دابڕانی ژن لە ژنێتی و نامۆبوونی بە پیاو

Friday, 23/09/2022, 21:10

2589 بینراوە


ھەرکەسێک کەمەکێک شارەزای مێژووی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی کۆمەڵگای کوردی بێت تێدەگات کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە حاجی قادری کۆیی بەرگری لە مافی ژنان دەکات، دواتریش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا هەریەک لە (پیرەمێرد و زێوەر و قانع و بێکەس و گۆران ) پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیان بە پێگەو ڕۆڵی ژنان گرێداوە ، جارێ ژنبوون یان پیاوبوون دیاردەیەکی سروشتیەو ئاساییە و نابێ پەرلەمانی کوردستان بەناوی (مافی ژنان ) ژن لەم سروشتی خۆی داببڕێت ، بۆیە ئەو تەسەورەی کە ئێستا لە بارەی ژن و ژنبون و خێزان لە پەڕلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لە ئەنجامی تێڕامانی ژن لە واقیعی ژنێتی نەهاتووەتە ئاراوە ، ئەم تەسەورەی کە ئیستا لە پەرلەمان پرۆژە یاسای بۆخراوەتە کارو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەوەندەی ئامانج و تەسەورێکی سیاسییە بۆ بەکاڵاکردنی ژن و بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا ئەوەندە تەسەور نییە بۆ ڕێزگرتن لە مافی ژن و هوشیاری ژنێتی ژن لە کۆمەلگادا .
ژن و پیاو جیاوازی ئەنتۆلۆژی لە نێوانیاندا هەیە و پێویستی بە تێڕامان و لێکۆڵینەوەیە تا تێبگەین بۆچی ژن و پیاو هەڵگری دوو تەبعی جیاوازن لەمەشاعیریدا ؟! سەرباری ئەوەی کە ئەم دوو کائینە لە ڕووی بایەلۆجییەوە هەڵگری جەستەی جیاوازن ،هەڵگری بونێکی ڕۆحی و (عەقڵ) و سروشتی و بونێکی ماددیشن ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نابێ پیاو و ژن هەست بە بێگانەبوونی یەکتر بکەن وەک ئەوەی کە ئێستا پەرلەمانی کوردستان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم پرۆژە یاسایەوە ژن لە پیاو داببڕن بە ناوی یەکسانی و توندوتیژی یەوە ژن لە ژنێتی بخەن و بێگانەی بکەن لە خێزان و لە هاوسەرو لە کائینێکی تر کە ئەویش پیاوە !  ژن و پیاو وەک دوو کائینی سەربەخۆ بەرپرسیارن لە دروستکردنی شوناسی خۆیان .
هەڵەیەکی گەورەی شەڵتەرەکانی ژنان  ئەوەیە کە بانگەشەی یەکسانبونی نێوان ژن و پیاو دەکەن ، جارێ تێناگەم ڕێکخراوو  شەڵتەرەکانی ژن چۆن ئەم یەکسانییە ئەنجام ئەدەن؟ ئایا ژن یەکسان دەکەن بە پیاو ؟ یان پیاو یەکسان دەکەن بە ژن ؟یانیش هەردوکیان یەکسان دەکەن بە یەکتری ؟ لەنێوان ژن و پیاودا کامیان پێوەرو قیاسە بۆ ئەویتریان ؟  تێناگەم شەڵتەرەکانی ژنان پیاوێکی ژنانەیان دەوێ یانیش ژنێکی پیاوانە ؟! ئایا پیاو چۆن یەکسان دەبێ بە ژن و ژنیش چۆن یەکسان دەبێ بە پیاو ؟! لە کۆمەڵگای کوردیدا جیاوازییەکانی ناو ژنان جیاوازیی گەورە و ھەمەلایەن و فرەجۆرن و ڕۆڵی جیاواز لەناو کایە و بواری جیاوازدا دەبینن،لەپاڵ ئەمانەیشدا چەندین فۆڕمی جیاواز لە بێدەنگکردن و چەپاندن و پەراوێزخستنی ژن بەرامبەر بە پیاو یان پیاو بەرامبەر بە ژن لە ئارادایە. 
جوانی ژن بە سروشتەکەیەتی بە جیاوازییەکانیەتی و جوانی ژنیش ژنێتی و ژنبونە لە بەرامبەر پیاودا کە بەهیچ پێوەر و قیاسێک یەکسان نین و یەکسان نابن بە یەکتری ، ژن بە ژنێتی خۆیەوە جوانەو پیاویش بە پیاوبوونی خۆیەوە ، هەردوو کائینەکە وەک ئەوەی کە هەیە هەبن ، واتە پیاو ژن ناچار نەکات کە پیاو بێت و ژنیش پیاو ناچار نەکات کە ژن بێت ، جا بۆئەوەی شیرازەی خێزان دانەڕمێت و ژن و پیاویش نەبنە دوو کائینی دژ بە یەک پێویستە پەیوەندییەکی ڕۆحی لە نێوانیاندا بیت نەک پەیوەندییەکی ماددی ، بوونی پەیوەندییەکی رۆحی لە نیوان ژن و پیاودا هەم هوشیارییە و هەمیش ڕێزگرتنە لە شکۆی هەردوکیان ،بەتایبەت بۆ ژنان کە لە سروشتەکەیان دایاننەبڕین ، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە موڵکیەتدایە نەک لە ڕۆح و لە سروشتدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە