شاژنی زیندان؟

Monday, 26/09/2022, 12:23

5876 بینراوە


لە سەردەمی شای ئێراقەوە شاژنە،
بۆ کورد نەبوو ھەمیشە دۆستی دوژمنە،
ئەوان ڕەگی  شای کوردیان دەرکرد لە بنا،
ھەربێدەنگ بون لە ئاستی ستەم کردنا،
ئێخۆ مرۆڤ کۆتا وێسگەی ھەرمردنە،
کورد بۆ عالەم خەریکی شیوەن کردنە،
بەڵام بۆخۆی ڕێگا ڕاستەکەی لێ ونە، 
ھەر خەریکی کردەوەی بێ سەروبنە،
بەئێمەچی  شاژن مردووە یان زیندوو،
تۆ بزانە کوردی بێکەس بەکام دەرد چوو؟
بەس بکەوە دوای کڵاوێکی بابردوو،
سەیرێک بکە پەند وەرگرە لە ڕابردوو،
ھزرێک بکە ھەنگاو بنێ بۆ داھاتوو،
دوژمنی کورد ھەروا خەریکی پیلانە،
لە چوار لاوە  سەرقاڵی نەخشە کێشانە،
خەونی گەورەی تەنھاوتەنھا کورد قڕانە،
نیوەی کوردیش نۆکەری داگیرکەرانە،
(ئێلیزابێس)  و (مەقبولە) دوو پیرەژن،
یەکێکیان ستەم لێکراو یەکێ شاژن!!
یەکێ بەکەژاوەی شاھان بۆ گۆڕستان،
یەکێ  دەست بە گۆچان تەنھا لە پێش زیندان!؟
دایکێکی ھەشتا ساڵەیە شاژنی من،
گۆچانەکەی بووەتە تیری چاوی دوژمن،
سەردەرناکەم لە ڕاگەیاندنی کوردان!!
کەس گرنگی نەدا بە شاژنی زیندان!؟
بۆ شاژنی دەسەڵاتدار سەدان ھەواڵ،
بۆ شاژنەکەی زیندانیش ھەگبەی بەتاڵ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە