دوژمنی راستە و ڕاستم پێ باشترە لە حیزبی ناڕاست

Monday, 03/10/2022, 13:17

4070 بینراوە


حیزبۆکەی کلاسیکیی کوردیی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیدارترن لەو داگیرکارەی کە راستە و ڕاست پێت دەڵێ: ئەی نەتەوەی کورد من دۆستی تۆنیم، دوژمنی تۆم، خاكت قەڵاچۆ دەکەم، بۆ خۆت دەکوژم، زیندانییت دەکەم، مافت لێ دەستینم، زمانت دەبڕم، کولتورت بەلارێدا دەبەم، دەستدرێژیی دەکەمە سەر ژن ومنداڵت، ناهێڵم هەناسە هەڵکێشی،ئ ەی کورد تۆش ئەگەر ئازای خۆت بپارێزە وبەرگریی لە خۆت بکە. شەڕم دەگەڵ بکە تا شەڕت دەگەڵ بکەم. فەرموو بایی چەندی و ئەوەش گۆڕەپانی شەڕ.
حیزبۆکەی کلاسیکیی، لەو دووبەشە لە وڵات وەتی هەن، تەواوی شکستەکانی خۆیان خستۆتە سەرشانی دوژمنی کورد و پاکانەیان بۆ خۆیان داتاشیوە. سەرهەڵدان دادەگیرسێنن بە بێ ئەوە ڕای گشتی کوردیی لێ ئاگادار بکەنەوە. شەڕ روودەدا بە بێ ئەوەی پرس بە کەس بکەن. دانوساندن دەگەڵ دوژمن دەست پێدەکەن بە بێ ئەوەی تاکێکی کورد و حیزبەکەیان ئاگادار بێ. شەڕی خۆترێنی ناوخۆیی دەکەن بە بێ ئەوەی خەڵک رازی بێ، پاشانیش داوای لێبووردن لە هیچ کەس ناکەن! کاتێکیش لە مەیدانی شەڕ دەگەڵ دوژمن یان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بەزین و شکستیان خوارد غەریبانە دەست دەکەن بە سکاڵا و شیوەن و ڕۆڕۆ. لەوەش بترازێ لێمان دەبن بە قارەمان وپێغەمبەری ئاشتی.
سەدەی رابوردوو کوشت و کوشتار و کۆڕەو و کیمیاباران وهەرچی نەهامەتیە کە بۆ کورد نازڵ بووە دەستی دووچین وتوێژیی تیدایە. یەکیان داگیرکاریی وڵاتەکە، کە نابێ گازەندەی لێ بکەین چۆن دۆست نییە،  ئەوەندەیش ئەو حیزبانەن کە لە باشووری کوردستان بوونەتە دۆلپا بە سەر شانی خەڵكەوە وخوێنیان دەمژن یان ئەو حیزبانەی بەدەستی حیزبیی کوردیی ناوئاخنی کەمپەکان کراون.
دەڵێن، بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ. ئەوە زۆر راستە. تاکی هوشیار و کۆمەڵگای هوشیار ئەگەر فێری پرسیارکردن وخوێندنەوەی مێژوو، لێکۆلێنەوەی سەردەمیانە ببێ باش ئەزانێ ئەو دوو بەشە لە وڵات چۆن بەرەو نەهامەتی و وێرانیی هەنگاوی ناوە.
هەر نەتەوەیەک کە دوژمنی خۆی بە باشی ناسی و بەرەنگاریی بۆوە سەردەکەوێ. دوای شەڕی دووهەمی جیهانی زۆر نەتەوە بەو شێوەیە رزگاریان بووە و بونەتە دەوڵەت. کورد نە دوژمنی خۆی بە باشی ناسیوە ، نە ئەوەی ئەو حیزبانەی کە بەڕواڵەت خۆیان وەک رزگاریدەر بە کورد ناساندووە، ناسیوە.
نەتەوەی هوشیار ناچێت کوڕە لۆمپەنەکانی بارزانی و تاڵەبانی بکاتە نوێنەریی خۆی. بۆیە دوژمنی راستە و ڕاستم لە حیزبیی درۆزن وناڕاست پێ باشترە. حیزبۆکەی کلاسیکیی لە ژێڕ پەردەی ئاڵاو، شەهید وسروود و نیشتمان وڵاتیان کاول کردوە.
دوژمنی راستە و ڕاست ناتوانێ خۆی حەشار بدا، حیزبۆکەی کلاسیکیی دەتوانێ خۆی حەشار بدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە