بۆ دەمرین؟ وەڵامی زانست بۆ ئەم پرسیارە چییە؟

Thursday, 29/09/2022, 0:07

7378 بینراوە


دەرهێنەری ئەمریکایی ناودار ودی ئاڵن: "نامەوێ لەڕێی کار و بەرهەمەکانمەوە بە نەمریی بگەم، بەڵکو دەمەوێ بە نەمردن پێی بگەم."


مەرگ، یان مردن بە درێژایی مێژوو جێی سەرنج و بایەخی مرۆڤ بووە، گەلەک لە ئاینەکان و فەیلەسووف و بیرمەندان هەوڵیان داوە ڕاڤەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، چونکە لە هەر بوارێکدا پێناسەیەکی تایبەتی و جیاوازی پێدراوە. لێرەدا نامانەوێت پەنا ببەینەبەر ئاینەکان و هۆکارە ناسروشتی و میتافیزیکییەکان، بەڵکوو پتر مەبەستمانە لە ڕوانگەیەکی زانستی لە دیاردەی مردن بکۆڵینەوە بۆ زانینی چییەتی مردن و هۆکارەکانی. هاوکات بە پشتبەستن بە زیندەوەرزانی پەرەسەندنەکی بگەینە وەڵامی ئەوەی، بۆ دەبێ بمرین، بۆچی سروشت تەمەنێکی یەکجار درێژ، یاخۆ نەمریی پێ نەبەخشین؟
 

مردن و هۆکارەکانی

بەگوێرەی زانست، مردن وەستانی تەواوی بوونەوەرە زیندووەکانە لە ئەنجامدانی چالاکییە زیندەکییەکانی وەک، هەناسەدان، خواردن، زاوزێ، جووڵە، بیرکردنەوە و هی دیکە. بەکورتی مردن لە بواری پزیشکیدا دوو پێناسە هەڵدەگرێت: یەکیان مردنی نوێنەکی کە وەستانێکی کوتوپڕی سوڕی خوێن، هەناسەدان و لەدەستدانی هۆشیارییە، هەندێ جار وا دەبێت بەهۆی بووژانەوەیەکی دەستکرد، دڵ و سییەکان بکەونەوە کار و کەسەکان لەم جۆرە مردنە ڕزگار بکرێن، ئەگەریش خێرا ئەنجام نەدرێت ئەوە دەبێتە مردنێکی بایۆلۆژی. دووەمیان مردنی بایۆلۆژییە کە گەلەک جار بە مردنی مێشک ناو دەبرێت، ئەمەیان وەستان و نەمانی یەکجارەکی و تەواوی ئەرک و فەرمانەکانی مێشک و قەدی مێشک و کڕۆکی بڕبڕەیە، بە شێوەیەک هەرگیز نەتواندرێت ئەم ئەندامانە جارێکی دی بکەونەوە کار.
هیچ مردنێک لەخۆوە ڕوو نادات،%99 ی مردنەکان بەهۆی وەستانی دڵن، هەر هەمووشیان بەچاکی دیار دەکرێن لەکاتی توێکاری پزیشکیدا، ئەو%1 ی کە دەمێنێتەوە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئەویش هەر پەیوەستە بە شێوانی تەزووی کارەبایی دڵ، لە بەشی دیکەی نەزاندراوی دڵدا. ئەو مردنەشی ئەنجامی درێژی تەمەن و پیربوونە، هۆیەکەی ئەوەیە کە خانەکانی لەشمان ناتوانن چیدی خۆیان لەبەر بگرنەوە، بۆ دروستکردنی خانەی نوێ.
پێشینەکانی مرۆڤ لە کۆندا بەدەگمەن ڕزگاریان دەبوو تا بتوانن ماوەیەکی درێژ لە ژیاندا بمێننەوە، گەرچی بەتەمەنیش نەبوونایە، چونکە کێبڕکێیەکی تووند هەبوو لەسەر خۆراک و سەرچاوەکانی بژێوی و چەندان بابەتی دیکە. لەو کاتانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هۆکاری جۆراوجۆر هەبوون بۆ مردن وەک، هێرشی ئاژەڵێکی دڕندە، شەڕی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدی، تووشبوون بە نەخۆشییەکان، کەمی بەروبوومی خۆراک و هی دی، هەموویان مرۆڤیان بەرەو مردن دەبرد پێش پیربوونیان.
مرۆڤی چاخە سەرەتاییەکانی سەردەمی ڕاوکردن نێزیکەی 30 ساڵ دەژیا، ڕێژەی نێوانەکی تەمەن لە جیهاندا لە سەدەی نۆزدەیەم دەوروبەری 40 ساڵێک دەبوو، بەڵام ئێستە لە 70 تێپەڕیووە. ئەم ڕێژانە هەمیشە لە هەڵکشانن، لەبەرئەوەی لە لایەنی پزیشکییەوە هەنگاوی مەزن نراوە، ڤایرۆسی هۆکاری نەخۆشییەکانمان دۆزیووەتەوە، بە پەنسلین ژیانی ملیۆنان کەسمان ڕزگار کرد، ئەندازەی بۆماوەییمان داهێنا، فێرە هەڵگرتن و پاراستنی خۆراک بووین، ژیانی مرۆکانمان باش کرد، بەمانەش توانیمان تا ڕادەیەک مردن دوا بخەین.
ئەمڕۆکە 9 لە 10ی هۆکارە سەرەکییەکانی مردن نەخۆشییەکانن، بڕیارەکەش بەدەست جینەکانمانەوەیە، واتە نەخۆشی بەردەوامە لە کوشتنمان بەڵام بەتەنیا نییە، چونکە ئەگەر نەخۆشیش نەهێڵین، ئەوا پیربوون هەر دەمان کوژێت. مردن بەهۆی پیربوون پێی دەگوترێت مردنی سروشتی، زیندەوەران هەریەکەیان تەمەنی تایبەتی خۆیان هەیە، مشک دەشێ دوو ساڵ بژیێت، مرۆڤیش لەوانەیە بگاتە 120 ساڵ.
خانەکان کەرستەی سەرەکی بنیاتنانن لە لەشدا، بە شێوەیەکیش بەرنامەڕێژ کراون تا دابەش ببن و چەندجارە ببنەوە بۆ ئەنجدامدانی کۆمەڵێک کار و فەرمانی بایۆلۆژی گەلەک گرینگ. بۆ نموونە، ئەگەر سەرنج بدەینە ئێسکەکانمان، هەرچەندە بە شتێکی بێ ژیانی دەبینین، کەچی لەڕاستیدا شانەیەکی زیندووە و بەدرێژایی قۆناغی پێگەیشتن و گەشەکردن خۆی لەناو دەبات و سەرلەنوێ دروستی دەکاتەوە، بەو جۆرە هەر 10 ساڵ جارێک تێکڕای ئێسکەپەیکەرەکەمان نوێ دەبێتەوە. هەندێک بەشی لەشمان زۆر خێراتر ئەو نوێبوونەوەیەی لێی ڕوو دەدات، خانەکانی پێستە، جگەر و ڕیخۆڵەکان هەموو ڕۆژێک دەگۆڕدرێنەوە. لە هەر چرکەیەکدا لەشمان نێزیکەی 25 ملیۆن خانەی نوێ جێی خانە کۆنەکان دەگرنەوە.
لە لەشماندا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئەرک و فەرمانی جیاجیا بەڕێوە دەچن، بۆیە ئاساییە بە تێپەڕبوونی کات تێکچوون و خراپبوونێک لە شانەکان و خانەکانمان ڕوو بدات، گۆڕانکارییەکان لە گەنجییەتیدا گرفتێکی مەزن نین، لەشمان شتگەلانێکی باشی لەبەردەستە بۆ قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی زۆربەی کێشەکان. لەبەرئەوەشە بۆ نموونە، خێرایی دابەشبوونی خانەکان و نوێبوونەوەیان زۆر زیاترە لە پێگەیشتووان، بۆیە کاتێک منداڵێک شوێنێکی بریندار دەبێ گەلەک بەپەلە چاک دەبێتەوە بە بەراورد بە گەورەکان. توانای ئەنجامدانی ئەو کارانە و چارەسەرییەکان بە گەورەبوونی تەمەن لاواز و بێهێز دەبن، پاشان بە کەڵەکەبوونی گیروگرفتەکان نیشانەکانی پیربوون بەدەر دەکەون.
ئەو دەمەی دەربارەی پیربوون دەدوێین، ڕاستەوخۆ چەند پرسیارێک سەرهەڵ دەدەن وەک، بۆ لەشمان پیر دەبێ؟ مرۆڤ دەتوانێ تا چی تەمەنێک بژیێت؟
زاناکان دوو هۆکاریان دەستنیشان کردووە بۆ پیریی: یەکیان پیربوونی خۆیەکی (Intrinsic aging)، کردارێکە بەگوێرەی بۆماوە دیار دەکرێت و بە شێوەیەکی سروشتی ڕوودەدات. ئەوەی دیکە پیربوونی دەرەکی (Extrinsic aging)، دەرەنجامی بڕیاری خودی کەسەکانە لە خۆراکی سوودبەخش، شوێنی نیشتەجێبوون، پیسبوونی ژینگە، مەیخۆری و جگەرەکێشان.
پیریی خانەکان (Cellular aging)، هۆکارێکی خۆیەکییە بۆ پیربوون، چونکە وەک گوترا کە بەبەردەوامی خانەکانمان دابەش دەبن و خانەی نوێ دروست دەبنەوە، بەڵام کاتێ پیر دەبین ڕێژەی ئەو دابەشبوونانە لەکەمی دەدەن ئەمەش پێی دەگوترێت کورتبوونەوەی تێلۆمیر (Telomere shortening). زانای زیندەوەرزانی لیۆنارد هایفلیک (Leonard Hayflick) لە ساڵی 1965 بابەتەکەی دۆزییەوە، تێبینی ئەو دیاردەیەی کرد کە ناونرا بە (سنووری هایفلیک). بەوەی خانەکان سنووری تایبەتییان هەیە لە دابەشبوون، واتە ئەو دابەشبوونە هەتاهەتایە درێژە ناکێشێت وەک پێشتر بۆی دەچوون، بەڵکوو خانە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، دابەشبوونی خێرا، دابەشبوونی خاو، پیربوون. ئەمەیان لەو پەردەیەی کە د.ن.ا (DNA) دادەپۆشێت بەدەرکەوت، ئەگەر پەردەکە کورت بووەوە ئەوا خانە پیر دەبێت و چیدیکە نەکارێت دابەش ببێتەوە، بۆیە ئەو کۆرپەیەی پەردەپۆشی د.ن.ا لەلایدا کورتە، لەشی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە پیر دەبێت و زۆر ناژیێت.

 بۆ دەبێ بمرین؟

بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییەکەمان، سەرەتا لەو تێبینییەوە دەستپێ دەکەین: ئەگەر هەڵبژاردنی سروشتی (natural selection)، هەمیشە لە هەوڵی مانەوە و چاککردنی میکانیزمەکانی خۆگونجانمانە بەرانبەر بەو ژینگەیەی تێیدا دەژین، لەبەرچی هەنگاو نانێت بۆ ئاراستەی درێژبوونی تەمەنمان و زێدەکردنی جۆرەکەمان لەسەر زەویدا؟ پێش چەند هەزار ساڵێک مێشکی مرۆڤ لەوەی ئەمڕۆکە بچووکتر بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندن و توانای ڕۆیینی ستوونی و بەرەڵابوونی دەستەکانی، قەبارەی مێشک تا دەهات گەورەتر دەبوو، کەچی تەمەنەکەی زۆر کەم درێژتر بووەتەوە، باشە هۆکاری ئەوە چییە؟
لەڕاستیدا هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا بۆ بەرژەوەندی جینەکان کار دەکات، مەبەستی بنەڕەتی لە ماوەیەکی دیارکراوی تەمەنی مرۆڤەکاندا، گواستنەوەی گەورەترین ڕێژەی جینەکانە بۆ نەوەکان. بەوەی هەر شتێک لەپێناو ئەو مەبەستەدا نەبێ ئەوا گرینگی پێ نادرێت، ئەوەشە هەندێک ناوی دەنێن بە جینی خۆویست (selfish gene).
ئێمە بەبێ ئەوەی بەتەواوی هۆکارەکانی بزانین، هاوشێوەی هەڵبژاردنی سروشتی ڕەفتار دەکەین لە بڵاوبوونەوە و مانەوەی جینەکانمان. لەبەرئەوەش بوو ئەوانەی پرسیارێکی گریمانەکییان لێ کرا: وا دابنێ تۆ لەگەڵ دوو منداڵت لەناو بەلەمێکی، یەکیان نەخۆش و پەککەوتەیە و ئەوەی دیکەیان ساغە، تۆ ناچاریت دەبێ یەک لەو دووانە بکەیتە قوربانی بۆ ڕزگاربوونی ئەوەی دی، زۆربەی هەرە زۆریان کە پرسیارەکەیان لێ کرابوو ساغەکە ڕزگار دەکەن، چونکە ئەمیان هەلی مانەوەی لەژیاندا پترە.
زانراوە کە سروشت بایەخێکی یەکجار گەورە دەدات بە پەسندکردنی توانای بەردەوامبوونی گوێزانەوەی جینەکان، گەرچی دەرەنجامی زۆر خراپ و نەرێنیشی هەبێت لەسەر زیندەوەرەکە لە ساڵانی پاش نەوەنانەوەی. ئەو بیردۆزە (1952) بە بیردۆزی کەڵەکەبوونی بازدانە جینەکییەکان (Mutation Accumulation)، یاخۆ بیردۆزی مێدوێر (Medawar's theory) دەناسرێت کە یەکەمین بیردۆزە بەچاکی ڕاڤەیەک دەخاتە بەردەست بۆ دیاردەی مردن و تەمەنی سنوورداری زیندەوەران. پاشان بابەتەکە لەلایەن جۆرج ویلیامز (George C. Williams)، زیاتر پەرەی پێدرا و بووە بیردۆزی فرەچەشنیی پێچەوانەکی (Antagonistic pleiotropy) لە کاریگەرییە بۆماوەییەکاندا. ئەمەیان پێناسە دەکرێت بە، بارودۆخێکی بۆماوەیی نائاسایی لە بوونی دوو، یان پتر لە نیشانە و تایبەتمەندییە بەبەرهەمهاتووەکان لە شێوانی یەک جینەوە. واتە بەڕای ویلیامز، هەر کاتێک بازدانە جینەکییەک ببێتە هۆکاری زێدەبوونی وەچەکان، کەچی لە لایەکی دییەوە ژیانی زیندەوەرەکە کورت بکاتەوە، ئەوا کێشەیەکی گەورە نییە، لەبەرئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر لە نەوەکان هاتنە بەرهەم کە هەڵگری جینەکانی باوانیانن، ئەمەش ئەو مەبەستەیە کە هەڵبژاردنی سروشتی کاری بۆ دەکات.
بیردۆزی کەڵەکەبوونی بازدانە جینەکییەکان پێمان دەڵێت، چۆن کۆئەندامە زیندەییەکانمان لە تەمەنێکی دیارکراودا تێک دەچن، بۆ مرۆڤی گشت چاخەکانی مێژوو پیر دەبن، ڕاڤەی ئەوەشمان بۆ دەکات بۆچی ژنان تەمەنیان لە پیاوان درێژترە؟ پیاوان بە سوود وەرگرتن لە هەڵبژاردنی سروشتی لە ژنان بەتواناترن لە گوێزانەوەی جینەکانیان ئەو کاتەی گەنجن، بەڵام پاشان لە ژنان پتر دووچاری کاریگەری بەجێماوی ئەو تایبەتمەندییە دەبنەوە و دەبێ باجەکەی بدەن، ژنان تەنیا ساڵی یەک جار دەتوانن منداڵیان ببێت، کەچی پیاوان پێیان دەکرێ ببنە خاوەن ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە ساڵێکدا.
لەمرۆڤدا، هێزی هەڵبژاردنی سروشتی بە تێپەربوونی تەمەن کەم دەبێتەوە، ئەو ئەرکەی (گوێزانەوەی جینەکان) لەسەر بوونە بایۆلۆژییەکەمان پێویست بوو بەجێمان گەیاند. بازدانە جینەکییە کەڵەکەبووەکان دەرەنجامی چالاکییەکانمان بوون کە توانیمان پێی هەڵبستین کاتێک لەوپەڕی هێز و لەشساغیدا بووین، بەڵام ئێستە پیرین و نەکارین ئەنجامیان بدەین.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی هێز و توانای نەوەنانەوە هەندێ جار لە ژناندا بەندە بە بازدانە جینەکییەکانی بۆماوەیی بۆ شێرپەنجەی مەمک، هۆکارەکانی گرێ دراون بە ڕێژەی بەرزبوونەوەی پیتداری لەلای ئەو ژنانەی هەڵگری بازدانەکانن. واتە بازدانەکانی شێرپەنجەی مەمک، تایبەتمەندییەکی باش دەدات لە تەمەنی گەنجییەتیدا، پاشان مەترسی پەیدا دەکات لە دواڕۆژ، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی سروشتی لە تەمەنی پێگەیشتن و ئامادەیی منداڵبوون کز دەبێت، بەمە هێزی نەوەنانەوە زاڵ دەبێ بەسەر کێشە و نەخۆشییەکان.
لە پیاوانیشدا، هۆڕمۆنی تستۆستيرۆن (Testosterone)، کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ سەرکەوتوویی پیاو لە ژیانی سێکسی و کێبڕکێی لەگەڵ پیاوانی دیکە، کەچی زێدەبوونی ئەم هۆڕمۆنە لە دوا ساڵەکانی تەمەن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات بەرز دەکاتەوە. ئێمە ئەو دەمەی گەنجین پێمان خۆشە زیاترین چێژ وەربگرین لە ژیانێکی سێکسی پڕ بەرهەم، بێئاگاین لە کۆبوونەوەی بازدانەکان کە دەبنە هۆی تێکچوونی تەندروستیمان چەندەی بەتەمەنتر دەبین.
هەڵبژاردنی سروشتی دەتوانێت تەمەنمان تا هەزار ساڵیش درێژ بکاتەوە (وەک گریمانەیەکی تیۆری ڕاستە)، بەڵام ئەمە مەبەستی نییە، بەرگریمان لێدەکات و تەندروستیمان دەپارێزێت هەتا دەگەینە بەرزترین ڕێژە لە گوێزانەوەی جینەکانمان و تایبەتمەندییە بۆماوەییەکانمان بۆ نەوەکان، پاشان بایەخ دەدات بە منداڵەکانمان و منداڵی ئەوان.
لە زیندەوەراندا بەهەمان شێوە ئەو بنەمایە بوونی هەیە، ماسی سالمۆن (سوورماسی)، هەموو وزە و چالاچییەکانی تەرخان دەکرێن، بۆ بڕینی رێیەکی یەکجار دوورودرێژ بۆ گەیشتن بەو شوێنەی هێلکەکانی لێ دادەنێت، دوای ئەوە ڕاستەوخۆ دەمرێت. هەلی گەڕانەوە و مەلەکردن بە ئارستەی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و مانەوە لە ژیاندا بۆ ساڵێکی دیکە لەناو دەریا، دیسانەوە هەڵ بستێت بەهەمان گەشتی سەرکەوتوو، شتێکی سەختە، هەڵبژاردنی سروشتی هەرگیز لایەنگری مانەوەیان ناکات، ئەمانە ئەوەی لێیان داوا کراوە ئەنجامیان دا و جینەکانیان بڵاو کردەوە لەپێناو درێژەدان بە جۆرەکەیان، کەواتە مردنیان بۆ سروشت زیانێکی گەورە نییە. 
ئەو دەمەی بمانەوێت دوورتر بڕۆین و لە مەبەست و هۆکاری مردن بپرسین، بیردۆزەکان زیاتر دەبن و گومان و دوودڵییەکان هەڵدەکشین. لەگەڵ ئەوەش هەندێ بۆچوونی لۆژیکی هەن دەکارن یارمەتیمان بدەن بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەگەر نەمرین چی ڕوودەدات؟ زەوی چی بەسەردا دێت لەو کاتەی هەموومان زیندوو و لەشساغ بین؟ ئەمەش نەک تەنیا ئێمەی مرۆڤ، بەڵکوو کۆی ئاژەڵ و ڕوەک و وردە زیندەوەران.
داروین ئەوەی بۆ ڕوون بووەوە کە هۆکاری کەمی خۆراک و کێبڕکێی بەردەوام، وای لە سروشت کردووە هەمیشە سنوورێک بۆ زیادبوونی زیندەوەران دابنێت، مردن بکاتە هۆیەک بۆ ڕێگرتن لە کارەساتی زۆربوون و بەردەوامبوونی ژیان. ئەگەر بەم شێوازە نەبووایە، ئەوا لەمێژ بوو ژمارەی زیندەوەران هێندە زۆر دەبوو، هەر زوو شێوانێک لە سروشتی ژیاندا پەیدا ببێت. بۆ ئەمەش کاتێک تەنیا مێیەی یەک فیل وەربگرین نێزیکەی 100 ساڵێک دەژی، 6 بێچوو بهێنێت لە ژیانیدا، واش دابنێین هیچیان لەناو نەچن و هەریەکەیان دیسانەوە 6 نەوە بنێتەوە، داروین خۆی لێکی داوەتەوە بە نێزیکەی 750 ساڵ، ژمارەیەیان خۆی لە 19 ملیۆن دەدات. ئەگەر لەم ڕووەوە سەیری هەندێ ماسی، یان مەگەز بکەین هەریەکەیان بە هەزاران، یان ملیۆنان گەرا و هێڵکە دادەنێن، کاتێک هەموو ئەمانە لەناو نەچن و بمێننەوە، کەواتە تەنیا بۆ تاکێکی یەک جۆر لەمانە، بە چەند ساڵێکی کەم جێیان لە دەریاکان و وشکانییدا نابێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش زانراوە کە هەندێ ئاژەڵ هەن هەرگیز نامرن (وەک لالەی دەریای ناسراو بە Turritopsis nutricula)، کاتێک دەگەنە تەمەنی پیریی جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتا و خانەکانیان نوێ دەبنە، بەو شێوەیە بەبەردەوامی چەندجارە دەبنەوە. پێویستە بڵێین، ڕاستە کە ئەم جۆرە نامرن بەهۆی پیریی، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان دەخورێن، بۆیە نەبوونەتە کێشەیەکی مەزن، لەبەرئەوەی ئەگەر ئاژەڵێکی بەهێزی وەک شێر، یان کیسەڵی تەواو گونجاو لەگەڵ ژینگە، یاخۆ مرۆڤ نەمر بوونایە وەک ئەو لالەیەی دەریا، ئەوا دەبوونە مەترسییەکی لەڕادەبەدەر گەورە بۆ سروشت.
ئەوەی لێرەدا گرینگە، دەبێ بەوریایی زاراوەی (هەڵبژاردنی سروشتی) بەکار بهێنین، تا کەس وا تێنەگات مەبەستمان لە هێزێکی ماددەیی، گیانیی، یان کەسێک، یاخۆ داهێنەرێک و دروستکەرێک بێت، لەبەرئەوەی ئەمەیان جگە لە بنەما و یاسایەکی سروشتی هیچی دیکە نییە، تەنیا وەک هێمایەک لەلایەن داروینەوە نیشان دراوە بۆ دەربڕین لە چەند کردار و میکانیزمێکی جۆراوجۆر.
دواجار دەبێژین، لەشی مرۆڤ بە پەرەسەندنێکی یەکجار مەزن و ئاڵۆز تێپەڕیووە، ئامانجی سەرەکیش بۆ نانەوەی نەوە و مانەوەی جۆرەکەی بووە، نەک بۆ ئەوە بووبێ، لەشێکی ساغمان بداتێ، لە پیریدا بەبێ گرفت بین. هەڵبژاردنی سروشتی بەلایەوە گرینگ نییە، چەند تایبەتمەندییەکمان هەبێ لە پیریدا تووشی نەخۆشیمان بکەن، یاخۆ بمرین، چونکە هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەبن ئێمە لە قۆناغەکانی پێکهێنانی خێزان و بەخێوکردنی منداڵەکانمان لێ بووینەتەوە.
ئاشکرایە کەسمان پێمان خۆش نییە بە نەخۆشی و پەککەوتوویی تەمەنی پیرییمان زۆر درێژ ببێتەوە، سروشتیش نایەوێ ببینە بار بەسەر نەوەکانمان، بۆیە ئێمە دەمرین تاکوو بەرەی داهاتوو بژیێت.

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە