بۆچی هەڵە بوو ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ؟!

Monday, 09.26.2022, 11:39

791 بینراوە


له‌ پێناسه‌كه‌ی ئه‌رستۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكاریكردنی یه‌كتر له‌ پیناو كارو چاكه‌ی گشتی دا دروست ده‌كرێت ، كۆماری ئه‌فلاتونیش هه‌ندێ یاسایی تایبه‌تی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت داناوه‌ كه‌ پێ له‌سه‌ر عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌گرێت و ده‌یكاته‌ پێوه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌ت ، فارابیش وه‌كو بیرمه‌ندێكی ئیسلامی پێی وایه‌ هاریكاریكردنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌ زه‌مینه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت .
٢٥ـی ئەیلولی هەموو ساڵێک ساڵیادی ڕیفراندۆمە لە کوردستان ، هەموو ساڵێک لەمڕۆژەدا پارتی مەکینەی ئیعلامی خۆی گەرم دەکات و بە گوتاری حەماسییەوە بانگەشەی خۆی بۆ سەربەخۆی دەکات کە مومکین نییە بە هیزێکی وەکو پارتی سەربەخۆی بۆ کورد بێتەدی و زۆرینەی خەڵکی کوردستان به‌ گاڵه‌ته‌جارییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی پارتی بۆ ریفراندۆم!  ریفراندۆم هیچ  كۆده‌نگییه‌كی نیشتیمانی و یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی له‌گه‌لدا نه‌بوو، یەکێتی له‌ ترسی زیندووبونه‌وه‌ی دووئیداره‌یی  و بزوتنەوەی گۆرانیش لە ترسی سەرزەنشتی جەماوەرەکەی و حیزبه‌كانی تریش هه‌ندێك له‌ برساو هه‌ندێكیش له‌ ترسا کوێرانە ڕەدووی پارتی کەوتبوون ، پارتیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و ڕیفراندۆمی له‌ ڕه‌هه‌نده‌ نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی دابری و به‌رگێكی حیزبی و دواتریش به‌رگێكی شه‌خسی بڕی به‌ باڵادا! 
بۆچی هەڵە بوو ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ؟!  هه‌ڵه‌كه‌ له‌ خۆنەناسین و حیساب نه‌كردن و نه‌خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی زلهێزەکان ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كاردانه‌وه‌ تونده‌كانی توركیا و عێراق و ئێران و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌ بوو،  لەپاڵ نەبوونی ئامانج و پلان زەمینە لەبار نەبوو ،ئێمە زیاتر پێویستیمان  چاکسازی سیاسی و ئیداری و بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و چه‌سپاندنی پایه‌كانی دیموكراسیه‌ت بوو نه‌ك ڕێفراندۆم‌  ، سەرباری ئەوەی گوتارەکانیش زیاتر ئیعلامی  بوون و حەماسیەت و هەڕەشەی پێوە دیار بوو ، کاتیکیش ریفراندۆم ئەنجام دراو شکستی هێنا پارتی و یه‌كێتی  پێكه‌وه‌ كه‌ركوك و خه‌لكه‌كه‌یان دایه‌ ده‌ست ڕه‌شه‌بای قه‌ده‌ر و یارییان به‌ چاره‌نووسی دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ كرد . 
 سوربوونی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك ،هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی و یاسایی و ده‌ستوری بوو ، گوتاری یه‌كێتی له‌ ریفراندۆم دا ئه‌وه‌بوو (ریفراندۆم به‌ بێ‌ كه‌ركوك هیچ مانایه‌كی نییه‌) کاتیکیش ١٦ـی ئۆکتۆبەر ڕویداو دۆخی کەرکوک تێکچوو یەکێتی و پارتی خۆیان لە بەرپرسیارەتی خراپی دۆخەکە دزیەوەو هەر لایەنێک شانی خۆی پاک دەکردەوەو لایەنەکەی تری تۆمەتبار دەکرد ، مەسەلەن پارتی یەکێتی تۆمەتبار دەکرد کە خیانەتیان کردووە و یەکیتیش ریفراندۆمی كردە‌ موسه‌بیبی دۆخه‌كه‌ ! ریفراندۆم جگه‌ له‌ ده‌ستدانی دۆسته‌كانی كوردو شكستی دیپلۆماسی و سه‌ربازیشی به‌ دوادا هات و كه‌ له‌ %٥۱  خاكی كوردستان  راده‌ستی سوپای عێراق كرا .