٤/ من تێناگەم ئێوە کە زەڕەیەک بڕواتان بە ئافرەتان نیە، بۆچی زۆربەتان دانەیەک و دووان و سیان و چوارتان لە خۆتان ئاڵاندووە، کە هەمیشە وایان ئەبینن کە تاوانبارن و لە دەرفەت ئەگڕێن بۆ تۆڵەکردنەوە لێتان.
٥/ باوەڕ ناکەم کێشەی ئێوە لە گەڵ ئەوەدا بێ کە سەلماندنی ئەم تاوانە کارێکی زەحمەتە، چونکە چاک ئەزانن ئەگەر ئافرەتێک مل بۆ زۆرداری نەدات، ئەوا مەگەر پیاو بە هێزی ماسولکە و تەعزیب و لێدان ئەو کارە بکات، لەو حاڵەتەشدا سەلماندن لە خۆی ئاسانتر نیه و خێزانی واش هەر قابیل بە هەڵوەشاندنەوە، نەک هێشتنەوەی لەو دۆزەخە ژیانەدا. بەڵام کێشەکەی ئێوە شتێکی دیکەی ژێر عەمامەکانتانە، کە ئافرەت بە بڕوای ئێوە لە مەسەلەی سەرجێی، نە مافی بڕیاردانی هەیە و نە مافی چێژ وەرگرتن، ناڕاستەوخۆش نەشتانشاردۆتەوە. ئەی ئەوە نیە (عبد اللطیف) ێکتان ئەڵێ خەتەنەیان بکەن تا چێژ نەبینن و بێ ڕەوشت نەبن و (عبدالطیف) ەکەی دیکەش ئەڵێت هەر کات پیاو ئارەزووی کرد خێرا بچێتە ماڵەوە و خۆی بەتاڵ بکاتەوە و بە تاکسییەک بگەڕێتەوە جێگەی کارەکەی و (عبد)ێکی دیکەشتان ئەڵێت پیاو داوای لە ئافرەت کرد و ئافرەت ڕازی نەکرد، بەر نەفرەتی هەموو فریشتە ئەکەوێت تا بەیانی. کێشەی ئێوە ئەمانەیە نەک بیانووی سەلماندنی ڕاستی ڕوودانی زۆردارییەکە.
٦/ من تێناگەم ئەم یاسایه خێزان زیاترهەڵوەشێنێتەوە یان قومارخانە و مادەی هۆشبەر و ئاڵودە بە مادە کحولییەکان و خانەکانی لەشفرۆشی؟ سەیرم لێ دێت ئاوها یەکتان گرتووە بۆ دژایەتی یاسایەک بۆ کەم کردنەوەی توند و تیژی، بۆچی چارەکی ئەو هەوڵانەتان جارێک لە جارەکان نەخسته گەڕ بۆ فشاری سەر دەسەڵات تا ئەو شتانە قەڵاچۆ بکات؟ وا دیارە هەبوونی ئەو دیاردانەش بۆ درێژەدان بە کاسبی ئیسلامی سیاسی و تانە لە دەسەڵاتی گەندەڵ و بە ناو عەلمانی و تانە دان لە ئازادی و مافەکان، مادەیەکی خاوی وەعز و سیمینار و خوتبەکانتانە.
ماوەتەوە بڵێن گەر ژن و پیاوێک سۆز و خۆشەویستی و گیانی هاوکاری و تەبایی کۆی نەکردبنەوە، هەموو ستەم و زۆرداری و توند وتیژی نایانکات بە ژن و پیاو، جا با سەدد ساڵیش لە نێو ماڵێکدا بژین و مەلا و شەرع و شاهیدیش مارەی بڕی بن.