مەرگی ژینا بووە بریسکەی ئەو ئاگرەی کە زیاتر لە دە رۆژە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بێزار لە کۆماری ئیسلامی هێناوەتە سەر شەقامی شارەکان و ڕۆژانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام و شەڕی دەستەویەخەدان لە گەڵ یەکێک لە هارترین ڕژێمەکانی سەرمایە لە جیهان و ناوچەکەدا. ئەگەرچی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە وەکو پەرچەکرداری کوشتنی مەهسا هاتۆتە مەیدان، بەڵام بۆ خۆی ئەو گڕکانە پەنگخواردوویە کە خەڵکی وەتەنگهاتووی ئێران هەمیشە لە هەلێک گەڕاون بۆ ئەوەی ڕق و کینە و نەفرەتی خۆیان بەرامبەر ئەم ڕژێمە ئیسلامییەی سەرمایە بێننە مەیدان و بڵێن کە چیتر ژیان و گوزەران لە سایەی ئەم ڕژێمە هارەی سەرمایە قابیلی تەحەمول نییە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و تینووی ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان هاتوونەتە مەیدان و پشتگیری لە فڕێدان و سووتاندنی ڕووپۆشی ژنان دەکەن و بۆ ئەمەش چەندین قوربانی تریان داوە لە ماوەی ئەم دە ڕۆژەدا و هاوکات لە پشتگیری ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی جیهانیش بەهرەمەندبوون. درووشم و خواستی "نا بۆ حیجاب" و سووتاندنی، کار و درووشم و داوایەکی ڕادیکاڵ وشارستانییە و بەجارێک ڕق و کینەی دەیان ساڵی دژ بە سیستمی بورژوازی ئیسلامی ئێران هێنایە سەر شەقامەکان و ناو زانکۆکان.
ئاشکرایە کە ماف و ئازادی پۆشاک پۆشین مافێکی حاشاهەڵنەگری هەر کەسێکە و نە هیچ ڕژێم و نە هیچ کەسێک بۆی نییە بڕیار لەسەر ئەم مافە بدات ژنان یان تاکەکان خۆیان نەبن، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانیان نییە. هەر ئێستا لەزۆر شوێنی جیهاندا ئەم مافە قسەیەکی لەسەر نییە و لە ڕێڕەوێکی مێژووییدا بە دەستهاتووە، بەڵام نابێت نەبەردی ئەسڵی چینایەتیمان لەبیربەرێتەوە و بەرچاومان لێڵ بکات.