حیجابەکانتان فڕێ بدەن و ببنەوە بە خاوەنی خۆتان

Monday, 26/09/2022, 12:09

4528 بینراوە


حیجابەکانیان سوتان، چونکە دەزانن شاردنەوەی دوو تاڵ قژ مانای پاراستنی شەرەفیان نیە، گەر خودایەک هەبێت و ئەم گەردوونەی دروست کردبێت پێویستی بە شادنەوەی قژ نیە، ڕژێمی سێدارەی ئیسلامی ئێران و تەواوی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان، بۆیە تا ئیستا لەدەسەڵاتدا ماون چونکە دەستیان بە دینەوە گرتووەو خەڵکیان پێ گەوج کردووە، چونکە حیجابیان بەسەر خانماندا فەرز کردووە، تا ئەقڵی نێرسالاری خۆیان و گەندەڵی و فەسادیان بشارنەوە. حیجاب، بەکەم تەماشاکردنی خانمانە، زەلیلکردنی خانمانە، ئیهانەکردنی خانمانە، سوودی بۆ خانمان نەبووەو ناشیبێت، درۆیەکی گەورەیە کە دەڵێن حیجاب هێمای شەرەفە، کۆمەڵگاکەمان پڕە لە خانمی سەرڕووت و هەمووشیان بەشەرەفن، نابێت بهێڵین دەرکەوتنی تاڵێک قژت ببێتە هۆی کوشتن.! حیجاب پەڕۆیەکە و جگە لەسەرکزی و زەلیلکردنی خانمان و پاراستنی دینبازو پیاوە ناوگەڵپەرستەکانی دین هیچی تر نیە.!
ئەی کچانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە بریندارەکەم، وەک مرۆڤدۆست و وەک هاونیشتمانیەکی قوربانی، لەبەرامبەر یاخیبوونتان لە دەسەڵاتی ئاینی و مەزهەبی، هاوفکرو هاوخەمتانم، لە نزیکەوە هەست بە ئازارتان دەکەم. 
من کە لە باشووری کوردستاندا لەدایک بووم، بە دڵکێکی شکاوەوە پێتان دەڵێم جگە لە کەمینەیەک، ئیتر چاوەڕێی هیچ هاوکاری و پشتگیریەکی باشووری کوردستان نەکەن، زۆرینەمان تلیاکی دینی ئیسلام دەکێشین و تا سەرئێسقان کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوارو جوێنفرۆش و شپرزەو پەشێوو خۆپەرستین، خۆتان خاوەنی شۆڕشەکەن، پێویستە هەرخۆشتان سەرکردایەتی ئەم یاخیبوونە مێژوویەتان بکەن. 
لەهەر تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا، گەر ژنان ئازد نەبن، کۆمەڵگاکەشیان ئازاد نیە، ڕزگاربوون و سەرفرازی و ئازادی خۆتان و خانەوادەکانتان و کۆمەڵگا بەگشتی، بەندە بە ئێوەوە، گەر ئێوە بەشدار بن لە تێکۆشان، خەباتی ڕزگاریمان لەسەدان ساڵەوە کەم و کورت دەکەنەوە بۆ یەک مانگ.
ئەوەی کە خۆتان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان و نیشتمانە وێرانەکەمان ئازاد دەکات، هەر خۆتانن. شۆڕشێکی گەورەی وڵاتە عەرەبیەکان لە وڵاتی تونس، بەیەک کەس دەستی پێکردو هەموو وڵاتی گرتەوەو دەسەڵاتیان ڕوخاند. گەورەترین ڕووداوە جیهانیەکانی مێژوو بەیەک هەنگاو دەستی پێکردووە.
ئێوە بۆیە تا ئێستا زەلیل بوون چونکە شەریعەتەکانی ئیسلام چەپەکی کردبوون، ئیسلام بۆیە تا ئێستا ماوە چونکە ژنانی زیندانی کردووە، لەژێر چەپۆکی  ئەم دینەدا، بەناوی حیجابەوە بێدەنگ و سەرشۆڕی کردوون، بەهۆی زیندانی و بێدەنگی ئێوەوە تەواوی کۆمەڵگاش توشی شەلەل بووەو هەموو وەک یەک ڕۆژانە ئیهانە دەکرێین.
ڕژێمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران بۆیە لەدەسەڵاتدا ماوە چونکە دەستی بە دینەوە گرتووەو حیجابی بەسەر ئێوەدا فەرز کردووە، حیجاب، بەکەم تەماشاکردنی ئێوەیە، زەلیلی ئێوەیە، ئیهانەکردنی ئێوەیە، سوودی بۆ ئێوە نەبووەو ناشیبێت، درۆتان لەگەڵ دەکەن کە حیجاب هێمای شەرەفتانە، شەرەف تەنها لای خۆتانە، نابێت بهێڵن دەرکەوتنی تاڵێک قژتان ببێتە هۆی کوشتنتان.! حیجاب پەڕۆیەک و جگە لەسەرکزی و بێ کەرامەتکردن و پاراستنی دینبازو پیاوە ناوگەڵپەرستەکانی دین هیچی تر نیە.! 
حیجابەکانتان فڕێ بدەن و ببنەوە بە خاوەنی خۆتان، فڕێیان بدەن و دەستی براکانتان بگرن با وەک تێکۆشانی مێژووییان بێ پشت و پەنا نەبن، ئەوان هەر ئێوەیان هەن. بۆ ئێوە دەژین، ژیان بە ئێوەوە جوانە.

پۆلێکی تر لە قوربانیەکان

خۆری ئازادی هەڵبوەو ئاگری ئیسلامگەراکانی باشووری کوردستانیش، بەرەو کوژانەوە دەچێت، 
ئیسلامگەراکانی باشووری کوردستان، لەهەموو توێژێک زیاتر بەم دۆخە ناڕەحەتن. ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، چونکە هەموویان بەکرێگیراوی سێدارەی ئیسلامیی ئێرانن، کاتێکیش ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات سەرکەوت و دەستیان لە کەمەری ئێران بەربوو، بە ملی شۆڕەوە دەچنە ناو خەڵکەکەو خۆیان بەبەختەوەرو دڵخۆش دەناسێنن و بەسەر خەڵکی بەشمەینەت و نەخوێندەوارەکانەوە تەفسیری نوێ دەلێسنەوە.
دوای چەندین رۆژ لە خۆپێشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 قوربانی لێکەوتووەتەوە.
لە ماوەی شەش شەوی خۆپێشاندانی لەسەر یەک، ژمارەیەک خۆپێشاندەری ژن وەک دەربڕینێکی ناڕەزایی، سەرپۆشەکانیان سوتاندووە یان قژی خۆیان بڕیوە. 
بەشێک لە خۆپێشاندەرانی تاران لە گردبوونەوەیەکدا درووشمی "نەخێر بۆ سەرپۆش، نەخێر بۆ عەمامە، بەڵێ بۆ ئازادی و یەکسانی"یان بەرزکردەوە. 
خۆپێشاندانی هاوشێوە لە چەندین وڵاتی دیکە بۆ پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتیی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراون. 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی چوارشەممە خۆپێشاندان بە شەقامەکانی 15 شاردا بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا کە پۆلیس هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردن بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکات.  
لە باشووری ئێران، ڤیدیۆیێکی رۆژی چوارشەممە بڵاوبووەوە کە تێیدا دەردەکەوێت خۆپێشاندەران وێنەیەکی گەورەی قاسم سولەیمانی کە بە تەنیشتی باڵەخانەیەکەوە بوو، دەسووتێنن. 
خۆپێشاندەران بەردیان لە هێزە ئەمنییەکان گرت و گڕیان لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و سەبەتەکانی خۆڵ بەردا، هەروەها درووشمی دژی حکومەتیان گوتەوە، ئەمە بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا. 
خۆپێشاندەران درووشمی "مردن بۆ دیکتاتۆر" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە و ڤیدیۆی ناڕەزاییەکە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە، وێڕای سنووردارکردنی ئینتەرنێت.  
رۆژی پێنجشەممە، ئێران هەوڵیدا کۆتوبەندی زیاتر بخاتە سەر ئینستاگرام و واستاپ.
 بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەت، لە ئێوارەی دوێنێوە چیدیکە ناتوانرێت ئینستاگرام لە نێو ئێراندا بکرێتەوە و واتساپیش کێشەی تێکەوتووە." 
ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین بەکارهێنەریان هەبوو، چونکە فەیسبووک، تویتەر، تەلەگرام، یوتیوب و تیکتۆک لە ساڵانی دواییدا لەو وڵاتە قەدەخەکراون. 
گیانلەدەستدانی ئەندامێکی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری شیراز راگەیێندرا. هەروەها کوژرانی خۆپێشاندەرێک بە چەقۆ لە قەزوین راگەیێندرا. 
هەر دوێنێ 22.9.2022  رەوەندی کوردی لە فینلەندا  گربوونەوە و ریپیوانەکی گەورەیان ئەنجامدا
بەشێکی زۆری گەڕەک و دەزگا سەرکوتکەرەکانی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات بە دەستی خەڵکە ڕاپەڕیوەکەیە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان بەخت بووە گەیشتوە بە بیست کەس و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە. ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بۆیە خۆری ئازادی لە دژی دەسەڵاتی سێدارەی ئیسلامیی هەڵبووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە