیبنی حەنزەلە» بانگیان ئەکرد دڵگران نەئەبوو. بە پێچەوانەی موحەممەد کە لەم بابەتەیا باوکی لەسەرتر دانابوو نیسبەت بە دایک، وە ئایەتی پێنجەمی سوڕەتی ئەحزابی وەک یاسایەک هێنایەوە کە مناڵەکانتان بەناوی باوکیانەوە بانگ بکەن.
یانزەیەم:
ئەبولحەکەم هیچکات فەرمانی بەوە نەدابوو ژنان لە ماڵەکانی خۆیانا زیندانی بن. بە پێچەوانەی موحەممەد کە بەهێنانەوەی ئایەت و فەرموودە داوا لە نیوەی تاکەکانی کۆمەڵگە ئەکا تاعەت و عیبادەتەکانیان لە ماڵەکانی خۆیانا ئەنجام بدەن و دەستێوەردانی سیاسەت و کاروباری دەوڵەتی نەکەن و لە خواروترین بەشی ماڵەکانیانا جێگیر ببن.
دوانزەیەم:
سەرەڕای ئەوەی ئەبولحەکەم خاوەنی هێز و دەسەڵات بووە، وەلێ هیچکاتێ ڕەوایەتی بە لێیانی ئافرەتان نەدابوو، وە بەعینوانی یاسایەکی قەومی و خێڵەکی و ئەبەدی نەیناساند. بە پێچەوانەی پەیامھێنی ئیسلام کە دەستوری بە پیاوانداوە تاکو بەبینینی سەرپێچیکردنی ژنەکانیان لێیان بدەن، ئەمما ژنان ڕێگەی ئەوەیان پێنەدراوە بەو ئەرکە هەستن.!
سیانزەیەم:
ئەبولحەکەم هیچکاتێ لەگەڵ جووەکان و مەسیحییەکان و بڕوادار بە ئایینەکانی تر، ئاگری شەڕی هەڵنەگرساندبوو و جزیە و سەرانەی لەسەریان واجب نەکردبوو. بە پێچەوانەی موحەممەد کە لەسوڕەتی تەوبەدا فەرمانی بە جەنگکردن دژی ناموسوڵمانان داوە و بەمەرجێ ڕێگەی بە ئاییندارێتی و هێشتنەوەی ئایینی ناموسوڵمانان داوە ڪە سەرانە بدەن.!
چواردەیەم:
ئەبولحەکەم وێڕای هەبوونی هێز و دەستڕۆیشتوویی لەنێوان هۆزەکەیا، فەرمانی بەوە نەدابوو کە خوێن و ماڵی خەڵک بۆی حەڵاڵە تا ئەودەمەی باوەڕی پێدەکەن و بەڕاستی دەزانن. بە پێچەوانەی موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا کە خوێن و دارایی خەڵکی بۆخۆی حەڵاڵ کردبوو تا ئەو کاتەی شایەتومانی پێدەھێنن بەوەی نێردراویی ئەڵڵایە و پاشان نوێژ بکەن و زەکات بدەن.!
پانزەیەم:
ئەبولحەکەم هێچکاتێک پێچەوانەی یاساکانی هۆز و عەشرەتی خۆی ڕەفتاری نەکرد. لە حاڵێکا موحەممەد بە لێخۆشبوون لە بکوژێکی وەک «ئوسامەی کوڕی زەید» کە بە نەوەی دائەنرا، ئەوەمان پێ ئەڵێ کە یاسایەکی قورئانیی کە سەبارەت بە قیساس و تۆڵەسەندنەوەیە پێشێلی کردووە و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە خوێنی مرۆڤێکی بەفیڕۆ داوە.
شانزەیەم:
ئەبولحەکەم هیچکاتێک ژبۆ قازانجەکانی خۆی، پەیمانی عەشیرەتی و قەبیلەیی خۆی لەژێر پێ دانەنا و لەتەک بیانییەکانی شارێکی تر، دژی خەڵکی شارەکەی خۆی هاوپەیمان نەبوو.
حەڤدەیەم:
ئەبولحەکەم هیچکاتێک لە مامەڵە و سەودایا شایەتیی درۆی قبووڵ نەکردووە، هەتا ئەگەر بە سوودیشی بووبێت. بە پێچەوانەی موحەممەد کە شایەتی درۆزنێکی وەک «خوزەیمەی کوڕی سابتی ئەنساریی» قبووڵ کردووە، بەبێ ئەوەی بە پێنج هەستەکەی بینیبێتی، لەبەر ئەوەی بە قازانجی بووە.!
ـ موحەممەد مامەڵەی ئەسپێکی کرد لەگەڵ ئەعرابییەک و چووەوە بۆ ماڵەوە تاکوو پارەکەی بۆ بھێنێت. لەم ماوەیا فرۆشیارەکە پەشیمان بووەوە و وتی بەو نرخە پێم نەفرۆشتوویت. موحەممەد وتی درۆ ئەکەی. پاشان خوزەیمەی کوڕی سابت شایەتی بۆ موحەممەد دا کە ڕاست ئەکات. موحەممەد وتی: چۆن شایەتی ئەدەی کە لەگەڵی نەبووی.؟ خوزەیمە وتی: ڕاست ئەکەی نێردراوی ئەڵڵا، وەلێ ئەوەی دەیڵێیت بە ڕاستی ئەزانم و ئەزانم هیچ قسەیێک ناکەی ئیللا حەقە. پاشان موحەممەد وتی: ئەوەی خوزەیمە شایەتی بۆ بدات چ بە سوودی بێت و چ لە دژی بێت، بەسیەتی.! واتە شایەتی خوزەیمە بە دوو شایەت هەژمار دەکرێت.
ـ روى الحاكم في "المستدرك" (2188)، والبيهقي في "السنن" (20516) والطبراني في "المعجم الكبير" (3730) ، وابن أبي شيبة في "مسنده" (19)، من طريق مُحَمَّد بْن زُرَارَةَ بْنِ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ خُزَيْمَةَ بْنِ ثَابِتٍ، حَدَّثَنِي عُمَارَةُ بْنُ خُزَيْمَةَ، عَنْ أَبِيهِ خُزَيْمَةَ بْنِ ثَابِتٍ : " أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ابْتَاعَ مِنْ سَوَاءَ بْنِ الْحَارِثِ الْمُحَارِبِيِّ فَرَسًا فَجَحَدَهُ فَشَهِدَ لَهُ خُزَيْمَةُ بْنُ ثَابِتٍ فَقَالَ لَهُ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «مَا حَمَلَكَ عَلَى الشَّهَادَةِ وَلَمْ تَكُنْ مَعَهُ؟» قَالَ: صَدَقْتَ يَا رَسُولَ اللَّهِ، وَلَكِنْ صَدَّقْتُكَ بِمَا قُلْتَ وَعَرَفْتُ أَنَّكَ لَا تَقُولُ إِلَّا حَقًّا، فَقَالَ: «مَنْ شَهِدَ لَهُ خُزَيْمَةُ أَو شهِدَ عَلَيْهِ ؛ فَحَسْبُهُ».
وحسنه الحافظ ابن حجر في "تخريج أحاديث المختصر" (2/19) وقال:
" هذا حديث حسن، ومحمد بن زرارة قال الذهبي في مختصر السنن: " لم أر له ذكرًا في الضعفاء ولا أعرفه ".
هەژدەیەم:
ئەبولحەکەم هیچکاتێک زەوی و زار و موڵک و ماڵی ئەو خەڵکانەی داگیر نەئەکرد کە لە جەنگدا ئەترسان و فراریان ئەکرد. بە پێچەوانەی موحەممەد کە لەژێر ناوی «فَیء» سەرلەبەری سەرمایە و دارایی هەڵهاتووانی جەنگەکانی بۆ خۆی و خێزان و دەستکورتەکانی دائەنا.
نۆزدەیەم:
ـ ئەبولحەکەم سەرەڕای ئەوەی پیاوێکی سەرناس و خاوەن پێگە بوو لەناو هۆز و قەبیلەکەی خۆیا، وەلێ هیچکاتێک نازناوی «أمّ العَرَب»ی لە ژنەکانی نەنا تاکوو ببێتە بەربەستێک بۆ ئەوەی پاش مەرگی نەکارن هاوسەرگیری بکەنەوە. بە پێچەوانەی موحەممەد کە ناوی «أمّ المُوْمِنِین»ی لە ژنەکانی نا و بووە سەبەبی ئەوەی هاوسەرەکانی کە تەمەنی زۆرینەیان لەنێوان سـی بۆ پەنجا ساڵ بوو ناچار بن تا کۆتایی ژیانیان بە تەنھایی بمێننەوە.
بیستەم:
ـ ئەبولحەکەم سەرەڕای هەبوونی هۆشیارییەکی بەرز و توانست و دەستڕۆیشتوویی خۆی، هیچکاتێک یاسایەکی دانەنا کە ئافرەتانی «بەنی مەخزوم» نەکارن بە تەنیایی سەفەر بکەن. لە حاڵێکدا پەیامبەری دڵپیسی ئیسلام لە ڕێگەی دانانی یاساوە، چوونەسەفەری خانمانی قەدەغە کردووە، مەگەر ئەوەی هاوسەر یا مەحرەمێکی خودی ئافرەتەکەی لەگەڵدا بێت.!
بیست و یەکەم:
ـ لە کوێی ژیانی ئەبولحەکەمدا بینراوە نازناوی «شمشێری خوا»ی لە یەکێک لە سەرباز و پیاوەکانی نابێت، بە تایبەت ئەگەر ئەو سەربازە، خوێنی هاوبیرێکی بە ناهەق ڕشتبێت؟ بەپێچەوانەی موحەممەد کە نازناوی «سَیفُ‌اللّە»ی لە مرۆڤکوژێکی وەحشیی وەکوو «خالیدی کوڕی وەلید» نا؛ لە حاڵێکدا خالیدی کوڕی وەلید دوای موسوڵمانبوونی، هەموو پیاوانی موسوڵمانی قەبیلەی «بەنی جوزەیمە»ی کوشت، لەبەر ڕقێکی شەخسیی کە لە نێوانیاندا هەبوو! ئەمما پەیامبەری ئیسلام لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا، فەرمانی بە قیساسی خالید نەدا و تەنیا دییەی کوژراوەکانی دا و لە تاوانی خالید خۆش بوو، پاشان سێ جار ئەم دوعایەی خوێند و وتی: ئەڵڵاکەم، ئەمن بێزارم لەوەی خالید ئەنجامی دا.
«اللهم إني أبرأ إليك مما صنع خالد.» رددها ثلاثا. ❪رواه البخاري: ۷۱٨۹❫
بیست و دووەم:
ـ ئەگەر ئەبولحەکەم بە بکوژی «یاسر و سوومەییە» دابنرێت، کە دوو لە مەوالی و کۆیلەکانی بەنی مەخزوم بوون، ئەوا موحەممەدیش کەسانێکی زۆری وەک «کینانەی کوڕی ڕەبیع»ی ئەشکەنجە داوە و کوشتوونی.
بیست و سێیەم:
ـ ئەگەر وتراوە ئەبولحەکەم دستووری تیرۆری موحەممەدی داوە، کە ڕاستی و ناڕاستییەکەی دیار نییە، ئەوا موحەممەد دەستووری تیرۆری زۆرێک لە بەرهەڵستکارەکانی خۆی وەک: «کعب بن أشرف، إبن أبی الحقیق، أبو عفک» و کۆمەڵێکی تر داوە و جێبەجێی کردووە و کۆی مێژوونووسە موسوڵمانەکان ئاماژەیان پێ کردووە.
بیست و چوارەم:
ـ ئەبولحەکەم هیچکاتێک پێگەی ئافرەتانی بە نزم و نەوی و کەم نەدەزانی و حوکمی ئەقڵسووکی و شەرمگە (عەورەت)ی بۆ دەرنەدەکردن و بە هێمایێکی خراپەی وەک شەیتان نەدەچواندن. تەنانەت ئافرەتانێکی وەکوو «أُم الجلاس» کە پوری ئەبولحەکەم بوو لە دایکەوە، ئەوەندە شایانی ڕێز بوون کە پەیماننامەی ئابڵۆقەی ئابووریی قوڕەیشیان بەو سپاردبوو، نەک هاوشێوەی موحەممەد کە بەپێی گێڕانەوەکان، وتوویەتی: کۆمەڵگەیێک کە ئافرەتان تیایدا خاوەنی دەسەڵات بن و لەلایەن ئەوانەوە ڕێبەرایەتی بکرێت، سەبەبی بەدبەختی خەڵکەکەی دەبێت!
هەر لەبەر ئەوەشە، کە یەکێک لە مەرجەکانی بوون بە خەلیفەی موسوڵمان، نێرینەبوونی بەربژێرەکەیە و بە درێژایی مێژووی دەوڵەتانی ئیسلامی، هیچ ئافرەتێک نابینرێت کە ڕێبەری موسوڵمانان بووبێت.
ـ عَنْ أَبِي بَكْرَةَ رضي الله عنه قَالَ :
( لَقَدْ نَفَعَنِي اللَّهُ بِكَلِمَةٍ سَمِعْتُهَا مِنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَيَّامَ الْجَمَلِ بَعْدَ مَا كِدْتُ أَنْ أَلْحَقَ بِأَصْحَابِ الْجَمَلِ فَأُقَاتِلَ مَعَهُمْ . قَالَ : لَمَّا بَلَغَ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنَّ أَهْلَ فَارِسَ قَدْ مَلَّكُوا عَلَيْهِمْ بِنْتَ كِسْرَى قَالَ : لَنْ يُفْلِحَ قَوْمٌ وَلَّوْا أَمْرَهُمْ امْرَأَةً )
رواه البخاري (4425)، ورواه النسائي في " السنن " (8/227) وبوب عليه النسائي بقوله : "النهي عن استعمال النساء في الحكم " انتهى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە