دارا سلێمان

https://www.facebook.com/daray.sleman.7


ئەگەر ڕەچەڵەکی مرۆڤ ئاژەڵە، بۆچی ئاژەڵەکانیش بە پەرەسەندن نابنە مرۆڤ؟

Friday, 10.07.2022, 0:33

1828 بینراوە


بەگوێرەی بیردۆزی پەرەسەندن، ئێمەی مرۆڤ، یاخۆ مرۆڤی ژیری ناونراو بە هۆمۆ ساپیەنس (Homo sapiens)، لە کۆمەڵەی سەرەکییەکانین و لەگەڵ مەیموونە باڵاکانی دیکە (شیمپانزی، گۆرێلا، بۆنۆبۆ، ئۆرانگوتان) خاوەنی پێشینەیەکی هاوبەشین. سەرەکییەکان (primates) ئەو ئاژەڵانە دەگرێتەوە کە سەربە شیردەرە وێڵداشدارەکانن و خاوەن مێشکێکی قەبارە گەورەی پەرەسەندوون.
تۆژینەوە هاوچەرخەکان پێمان دەڵێن، شیمپانزی نێزیکەی ملیۆن ساڵە هەیە بەرانبەر بە تەمەنی مرۆڤی ژیر کە خۆی لە 300 هەزار ساڵ دەدات، بەڵام جۆری مرۆییەکان و شیمپانزییەکان نێزیکەی 7 ملیۆن ساڵە لەیەک جیابوونەتەوە. بیرۆکەی ئەوەی شیمپانزی ئامۆزای مرۆڤن، وەک ئەوەیە دوا پێشینەی هاوبەشمان داپیرەیەک بێت تەنیا دوو نەوەی لەژیاندا مابن.
لێرەدا دەشێ بپرسین، بۆچی یەک لەو دوو نەوەیە هێندە پەرەی سەندووە بۆ گەیشتنە مێشکێک بە قەبارە زۆر زلتر لە ئەوەی دیکە؟
خانمە پڕۆفیسۆری بواری مرۆناسیی (Anthropology)، لە زانکۆی کالیفۆرنیا دێیڤس، لین ئیزبێڵ (Lynne Isbell) دەبێژێت، پەرەسەندن بەو واتایە ڕووکەشە نییە ئێمە لە وشەکە تێدەگەین، بەڵکوو بابەتەکە بەندە بە ئاستی گونجانی زیندەوەران لەگەڵ ژینگەکەی دەوروبەریان. هەموو ئەو زانایانەی لە پەرەسەندن دەکۆڵنەوە دەڵێن، هەرگیز مرۆڤ لە ئاژەڵە سەرەکییەکانی دیکە پتر پەرەی نەسەندووە، بێگومان ئێمە براوەی یاری ناوبراو بە پەرەسەندن نین، هەرچەندە بوونی توانای خۆگونجان وای لە مرۆڤ کردووە بتوانێت لە ژینگە یەکجار جیاوازەکان بژیێت، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک بەس نییە بۆ دانانی مرۆڤ لە لووتکەی پلیکانەی پەرەسەندن. ئیزبێڵ بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەڵێ، مرۆڤەکان بە ڕۆیینی ستوونی لەسەر دوو پێیەکانیان کۆچیان کرد بۆ هەموو شوێنەکانی جیهان، کەچی شیمپانزی لە ئەفریکا مایەوە لەسەر دارەکان و هاتوچۆی سەر زەوی و گرینگیدان بە کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر بۆ مانەوە، لەبری بایەخدان بە پێشەوایی و باڵادەستی بەسەر زیندەوەرانی دیکەوە.
ئیزبێڵ لەگەڵ هاوەڵەکەی ترومان یۆنگ (Truman Young) لە زانکۆی پێشتر ناومان برد پێیان وایە، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و زۆربوونی خۆراک لە دارستانەکانی ئەفریکای هێڵی کەمەرەی زەوی، پێشینەکانی مرۆڤ دارەکانیان بەجێ هێشت و لەسەر دوو پێیەکانیان دەگەڕان بە شێوەی کۆمەڵەی یەکگرتوو بە ناوچە جۆراوجۆرەکان، تا دواجار گەیشتنە (ساڤانا)ی ڕووبەرە فرەوانەکەی پڕ لە سەوزایی. بەڵام پێشینەی شیمپانزییەکان بۆ مانەوەیان، جۆرە شێوازێکی دیکەیان گرتەبەر بەرانبەر بە هەلومەرجی خۆراک و گۆڕانی ژینگەکەیان. لەبەرئەوەی پێشینەکانی ئێمە لەسەر زەوی لە شەواندا پتر دووچاری هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان دەبوونەوە، ناچار بوون ئامراز و کەرستەی بەردینی دابهێنن و بەکاریان بهێنن بۆ بڕینی لکی دارەکان، لەپێناو دروستکردنی حەشارگەی چاک و پتەو تا لەناویدا بخەون.
بیرۆکەی ئەوە باوە، باشترین جۆر لە ئاژەڵان ئەوانەن کە بەهێزترینن، یان لەڕاکردندا خێراترینن، کەچی تاکە شتی فرە گرینگ بۆ مرۆڤی ئەو دەمە بۆ بردنەوە و سەرکەوتنیان، مانەوە لەژیان و زاوزێکردن بوو. جیاوازی پێشینەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی شیمپانزی نموونەیەکی زۆر چاکە، هەرچەندە تۆماری تەواوی هەڵکۆڵدراوەکانی ئەو دوو جۆرەمان لەدەست نییە، بەڵام بە شیکردنەوەی جینەکی و تایبەتمەندییەکانی ئاژەڵی زیندووی نێزیک لەوانەی لەناوچوونە، یارمەتیدەرن بۆ ناسینی ئەو نەوانەی کە لە پاشاندا بوونە مرۆڤ و شیمپانزی.
ئاسانە وا لە پەرەسەندن بگەین، هەمیشە وەک هەوڵێکە بۆ پێشەوە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر و زیاتر، ئەو شتەی بە ئەمیبایەکی یەک خانەیی دەستی پێکرد و تا ئەو کاتەی ئێمەی لێ هاتە کایەوە. لەڕاستیدا پەرەسەندن هیچ ئارستەیەکی دیارکراوی لەبەردەمدا نییە، خۆ ئەگەر واشبێت، بێگومان مرڤ ناگرێتەوە، چونکە پەرەسەندن لە زۆربەی کاتەکاندا پتر بەلای سادەیی و ساکاری دەڕوات. ئەمەشە هۆکاری لەدەستدانی چاو لەو بوونەوەرانەی لە ئەشکەوتەکاندا دەژین، نەهەنگەکانیش لەبەرئەوەی لە شیردەرەکانی وشکانییەوە پەرەیان سەندووە بۆیە ئێسکی پێیەکانیان تەنیا هەندێ شوێنەواریان ماون، بەڕادەیەک ژیریش پەیوەست نییە بە پێشینەیەکی دیارکراو، چونکە ژیژکی دەریا هیچ ئەندامێکی ناوەندیی هەستکردنی نییە، کەچی لە پێشینەیەکی خاوەن مێشکەوە پەرەی سەندووە.

زانای مرۆناسی کۆنینە نینا جابلۆنسکی (Nina Jablonski) دەبێژێت، پەرەسەندن بەندە بە بازدانە جینەکییە هەڕەمەکییەکان و مانەوە لە هەلومەرجی تایبەتی، زیندەوەرانیش هەموو هەوڵیان تەنیا بۆ ئەوەیە خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیان بگونجێنن. وەک لە تۆماری هەڵکۆڵدراوەکانەوە بەدەر دەکەوێت کە چۆن زۆربەی جۆرەکانی نیمچە مرۆڤەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵە مرۆییەکان ئەو کارانەیان ئەنجام داوە.
بۆ نموونە، یەکێک لە جۆرە مرۆییەکانی کۆن بەناوی ئەسترالۆپیتیکس ئەفەرێنسیس (Australopithecus afarensis: سەربە لکەجۆری ناسراو بە لوسی)، ئێسکەکانی سمتیان بەشێوازێکی وا پەرەیان سەند بەئاسانی بتوانن لەسەر دوو پێیەکانیان هاتوچۆ بکەن، بەمەش دەستەکانیان بەرەڵا ببێت بۆ شت هەڵگرتن، ئەم تایبەتمەندییە سوودی زۆر بوو بۆ کۆکردنەوەی خۆراک لە ساڤانا. پارانترۆپس ڕۆبستس (Paranthropus robustus)، لکێکی دیکەی مرۆییەکانن خاوەنی شەویلگەی گەلەک بەهێز بوون بۆ هاڕین و جووینی خۆراکی ڕەق و پتەوەی کە لە ژینگە وشکەکەیاندا هەبوو. بەم شێوەیەش مرۆڤە ژیرەکان (Homo sapiens)، مێشکە زلەکەیان یارمەتیدەریان بوو بۆ دروستکردنی ئامرازی بەردینی. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزی بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر لەلایەن نیوچە مرۆڤەکان و فرەوانبوونی ناوچە بە بەروبووم و خۆراکە هەمەچەشنەکان، چیدیکە پێویستی بەبوونی ددانی گەورە بۆ هاڕین و کەڵبەکان بۆ پارچەپارچەکردنی گۆشت نەما، لەبەرئەوەی دەیان توانی خۆراکەکانیان بهاڕن و لەت لەتیان بکەن پێش خواردنیان. دوای پەرەسەندنی پتر و زێدەبوونی کەرەستە و پێداویستییەکان و بابەتی دی گرینگی وەک زمان و پێوەندی کردن و هاریکاری و پێکەوەیی ئەنجامدانی کار و کردارەکان، چەند جۆرە مرۆڤێکی دیکە بەدەر کەوتن، هەموویان بە گەڕانی زیاتر و کۆچکردن و دۆزینەوەی ناوچەی دیکە و شارەزابوون بە شتگەلە مەترسیدارەکان و خۆپاراستن لێیان، وایان لێهات بەتەواوی لەگەڵ ژینگەکانیان بسازن.
پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین، کاتێک دەپرسین بۆچی مەیموونە ئامۆزاکانمان هەمان تایبەتمەندی مرۆڤەکانیان پەرە پێنەدا؟ وەڵامەکەی ئەوەیە مەیموونە باڵاکان لە دارستانە چڕەکاندا دەژین تێیدا توانای بەدار هەڵگەڕان باشترین پاداشتە بۆیان، بۆیە لەسەر دوو پێ ڕۆیشتن هێندە گرینگ نییە، هاوکات بوونەوەرانی وەک شیمپانزی و بۆنۆبۆ پێیان دەکرێ شوێنی مانەوەیان بە کەرستەی سەرەتایی زۆر بەچاکی دروست بکەن، بایەخ دەدەن بە بەهای جوانی، تا ڕادەی دانانی پرسە بۆ مردووەکانیان، هەموو ئەوانەش بەجێ دەگەینن بەبێ ئەوەی خاوەنی مێشکێکی زلی هاوقەبارەی ئێمە بن کە وزەیەکی یەکجار زۆری پێویستە.
مرۆڤ لوتکەی پەرەسەندن نییە، زیندەوەرانیش بۆ ئەوە پەرە ناسێنن تا ببنە مرۆڤ، بگرە زیندەوەران بۆ ئەنجامدانی کردارێک جۆرە تایبەتمەندییەکیان هەیە، چەند پتر پەرە بسێنن، هێندە چاکتر ئەو کردارە بەڕێوە دەبەن.
مرۆڤی ئێستە‌ هە‌ڵگری جینە‌کانی دوا پێشینە‌ هاوبە‌شەکەیەتی لە‌گە‌ڵ شیمپانزیدا، لە هەمان کاتدا هەڵگری ژمارەیەکی زۆریشە لەو جینە مرۆیییانەی‌ هەندێ ئاکاری پە‌سندیان پێ بە‌خشیووە کە لە مەیموونەکاندا نییە،‌ بەهۆی ئە‌و پە‌رە‌سە‌ندنانە‌ی ملیۆنان ساڵیان خایاندووە. جۆری شیمپانزیش‌ جینی پێشینە هاوبە‌شە‌کەی لە‌گە‌ڵ مرۆڤ و ئە‌و جینانە‌ی تێدایە کە هەندێک تایبە‌تمە‌ندی دیکەیان پێ داوە لە مرۆڤدا نین، ئەمیش لەڕێی ئە‌و پە‌رە‌سە‌ندنانە‌وە وەری گرتووە لە کاتی خایەنراودا لەگەڵ کۆمەڵە مرۆییەکان یەکسانن، بەڵام لە ڕێچکەدا جیاوازن.
دواجار دەبێژین، گەلەک گرینگە‌ بزانین هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی زیندەوەران شێوەیەکی گۆڕاوە لە پێشینەکانی، پێشینەکانی مرۆڤ پێشینەی مەیموونەکانیشن، نە مرۆڤ بوون و نە مەیموون، ئێستە لەژیاندا نەماون، ئەو مرۆڤ و مەیموونانەی ئێستە هەن، شێوەیەکی پەرەسەندووی ئەو پێشینانەن. پەرەسەندن هەرگیز جۆری زیندەوەرێک ناکاتە جۆرێکی دیکەی هەیە، بگرە دەیگۆڕێت بۆ جۆرێکی نوێ، بە بوونی کۆمەڵێک لە بازدانە کەڵەکەبووەکان و گونجانیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بە درێژایی هەزاران، یان ملیۆنان ساڵ.
..................................

سەرچاوەکان؛