مەرگی مەهسا و ڕاپەڕینی دژی حیجاب!

Wednesday, 28/09/2022, 21:09

3519 بینراوە


دە ڕۆژە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بوونەتە مەیدانی نەبەردێکی ڕادیکاڵ بەرامبەر ملهوڕی و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم ناڕازەیەتی و هاتنەمەیدانەی خەڵکی وەتەنگهاتووی ئێران بە دوای مەرگ و کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی ٢٢ ی ساڵە دێت کە لە لایەن پۆلیسی ئادابی کۆماری ئیسلامی یەوە بە بەهانووی ئەوەی کە لە ئادابەکانی باڵاپۆشی و ڕووسەری لایداوە دەستگیردەکرێت و دوای ئەشکەنجەدانی لە نەخۆشخانە گیان لە دەستدەدات. 
مەرگی ژینا بووە بریسکەی ئەو ئاگرەی کە زیاتر لە دە رۆژە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بێزار لە کۆماری ئیسلامی هێناوەتە سەر شەقامی شارەکان و ڕۆژانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام و شەڕی دەستەویەخەدان لە گەڵ یەکێک لە هارترین ڕژێمەکانی سەرمایە لە جیهان و ناوچەکەدا. ئەگەرچی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە وەکو پەرچەکرداری کوشتنی مەهسا هاتۆتە مەیدان، بەڵام بۆ خۆی ئەو گڕکانە پەنگخواردوویە کە خەڵکی وەتەنگهاتووی ئێران هەمیشە لە هەلێک گەڕاون بۆ ئەوەی ڕق و کینە و نەفرەتی خۆیان بەرامبەر ئەم ڕژێمە ئیسلامییەی سەرمایە بێننە مەیدان و بڵێن کە چیتر ژیان و گوزەران لە سایەی ئەم ڕژێمە هارەی سەرمایە قابیلی تەحەمول نییە. 
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و تینووی ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان هاتوونەتە مەیدان و پشتگیری لە فڕێدان و سووتاندنی ڕووپۆشی ژنان دەکەن و بۆ ئەمەش چەندین قوربانی تریان داوە لە ماوەی ئەم دە ڕۆژەدا و هاوکات لە پشتگیری ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی جیهانیش بەهرەمەندبوون.  درووشم و خواستی "نا بۆ حیجاب" و سووتاندنی، کار و درووشم و داوایەکی ڕادیکاڵ وشارستانییە و بەجارێک ڕق و کینەی دەیان ساڵی دژ بە سیستمی بورژوازی ئیسلامی ئێران هێنایە سەر شەقامەکان و ناو زانکۆکان.
ئاشکرایە کە ماف و ئازادی پۆشاک پۆشین مافێکی حاشاهەڵنەگری هەر کەسێکە و نە هیچ ڕژێم و نە هیچ کەسێک بۆی نییە بڕیار لەسەر ئەم مافە بدات ژنان یان تاکەکان خۆیان نەبن، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانیان نییە. هەر ئێستا لەزۆر شوێنی جیهاندا ئەم مافە قسەیەکی لەسەر نییە و لە ڕێڕەوێکی مێژووییدا بە دەستهاتووە، بەڵام نابێت نەبەردی ئەسڵی چینایەتیمان لەبیربەرێتەوە و بەرچاومان لێڵ بکات.
بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی لەم چەشنە نابێت بەرچاوی پڕۆلیتاریا لێڵ بکات و وێڵی بکات بە دوای بورژوازی و ناسیونالییزمی کورد و ناسیونالیزمی ئێرانی سەڵتەنەت تەڵەب چونکە تەنانەت حزبێکی ئیسلامی وەک حزبەکەی نزیک خاتەمی داوای "لابردنی حیجابی زۆرەملێ" دەکات. بەم مانایە، لابردنی سەپاندنی حیجاب ئەگەرچی دەسکەوتێکە و زەڕبەیەکی بچووک دەدات لە دەسەڵاتی بورژوازی ئیسلامی ئێران، بەڵام دەسەڵاتی ئەم چینە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. 
ئەمڕۆ سەرەڕای ئازایەتی و چاونەترسی خەڵکی وەتەنگهاتوو ڕاپەڕیوی ئێران، سەرەڕای قوربانیدان و زیندانیکردنیان، ناکرێت لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ زیاتر سەرنج بدرێت لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە. "شۆڕشی ژنان!!" نموونەی سەرلێشێواوی هەندێ لایەن و گرووپە، نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە بورژوازییە بەشێکە لە پێکهاتەی چەپ و کۆمۆنیزمی ناوچەکە. تەنها یەک شۆڕش لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا مومکینە لە ئێراند ا بخوڵقێت، ئەویش شۆڕشی پرۆلیتاریای ئێرانە. ئەگەر نا شۆڕشی دیکە بوونی نیە، وە نابێت. ئەمە بەجیا لەوەی شۆڕش دابەش ناکرێت بۆ دابەشکردنی جێندەری نێوان ژن و پیاو و ئەم تیڕوانینە تیڕوانێنیکی فێمینیستیە بۆ بزووتنەوەیەکی جەماوەری گەورەی وەک ئەوەی کە هەیە، لەڕاستیدا بابەتی واقعی خودی بزووتنەوەکە بێ ناوەڕۆک دەکات. 
بۆیە من لە کۆتاییدا دەڵێم خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و هەر هەنگاوێک نزیکبوونەوە لە هەموو مافە فەردی و مەدەنییەکان و زەمانەتی پاراستنیان لە هەناوی  شۆڕشێکی چینایەتییەوە  و ئامادەیی پڕۆلیتاریاوە دەستەبەردەبێت  و سەقامگیر دەبێت نەک بە پێچەوانەوە. ئەوە پڕۆلیتاریایە کە دەتوانێت نەک تەنها بابەتی باڵاپۆشی و ڕووسەری زۆرەملێ کۆتایی پێبهێنێت، بەڵکو دەتوانێت کۆی نەهامەتییەکان بەرامبەر بە ژنان بنەبڕ بکات و تەواوی جێگاو ڕێگای ژنان وەک ئینسان بگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.  مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان و شۆڕشە جۆراوجۆرەکانیش باشترین گەواهین لەسەر ئەمە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە