تۆ، سەرچاوەی ژیانی

Monday, 26/09/2022, 11:54

4352 بینراوە


بۆ مەرگی ( ژینا) ی خوشکم
تۆ وەکو ژن، ھەڵگری ژیانی
تۆ وەکو دایک، ژیانبەخشی
لە ھەناوتا ھەتاوی ژیان ھەڵدێ
لە تەمەنتا، بەردەوامی شارستانەت
گڕوگاڵی منداڵانی بەردەوامبوونی مرۆڤ، لە باوەشی خۆشەویستی و ئەوینی تۆوە دەست پێدەکات.
تۆ ژینگە جوانەکەی (بوون)ی پیاوی، 
ھەموو ئەوینی پیاوانی ڕاستەقینە، لە سێبەری سەرووی (ژیر) یی تۆدا، گوڵ ئەکەن
پیاوە ڕاستەقینەکان، بێ تۆ نامۆیەکی وێڵ، چرایەکی کوژاوە،  کتێبێکی نەخوێنراوە ،  
زەریایەکی مردوو، بەلەمێکی سەراوکەتوو، ئازارێکی درێژ، 
ھاوارێکی خنکاو، دارستانێکی سوتاو، پەنجەرەیەکی داخراو، 
بوونێکی بێ ھودە، زامێکی ساڕێژنەبوو، شیعرێکی کرچووکاڵ، 
دیدێکی لێڵ، ئاسمانی بێ ھەسارە، 
بولبولێکی لاڵ و گوڵێکی ژاکاون.
ئەوانەی تۆیان کوشت
ڕقیان لە خۆشیانە
تۆ، لەچک و ڕووسەری نەبووی
تا وەک ڕیشیان بتھێڵنەوە
تۆ، ژیان بووی
دەنگی کانیاوی ئازادیی و
شەپۆلی ئەوینی مرۆڤ بوون
تۆ ھەڵگری ھەتاوی ژیان بووی
چرپەی خۆشی دایک بوون
لە تواناتا ھەبوو
دنیا بگۆڕیی
بە ھێنانە دنیای پیاوێکی ڕاستەقینە
وەکو گاندی
وەک ئەرستۆ
وەک پەیامبەرانی خودا
وەکو ئاپۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە