گەلان خۆیان دەبێت بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدە

Thursday, 20/10/2022, 18:24

4661 بینراوە


بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:
" نەفرەت کردن لە دەسەڵات هیچ ناگۆڕێت، ئەگەر دەتوانیت ڕێگای خلۆربوونەوەی بەرەو لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی لێ بگرە".

من لە سەرەتای ھەڵبژاردنی دیمۆکراتەکاندا نووسیم، دیمۆکراتەکانم وەک ( تاوس) دێتە بەرچاو، بە ناز و فیز و ڕەنگاو ڕەنگن، بەڵام بڕیاری بنجبڕ نادەن سەبارەت بە ڕژێمێکی وەک ئێران و ئەو قنگەقنگەی دەیکەن لە مەسەلەی فایلی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، بۆوەیە زەمینەی گەیشتنی ئێران بە قۆناغی بوونە خاوەنی بۆمبای ئەتۆم بڕەخسێنن و ئێران بکەن بە ئەمری واقع بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بە تایبەت ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە. بەمەش بۆ هەتا هەتایە پاکستانی سوونەی خاوەن بۆمبابی ئەتۆمی پێ لغاو دەکەن کە مەڵبەندێکی گرنگی توندڕەویی ئیسلامی سیاسییە و دەوڵەتە عەرەبییەکانیش بەتایبەت سعوودیە بۆ هەمیشە ملکەچی بەرژەوەندییەکانی خۆیا دەکەن.
ھەتا ئێستا ھەموو ئەو سزایانەی خراوەتە سەر ئێران، پاش شەھیدکردنی ژینا، ٢٥ منداڵ، سەدان لاوی کوردستانی و شارەکانی تری ئێران و کووشتنی دەستەجەمعیی بەلووچەکان، بریتی بووە لەوەی کە سزای پێنەدانی ڤیزا بەسەر پۆلیس و چەند کەسایەتییەکی تری ڕژێمدا بسەپێنن.
لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ھەرێمەکەی ( پارتی و یەکێتی) یشەوە، پۆلیس ھەمیشە لە چینە نەگبەت و ھەژارەکەی ئەو کۆمەڵگایانە بوون، کە زۆر جاران ناتوانن، لێپرسینەوە لە شۆفێرێکیش بکەن کە ئۆتۆمۆبیلەکەی بە خێرایی تیشکی خۆر لەسەر جادەی شارەکان دەئاژوێ، نموونەمان زۆرە لە بآشوور کە پۆلیس دراوەتە بەر شەق لەلایەن کوڕی بەربپرسێکەوە کە بۆنی شیری خاو لە دەمی ھاتووە!!.
سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا، لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا و ئێستا لە ئێراندا گورگەکانی ئازاد کردووە( سپای پاسداران، بەسیج و ....ھتد) بۆ خواردنی مەڕەکان ( خەڵکی ستەمدیدەی گەلانی) ئێران و بیری خەڵک گومڕا دەکەن بە پێنەدانی ڤیزا بە پۆلیسی ئێران!!.
ھەتا ئێستا نەم بیستووە، پۆلیسێک لەو وڵاتانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا توانای سەفەرکردنی بووبێت یا سەفەری کردبێ. 
 پیشەی پۆلیسیی، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، پیشەیەکی داڕزاوی، ملکەچانەی ھەژارانەیە، کە زۆرینەیان ژیان بە کرێگرتەیی دەبەنە سەر و ھەروەک کرێگرتەش لە خانووی بەکرێدا دەمرن. ڕەنگە کاتێ دەشمرن قەرزی چەند مانگ کرێی خانۆکەشیان پێنەدرابێتەوە!!. 
سپای پاسداران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەموویان پاسپۆرتی دبلۆماسیان ھەیە و زۆرینەیان ڕەنگە ڕەگەزنامەی وڵاتێکی خۆرئاواشیان ھەبێت، ئەوانەی دکتۆر قاسملۆ و شەرەفکەندیان شەهید کرد، پیاوانی سپای بە ڕوالەت دبلۆماسی بوون، باڵوێزخانەکانی ئێران لە خۆرئاوا، مەڵبەندی سپی کردنەوەی پارەی قاچاخ، بنکەی هەواڵگری و ڕێکخستن و زەمینە سازکەری
ئەو هیرسانەن کە دەکرێنە سسەر ئازادیخوازانی بە تایبەت کورد. 
• ئێمە وەک کورد لە باشووردا سی و دووساڵە، ژیانی کۆمەڵایەتیمان دەواری شڕی بەر ڕەشەبای ھەڵچوونی حەز و ئارەزووەکانی بەرپرسانێکە، کە ھاووڵاتی ھەموو وڵاتانی ئەم گۆی زەوییەن کوردستان نەبێت!!.
ئەم دیزە بە دەرخونەیەی ناو دبلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەوەی خۆرئاوا، بەرھەمی ئەو پێچەڵپێچییەی ئەو ھەموو یاسا زۆرانەیە، کە ھەموویان یاسای لاستیکی و پلاستیکیین، لە بەر خاتری خاتران لە کوێدا ویستیان، یا توندی دەکەن یا شلی دەکەنەوە!!. 
• دەنا حەق دیار و 
• ستەم دیار و 
• مەرگ دیار و
• ژن دیار و
• ژیان دیار و
• ئازادیی دیارن.
ئێمە لە زەمانێکدا دەژین، شێت و نەفامەکان دەکرێنە بەرپرسانی لەشکرەکان و عاقڵ و ژیرەکانیش کۆت و زنجیر دەکرێن.
گۆرانی خۆشی ( مافی مرۆڤ) یش، تێنەگەیشتە لە واقعی میللەتان لەلایەن ئێلیتی میللەتەکان خۆیانەوە و کۆپی کردنی بنەمایەکی گرنگی ژیاریی خۆرئاوایە کە زۆر جاران لە گفتوگۆی نامەیەکی دکتۆرای ئێلیتێکی ڕۆژھەڵاتیدا، سالۆنی گفتوگۆی یەکێک لە زانکۆکانی خۆرئاوا گەرم دەکاتەوە، بۆیە بەرھەمەکەی چ جاران نەبۆتە ئازادیی مرۆڤە ستەمدیدەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
( ئەکادیمیستەکانی کوردی خۆرئاوا نشین).
لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، باپیرە، ستەم وەک میرات بۆ باوک و باوکیش ئەم میراتەی بۆ کوڕی جێھێشتووە و شۆڕشەکانی تاکو ئێستا لە ھەندێ شوێندا، ئەوەندەیان بۆ کراوە (سەربڕی بێگانە) بگۆڕن بە(سەربڕی خۆماڵی(!!. 
ئەوەی ماوەتەوە گەلانن کە سەرەتا دەبێت ماوەی نێوان خۆیان، لە ئێلیتەکانیان کە ئێستا حیزبە کلاسیکییەکان و ئەو ھونەرکار و قەڵەمانەن کە لە دەوری دەسەڵات دەگەڕێن، دیاری بکەن . تا ڕێگای بەرەو چارەنووس بدۆزنەوە، دانیشتن یا تێکۆشان بە ئومێدی (چاکبوون) ی سەرکردایەتی ئەو حیزبانە، کە چارەنووسی میللەتەکانیان، وەک کورد دەڵێت: بە سەوزی فرۆشتووە و بەڵێنی سەر خەرمان بە میللەتەکانیان دەدەن، وەک: ئەو چاوەڕوانییەیە لە مێشێکت ھەبێت، کە ڕەنگە پشت لە سەرانوێلک و ڕوو لە گوڵ بکات.
میللەت ئەگەر گەیشتە پلەی عاشقبوون بە ئازادیی خۆی، زەریایەکە ھیچ بەربەست و ھەڕەشەیەک، ناتوانێ بەری پێبگرێ، ئێمە لە کۆبانێ و لە سەدان نەبەردەکانی ژنانی کورددا لە ناوچەکانی میدیا و ناوەندی قەندیل، وزەی عاشقبوونی خوشکەکانمان بە دڵ ھەستپێکرد، 
ئەوان لە نەبەردا ژیانیان دەخوڵقاند و دڵی ئێمە ئاوەدان دەبۆوە، 
ئەوان ھەلھەلەیان لێ دەدا و ئێمە شایمان دەگرت،
ئەوان گیانیان دەبەخشی و ڕۆح دەکرایەوە بەبەر لاشەی مردووی ئێمەدا،
ئەمانە نیعمەتی ئەوینداریی ئەوانن بۆ ئازادیی، کە میللەتێکی کردۆتە ئەوینداری ئازادی، ئەوینداریی ژنی کورد بۆ بەرھەمھێنانی ژیانێکی ئازاد بۆ نەتەوە و مرۆڤە ستەمدیدەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە