ئەوخاتوونە لە کێ تووڕەیە؟

Friday, 30/09/2022, 20:25

10963 بینراوە


تایبەتمەندیی حیزبۆکەی کەلاسیکیی ئەوەیە کە تاکی ناهوشیار پەروەردە دەکات. تامی ناهوشیاریش فێڕناکرێت، کە بە دوای راستیەکاندا بگەڕێ. نازانێ لێکۆڵینەوە بکات. ناپرسێ وجوابیش ناداتەوە. ئەوەی کە بەرواڵەت لەو کورتە ڤیدۆیەدا دەبینڕێ ئەوەیە، کە بە هۆی ئەو بارودۆخە ناخۆشەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە پێش، بەتایبەت کوشتنی ژینای کورد بە دەست ژنکوژەکانی کۆماری ئیسلامی، وامان پێ دەڵێت، گۆیا دانیشتوانی باشووری کوردستان لەو بوارەدا کەمتەخەمیان نواندووە و بە پێی پێویست لایەنگریی لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناکەن. هەروەها وەبیر خەڵك دێنێتەوە کە کاتی خۆی خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان میوانداریان لە ئاوارەکانی باشووری کوردستان کردووە!
ئەو خاتوونە خۆی ماندوودەکات، چونکە گلەیی وگازەندە لە هەر پرسێکی نەتەوەیی وکولتوری وئابووری لە دەسەڵاتێک دەکرێ کە پێشتر بە دەنگی خەڵك و دانیشتوانەکەی خۆیەوە هاتبێتە سەرکار و بە پشتیوانی خەڵكی کردبێت. لە ئاست دانیشتوانی ئەو بەشە لە وڵاتیش دەکرێ بەراشکاوی بلێن، دەسەڵاتێک کە لە رابوردوودا و لە ئیستیشدا لە لایان ناوەندیی سیخوریەکانی جیهانی لە سەر پێی خۆی راوەستابێ وبە پارە و نانی گزیریی رۆژگاری بەرێکردبێ هیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوەی کوردەوە نییە.
لە باشووری کوردستان جگە لە دامودەزگای ئاشکرای دزی وتاڵانکردنی سەرخانو و ژێڕخانی وڵات و پێشکەشکردنیان بە داگیرکاری کورد هیچی دیکە بەدی ناکرێ. لەوەها سیستمێکدا کۆمەڵگاش بەرەو داڕووخان وسستی هەنگاو دەنێ. خەڵكی بە دیل کراوی باشووری کوردستان رۆژانە بە شێوەگەلی جۆراوجۆرلە ژێر زەخت و فشاری ئەو دووبنەماڵەیەدا دەناڵێنن. لە وەها فەزایەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابوریدا بژیوی ژیان کارەساتێكی بەسەر خەڵكدا هێناوە کە کەس ئاگای لە دەورووبەری خۆی نییە.
وڵاتێک کە لەسەر کۆمێنتێک روناکبیریی کورد ناوئاخنی زیندان دەکرێ کوا شایستەی ئەوەیەکە بخڕێتە ژێڕ پرسیارەوە! جگە لەوانەش بە پێی توانا خەڵك لە باشووری کوردستان ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان لەئاست بەشەکانی دیکەی کوردستان بە جێ گەیاندووە.
هۆکاری گازەندەی ئەو خاتوونە مووشەک بارانی کەمپەکانی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان بووە لە ڕێگای کۆماری ئیسلامییەوە. هەر تاکێکی دڵسۆز بە شەهیدبون وبریندار بونی ئەو کارەساتە خەمبار دەبێ. لەو کورتە ڤیدیۆیەدا دەبوایە ئەو خاتوونە تووڕەیی خۆی بە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ببارێنێ. دەبوایە پێیان بڵێ: ئێوە لێرە چی دەکەن؟
دەبوایە لەوان پرسیار بکات کە ساڵەهایە، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن هەزاران منداڵی کوردیان بە کوشتداوە، کەچی وێنەی باڵندەیەکی ناو قەفەس گیرۆدەی داوی ئەو دووبنەماڵەی بون کە پەڕوپۆیان مەقەستکراوە وتوانای هەڵفرێنیان نەماوە! گلەیی کردن لە خەڵکی بێ بەختی باشووری کوردستان هیچ بەرهەمێکی لێ هەڵناوەرێ، با رەخنە لەو حیزبانە بگرین کە بە خۆیان وتفەنگێکی ژەنگاوی سواری فیل بون و دانابەزن. کەسیان قەبوڵ نییە، دەگەڵ کەسیش ناسازێن.
وێدەچێ ئەو خاتوونە دانیشتووی شاری مهاباد بێ، بە شێوەی ئاخاوتنەکەی ڕا دیارە. خۆزگە رووی رەخنەکانی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوایە، کە بەخۆیاندا بچنەوە ودەرس لە مێژوو وەربگرن. تاوانبارکردنی خەڵكی باشووری کوردستان رەوا نییە. با رووی قسەکانمان لە سەر چەتەکانی بەرپرس لە خوڵقاندنی تڕاژیدیایەکان بێ لە زۆنی زەرد و سەوز.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە