داهاتی مانگانەی لیوا ڕوکن حەماد دزەیی چەندە و چۆن زوڵم لە کارمەندانی دەکات؟

Sunday, 09/10/2022, 20:41

3999 بینراوە


هێمن حەسەن جاف

زیاتر لە دوو ساڵە بە وردی چاودێری فەرماندەییەک دەکەم، کە لە سنووری هەولێر سەر بە حکومەتی عێراقە و لیوا ڕوکن (حەماد فازڵ هادی دزەیی) فەرماندەیی دەکات و بە بڕی (١٥٠) دەفتەر دۆلار ئەو پۆستەی لە لایەن پارتیەوە پێدرا.
لەگەڵ دەست بەکاربوونی کۆشکێکی شاهانەی تایبەت بەخۆی بە بڕی ٧٥ دەفتەر دۆلار لەسەر گیرفان و قووتی پۆلیس و پاسەوانەکان دروستکرد، بێ ئەوەی دەست بۆ گیرفانی خۆی ببات و پۆلیس ببوون بە کرێکار لەو کۆشکەدا و بە چاوسوورکردنەوە و ترسی گواستنەوە بۆ سنوورەکان و بڕینی مووچەکانیان کۆشکی ئاغاکەی دزەییان دروستکرا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەمکوتی چەند ئەفسەرێکی پلە باڵای کرد لە ڕیزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک، بە پێدانی پلە و خەرجی بەشەکانیان، بە مەرجێک ئەفسەرانیش مانگانە بتوانن لە هەر بەشێکدا نیوە مووچەی پۆلیسە بندیوارەکانیان پێشکەشی بکەن!.
هەروابوو، بەرپرسی بەشەکانی کارگێڕی کە ئەویش ئاغایە و سەرمایەدارە، زیاتر لە مووچە و خەرجیەکانی خۆی مانگانە بە جانتا ڕەشەکەی دەکاتە دیاری لیوا حەماد دزەیی!.
لە دوای ئەویشدا چەند دەڵاڵ و بەکرێ گیراوێک هەن، کە وەک فیرعەون سەیری ئاغاکەیان دەکەن و مانگانە سەرانە لە پۆلیس وەردەگرن و ناوە ناوەش دەستەیەک لە پۆلیسە بێ پشت و پەناکان ڕەوانەی دوورترین سنووری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی بەرامبەر بڕێکی زۆر و پاڕانەوە لە نەقیبێک بە ناوی (ئەمیر)، کە دەڵاڵیەتی بیگەڕێننەوە ناو بارەگای فەرماندەی پاسەوانی سنوور.
بەمەش حەماد دزەیی کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو دەنگە ناڕازییانەی نێو پارتی کردووە کە لە ئەدای کارکردن و چەوسانەوەی خەڵک ناڕازین و دەیانەوێ ڕۆژێک زووتر لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە، بەڵام ئەوانیش لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کت و کپ دەکاتەوە!.
سەدان جار پۆلیس و ئەفسەری ئەو فەرماندەییە پێوەندی کردووە بە (کوردستان پۆست)، کە مشورێکی ژیانیان بخۆن، کە بەهۆی خراپی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی ئەو پیاوە خەریکە قووتیان دەبڕێت و بێ نان دەکرێن، یان لە لایەن بەرپرسی بەشەکانی وەک هەواڵگری و یاسایی و مغاویر و کارگێڕی و سەرۆکی ئەرکانی پاسەوانی سنوور ئازار دەدرێن و بە زۆره ملێ ڕەوانەی سنوور دەکرێن و پارەی جل و نان خواردنیان لێوەردەگیرێت، وەک ئەوەی بڵێی پارتی و یەکێتی نەبێت ئەو فەرماندەییە ناڕوات بەڕێوە و عێراق پەکی دەکەوێت.
لاوازی یەکێتی نیشتمانی لەو فەرماندەییەدا بێ سنوورە و (عەمید شێرکۆ)ـی سەرۆک ئەرکانی فەرماندەییەکە، کە دەیان زوڵمی لە کارمەندەکانی کردووە و لە هەڵبژاردنیش بوو بە هۆکاری شکستی هەرە گەورەی حیزبەکەی، بەهۆی ڕێکەوتنی ژێر بە ژێری لەگەڵ حەماد دزەیی و بەردەوامی دزییەکانی لەو فەرماندەییەدا و دەمکوت کردنی ئەفسەرەکانی یەکێتی لە پاسەوانی سنووردا.
تاڵترین شت کە لە پاسەوانی سنوور دەیگێڕنەوە ئەوەیە، لیوا ڕوکن حەماد دزەیی کە بە پارە کرا پلەی لیوای پێدرا، ئەو هێرشه ناڕەوایانەیەتی بۆ سەر بەشەکانی (هندسە - ئەندازیاری) و (بەتالیۆنی مغاویر)ـە، کە یەکێکیان عەمید فارسی کوڕی سلێمان بیرێژییه و ئەوەی تریان سواڵکەرێکی مزورییه بە ناوی عەمید (فەهمی مزوری)، کە ئامادەن هەموو تەنازولێک بکەن بۆ مانەوە لە کورسیەکانیان وەک بەرپرسی بەش!.
زیاتر لەوانەش حەماد دزەیی خۆی و جێگرەکەی ئێستا بەهۆی مێبازییەوە دەیانەوێت چەند ئافرەتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بکەن بە ئەفسەر و شەوانە لە ئامێزیان بمێننەوە!.
شایەتحاڵێک لەو پۆلیسانەی کە دەنگی ناگات بە هیچ هێز و لایەنێک و شەخسی فەرماندە و جێگرەکەی، هانای بۆ کوردستان پۆست هێناوەو دەڵێت: لە کۆشکەکەی (حەماد دزەیی)ـدا چەند چەتەیەک بە هەوەسی خۆیان بەربوونەتە گیانمان لەسەر لیستی پارتیەوە بە زۆر دەیانەوێت وەک سیخوڕێک ڕەوانەی لیوای ٣ـی یەکێتی نیشتمانیمان بکەن، لە کاتێکدا ئێمە لە دەنگداندا بە ڕوح دەنگمان بۆ پارتی دا و ئامادەی هەموو یەکە مەشقیەکان و گشت فەرمانە سەربازییەکانمان جێبەجێ کرد و قوربانیشمان بۆ حیزب زۆردا، کەچی ئێستا لەژێر حوکمی ئەودا لە چیاکانی پێنجوین و سیتەک و بیارەدا وەک دیلێکی دەست بەسەر لە پێناو نانی خۆمان خزمەت دەکەین!، کەسیش گوێ لە خەمەکانمان ناگرێت و گواستنەوەش لە بەشێک بۆ بەشێکی دیکەی ئەو فەرماندەییە لەسەر ئەساسی پارەیە و عەقیدێک بۆ ئەو مەسەلەیە سەر گەرمی مامەڵەیە بۆ قائیدەکەی.
بەمەش مانگانەی لیوای ناوبراو دەگاتە ١٥ دەفتەر لە مانگێکدا، جگە لە دزینی پارەی چێشتخانەکەی کە بە زۆر بڕی ١٠٥ هەزار دینار لە پۆلیس وەردەگیرێت و ڕۆژانەشیان برنجی بایەع و مریشکی مردووە!.
خۆشیان لە نهۆمی سەرەوەدا ڕۆژە خەریکی بادانی گۆشتی کیسک و ماسی و خواردنی چەورن!.
بۆیە داوا لە سەرکردایەتی هەر دوو حیزبی دەسەڵات دەکەین، پێداچوونەوە بە ژیانی کارمەندانی ئەو فەرمانگە بکەن و لە ئازارەکان بێنە دەنگ یان دەسەڵاتیان لێوەرگرنەوە و چیتر خەڵکیش لە حیزبەکاندا مەتۆرێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە