شێرپەنجەی ئیسلامگەرایی؟

Friday, 10.07.2022, 0:37

1220 بینراوە


کێ لە سۆشیالمیدیادا بەوردی سەرنج بدات لە کۆمێنتگەلی ڕێکخراوی ئیسلامگەرایان کە لەبارەی هەر هەڵوێستێکی ڕەخنەییانەی توێژەرانی یان ڕەخنەگرانی ئیسلام دەنووسرێن، یەکسەر دەبینێت کە هۆشی کۆمێنت نووسان جام بووە – هیچ وەرناگرێت، ناتوانێت دانوستاندنێک بەربخات. دەربڕینە لە خۆ ڕازییەکانی وەک "دە کەرە کەر"، "تەنیا دینی پاکی ئیسلام ڕێگەیە، بۆ خۆت هەر بووەڕە"، "1400 ساڵە دینمان دەگەشێتەوە، هەر بۆ خۆت بڕێسە"، تا دەگات بە جنێودانی پیستر و سووکایەتیپێکردنی نزمتر. ئەوە کە لێرە بەرجەستە دەبێت، بەزۆریی بریتییە لە ئیسلامگەراییەکی لادێییانە، کەواتە سادە و پریمیتیڤ کە هاوکات بە سێکسیزم تەنراوە.
بەکورتی: هیچ دیالۆگێک یان دێباتێک لەتەک ئەو پیاو و ژنە ئیسلامگەرایانەدا ناشێت. ئەوەی لەو بەرەوە بڕوای بە "دێبات" هەیە، دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە.
هەندێک پەیوەند بەم ڕەوشەی "هەرێم"ەوە لە شپرزەیی جڤاکی دەدوێن. ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. ئاخر ئیسلامگەرایان لەنێو دۆخگۆڕییە جڤاکییەکاندا ڕێبازی خۆیان چەسپاندووە، کەواتە شپرزە نین، بە پێچەوانەشەوە دژبەرانی بەرانبەریان پەرتەوازەن، جا گەرچی لێرەش بەدیارینەکراوی لایەنێکی هاوبەش هەیە کە "دژایەتیی تاریکیپەرستانە".
لە هەرێم کوردایەتیچییانی ڕیال دوای دەستکردن بە چنینەوەی تاڵانی لە 1991 بەدوواوە، بەتایبەتی خەمی پاراستنی تاڵانییەکانیانە. ئێمە بەڕوونی دەبینین کە چۆن ئەمڕۆ ڕەوشی تێکچووی ئێران تۆقاندوونی. هەندێک لەو بڕوایەدان کە ئەوان مەبەستمەندانە بێدەنگییان بەرانبەر ئیسلامگەرایان هەڵبژاردووە، ئەوە گۆیا بەو ڕێیەوە ناڕاستەوخۆ بە خەڵک دەبێژن: "هەر ئەم دوو ڕێگەیەتان لە بەردەمدایە: یان ئەوان یان ئێمە". ئەم تێڕوانینە زۆر جێی گومانە، ئەوەش لەو ڕوانگەیەوە کە ئەوان هەمیشە لە شاخەکان بە بێموبالاتی کرداریان دەنواند و کەمترین ڕێزیان بۆ گوندنشینانی کوردەواری نەبوو، بەڵکو بەلایانەوە ئاسایی بوو نانی منداڵەکانیان قوزەڵقورت بکەن. گوندەکان وێران دەکرێن؟ جا چییە؛ گوندنشینان ڕادەگوێزرێن؟ جا چییە؛ شار و گوند ژارباران دەکرێن یان خەڵک ئەنفال دەکرێت؟ جا چییە؛ کولتووری کشتیاریی کوردەواری تێکدەشکێنرێت؟ جا چییە؛ گەنجان دەکوژرێن؟ بە جەهەننەم. هەمان بیروباوەڕی عەسابانە تا ئەمڕۆ کارایە و هیچ گرنگییەک بە تەشەنەی سەلەفیزم و ئیخوانیزم نادات. ئاخر بۆ ئەو تاکتیکێکی ڕۆژانەی مسۆگەرکەری دەسەڵات پێشتریی لە هەر شتێکی دیکە هەبووە و هەیە. کەواتە تاڵانیچییان تەنیا کاتێک لەدژی ئیسلامییەکان دەبزوێن، گەر بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە.
سەرەڕای ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەمڕۆ شەڕ هەڵگیرساوە - ئیسلامگەرایان هەڵیانگیرساندووە. هەنووکە شەڕی زارەکی بە هەموو شێوازەکانی گۆتاردان و فێرکاری، ئەوجا تۆقاندنی پسیکۆلۆگییانەی مرۆڤان لە مرۆڤێتیی خۆیان، بەرپاکراوە و دەتوانین پێشبینی بکەین کە بەڕێوەیە بۆ ڕاگەیاندنی شەڕی فیزیکی. ئاشکرایە "واعیزێتی" بەرانبەر ئەم شەڕە هەڵگیرسێنراوە دەستگرتنە بە کڵاوی خۆوە، واتا تکا و هاواری "دە کوڕینە، کچینە، هیممەتێک، وا تاریکیپەرستان هەموو ژیان دەشێوێنن" هیچ سوودێکی نییە. نەخێر، دەبێت لایەنی هابەشی گۆتارەکان دیاریبکرێت و بەوەش ڕێکبخرێن، دەبێت ئاڕاستەی خەبات دژی ئیسلامی سیاسی دەستوێژە پێویستەکانی خۆی بۆ ئەمڕۆ بدۆزێتەوە و بەبێ سڵەمینەوە بەگەڕیان بخات. بێگومان هێشتا هەر ڕۆشناییدان، واتا ناساندنی مرۆڤ بە مرۆڤێتیی خۆی، هەروەها ڕەخنەی توێژەرییانەی ئایین، بناغە و ستراتیژین، وەلێ وەک گۆتمان، ئەمە ئەمڕۆ بەس نییە. دەبێت کردار تەواوکەریان بێت – کرداری ڕێکخراو بە چاوەڕوانیی هەر ئەگەرێکەوە. کوردستان لە میلوێ ی ئیسلامیستە بەدئەخلاقبووەکانەوە بەڕێوەیە هێدی هێدی ببێت بە "بەدئەخلاقستان". ئێمە، بە تێڕوانینی من، ئەم ڕێگەیەمان لە بەردەمدایە: ئازادیخوازانە هەڵوێستی ئاشکرای هۆشەکی و پراکتیکی وەربگرین بەرانبەر بەدئەخلاقیی ئیسلامیستیانەی وزە وەرگر لە ئەخلاقناسیی ئیسلامییەوە.