فێرگەیەک پر لە ژیان - ژینگەیەک پر لە هیوا

Wednesday, 28/09/2022, 23:30

5070 بینراوە


قوتابخانەی یاڵانقۆز
فێرگەیەک پر لە ژیان ژینگەیەک پر لە هیوا
قوتابخانەیەک پر لە وانەکانی فێربوون بۆ ژیانێکی تەندروست و سەرکەوتوو


قوتابخانەی یاڵانقۆز فێرگەیەکە بۆ ئامادەکردنی مناڵان تا بوێرانە لە دوای شەش ساڵی پەروەردە و خوێندن لێرەوە بدەن لە شەقەی باڵ و لە ئاسمانی بەرینی پرزانستدا بەردەوام بن... 
 ئەم قوتابخانە خنجیلانەیە، پێکهاتووە لە پۆلەکانی یەک تا شەشی بنەرەتی لە گوندی یاڵانقۆز، لە نزیک شاری سلێمانی. بێجگە لە مناڵانی دێیەکەی یاڵانقۆز، چەندین قوتابی دیکە لە گوندەکانی دەوروبەری ئەم دێیەوە لەم فێرگە ناوازەدا دەخوێنن.... 
بەچوونە ژوورەوە بۆ فێرگەی یاڵانقۆزی بنەرەتی، لە یەکەم هەنگاودا هەستێکی تایبەتیت لادروست دەبێت کە ئەم فێرگەیە ژینگەیەکی وزەبەخش و تایبەتە و پر لە هیوا و پر لە رەنگەکانی ژیانە. 
گەر لە باخچەی قوتابخانەکە وردبیتەوە دەبینیت لە سەر زەوی باخچەکە چەندین یاری تایبەت بە منداڵان بە رەنگی جیاواز کێشراون، قوتابیەکان لەکاتی پشوویاندا بە بەردەوامی لە جوڵان و چالاکیدان. هاوکات باخچەکە وەک گۆرەپانی تۆپی پێ و یارییە وەرزشەکانی دیکە بەکاردەهێنرێ. دیارە چالاکی وەرزشی و جوڵانی قوتابی کاریگەری ئەرێنی لەسەر فێربوونی وانە تیۆریەکان دروستدەکا و لە هەمانکاتدا پەیوەندی نێوان قوتابیەکان و گیانی هاوکاری تیایاندا بەهێز دەکا. 
ژینگەی پۆلەکان بە شێوازێکە کە منداڵەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ئاسمانی بەرینی فێربوون دا بکەونە فرین. ژینگەیەک پر لە رەنگەکانی دنیای بێگەردی خۆیان، پۆلێک کە دەچیتە ژوورەوە ئاواتەخوازی کە کات لە شوێنی خۆیدا بچەقێ. قوتابیەکان، بە روویەکی خۆش و متمانە و بروابەخۆبوونەوە پێشوازی لە میوانەکانیان دەکەن. 
لەسەردانێکمدا بۆ ئەم قوتابخانە نموونەییە، سان، کە یەکێک بوو لە قوتابیەکان ببوە فۆتۆگراف، بە شێوازی هەڵسوکەوتی و گرتنی وێنەکان دیاربوو کە ئەمە ئەرکی  خۆیەتی و بەدڵنیاییەکی زۆرەوە کارەکەی بەجێدەهێنا. 
هەبوونی پۆلی جیاواز بۆ هەر وانەیەک، وایکردوە کە ژینگەی پۆلەکان بەپێی وانەکان بگونجێنرێن. هەڵواسینی وێنەی تایبەت و ئەلفوبێی زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبیش پۆلەکانیان زیاتر پر رەنگ و وزەبەخش کردوە. لەهەمانکاتیشدا کاتێک مناڵەکان پۆل دەگۆرن، ناچارن بجوڵێن و بەرەو پۆلێکی تر برۆن، ئەم جوڵانەش کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی هەیە بۆ فێربوون. تەنانەت هەندێ مناڵ هەیە لە کاتی جوڵاندا دەتوانێ باشتر لە وانە تیۆرییەکان بگات.
ژینگەی پاک و شێوزی رێکخستنی فێرگەکە سەرنجی میوان رادەکێشێ. قوتابیەکان هوشیارن بە پاکژراگرتنی ژینگەی قوتابخانەکەیان. دانانی سەتڵی جیاکردنەوەی خواردن، شووشە، نایلۆن و کاغەز و ڕێزگرتن لە پاکژراگرتنی ژینگەکەیان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن.  لێرەوە و بەم شێوازە منداڵان هوشیاردەبن بە ڕێزگرتن لە سروشت و لەو ژینگەیەی تیایدا دەژین.  دیارە هوشیاری قوتابیەکان بۆ پرسی ژینگە دەرئەنجامی کاروماندووبوونی بەرێوەبەرو مامۆستا و کارمەندانی دیکەی قوتابخانەکەیە. 
مرۆڤ ئاواتەخوازیەتی کە ژینگەی هەموو قوتابیەکی کوردستان هاوشێوەی ژینگەی یاڵانقۆزی بنەرەتی بێ. دەکرێ ئەم بیرۆکەیە، کە ئێستا لە زۆرینەی شارەکانی ئەوروپادا هەموو تاکێک بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە جیاکاری لە خاشاک و خۆڵی ماڵی خۆیدا بکا، ببێتە نموونەیەک و بگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵگە و هەموو تاکێک هەست بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر ژینگەکەی بکات.
هەبوون و هەڵواسینی رێنمایی و پێشنیاز بۆ مامۆستا لە نێو رارەوەکانی قوتابخانەکەدا، پەیامێکی دیکەی ئەم فێرگەیەیە بۆ هەمیشە وەبیرهێنانەوەی پەیام و رێنماییەکانی فێرگەکە بۆ مامۆستا و کارمەندان. 
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم شێوازی کارکردنە دروستبوونی پەیوەنییەکی بەهێزە لە نێوان قوتابی و مامۆستادا، کە دەرئەنجامەکەی دروستبوونی متمانە و باوەرە. کە قوتابی متمانەی بە مامۆستا هەبوو، ئەو کات پەیامی مامۆستاش بە ئاسانی دەگاتە لای قوتابی.
پەرۆشی و دڵسۆزیی بەڕێوەبەر و شێوازی بەرێوەبردنی قوتابخانەکەی، هاوکات دڵسۆزیی مامۆستا و کارمەندانی دیکەی قوتابخانەکە و کارکردنیان وەک یەک تیم بۆ ئامانجە سەرەکیەکان، بە دڵنیاییەوە هۆکاری سەرکەوتنی قوتابخانەکەیە.
دەکرێ بڵێین لەم فێرگەیەدا، پرسە گرنگەکانی ژیان هەروەک تەندروستی، ژینگە، کۆمەڵایەتی، رێزگرتن لە یاسا و خۆشەوسیتی نیشتمان ، لەژێر چەتری زانستدا بەشێوەیەکی پێداگۆکی مۆدێرن کاری لەسەردەکرێ.  ئامانجیش سەرکەوتنی قوتابیەکانە لە هەموو بوارەکاندا. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە