یانی ئەو: لە نێوان بەرداشی نیشتیمان و تاراوگەدا

Thursday, 10.13.2022, 21:23

1037 بینراوە


کتێبخانەی "جەمال عیرفان" یش هەموو جۆرە کتێبێکی تیا دەست ئەکەوێت.. چەند مانگێک بەر لە ئێستا چەند کتێبێکی ناوازەم کڕی. هەر لەوێ کتێبێک کە "د. سالار باسیرە" لەژێر ناونیشانی "ژیانی من: لە نێوان بەرداشی نیشتیمان و تاراوگەدا" نوسیویەتی، بۆ من دانراوەو، لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەشدا نوسراوە "بۆ بەهرۆز جەعفەر ی برام- پێشکەشە". بە پێی کات و نۆبەی خوێندنەوە، سەرە- گەیشته سەر خوێندنەوەی ئەم "بیرەوەریانەش!"
ئیتر (خوا هەڵناگرێت) ئیسلامی و عیلمانی، ڕاست و چەپ و ناوەڕاست، سەرکردەی زۆربەی حیزبەکان کە کتێبیان نوسیوە  یەکی دانەیەکیان بۆ ناردووم. یان ڕوویداوە خۆم بەدوایداچووم. بەتایبەت، دەگمەن ڕووئەدات، کتێبێک باسی ژیانی هەر کەسێک بکات نەیخوێنمەوە! ئەتوانم بڵێم یەکێکە لە هیوایەتەکانم. چونکە لە کۆتاییدا لە پاڵ تیۆرە زانستییەکانەوە، ڕاستیی و واقیعێکی دیاریکراو هەیە کە بەرجەستە بووە (ئەبێت).
ئێمە بۆ ئەوەی بزانین شۆڕش و هەڵسانەوە کوردییەکان چی و چۆنن، گرنگە لە سەردەم و بارودۆخ و ژیان و ژینگەی کاراکتەرەکان بزانین بە پێی قۆناخەکە. بۆچی هیتلەر وای کرد؟ بەوێدا تێپەڕ ئەبێت چی وای لە هیتلەر کرد وا بکات!؟ ئیتر ئاوها لە باخەوانێکەوە تا شۆفێری تاکسییەک، تا نوسەرێک، داهێنەرەکان، بۆ ڕابەرە مێژووییەکان، هەریەکێک لەمانە چیرۆکێکی هەیە بۆ گێڕانەوە. 
 وەک نوسەر لێرەدا وتویەتی " من، نە لە شاخ بووم و نه ڕۆژانێک پێشمەرگە بووم، نە لە گوند ژیاوم و نە سەربازیم کردووەو نە سیاسەتمەدار بووم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێکم هەیە بۆ ووتن"
ئەم بەرهەمەی هاوەڵی هێژا "سالار باسیرە" من ناڵێم پڕۆفیسۆر سالار باسیرە، یان دکتۆر سالار باسیرە. چونکە نامەوێت قورسایی بخەمە سەر ناوەکە، ئەنوسێم بە ناوەڕۆک و ژیان و ئەزمون و کەسێتی و چەشتنی تاڵییەکان و بڕینی هەورازەکانی نوسەرەوە، کە ماوەتەوە بۆ نوسینی ئەم کتێبە. ئەمە بارتەقایەکی گەورەترە، لە کورتی دا عەرەب وتەنی "سیرەی زاتی"ییە. خوێندنەوەی خۆشە. چونکە هەر خوێنەرێک بە پێی تێڕوانینی خۆی، یەکسەر هەست بەوە ئەکات بکەری ناو ڕووداوەکان "نوسەر" لە کوێدا ڕاست و لە کوێدا هەڵەو لە کوێدا ئەبوایە ئاوها یان ئاوەها بوایەو نەبوایە. بەڵام! بەڵام و ئاخ بەڵام! جیاوازیی نێوان "ئاوێنە" و "مێژوو" تەنها ئەوەیە ئێمە کە سەیری ئاوێنە ئەکەین، ئەگەر نا ڕێکییەک هەبێت یەکسەر دەست ئەبەین و چاکی ئەکەین، مێژوو وانییە، سەیری خۆت ئەکەیت، چاکی و ڕێک ڕۆیشتنەکانت نیشان ئەدات، لێ ئەگەر ناڕێکی هەبوو ناتوانیت دەست ببەی و چاکی بکەیت:
کتێبەکە، ڕێک (٢٠٠) لاپەڕەیە. لە یەککاتدا گێڕانەوەی ژیانی کەسێکە (بگرە خێزانێکی کوردە) کە زۆر دەمێکە بە دوای خۆیدا ئەگەڕێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باشوری کوردستان، تاراوگە، خوێندن، ناسینی ئافرەت، هەڵوێست دژی حکومەتی بەعس و ساڵانی پێش ڕاپەڕین، چالاکی و مانگرتنەکانی فرانکفۆرت، بۆن و بەرلین، گەشتکردن بۆ نیگاراگوا، ڕەخنە لە دەستەڵاتی کوردیی و کاروکاردانەوەکان، کارکردن لەسەر پرسی جینۆساید،  چۆن نەوشیروان مستەفا ویستویەتی ئازاری نوسەر بدات، باسکردنی جارانی سولەیمانی. ئیتر پێ-بە-پێ ژیانی کەسیی خۆی و تراژیدیا خێزانییەکان لەناو و لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئەگێڕێتەوە.
چرکەساتی سەرەتاو کۆتایی 
کە دەست ئەدەیتە خوێندنەوەی هەر شتێک، لە سەرەتاوە تێگەیشتنێکت هەیە (بەتایبەتی ئەگەر دوورو نزیک بە کەسەکە و ڕووداوەکان ئاشنابیت) دواتریش چرکەساتێک هەیە کە بڕیار بدەیت کارەساتەکان لە کوێوە دێن؟ لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی ئەم کتێبە ئەم خاڵانەی خوارەوەی بۆ فۆرمیولە کردم:
٭ ئەگەر خاتری خوێنەر بگرم، لەو هەندەرانە یەک هەزار مرۆڤی کوردی، بە ئەزموونی، زمانزانی، دڵڕەنجاوی وەک ئەم سالار باسیرەیە، هەیە. یەک هەزاری ئاوها ئەگەر خۆیان و ئینجا حوکمڕانانی کوردی کارێک بکات (یان کارێکی بکردایە) بیانخاتە خزمەت دۆز و تێزی کوردبوونەوەو، لۆبی بۆ گەلێکی ستەملێکراوی بێدەوڵەت بکەن و، ناوەندەکانی جیهان بهەژێنن، ئایا ئەمە کەمە؟! ڕەنگە من و تۆ، ئەم و ئەوان، ئەوان و ئێمە، چەندین گوریس لەیەکترەوە دووربین. بە دڵنیاییەوە تێگەیشتنیشمان جیاوازە. بەڵام لە کۆتاییدا پرسی کورد یەک مەسەلەیە چەند مەسەلەیەک نییە. پرسی بونیادنان و بڵاوەپێکردنی گیانی خۆشەویستییە لەناوەوە، بەرزڕاگرتن و زیادکردنی پاڵپشتییە بۆی لە دەرەوە. ئەمە ئەو سەرنجە گەورەیە بوو، کە لەگەڵ خوێندنەوەی پێڕستەکانی سەرەتای کتێبەکەدا بۆم دروست بوو. 
 ٭ لە لاپەڕە (١١٢) دا نوسەر ئەگێڕێتەوە کە "زیاتر لە نیوەی تەمەنم لەو وڵاتە -ئەڵمان" بردۆتە سەر و خۆێندنم تێیدا تەواوکردووەو ئەوەندەی توانیبێتم لە باری کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی و مێژوویان کۆڵیومەتەوە. دوای (٤٠) ساڵ ژیان لە ئەڵمانیا ئنجا نوسەر ئەگات بەوەی بنوسێت؛  ئەم وڵاتەو ڕۆحی مرۆڤەکان وەک (متاهە) وایە، کە بەناو ڕێگەکانیدا ئەڕۆیت و هەمیشەو دووبارە وا ئەزانیت ڕێگای چوونە دەرەوەت دۆزیوەتەوە، بەڵام هەمیشەو دووبارە ئەبینیت کە بە هەڵەدا چویت"
 ئەمە دەرخەری ئەوەیە ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا تا ئەئەندازەیەکی زۆر وشکە. 
 نوسەر نایشارێتەوە کە ئەم وڵاتەش پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە بۆ بەرجەستەبونی دادگەریی، هەژار تیایدا هەژارتر و چینەکانی سەرەوەش تێیدا دەوڵەمەندتر ئەبن. بۆیە لە ساڵی (٢٠٢٠)دا ڕۆژانە (٢٥) مرۆڤ خۆیان کوشتوە لە ئەڵمانیا. ئەمە مانای وایە "سالار باسیرە" کە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆراو تا ئاستی پڕۆفیسۆر لە ئەڵمان بەدەست ئەخات، لە ناخیدا قسەیەکیشی دژی جیهانی سەرمایەداری خۆرئاوایی هەیە.  
٭  لە لاپەڕە (٩٧) دا، نوسەر ناونیشانێکی سادەی هەیە "کۆڵ نەدان و نەفەس درێژیی کلیلی سەرکەوتنە"، ئەمە دیوێکی جوانی کتێبەکەیە، کە نیشانی ئەدات توانای مرۆڤ زۆر زۆر لەوە زیاترە کە خۆی هەستی پێ ناکات. بە تایبەت ئەو نەوە-نوێیەی ئیمڕۆ لە نیوەی ڕێ پاڵی لێ ئەداتەوە. ئازار و غوربەت و جەور و ستەمی ڕۆژگاری نەدیوە. 
٭ ئەکرێت، لە ڕووی فەلسەفیشەوە، خوێنەر هەست بە ئارگیۆمێنتسازیی بکات. لە ڕوانگەی جیاجیاوە، بۆ نمونە بەلای نوسەری کتێبی "ژیانی من: لە نێوان بەرداشی نیشتیمان و تاراوگەدا" لە لاپەڕە (١٤٩) دا "مرۆڤ بونەوەرێکی ئاشتیخواز و دڕەندەشە. جارێک لە نمونەی ئەو دەربڕینەی سایکۆلۆجیستی نەمساوی "سیگمۆند فرۆید" کە ئەڵێت "لەناو هەموو بوونەوەراندا، تەنها مرۆڤە چێژ لە ئازاردانی ئەوانی تر ئەبینێت". ئینجا پەرلەمانتارەکەی سەوزەکانی ئەڵمانیا کە دواتر لە (١٩٩٢) بە گوللە ئەکوژرێت وتویەتی " ئەوەی دڕندەیی کۆتایی پێدێنێت، خۆشەویستییە". 
لە کۆتاییدا، هیوای تەندروستییەکی باش، تەمەن درێژی بۆ هاوەڵی هێژا پڕۆفیسۆر د. سالار باسیرە ئەخوازم. بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەک خاڵی هاوبەش و جیاوازمان هەیە. خاڵە هەرە هاوبەشەکەمان "بڵاوە پێکردنی خۆشەویستی یە بۆ ئەوەی دڕندەیی پێ لەناو ببەین". ئەو دڕندەییەی کاریگەریی سەختی لەسەر ژیانی "سالار" ەکانی کورد کردووە لە شەستەکانەوە، تا ئەگاتە کوشتنی دکتۆر ئەحمەدی برای لە مەکسیک لە لایەن مافیاکانەوە. ئەو تەزینەی لە مردنی خەسرەو باسیرەی برایدا لە ئەڵمان بە کۆرۆنا ڕوویدا..ژیان ستەمکارە لێرەدا، تەنها ڤاکسینێک بۆ ئەمە پێترا کێلی وتەنی ئەوەیە "لەو شوێنەی خۆشەویستی دەستی پێکرد، لەوێوە زەبروزەنگ کۆتایی دێت".