خێزانی هەڵوەشاو و سەرجێی بەزۆر

Wednesday, 09.28.2022, 22:19

964 بینراوە


پیاوی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و کوردیش بە تایبەتی، هێز و بزاوتی ئیسلامی بە گشتی و پیاوانی ئایینیش بە تایبەتی، هەموو ئەمانە فۆبیای خێزانیان هەیە بە گشتی و لە ناو خێزانیشدا فۆبیای مێینەکانیان هەیە بە تایبەتی. ئەم میللەت و تاقم و تاکانە، خێزانێکی یەکگرتوو لە ڕووکەشدا و  لەرزۆک لە ناوەڕۆکدایان، پێ باشتر لە هەڵوەشاندنەوە و ژیانکردنی تاکەکانی بە ئاشتی و ئارامی. خێزانی (هەڵوەشاوە لە بنەڕەتدا و یەکگرتوو لە ڕووکەشدا)، زۆرینەی خێزانە تەقلیدییە کوردییەکانی ئەمڕۆ پێک دێنن. دیارترین سیمای زۆرینەی ئەم خێزانانە، پەیوەندیی ناپەسەندی نێوان  ئەندامەکانی  ئەم خێزانانەیە بە گشتی. لەوانەش هەمیشە داد و بێ دادی ژن و پیاوە لە دەستی یەکتری، بە تایبەتی و مەحکومی مێینەکانی خێزانە بە حوکمی نێرینەکان بە گشتی. یەکێ لەو پەیوەندییە ناپەسەندانەش کە زۆر جار گوێمان لێ دەبن، ئەوەیە کە کاتێ پیاوەکان چوونە دەرەوە، ژنەکانیان بە دوایاندا ئەڵێن: (بە ملی شکاوتان ڕۆیشتن، خۆزگە نە ئەگەڕانەوە!) پیاوەکانیشیان هەر ئەوەندەی دەمیان لە یەک گیر بوو لە دەرەوە، لە دوای ئەحواڵ پرسین، ئەڵێن: (لە دەستی ژن ڕامکرووە، خوا بیانباتەوە!). ئەمە هەستی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی کوردە بە داخەوە، جا بە ئاشکرا یان بە نهێنی هەمیشە لەو داد و بێ دادییەدا دەژین. زۆرێک لە مێینەکانیش، زۆر هەلی پێشکەوتن و دەرفەتی دەرکەوتنیان لە کۆمەڵگادا، بە بڕیاری نێرینەکان لەبار براوە، وەکو بەشداری ژن لە کایەی مەعریفی، خوێندن، وەرزش، هونەر، سیاسەت، …هتد. (مێینە لە نێو ئەو خێزانانەدا، بە بەرزبوونەوەی سنگی وردە وردە سنوری ئازادییەکانی  و سود وەرگرتن نیعمەتەکانی ژیان و بڕیاردانی خۆ بە خۆی لە دەست دەدات (هەتا مەمکەکانیان نەشونما بکەن و بەرەو هەرزەکاری بچن، ڕۆژ لە دوای سنوری هاتوچۆیان کورتتر و کورتتر دەبنەوە ) و نێرینەکانیشیان لە گەڵ بۆرکردنی سمێل و درێژ بوونی  مووی ڕیش و گڕبوونی دەنگی، وردە وردە، سنوری ئازادییەکانی فراوان دەبێ و دەستی درێژتر  دەگاتە نیعمەتەکان و بڕیارەکانی هێدی هێدی دەگەنە دەستی خۆی). ئەم پڕۆسەیە لای من بە (پڕۆسەی چەپاندنی مێینە و زاڵ کردنی نێریینە) یاخود (پڕۆسەی گەمژاندنی مێینە و زاناکردنی نێرینە) وێنا دەکرێت. ئێستا ئەپرسم ئاخۆ هەڵوەشاندنەوەی وەها خێزانێک خێری لە شەڕی زیاتر نیە بۆ کۆمەڵگا؟ مانەوەی ئەم خێزانانە لە ژێر جەور و ستەم باشترە یان جیابوونەوە و دەست لێکبەردان بە ئاشتەوایی؟ ئەمە زۆرینەی ئەو خێزانە کوردییانەیە کە ئیسلامیی و پیاو و ژنە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگای کوردی، هەوڵی پینەوپەڕۆ کردن و پاراستنی ئەدەن لە هەڵوەشاندنەوە. لەولاشەوە ئازادیخوازان و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەوڵی نەهێشتنی ئەم جیاوازییانە و ئەم توند و تیژییانەی نێو خێزان ئەدەن لە ڕێگەی بە یاسایی کردنیانەوە.
ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی، بووە بە جوخزی ململانێی نێوان ئەو دوو گروپەی سەرەوە. لە نێو بەندەکانی ئەو پڕۆژەیەش‌، بەندی بە نایاسایی ناساندنی سەرجێی بەزۆر، بووە بە جێگەی مشت و مڕ. خودی بە زۆر جووت بوون لە گەڵ خانمی خێزان لە لایەن پیاوەکەیەوە قێزون و کارێکی ناڕەوەیە. تەنانەت وا چاوەڕوان دەکرێ لە پیاوی زۆردار، هیچ چێژێکی سۆزداریی و سێکسیی نەبینێت لە خانمی خۆی، کە بە زۆرەملێ جووت ئەبێت لە گەڵیدا. خۆ ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان چێژ‌ لەو زۆردارییە ببینێ، ئەوا بە واتای ئەوە دێت، کەسی زۆردار، لە ڕووی دەرونییەوە نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. کەسێک بتوانێ بە شێوەی‌ شەڕانگێزی، چێژی سێکسی بە دەست بێنێ، واتا کێشەیەکی هەیە نەک پێویستییەک. ئەگەر چی ئێمە نە پسپۆری دەروونی و نە پزیشکیشین، بەڵام زۆرێک زانیاری لەو بارانەوە لە بەردەستن، ئەگەر مرۆڤ گەڕانێکی بۆ بکات، بە ئاسانی دەستی دەگات پێیان. بۆ نموونە کاتێک ئافرەت ئارەزووی سێکسی هەبێ، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەندێ شلە ئەڕژێتە نێو ڕێڕەوی زێی ئافرەتەکە. ئەمەش بۆ ئاسان کردنی هاتوچۆی چۆکی پیاوە. خۆ ئەگەر ئافرەتێک ئارەزووی سێکسی نەبێ یان ئامادەیی دروونی نەبێت، بە هۆی کێشەی‌ کۆمەڵایەتی یاخود ئامادەیی جەستەیی نەبێت بە هۆی نەخۆشییەوە، ئەوا ئەو ڕژێنانەی ناو زێ کاری خۆیان ناکەن و ناو زێی ئافرەت بە ڕادەیەک وشک ئەبێت کە کاری چوونە ژوورەوەی چۆک زۆر زەحمەت ئەبێت. جا با هەرچی فریشتەی ئاسمانە نەفرەتی لێ بکات تا بەیانی. خۆ ئەگەر لە حاڵەتی وادا پیاو بە زۆرداری و توند و تیژی ئەم کارە بکات، ئەوا لە خۆیان ئەپرسم کە چ جیاوازییەکان هەیە لە گەڵ ئەو داعشانەی کە تەعدایان لە سەبایا وکەنیزە دەست بەسەرا گیراوەکان دەکرد!؟ یاخود سێکس لە گەڵ مردوویەکدا کە هیچ سۆزێکت لە گەڵ بەش نەکات، هەر وەکو دیلێک خۆی ڕادەستی واقعێکی سەپاو بکات، چ وەحشەتێکە ئەم دونیایەی ئێوە شەڕی بۆ دەکەن، برادەرانی دژە یاسای توند و تیژی!؟
بێگومان وەها توندوتیژییەک ئەبێ یاساغ بکرێت و بەر لە هەر کەسێک پێویستە حزبە ئیسلامی و پیاوانی ئایینی، بەو یاسایە ڕازی بن. چونکە گەر خۆیان بخەنە ئەو شوێنەی ژنانەوە لەو کاتەدا، ئەنجا تێدەگەن لە ناخۆشی و خراپی ئەو توندوتیژییە. 
بەڵام گەر گوێت لە بیانووی، دژایەتی کردنی پیاوانی ئایینی و گروپە ئیسلامییەکان بێت بۆ بە یاسایی ناساندنی ئەم مەسەلەیە، ئەوا سەرپێیی توانیویانە، جۆرێک لە تێگەیشتن، لای خەڵک دروست بکەن،  بەوەی ئەگەر ژنێک شکاتی لە مێردەکەی کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی کە بە زۆری لە گەڵیدا سێکسی ئەنجام داوە (بە درۆ)، ئەوا پیاو بە چی ئەوە بسەلمێنێ و شاهید لە کوێ پەیدا بکات!؟ پیاوانی کۆمەڵگایان بەمە ترساندووە و خەریکە کۆدەنگی لە دژی یاساکە کۆدەکەنەوە و پۆچ پۆچیش حزبە گەندەڵە بەناو عەلمانییە سواڵکەرەکانی دەنگ، خۆیان بێ بەری ئەکەن لەم یاسایە، بە بێ ئەوەی عاقڵەکانیان بێن، ئەمە ڕوون بکەنەوە بۆ خەڵکی.
 بەرەی دژی ئەم یاسایە، ڕایان وایە کە ئەمە ئەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزان و زۆر سوورن لە سەر وەستاندنی، هەندێ لەو سەرکردانە لە مەترسی ئەتۆم بۆ مرۆڤایەتی، ئەم یاسایە بە مەترسیتر ئەبینێ بۆ سەر خێزانی کوردی. باوەڕ ئەکەم کە بەم ئەرگومێنتە سادانە، زۆربەی خەڵکی سادەیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە. بەڵام لێرەدا جێی خۆیەتی هەندێ سەرنج و پرسیار بخەمە بەردەمی بەرەی دژایەتی کەر و ئەوانەشی کە لە دەوریان کۆ بوونەتەوە:-
١/ئەگەر ژنێک وەها تۆمەتێک بە درۆ بۆ پیاوەکەی ڕێک بخات و خێزانەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ئەو خێزانە لە بنەچەدا هەڵوەشاوەیە و ئەم یاسایەش نەبێت لە ڕێگەیەکی دیکەوە هەڵدەوەشێتەوە، یان لە ڕوی ڕوحییەوە هەر لە بنەچەدا هەڵوەشاوەتەوە.
٢/ تۆی مەلا و حزبی ئیسلامی شەرمە چوونە لای ئافرەتانتان بە زۆرداری پێ ئاسایی بێت، دەبوو دژی بن و چۆنێتی ساغ کردنەوەی ڕاستی و دروستی و شێوازی لێکۆڵینەوە بۆ دادگاکان بە جێ بهێڵن، ئەشتوانرا ئەمە بکرایە بە پێشمەرجی ڕازی بوونتان.
٣/ ئێوە تەنها ترستان لای ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەنگ بەو یاسایە بدرێ، سبەی هەرچی ژنە ڕێگەی دادگا ئەگرێ و خێزانێک بە پێوە نامێنێتەوە، لە هەرێمدا. من تێناگەم بۆچی پیاوانی ئایینی و گروپ و تاقمی ئیسلامی ئەوەندەی بۆمبێکی میقات کراو، بێ بڕوان بەرانبەر بە ئافرەتان، تێناگەم چی وا لێ کردوون کە بڕواتان وابێ، ئەگەر ستەم  زۆرداری نەبێ، ئافرەتان مێزەکە بەسەری پیاواندا قڵپ دەکەنەوە، ئاخۆ بۆچی تا ئەمڕۆش چاوەڕوانن کە ئافرەتان هەموو کاتێ ئامادەییان تیایە، تاوانەکانی دایکە حەوا له بەهەشتدا، ئەمان لە سەر زەوی دووبارە بکەنەوە؟ بۆچی هەمیشە باوەڕتان بە خواروخێچی ژنان جێگیرە؟
٤/ من تێناگەم ئێوە کە زەڕەیەک بڕواتان بە ئافرەتان نیە، بۆچی زۆربەتان دانەیەک و دووان و سیان و چوارتان لە خۆتان ئاڵاندووە، کە هەمیشە وایان ئەبینن کە تاوانبارن و لە دەرفەت ئەگڕێن بۆ تۆڵەکردنەوە لێتان.
٥/ باوەڕ ناکەم کێشەی ئێوە لە گەڵ ئەوەدا بێ کە سەلماندنی ئەم تاوانە کارێکی زەحمەتە، چونکە چاک ئەزانن ئەگەر ئافرەتێک مل بۆ زۆرداری نەدات، ئەوا مەگەر پیاو بە هێزی ماسولکە و تەعزیب و لێدان ئەو کارە بکات، لەو حاڵەتەشدا سەلماندن لە خۆی ئاسانتر نیه و خێزانی واش هەر قابیل بە هەڵوەشاندنەوە، نەک هێشتنەوەی لەو دۆزەخە ژیانەدا. بەڵام کێشەکەی ئێوە شتێکی دیکەی ژێر عەمامەکانتانە، کە ئافرەت بە بڕوای ئێوە لە مەسەلەی سەرجێی، نە مافی بڕیاردانی هەیە و نە مافی چێژ وەرگرتن، ناڕاستەوخۆش نەشتانشاردۆتەوە.  ئەی ئەوە نیە (عبد اللطیف) ێکتان ئەڵێ خەتەنەیان بکەن تا چێژ نەبینن و بێ ڕەوشت نەبن و (عبدالطیف) ەکەی دیکەش ئەڵێت هەر کات پیاو ئارەزووی کرد خێرا بچێتە ماڵەوە و خۆی بەتاڵ بکاتەوە و بە تاکسییەک بگەڕێتەوە جێگەی کارەکەی و (عبد)ێکی دیکەشتان ئەڵێت پیاو داوای لە ئافرەت کرد و ئافرەت ڕازی نەکرد، بەر نەفرەتی هەموو فریشتە ئەکەوێت تا بەیانی. کێشەی ئێوە ئەمانەیە نەک بیانووی سەلماندنی ڕاستی ڕوودانی زۆردارییەکە.
٦/ من تێناگەم ئەم یاسایه خێزان زیاترهەڵوەشێنێتەوە یان قومارخانە و مادەی هۆشبەر و ئاڵودە بە مادە کحولییەکان و خانەکانی لەشفرۆشی؟ سەیرم لێ دێت ئاوها یەکتان گرتووە بۆ دژایەتی یاسایەک بۆ کەم کردنەوەی توند و تیژی، بۆچی چارەکی ئەو هەوڵانەتان جارێک لە جارەکان نەخسته گەڕ بۆ فشاری سەر دەسەڵات تا ئەو شتانە قەڵاچۆ بکات؟ وا دیارە هەبوونی ئەو دیاردانەش بۆ درێژەدان بە کاسبی ئیسلامی سیاسی و تانە لە دەسەڵاتی گەندەڵ و بە ناو عەلمانی و تانە دان لە ئازادی و مافەکان، مادەیەکی خاوی وەعز و سیمینار و خوتبەکانتانە.
ماوەتەوە بڵێن گەر ژن و پیاوێک سۆز‌ و خۆشەویستی و گیانی هاوکاری و تەبایی کۆی نەکردبنەوە، هەموو ستەم و زۆرداری و توند وتیژی نایانکات بە ژن و پیاو، جا با سەدد ساڵیش لە نێو ماڵێکدا بژین و مەلا و شەرع و شاهیدیش مارەی بڕی بن.