بۆ كارمه‌ندانى به‌ڕێزى ماڵپه‌ڕى "كوردستان پۆست" و به‌رێز كاك سه‌ردار پشده‌رى

Tuesday, 04/10/2022, 19:35

4896 بینراوە


دكتۆر صه‌باحى غالیب

له‌و جیهان و سه‌رده‌مه‌ى ئێستادا كه‌ قه‌ده‌ر واى له‌ چاره‌مان نووسیوه‌ تێیدا بژین، هاوكات له‌ جێگا و ڕێگاى خۆمان هه‌ڵكه‌نرێین، تووشى گه‌لێك دیمه‌ن، خه‌ڵك و بارودۆخێك ده‌بین كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سه‌ له‌ شوێنى خۆى بوایه‌، ئه‌وا ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزانه‌، سه‌خت و ئاسته‌نگانه‌ ڕووى نه‌ده‌كرده‌ زۆربه‌مان. ڕۆژگارێكه‌ وات لێدێت حه‌ز بكه‌یت، كوێر بیت و هیچ نه‌بینیت، ده‌خوازیت نه‌بیست و كه‌ڕ بیت، ده‌م داخراو و لاڵ بیت، چونكه‌ خه‌ڵكى بێ ویژدان، میدیاى كۆمه‌ڵایه‌تى(سۆشیال میدیا) نابه‌رپرسیار، تووشى شتێكت ده‌كه‌ن، ده‌ره‌قه‌ت نایه‌یت، به‌ جۆرێك تووشت ده‌كه‌ن، له‌ عه‌قڵ به‌ده‌ر بێت، لێكدانه‌وه‌ په‌ى پێ نه‌با، ویژدان سه‌ر لێ ده‌رنه‌كا، ئایین به‌لایدا نه‌چێ، به‌ ویژدان ناحاڵى و نامۆ بێ، قانوون به‌ لایدا نه‌چێ، بیر و هزر تێیدا كول بێ.
 "كوردستان پۆست" یه‌كێكه‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌ له‌مێژینه‌ى میدیاى كۆمه‌ڵایه‌تى، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى، له‌ ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا له‌ نزیكه‌وه‌، چاك منى ده‌ناسى، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى كه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێكى كورد تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ بوو، ساڵانى زانكۆ و هاتنه‌وه‌مان دواى هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلول، كوڕى ده‌ویست خۆى به‌ به‌عس و ده‌زگا سیخوڕیه‌كانى ته‌سلیم نه‌كا، ئه‌و كاته‌ گه‌لێك و زۆرى وه‌ك ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گرتن، تۆقاندن، هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسوركردنه‌وه‌ى ڕژێم به‌ گه‌ردن كێلى ڕاوه‌ستابووین، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت، وه‌ك كێو ته‌ماشاى ده‌كردین. ئه‌و ڕۆژگارانه‌، به‌ گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌، ڕووكردنه‌ شاخ، له‌وێش نه‌حه‌سانه‌وه‌، ناچار سه‌ر هه‌ڵگرتن به‌ره‌و هه‌نده‌ران، ئه‌و هه‌نده‌رانه‌ى كه‌ هه‌رگیز خۆزگه‌م پێ نه‌خواستووه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مزانى "به‌رد له‌ جێى خۆى سه‌نگینه‌"، ده‌ڵێى چى كه‌ له‌ جێى خۆت هه‌ڵكه‌نرایت، تووش ده‌بى، تووشبوونێك كه‌ هه‌ر چه‌ند ده‌كه‌م به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ك له‌ جیهانى من یه‌كجار دوور و نامۆیه‌.
 به‌ڕاستى "كوردستان پۆست" جه‌ساره‌تى نواند كه‌ بێ حساب كردن بۆ حورمه‌تى خه‌ڵك، هه‌موو شتێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رانى حه‌تمه‌ن ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ناكرێ هه‌رچى نووسرا، هه‌رچى وترا، هه‌رچى ده‌ڵێن بڵاوبكرێته‌وه‌، له‌ جیهانى ڕاگه‌یاندندا، پاراستى ئاساییشى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێ و به‌ وردى لێكدانه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌به‌ر چاو نه‌گیرێ، ده‌بێته‌ مایه‌ى هه‌ڵگیرسانى فیتنه‌ و ئاژاوه‌ تا ده‌گاته‌ شه‌ڕ و پێكدادانى تاكه‌كان، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵ و ڕێكخستنه‌كان له‌ گرێژه‌نه‌ ده‌با.
 له‌و ڕۆژانه‌دا، چه‌ند دۆست و ئاشنایه‌كم له‌ نووسینێكى كاك سه‌ردار پشده‌رى كه‌ له‌سه‌ر منى نووسیوه‌ له‌ "كوردستان پۆست"دا، ئاگاداریان كردم، خوێندمه‌وه‌، چه‌ند جارێكیش خوێندمه‌وه‌، كاسى كردم، تێفكرینى من، له‌ هۆكار و پاڵنه‌ره‌كه‌ى نه‌گه‌یشتم، ته‌نانه‌ت دامه‌ براده‌رێك ئه‌ویش بۆى خوێندمه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و پیاوه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ته‌ماشاى كردم، دڵى دامه‌وه‌ كه‌ ئاگادارى له‌ش ساغى و ته‌ندروستى خۆم بم، منیش ئه‌وه‌نده‌م عه‌رزكرد، كه‌ ناكرێ هیچ وه‌ڵامێك بده‌مه‌وه‌، خۆ ئه‌وه‌ سڵاوێكى بۆندار نییه‌، تا وه‌ڵامى بۆ بنووسمه‌وه‌. له‌ ڕووى عورف و ته‌بیعه‌تى جارانى ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌، پێویست بوو ڕاگه‌یاندن دوور بێ له‌ لایه‌نگرى و هاوكارى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ر شتێكى بێ بنه‌ما نه‌دا، بۆیه‌ له‌و ڕوانگه‌ قانوونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و عورفه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ "كوردستان پۆست" خۆى كردووه‌ به‌ به‌شێك له‌ بابه‌ته‌ نه‌شیاوه‌كه‌ و هاتووه‌ له‌ سێ پرسیاردا كه‌ بۆیان ناردووم، حه‌قى گومان و ته‌حقیقى به‌ خۆى داوه‌. هه‌زار حه‌یف. وا به‌ كورتى و به‌ هیواى دووا نووسین و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى من بێ له‌و باره‌یه‌وه‌. ده‌شبێ ئه‌وه‌ بڵێم به‌ ڕاستى زۆرم لاگرانه‌ كه‌ بۆ كه‌سێك بنووسم ڕاست نییه‌ یا ڕاست ناكا، ئه‌گه‌ر شتێكى وام به‌ قه‌ڵه‌مدا هات، ماڵى ناچارى كاول بێ. 
1. كاك سه‌ردار نووسیوێتى كه‌ كاك حاجى حاجى برایمى شیرخۆر ته‌له‌فۆنى ئه‌وى داومه‌تێ تا په‌یوه‌ندى پێوه‌ بكه‌م، ئه‌وى ڕاستى بێ، كاك جه‌مال محه‌مه‌د ئیسماعیل (جه‌مالى باجى عاسمێ سواره‌ قه‌ڵادزه‌یى)ى ڕه‌حمه‌تى، ته‌له‌فۆنى ئه‌وى دابومێ. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بنووسم كه‌ پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ بریتانیا، دۆست و براده‌رى به‌رێز، ڕه‌حمه‌تى شێركۆ عابد له‌ دیمه‌شق ته‌له‌فۆنى خۆى دامێ، كه‌ گه‌یشتمه‌ له‌نده‌ن، له‌ فرۆكه‌خانه‌ دوو هه‌فته‌ حیجزیان كردم، ته‌له‌فۆنم بۆ شێركۆى ڕه‌حمه‌تى كرد و هاته‌ سه‌ردانم بۆ حیجزخانه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌ى هیسرۆ. كاك سه‌ردار نووسیوێتى "له‌و 35 ساڵه‌دا (كه‌ من له‌ له‌نده‌ن)م ده‌ستى كه‌م هه‌فته‌ى دوو جار چومه‌ته‌ سه‌ر مێزى نان خواردنى ئه‌و...". ئه‌وه‌ ڕاسته‌ من زۆر جار نانى ئه‌و ماڵه‌م خواردووه‌، به‌ڕاستى سفره‌ى ئاوه‌دانه‌ و نانى خۆش و چاك و ده‌وڵمه‌ندانه‌یان هه‌بوو، هه‌زاران جار ماڵیان ئاوه‌دان و خانمه‌كه‌شى ده‌ست و چاوى خۆش بێ، ئه‌گه‌ر كاك سه‌ردار هیچى نه‌كردایه‌ و هیچى نه‌وتایه‌ و هیچى نه‌نووسیایه‌، ئه‌وا ده‌بووه‌ حاته‌مى كورد، خۆ مه‌رج نییه‌ هه‌مومان قسه‌ بكه‌ین یا بنووسین، جیهانى دیواخانى گه‌رم بۆخۆى گه‌وره‌ییه‌، حه‌یف بۆ كاك سه‌ردار نان خواردنى ماڵى خۆیان ده‌داته‌وه‌ به‌ چاومدا، ده‌بێ بزانێ هه‌ر كه‌سێكى به‌ ویژدان نووسینه‌كه‌ى بخوێنێته‌وه‌، جارێكى دیكه‌ سه‌ر به‌و ماڵه‌دا ناكاته‌وه‌، خوێنه‌رى به‌ ویژانیش با خۆى دادوه‌رى بكا كه‌ ده‌شێ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك من بۆ نان خواردن چوبێتمه‌ ئه‌و ماڵه‌ ئاوه‌دانه‌، حه‌قه‌ ئه‌وه‌ بزانێ بۆ حورمه‌تى ئه‌و چووم نه‌ك بۆ نه‌فس. بۆ من یه‌كجار سه‌ربه‌رزییه‌ ئه‌گه‌ر تیكه‌ نانێكم هه‌بێ و خه‌ڵكى به‌شه‌ره‌ف ڕازى بێ پێكه‌وه‌ بیخۆین، من منه‌تبارى هه‌موو جوامێرێكم حورمه‌تى ئه‌وه‌م لێبنێ و به‌ نان و ئاوى من ڕازى بێ، كاك سه‌ردار كه‌ پێچه‌وانه‌ى من بیر ده‌كاته‌وه‌، گه‌ردنى ئازاد بێ، با وا بزانێ كه‌ له‌ برسا چووم بۆ ماڵیان، دیسان ماڵى ئاوه‌دان بێ.
2. كاك سه‌ردار نووسیوێتى: "پاراستنى پارتیش ئه‌وه‌ى به‌ ده‌رفه‌ت زانى كه‌ له‌ ڕێگاى كاك سه‌باحه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكات و داواى گه‌ڕانه‌وه‌م لێبكات بۆ لاى پارتى، منیش ئه‌وه‌م لا په‌سند نه‌بوو...گوایا پاراستن به‌ منى وتووه‌ له‌ بووكه‌كانى نزیك ببمه‌وه‌ و لاى پاراستن داممه‌زراندوون، ئه‌وانیش داواكه‌یان قه‌بوڵ كردووه‌. ئه‌گه‌ر كاك سه‌ردار ئه‌و خه‌یاڵ و حیكمه‌تى بیركردنه‌وه‌ى بۆ كارى خێر به‌كاربێنایه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و خاوه‌نى ده‌زگاى ناساى ئه‌مریكایى بۆ فه‌زاناسى بوایه‌، خۆشى یه‌كه‌م كه‌س بوایه‌ بچێته‌ ناو مانگ و هه‌ر نه‌یه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌رز، ئه‌وێ جێى ئه‌وه‌ نه‌ك ئێره‌، هه‌ر ده‌بوایه‌ به‌و خه‌یاڵه‌ هه‌رچى پێشكه‌وتنى جیهانى هه‌یه‌ هى ئه‌و بوونایه‌. ئه‌وانه‌ سه‌ر له‌به‌ریان بوختانى گه‌وره‌ و خه‌یاڵاوین، من و ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ قه‌ده‌ر خه‌یاڵى كاك سه‌ردار لێیانه‌وه‌ دوورم. مه‌سه‌له‌ى بووكه‌كانى هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ كاك سه‌ردار ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ دایكى نه‌وه‌كانتن، له‌وه‌ زیاتر ناحه‌قییان لێ مه‌كه‌ و بوختانیان بۆ هه‌ڵمه‌به‌سته‌، به‌ قه‌ناعه‌تى من، بووكى هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ ماڵدا بێ یا ته‌ڵاق دراو بێ هه‌رگیز ناكرێ بێ حورمه‌تى پێ بكرێ، له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ئه‌وان كێشه‌ى زۆر جددیان له‌ ناو خێزان له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌بووه‌، هه‌موو كه‌س له‌ له‌نده‌ن و حه‌تمه‌ن له‌ هه‌موو ئه‌وروپاش ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌زانێ كه‌ وه‌ختێك پۆلیس و سوشیال چوونه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه‌، سه‌رجه‌م وه‌رده‌كارییه‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌، بۆیه‌ پۆلیس ئه‌و بووكانه‌ى له‌ماڵى كاك سه‌ردار گواستوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌زانن له‌ كوێن و دووربن له‌ ئازار و شه‌ڕ پێفرۆشتن، زۆر له‌ ماڵى كاك سه‌ردار دووریان خستوونه‌ته‌وه‌، به‌ ڕێكه‌وت هێناویانن بۆ گه‌ڕه‌كى ئێمه‌، بۆ زانیارى خوێنه‌ر، ماڵى كاك سه‌ردار له‌ خوارووى ڕۆژهه‌ڵاتى له‌نده‌نه‌، ئێمه‌ش له‌ سه‌رووى ڕۆژئاوا، زۆر له‌ یه‌ك دوورین، باوه‌ڕ بكه‌ن هیچ كه‌س ناتوانێ له‌و دوره‌وه‌ هه‌فته‌ى چه‌ند جارێك بچێ بۆ ماڵى كاك سه‌ردار بۆ نانخواردن، به‌هه‌ر حاڵ له‌و گه‌ڕه‌كه‌ تووشى بوكه‌كانى كاك سه‌ردار بووین، نانى ده‌ستى ئه‌وانمان خواردووه‌، زانیومانه‌ لێیان قه‌وماوه‌، دڵخۆشیمان داونه‌ته‌وه‌، چ خاوه‌ن وێژدانێك و به‌ شه‌ره‌فێك ده‌توانێ خۆى له‌ دوو كچى گه‌نجى بێ ناسیا و ده‌ربه‌ده‌ر، هه‌ڵبوێرێ و نه‌دیو بكا، ئێمه‌ نه‌مان توانیوه‌. به‌ڵام چیرۆك و ژیانى ئه‌و بووكانه‌ چى بووه‌ و چۆن پازده‌ ساڵ له‌ ماڵى كاك سه‌ردار به‌ ڕێیان كردووه‌، ئه‌وا ڕێگا به‌ خۆم ناده‌م، شتێكى دیكه‌ بنووسم، هه‌زار حه‌یف، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیكایه‌ته‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئاساییشى نه‌ته‌وه‌یى كورد و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌پارێزێ، با (كوردستان پۆست)، به‌ دواداچوونى بۆ بكا، دیسان هه‌زار حه‌یف خوێنه‌ر به‌و بابه‌ته‌ ناشیرین و ناخۆشانه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن.
3. نازانم به‌ چ حه‌قیك و به‌ چ لێكدانه‌وه‌یه‌كى میدیایى و تواناى ئینسانى، "كوردستان پۆست" خۆى كردووه‌ به‌ حه‌كه‌م و حاكم، شتى له‌و شێوه‌یه‌ جگه‌ له‌ سۆشیال میدیاى كوردى ڕه‌نگه‌ نه‌بێ و له‌ كه‌م شوێن جێگاى ببێته‌وه‌، ئه‌وان به‌ چ حه‌قێك گومانیان له‌ منه‌؟! به‌ چ حه‌قێك داواى ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ من ده‌كه‌ن كه‌ ڕاوێژكارى پارستن بم یا نا، ئه‌گه‌ر "كوردستان پۆست" ئه‌ونده‌ به‌ په‌رۆشى دۆزینه‌وه‌ى حه‌قیقه‌ته‌، ده‌بوایه‌ پێش یڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و نووسینه‌ هه‌نگوینییه‌ى كاك سه‌ردار، به‌ دواداچوونیان بۆ ناڕاستى بكردایه‌، به‌ڵام گه‌رم بازاڕى بۆ خۆیان، به‌ هیچ شتێكى پیرۆزى ناگۆڕنه‌وه‌، تكایه‌ ته‌ماشاى خاڵى دووى سه‌ره‌وه‌ بكه‌. دیسان هه‌زار حه‌یف. حه‌قه‌ هه‌موو كه‌س به‌ تایبه‌تى میدیاكار و ڕووناكبیر ئه‌وه‌ بزانن كه‌ هه‌ر كه‌سێ بوختان یا ئیدیعایه‌ك ده‌كا، ده‌بێ داوا له‌و بكرێ كه‌ بیسه‌لمێنێ، ناكرێ بێ بنه‌ما و پێوانه‌یه‌كى دنیایى و قیامه‌تى، كه‌سانى بێ ویژدان ژیان له‌ زیندوو و مردو هه‌راسان بكا.
 بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ خانه‌نشینم، "كوردستان پۆست" ده‌زانێ من ماوه‌ى چه‌ندان ساڵ له‌ قوتابخانه‌ى قه‌ره‌داغ، له‌ قوتابخانه‌ى زانستیى ئێواران له‌ سلێمانى له‌ قوتابخانه‌ى ده‌باشان مامۆستا بووم، ئه‌وجا ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك یاریده‌رى لێكۆڵه‌رى زانستى بووم له‌ زانستگاى سلێمانى، پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشى ئه‌یلول بووم، له‌ سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانیش چه‌ند ساڵێك له‌و شاخانه‌ بووم، به‌ خزمه‌ت و عاره‌قى ناوچه‌وانى خۆم له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، حه‌قى حه‌ڵاڵى خانه‌نشینیم پێدراوه‌، نه‌ك به‌خێر، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك به‌لایه‌وه‌ مه‌تڵه‌به‌، بزانێ چه‌ند وه‌رده‌گرم، با بڕۆن له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران داواى دۆسیه‌كه‌م بكه‌ن و بپرسن موچه‌ى خانه‌نشینییكه‌م چه‌نده‌، به‌شكم دڵیان بحه‌سێته‌وه‌. 
 دیسان به‌ڕاستى سه‌یره‌ "كوردستان پۆست" گومان له‌ له‌ دكتۆراكه‌ى من بكا!؟ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێ له‌و باره‌وه‌ دڵنیا بێ، با بچێته‌ سه‌ر گوگڵ و بنووسێت: Sabah A. Ghalib یا بچێته‌ سه‌ر University of Exeter ئه‌وا به‌ پى دى ئیف ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌توانێ بیخوێنێته‌وه‌ كه‌ ناونیشانى تێزه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ The Emergence of Kurdism with Special Reference to the Three Kurdish Emirates within the Ottoman Empire 1800-1850، یا بچێته‌ سه‌ر ACADEMIA بۆى ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ دكتۆراكه‌م له‌ كوێ و كه‌ى و له‌سه‌ر چییه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، دیسان ماڵى ناچارى كاول بێ ده‌بێ له‌ جیاتى ئیستراحه‌ت له‌م ته‌مه‌ن و له‌م بارى نه‌خۆشى حه‌وت عه‌مه‌لیاته‌م، به‌ زۆر بمهێننه‌ قسه‌، ئه‌گه‌ر "كوردستان پۆست" په‌یڕه‌وى له‌ ڕێبازى حه‌قیقه‌ت و ویژدان و عورفى میدیایى ده‌كا، ئه‌وا پێویسته‌ داواى لێبوردن له‌ من و له‌ خوێنده‌وارانى خۆى بكا، هاو كات یا شكات یا نووسینێكى كه‌ خۆیان به‌ چاكى ده‌زانن له‌ سه‌ر كاك سه‌ردار پشده‌رى بنووسن و بڵاو بكه‌نه‌وه‌، ئیدى خۆیان و ویژدانى خۆیان.
 له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: هه‌ر حه‌ڵاڵزاده‌یه‌ك چه‌نده‌ له‌ منداڵبوونى (له‌ وه‌له‌دبوونى) له‌ دایك و باوكى خۆى دووره‌، منیش ئه‌وه‌نده‌ له‌ په‌یوه‌ندى هه‌رچى حیزب و ڕێكخستن، له‌ ده‌زگایه‌كى پۆلیسى، سه‌ربازى و هه‌واڵگرى به‌ پاراستن و هه‌رچى هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ ئاساییش و هاوشێوه‌یانه‌وه‌ دوورم. ته‌بعى من، سروشتى من، زه‌وقى من، میزاجى من تا خه‌یاڵ بڕ بكا، دوورم له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌، تاكه‌ ده‌زگایه‌ك له‌ جیهاندا كه‌ من په‌یوه‌ندیم پێیه‌وه‌ هه‌بێ و ئه‌ندام بم تێیدا، "كۆمه‌ڵه‌ى مه‌له‌كى ئاسیایى بریتانیاییه‌ Royal Asiatic Society" ، به‌ شانازیشه‌وه‌ ده‌ڵێم: هه‌موو كه‌سێكى پێناگا. ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ منه‌وه‌ هه‌بوو، عه‌رزى "كوردستان پۆست" و خوێنه‌رانیم كرد، زۆر چاكیش ده‌زانم خه‌ڵكى به‌ ویژدان چۆن دێته‌ ده‌نگ و نووسین. ماڵى حه‌قیقه‌ت و هه‌موو خوێنده‌وارێكى به‌ سه‌لیقه‌ ئاوه‌دان و خۆش بێ.

 1- نووسینەکەی سەردار پشدەری کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=91683
2- نامەکەی کوردستانپۆست کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=91695

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە