رووسەری

Friday, 23/09/2022, 20:44

4541 بینراوە


(روسەری) یان سەرپۆش، کە بە زمانی فارسی هەر سەرپۆشی پێدەڵێن، ئەو پارچە پەڕۆیەی کە هەمووان ئەزانین، چۆن و کەی و بە چ یاسایەکی جزیرەی عەرەبی، خۆی هاویشتۆتە نێو کولتوری گەلانێکی وەکو فارس و کوردەوە؟ پیاوانی ئایینی فارسی شیعە مەزهەب و کوردی سوننە مەزهەبیش خەریکن بە ستەم و زۆرە ملێ یان مێشک شۆردنەوە، سەرپۆش ئەکەن  بە ناسنامەی ئەم میللەتانە.
زۆر بەر لە سەردەمی سەرپۆش پۆشین،  کورد و فارس، یەکێک بوون لەو میللەتانەی کە لە خاوەنە بنەڕەتییەکانی، ئەم سەر زەمینەی ئێران و عێراقی ئەمڕۆ بوون. چونکە بە گەڕانەوەیەکی خێرا، بۆ ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوپێش، دەگەینە لای ئیمراتۆری ماد و ٢٥٠٠ ساڵیش پێش ئێستا ئەگەینە بەردەم ئیمراتۆری فارسی. ئیمراتۆری فارسی کە وەکو یەکێک لە هەرە شارستانییەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ناوزەد دەکرێ. وەکو سیستمێکی جیهانی، خۆی نوواندووە لە کاتی خۆیدا، کە هەموو مرۆڤایەتی سودی لێ ببینێت. بەڵام ئەمڕۆ وەچەکانی بوون بە پۆلیسی ئەخلاق و لە سەر (سەرپۆش) ئامادەن گوڵی تەمەن بیست و دوو  بەهار بە دارکاری هەڵوەرێنن. ئاخر لە کوێ دیووتە لانکەی شارستانی مرۆڤڵیەتی، ببێ بە پارێزەری یاسایەکی دواکەوتووی، بە دەر لە هیچ فەلسەفەیەک، زۆر نا مرۆڤانەی، جزیرەی عەرەبی. تۆ دیقەت بە لانکەی شارستانییەت و سەروەری مرۆڤایەتی لە سەر خاکی ئێران و میزۆپۆتامیا، ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو سەدەیە، لە ئێران بە دارکاری لەچک ئەسەپێنرێ و لە عێراق و کوردستانیش بە مەراسیمی مێشک شۆردنەوەی کچان، بە ناوی فیستیڤاڵی پاڵاپۆشی. مێژووناسی تەنها بۆ لەبەرکردنی ئەو بەروار و ڕووداوانە نەنووسراوەتەوە. ئەمڕۆ مێژوو مادەیەکی خاوە بۆ لێکۆلینەوە لەو دۆخەی مڕۆڤی جێگەیەکی دیاریکراوی تێکەوتووە. گەر تەنها بیر لە لێشاوی هاتنی داگیرانی ئیسلامی، لە ساڵانی ٦٠٠ ەکانی زایینیدا، بۆ ناوچەی باشوری عێراق و ئێرانی ئەمڕۆ و کوردستان بە گشتی بکەینەوە. لە پاش شەڕ و شۆڕی خوێناوی و سەرکەوتنی سوپای ئیسلامی لە کۆتاییدا و سەپاندنی یاسا کلتوری و کۆمەڵایەتی و هزرییەکانی جزیرەی عەرەبی، لە فۆرمێکی ئایینیدا، ئیتر بە ڕوونی ئەزانین لەم ناوچانەدا، چی لێکەوتۆتەوە؟ لێرەوە مێژوو بە تەواوەتی ئاراستەی ئەگۆڕێ و پاشخانی ئەو شارستانییانە، ژێر گڵ ئەخرێ و عەقڵییەتێک بە دڵی سیستمی تازەی ئیسلامی و کولتوری عەرەبی، لاپەرەکانی مێژوو بۆ ئەم میللەتانە، ڕەش ئەکاتەوە. ئیتر بۆ لەمەودوا، یاسا و ڕێساکانیان ئەسەپێنن. یەکێک لەو دیاردانەی بە لای ئایینزاکانەوە بووە پێویستییەک بۆ مانەوەی خۆیان، شەڕی سەپاندنی سەرپۆشە. 
سەرپۆش لە کوردیدا و لە فارسیشدا، به نزیکی هەمان مانا دەبەخشن. واتا تۆ پارچە بەڕۆیەک بێنی و سەر و ڕووی ژنان و کچانی پێ داپۆشی. داپۆشینی سەر و قژی مێینە، یەکسان کراوە بە ڕەوشت، ئیتر لە ژێرەوە بە ناداپۆشراوی هەرچییەک بکەی یان نا گرنگ نیە. لە ئەسڵدا بەڕەوشتە یان نا، دیسانەوە گرنگ نیە. ئەوەی گرنگە بۆ وڵات و ئایینزاکان وسیستمە ئایینییەکە،  پاڵاپۆشی ڕووکەشە. پاراستنی سیما ئایینییەکەی کۆمەڵگایە.
خودا ئەگەر دروست کەری مرۆڤەکانە، ئەوا پیاوانی ئایینی یەکەم کەسن کە سیفەتی خولقێنەری مرۆڤ لە خودا دەسێننەوە. چونکە خودا لە کتێبە ئاسمانییەکانی خۆیاندا دەڵێت، مرۆڤەکانمان لە باشترین و جوانترین و بەهرەدارترین شێوە دروست کردووە. بەڵام کاتێک بانگخوازێکی دەڵێت، لەزەتی سێکسی ئافرەت دەبێ کەم بکرێتەوە، خەفە بکرێت، بە بڕینی بەشێکی ئەندامی زاوزێی (خەتەنەکردنی)، ئەوا ناڕاستەوخۆ بە خودا ئەڵێت تۆ مێینەت خراپ دروست کردووە، وا خەریکین بۆت ڕاست ئەکەینەوە. ئەو پێی وایە ئەم کارە بۆ پاراستنی ڕوشتی ئافرەتەکان باشە، وەکو ئەوەی خودا ئافرەتانی بە بێ ڕەوشتی دروست کردووە. ئەمڕۆش لە ئێران لە سەر پەرچەم داپۆشین، کچێک بە دار و کوتەک ئەکوژرێ. ڕۆژێک تێزاب ئەکرێ بە پوز‌ و قاچی کچاندا و ڕۆژێکیش ڕێگەی بازاریان لێ حەرام ئەکرێ. بانگخوازێکیش داوا دەکات کارەکانی دەرەوەیان لێ بسێننەوە و بیانخزێننە ماڵەوە، تا پیاوان هەلی کاریان بۆ دروست بێت. من تێناگەم خودا بۆچی سەر و قژ و دەماری هەستەوەری چێژی سێکسی لە مێینەدا چاندووە. تۆ بڵێی ناسکی و جوانی سەروسیما و قژی درێژ و هەست و سۆزی خۆشەویستی و ئارەزووی سێکسی، بە زیادە بەخشیبێتە مێینەی مرۆڤ؟ ئەگەر وایە خودا کاری چیە بەم کارە زیادەیە و ئەم ئەرکە بۆ ئەخاتە ئەستۆی خەلیفە و موراقیبەکانی لە سەر زەوی؟ ئایا ئیشی ئەم موراقیبانەی ئەخلاقە، تا ئەو زیادەڕۆییانەی خودا لاببەن و مرۆڤایەتی تووشی ستەم و دەردەسەری بکەن؟ 
ژینا ئەمینی کوژراو پێی وتین، کە ژینی مێینەکان، لە سایەی وەها عەقڵییەتێکدا، چیدی لە دەستی ئەمیندا نیە. بیرێکی تەواو دواکەوتوو، پیاوانە، پیاو دەست کرد، پیاوسالار، سەحرایی. ئەو بیرەی نە لە خەیاڵکردنەوە و نە لە نووسینەوە  و نە لە سەپاندنی هیچ ڕۆڵێکی مێینەی تێدا نیە. چونکە مادام خوداکان و پەیامبەرەکان هەموو پیاون، مادام نووسین و نووسەری کتێبەکان هەموو پیاون، مادام سەپێنەر و چاودێریکەرانی یاسا ئاسمانییەکانیش هەر پیاوەکانن، کەوابێ ئەم یاسایانە یاساگەلێکی پیاوانەی پڕ بە دڵی پیاوان داڕێژراون. کەواتا ئەو یاسایانە هیچ ڕۆڵێکی ئافرەتان لە داڕشتن و داهێنانیندا نیە و یاساگەلێکن کە لە لایەن نیوەی مرۆڤەوە کە نێرینەکانە، داهێنراون و سەپێنراون بە سەر نیوەکەی دیکەی مرۆڤ کە مێینەکانن. مرۆڤایەتی پێویستی بە یاساگەلێکە کە بۆ مرۆڤ بێ بە گشتی و مرۆڤەکانیش پێویستییان بە خودایەکە ئەرک و پاداشتی بۆ مروۆڤەکان بە نێر و مێوە، وەکو یەک بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە