ئەرێ لەکەیەوە کوڕی مەلیک مەسرور بووە بە ئەمیر؟

Thursday, 10.20.2022, 19:36

3246 بینراوە


پێشەکی:

لکاندنی وشەی شێخ، فەخامەت، شخامەت، مەلیک، ئەمیر، مامی بچووک بە ناوی دەسەڵاتدارانی باشوور، بووە بە دیاردەیەکی قێزەوەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا لە پەرەسەندنە. لە هیچ ئەزموونێکی دنیادا نەهاتووە، وڵاتێکی بێ مەمەلەکەت مەلیکی هەبێت. ئەگەر مەلیک نەبێت ئەمیر چۆن دەبێت؟ کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە، خاوەن سیادە و سەربەخۆیی خۆی نییە، بۆیە لەم پێناسەیە زێتر کوردستان هیچ پێناسەیەکی دی هەڵناگرێت.   
پێش خوێندنەوەی وتارەکە کلیک لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە

مێژووی میللەتان و نەتەوەکانی دنیا ئاوێنەیەکە، تێیدا بە ئاسانی دەتوانرێت ببینرێت، کە ڕێبەر و سەرکردەی کام نەتەوە و میللەت توانیویانە جێگە پەنجەیان لە بیناکردنی وڵاتەکانیان تا ئەمڕۆ دیار بێت. ئەوان بیناغەیەکی پتەویان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووریەکی پتەو و لەنێو سنوورێکی جوگرافیای دیاریکراوی ئەمڕۆی دنیادا لە پاش خۆیاندا جێهێشتبێت، وەک چین، یابان، بریتانیا، میسر، ئیران و تورکیا و دەیان وڵاتی دی، بۆیە ئەگەر ئێستا لە مێژوودا ئەو جۆرە سەرکردانە نازناوی مەلیک، سوڵتان، شا و ئەمیر بە ناوەکانیاندا بلکێندرێت، ئەوا بێ گومان وڵات و نەتەوەکانی خۆیان لاریان لەوەدا نابێت، بە ڕەوای دەبینین ناوی ئەو جۆرە سەرکردانە لاپەڕەکانی مێژووی نیشتمانیی و نەتەوەکانیان بڕازێنێتەوە. بۆ؟  
شارستانیەتی چین یەکێکە لە کۆنترین شارستانیەت لە دنیادا، کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ زێتر لە سێ هەزار ساڵ، کە ئەمەش هەمووی بە دۆکیۆمێنیتی مێژووی سەلمێندراوە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کە لە قۆناغی جیاوازدا حوکمڕانیان کردووە هەریەکە لە سەردەمی خۆیاندا ڕۆڵی بنەڕەتییان بینیوە لە پارێزگاری کردن لە سنووری جوگرافیا و سەرمایەی مرۆیی، بەروبومی سروشتیی وڵاتەکەیان و بەهێزکردنی ئابووریی و گرنگی دان بە پتەو کردنی سەرخان و ژێرخانی وڵاتەکەیان.
چین لە ساڵی ٢٠١ تا ٢٠٦ ی پێش زاینی ئیمپراتۆریەتی تشین شیان یەکەم کەس بوو کە دەوڵەتی چینی یەکگرتووی لەنێو ئیمپراتۆریەتەکەی جاردا. بەهەزاران ساڵ پێش ئێستا دەسەڵاتدارانی چین، لەنێو کۆمەڵگەی چینی هەوڵیانداوە بۆ هەڵسەنگاندنی بەهرەی تاک لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی زانستی بێت. ئەوەی مەبەستە بوترێت ئەوەیە، کە ئەو چینەی ئەمڕۆ لە شەو ڕۆژێکدا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، کە بتوانێت لەسەر ئاساتی دنیادا لە هەموو بوارەکاندا بچێتە هاڤرکێی و جێگە بە پێگەی زلهێزەکانی دنیای ئەمڕۆدا لەق بکات.
لە چین ئەو مەلیک و شا چینییانە کە لە مێژووی کۆندا دەسەڵاتدار بوون، بەخۆڕایی نازناوی مەلیک و ئەمیر و شایان پێ نەبەخشراوە، بێگومان مەبەست ئەوە نییە کە بڵێین ئەوان فریشتە بوون و دەستیان سوور نەبووە بە خوێنی مرۆڤایەتی، بەڵام هەوڵ و تەقەلایان داوە کە هەر یەکەیان لە قۆناغێکی دیاریکراودا، بە شێوەیەک چینیەکان پەروەردە بکات، کە لە داهاتوودا بتوانن لێپرسراوەتی وڵاتەکەیان لە ئەستۆ بگرن، ژێردەستی و ملکەچی قەبوڵ نەکەن، لە مافی خۆیان خۆش نەبن، ڕەنگدانەوەی ئەو جۆرە پەروەردەیە ئەمڕۆ لە کولتووری سیاسی چیندا بە ڕوونی دیارە. بۆ نمونە،  هەنووکە یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان چین و یابان ئەوەیە، کە چەند  دوورگەیەک لە دەریای ڕۆژئاوای چین کە یابان لە ساڵی ١٨٩٥وە کۆنتڕۆڵی کردوە، ئێستا دوای ١٢٨ ساڵ پەکین داوای دەکاتەوە و دەڵێت، دوای جەنگی دوومی جیهانی سەدەی ڕابردوو یابان دەبوایە ئەو دووڕگانەی ڕادەستی چین بکردبا، واتە ئەوان پێیان وایە بەڵگە مێژوویەکان و یاساییەکان دەیسەلمێنن کە ئەو دورگانە لەدێر زەمانەوە موڵکی چین بووە و ئەمڕۆ ئەوان دەستبەرداری ئەو مافە نابن.   
ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەوی دوژمنی سەرسەختی پرسی کورد بوونە و بە ماندووبوون و خوێنی خەڵک دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی خۆیان سەپاندووە، بەڵام پێمان خۆش بێت یان نا بۆ وڵات و نەتەوەی خۆیان مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و سەرکەوتنیان تۆمار کردووە، لە هاڤڕکێی سیاسیی و سەربازیی سەردەمی خۆیاندا سەرکەوتوو بوونە، جێگە پەنجەیان لەسەر تورکیا و ئیرانی ئەمڕۆدا بە ڕوونی دیارە . 
دامەزراندنی ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانی لەسەر دەستی خێڵێکی تورکی ئەنەدۆلی بووە، کە دواتر یەک لە دوای یەک ٦٠٠ ساڵ حوکمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند وڵاتێکی ئەوروپا، تا دەگات بە ئەفریقا کردوە، یەکێک بووە لە بەهێزترین ئیمپراتۆریەتی دونیا، بەتایبەتی لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانونی، ئەو سوڵتانەی کە لە هەموو هێڕشە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتانی کە داگیریان کردووە بەشدار بووە بۆ فرەوان کردنی سنووری جوگرافیای دەسەڵاتی تورک لەژێر ناوی ئاینی ئیسلامدا. سوڵتان سلێمان لە کۆتایی ژیاندا تووشی نەخۆشی دەبێت، سەرەڕای ئەوەی کە باری تەندروستی تەواو نابێت بەڵام کۆڵنادات و پێدادەگرێت کە سەرکردایەتی کۆتا هێڕشی لەشکری عوسمانی بکات بۆ سەر ئەوروپا و لە بەرەکانی جەنک لە هەنگاریا دەمرێت. 
  ئیمرپراتوریەتی عوسمانی تا ساڵی ١٩٢٢ بەردەوام بووە. سوودمەندترین نەتەوە لە ئاینی ئیسلام نەتەوەی تورکە کە ئەو ئیمپراتۆریەتەی لەژێر دروشمی ئیسلامدا بەکارهێناوە بۆ مەرامی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی.  سوڵتانەکانی ئەم ئیمپراتۆڕە بەروبوومی هەموو وڵاتانی ناوچەکەیان کۆ کردۆتەوەو هێناویانە بۆ ئاوەدان کردنەوی تورکیا بەتایبەتی لە  ئوستەمبولی پایەتەختی ئەوکات بەکاریان هێناوە، کە تا ئێستا پاشماوەکانی لە تورکیا ماوە. لەهەر وڵاتێکدا سیاسیەکی بەتوانا، ئەندازیاریەکی بە توانا، دکتور، پەیکەرتاش، هونەرمەند، موسیقی هیتر هەبوایە دەیان هێنا سوودیان لە بەهرەکانیان وەردەگرت و بۆ بونیاتنانی شارستانیەتی تورک بەکاریان دەهێنا. 
 لە مێژوودا هاتووە کە ئەم ئیمپراتۆریەتە دەستی سوورە بەخوێنی مرۆڤایەتی، بەڵام دەبێت ئەوە نەبوێرین کە ئەو تورکیایەی ئەمڕۆ لەسەر دەستی ئەوان گەیشتۆتە ئەو ئاستە و ئەو وڵاتەی کە ناوی تورکیایە. واتە سەد ساڵە ئیمپراتوریەتی عوسمانی ڕووخاوە ئەو تورکیایەی ئەمڕۆ دەیبینین  بە سەد ساڵ نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، بەڵکو جێگە پەنجەی شەش سەد ساڵی دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی پێوە دیارە و دوای ئەوان سنووری دەسەڵاتی تورک بچووک بۆتەوە. 
ئەگەر ئەم نمونانە لەگەڵ ئەزموونی  سەرانی باشوور بەراورد بکەین، کە زێتر لە ٧٠ ساڵە لە قۆناغی جیاوازدا لەسەر پرسی کورد دەلەوەرێن.  لە باشووری کوردستاندا هیچ سەرکردەیەک وەک سوڵتان سلێمان سەرکردایەتی هێڕشی سەربازیی نەکردووە و لە هێڕشێکی سەربازییدا نەمردووە. مەلا مستەفا لە ئەمریکا مرد. جەلال تاڵەبانی لە بەغداد لاڵوپاڵ بوو،  لە ئەڵمانیا چەند مانگ مردووی ناوپێخەف بوو، دواتر نوتقی نەما ئەوجا هات لە کوردستان چاوەڕێی مردن بوو. نەوشێروان مستەفا بە نەقالە لە ئەڵمانیەوە گەیاندرا کوردستان بۆ مردن. ئیدریس بارزانی لە ئیران لەنێو پێخەفدا مرد.  یەک ڕێبەری حزبی ئیسلامی کوردیی لەو باشوورە لە هێرشێکی سەربازییدا نەمردووە، یان وەک سوڵتان سلێمان ئاینەکەی بەکارنەهێناوە بۆ خزمەتی پرسی نەتەوەکەی نەک هەر ئەوە بەڵکو دژایەتی پرسی کوردییان کردووە. لە کاتێکدا ئەوانە بەلێشاو کوڕی خەڵکی هەژاری نێو کۆمەڵگەی کوردیان لەژێر دروشمی بریقەداردا بەکوشتن داوە. سوڵتان سلێمانی قانونی دەسەڵاتی تورکیی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا فرەوان کرد. ئەو بە بەروبوومی وڵاتانی ژێر دەستی، ئابووریی تورکیای تۆکمە کرد، بەڵام سەرانی باشوور بست بە بستی کوردستانیان فڕۆشتووە. بیرەنەوت نەماوە تاڵان نەکرێت پارەکەی نەچێتە خەزێنەی کۆنە عوسمانییەکان. 
ئەزموونی گەلان دەیسلمێنێت ئەوەی دەستکەوتی سیاسیی و ئابووریی و مسۆگەر نەکردبێت لە مێژووی کۆندا نەیتوانیوە نازناوی سوڵتان، ئەمیر، شا و مەلیک مسۆگەر بکات، خەڵک کڕنۆشی بۆ بەرێت. سەرانی کورد لە باشوور لەسەر قوڕ تۆز دەکەن، ئەوان دەیانەوێت بەخۆڕایی نازناوی شێخ، فەخامەت، شەخامەت، مەلیک و ئەمیر بە ناوەکانیان بلکێنن، هەر ڕۆژەی لەسەر بیناغەی فڕۆشتنی پرسی نەتەوەی کورد کەچە سیاسیەکی دۆڕاو و کۆنە بەعسیەک لەسەر کورسی سەڕۆک کۆماری عیراقدا دابمەزرێنن. بۆیە ئەگەر تا ئەمڕۆ تورک شانازیی بە سوڵتان سلێمانەوە بکات و نەیەوێت وشەی سوڵتان لە ناوەکەی بترازێنێت ناهەقی ناگیریت، بەڵام ئەوانەی باشوور لە وشەی کەچەی سیاسی بەولاوە شایەنی هیچ ناونیشانێک نین و لە مێژوودا جێگەی شانازیی و سەربەرزیش نابن بۆ نەتەوەی کورد.