پرۆژه‌ یاسای (به‌ره‌‌نگاربوونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی)، و هەڵوێستی مەلای سەلەفییەکان

Sunday, 02/10/2022, 21:56

3065 بینراوە


پرۆژه‌ یاسای (به‌ره‌‌نگاربوونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی)، و هەڵوێستی مەلای سەلەفی-جیهادیی ناو زیندان و ناو پارلەمان



پێش ئەوەی مەلا (هەورامان گەچێنەیی) لە پارلەمان دەنگی ناڕەزایی ئایینی بەرز بکاتەوە، کە یەکێکە لەو سەلەفی-جیهادیانەی ناو کۆمەڵی ئیسلامی کە بەبێ پێداچوونەوەیەک بۆ بڕوا جیهادیەکانیان دانیشتوون، و گەیشتووەتە پارلەمانیش؛ مەلا (ئیسماعیل سووسەیی)، کە مەلایەکی سەلەفی-جیهادیی تر بوو، بەتوندی دژی ڕەشنووسی یەکەمی پرۆژه‌ یاسای (به‌ره‌‌نگاربونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی) (ژماره‌ ٨ ی ساڵی ٢٠١١) کاتی خۆی لێدوانی دابوو، و کێشەکەیشی هەر ئەوە بوو ئەو پڕۆژە یاسایە خاڵی وای تێدایە کە پێچەوانەی قورئان و شەریعەتە، وەکوو فێرکاری و ڕێنمایی لێدانی ژن لە قورئاندا: “واضربوهن” (النساء: ٣٤)، و وەکوو خەنەتەی مێینە کە ئیسلام لە کاتی خۆیدا بەگشتی بە کارێکی باشی داناوە، و لە ڕێبازێکی فیقهیی وەکوو ڕێبازی شافیعییشدا “واجیب”ـە. بەمەش ناوبراو داکۆکیی لە شەق‌وەشێنیی پیاو و لە داب‌ونەریتی کۆنی خەتەنەی مێینە کرد.
وەکوو لە کاتی خۆیدا لەسەری نووسیومانە: وتاری “یاسای به‌ره‌‌نگاربونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی و مه‌لای پاسه‌وان ـ له‌ په‌راوێزی باس‌وخواسی یاسای توندوتیژیی خێزانی و به‌ره‌نگاربونه‌وەی هه‌ندێک له‌ مه‌لاکان”(١).
بۆیە ئێستەش هەر پارلەمانییەکی ئیسلامی هەر کێشەی ئایینیی لەگەڵ پرۆژە یاساکە هەیە، و سەرنجەکانی تریان هەر بیانوون.
مەلا سووسەیی مەلایەکی سەلەفی-جیهادیی سەربەخۆ بوو، ئەندامی حیزبێکی ئیسلامی نەبوو بەرگریی لێ بکات و بیگەیەنێتە پارلەمان. لە هەمان کاتدا سەلەفی-جیهادییەکی ڕاستگۆ بوو: ئامادە نەبوو بچێتە پارلەمان و دان بە دەسەڵاتی یاسادانەریی پارلەماندا بنێت. مەلا سەلەفی-جیهادیەکانی ناو کۆمەڵی ئیسلامی “جەماعەی ئیسلامی”، کۆمەڵی دادگەری “جەماعەی عەدالەت”ی ئێستە، سەلەفی-جیهادین بە تامی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بنەمای “تەقییە”ی شیعەگەری، کە جۆرێکە لە دووڕوویی پیرۆزکراو. بۆیە سەلەفی-جیهادیەکانی ناو پارلەمانی ئێمە؛ لە پارلەمانیشن و باوەڕیشیان بە ڕەوایی یاسادانان نیە بۆ پارلەمان ئەگەر یاسایەکی نوێ دابنێت کە دووبارەکردنەوەی هەمان حوکمە شەرعیەکە نەبیت، یان چاکسازییەکی نوێ بێت.
دەکرێت کەسێک لە پارلەمان بێت و ئەندامی دەسەڵاتێکی یاسادانان بێت و باوەڕیشی بە دەسەڵاتی یاسادانان نەبێت و خودی یاسا بە “شیرک” بزانێت؟! دەی ئەمانە وا بیردەکەنەوە، و خۆیان گەیاندووەتە پارلەمانیش.
لە زنجیرەیەکی داهاتوودا بیروباوەڕەکانی مەلا (هەورامان گەچێنەیی) ڕوون‌دەکەینەوە.

پەراوێز:

(١) بڕوانە: بلۆگی نووسەر:
و دیواری فەیسبووکی نووسەر:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە