سەرەتای فەلسەفەی سیستەماتیکی لە ئیسلامدا (3)

Wednesday, 10.26.2022, 0:57

557 بینراوە


نووسینی: گێرت ‌‌هێندریش

ئەلکندی و ئەلڕازی:

فەلسەفاندنی سیستەماتیکی سەرەتا ئەو واتایەی دەگەیاند کە هزرڤانان دەگەڕانەوە بۆ سیستەمە فەلسەفەییە هەبووەکان، واتا بۆ فەلسەفەی مەزنی ئەنتیکە و ئەنتیکەی دەمەو کۆتایی (درەنگ): بۆ پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنییەکان. وەلێ فەلسەفاندنی سیستەماتیکی ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە فەیلەسوفە ئیسلامییەکان لە لایەنی خۆیانەوە دەستیاندایە هەڵبەستنی "سیستەم"ی فەلسەفەیی لە پێناوی ڕوونکردنەوەی جیهاندا، سیستەمەکانیش تا ڕادەی شیان کاریان لە هەموو بوارەکانی هزرینی فەلسەفەییدا کرد (لایەنی کەم ئەو زانستانەش کە ئەمڕۆ ناو دەنرێن زانستە سروشتییەکان، لە بنەڕەتەوە سەر بەو بوارانە بوون). لەم ڕەوتەدا توخمگەلی جیاوازی نموونە پێشەنگەکانی ئەنتیکە ڕژانە نێو سیستەمەکانەوە و بوون بە پاڵهێز بۆ سەرهەڵدانی تێڕوانینێکی ئۆتۆنۆمی جیهان. بەڵێ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی لە قۆناغە "کلاسیکی"یەکەیدا بە هیچ شێوەیەک لاساییگەرا نییە. بێگومان فەلسەفەی کریستیانیی ئەوروپاش هەمان ڕەوتی لە نموونە پێشەنگەکانەوە ڕووەو سیستەمی فەلسەفەیی خۆی گرتە بەر. سەرەڕای ئەوە گەرەکە هەردوو فەلسەفەی ناوبراو سۆسیۆلۆگییانە تەواو جیاواز دیاری بکرێن. لە ئەوروپا نزیکی لە توێژی پیاوانی ئایین شەقڵی بە فەلسەفاندن دابوو. فەلسەفە بەشێکی تیۆلۆگی بوو، فەیلەسوفانیش رۆحانییەکانی ئایین بوون، سەرەتاش بەتایبەتی کەشیش بوون. بۆیە لە کۆنتێکستی ئەوروپیدا بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤینی دەمەو کۆتایی و ڕێنیسانسدا "فەیلەسوف" وەک مامۆستا و زانای سەربەخۆ دیاردەدات. بە پێچەوانەشەوە زانایان لە کۆنتێکستی ئیسلامیدا سەر بە مەدرەسەی جیاواز بوون و بواری کارکردنیان بەتایبەتی "پراکتیکی" بوو. بەڵێ زۆرینەی فەیلەسوفە "مەزنەکان"ی ئیسلام لە فێرگە پزیشکییەکاندا پێگەیەنران، ناوبانگیشیان تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ زانینی پزیشکییان. فێرگە پزیشکییەکان نەک تەنیا نێوەندی فێرکردنی مەئریفەی پزیشکی بوون، بەڵکو زۆرتر لەوەش سەرجەم کانۆنی زانینی ناسراوی ئەو دەمەیان بە فێرخوازان دەگەیاند و بواری تەواو جیاوازی لە خۆ گرتبوو: "زانستە سروشتییەکان"، ئەستێرەناسی، ماتماتیک، فەلسەفە و لۆگیک، قورئانناسی و یاسای (شەریئەی) ئیسلامی. هەر بەگوێرەی ئەم بوارانەش گرنگیدانی زانستیانەی زانا ئەرەبی-ئیسلامییەکان گشتگیر بوو. بەدەگمەن زانایەکیان تێدا بوو کە تەنیا لە یەک بواری زانیندا دەرکەوتبێت. بێگومان هاوکات گەرەکە ئاماژە بۆ فێرگەی دیکەش بدەین کە هەمان زانینی گشتگیریان دەگەیاند، بۆ نموونە بەیت ئەلحیکمە، فێرگەکانی وەرگێڕان، هەروەها سەرەتا فێرگەکانی قورئان و شەریئە.

3-1 ئەلکندی و هزری نوێپلاتۆنی

شارەزایی گشتگیر لە سەرجەم زانستەکاندا هەروەها ئەدگاری یەکەم فەیلەسوفی مەزنی ئەرەبی-ئیسلامی بوو. ئەبو یوسف یەئقوب ئیبن ئیسحاق ئەلکندی نزیکەی ساڵی 800 لە کوفەی باشوری ئێراق هاتە جیهانەوە. باوکی لەوێ پارێزگاری دەوڵەتی ئەباسی بوو. ئەلکندی بە ڕەچەڵەک سەر بە حەزرەمۆتی باشووری ئەرەبستان و هۆزی کیندە بوو، هەر بۆیە ناونراوە "ئەلکندی". ئەو تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا وەک "فەیلەسوفی ئەرەبەکان" ناوبانگی دەرکردبوو، لە ڕاستیشدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەر تاکە فەیلەسوفی بەواتای ڕەچەڵەک ئەرەب مایەوە. ئێمە هیچ شتێک لەبارەی پێگەیاندنی فێرگەیی ئەو نازانین، وەلێ زانیاریمان لەبارەی سەرئەنجامی پێگەیاندنەکەی هەیە: "فەهرەست"ی ئەلنەدیم کە لە سەدەی دەیەمدا نووسراوە و کۆکراوەیەکی هەموو نووسینەکانە لەکاتی محەمەدەوە، ناوی 240 بەرهەمی کندی دەبات. بێگومان ئەم لیستە گۆتاری بچووک و نامەش لە خۆ دەگرێت، وەلێ فرەجۆریی ئەو بابەتانە کە کندی کاری تێدا کردوون، بەتایبەتی سەرنجڕاکێشە: فەلسەفە، تیۆلۆگی، لۆگیک، ئەستێرەناسی، ئەلخێمی، ژمێرە، ئەندازە و موزیک.
بەرهەمێکی بەواتا کە لەنێو ئەم بڕەی بابەتەکانی کندیدا ماوەتەوە، نووسینێکە بە ناونیشانی "لەبارەی یەکەم فەلسەفە" کە پێشکەشی خەلیفە ئەلمەئمونی (842 مردووە) کردووە. کندی پەیوەندییەکی تایبەتیی بەو خەلیفەیەوە هەبوو: بوو بە ڕاوێژکاری متمانەپێکراوی ئەو و مامۆستای کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد. ئەو هەروەها بوو بە ڕاوێژکاری ئەلواتیق (847 مردووە) کە وەک خەلیفە جێی مەئمونی گرتەوە. وەلێ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خەلیفە ئەلموتەوەکیلدا (861 مردووە) دووچاری دەسیسەیەکی نێو کۆشک بوو و دوای ئەوەی بەو هۆیەوە بەر غەزەبی خەلیفە کەوت، ئیدی بەغدادی بەجێهێشت. کندی ساڵی 873، پێدەچێت هەژارکەوتوو و بێزار، کۆچی دوایی کرد. ئێمە بێگومان دەتوانین ئەم ڕوداوانە پەیوەند بکەین بە کەشی هۆشەکیی گۆڕراوی ئەو سەردەمەوە: خەلیفە ئەلموتەوەکیل "میحنە"ی خەلیفە ئەلمەئمونی هەڵوەشاندەوە و بیروباوەڕی موئتەزیلەیی ڕەتکردەوە، هەروەها تێزی ئەزەلییەتی قورئانی کرد بە دۆگمی فەرمی. ئەوە بوو ئیدی بەو ڕێیەوە ئۆرتۆدۆکسیی سوننی خۆی بەسەر موئتەزیلەدا سەپاند، کە هەروەها کندیش بە یەکێک لە لایەنگرانی دادەنرا. لە کۆتاییدا تەنیا ئەو ناوبانگە بۆ کندی مایەوە کە وەک زانا و بەتایبەتی وەک فەیلەسوف پێی گەیشتبوو. بە هەر حاڵ، ئێمە لای کندی بۆ یەکەم جار بەو پێکەوەگرێدانەی هزری ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنی دەگەین کە بۆ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی زۆر بەواتا بوو، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: دەگەین بە ئەڕیستۆتێلیسی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەکراو. لەم جێیەدا گرنگە کەمێک بەرەو پاش بگەڕێینەوە تاکو واتای ئەم هزرە پێشان بدەین. ئاخر فەلسەفاندنی نوێپلاتۆنی نامۆ دەنوێنێت بە ئاگایی "مۆدێرن"ی ئێمە، جا گەر تەنانەت نەبێژین وەک بێواتا دیار دەدات: لەو فەلسەفاندنەدا ئاخافتن هەیە لەبارەی "کایەکانی مانگ"، لەبارەی "ڕژان" (ئێماناسیۆن)ی زەین لە کایەیەکەوە بۆ یەکێکی دی، ئەمەش پتر لە ڕێبازی غەیبانییەت دەچێت نەک لە فەلسەفە.

هزری نوێپلاتۆنی

نوێپلاتۆنیزم یەکێکە لە دوایەمینی ئەو بەرنامە مەزنە فەلسەفەییانەی ئەنتیکە کە دەیانەوێت جیهان وەک سەرجەم ڕوونبکەنەوە و دیاریبکەن. ئەوجا فەلسەفەکان لە ڕووی پێکهاتەیانەوە چەند جیاوازیش بن لە یەکدی، هێشتا هەر هەموویان لەژێر ڕکێفی پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیدان، واتا ئەو ئاڕاستەیەی فەلسەفاندن کە لەبارەی بوون دەپرسێت، کەواتە دەپرسێت، داخۆ چی ئەوەکەیەک، شتێک، ڕەوشێک، بە ئەوەکەیی خۆی بکات. پەیوەند بەم پرسیارەوە هەموو فەیلەسوفانی ئەنتیکە لەوەدا هاوڕا بوون کە ئەم "بوون"ە (بە گریکی "ئۆن / Ón")، کە کرۆکی (ئێسێنسی) شتەکانە، دەبێت چۆنێتییەکی جیاوازی لە لێرەبوونی (وجودی) ماتەرییانەی خۆی هەبێت. بەم شێوەیە هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە لە لێرەبوونی کۆنکرێتی شت دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات بەرەو هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە "کرۆک"ی شتەکان، لە "بوون"یان. بەمەش ئیدی فەلسەفە "مەئریفەی زانستیانەی ڕاستی"یە، واتا مەئریفەی پێکهاتەی ڕاستینەی بوونە - وەک چۆن ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت (مێتافیزیک، 933b، 20). ئەمە بێگومان نەک تەنیا سەرجەمێتیی جیهان و گەردوون لە خۆ دەگرێت و بەو ڕێیەوەشەوە دەبێت بە ڕوونکردنەوەی گەردوونناسییانەی جیهان، بەڵکو هەروەها پرسیاریش لەبارەی کرۆکی ڕێکخراوی جیهان، لەبارەی ئامانج (بە گریکی: تێلۆس) و مەغزاکەی لە خۆ دەگرێت. بۆیە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگییانە هەمیشە لە سەرئەنجامدا دەگات بە پرسیار لەبارەی پێکهاتەی ڕاستی و بوونی "پەتی"، بەمەش هەروەها دەگات بە پرسیار لەبارەی "هەرە یەکەمین بنەڕەت" (Urgrund) ی سەرجەم بوون. هەر بەگوێرەی ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە لەبارەی بوون کراوە، چەند پلەیەکی یان چەند مەرتەبەیەکی پێکهاتەی شتێک وەک سەرئەنجام لەتەک خۆیدا دەهێنێت: لە ئێکزیستێنسیا (existentia)ی پەتییەوە، واتا لە ئەوەکە-بوونەوە ڕووەو ئێسێنسیا (essentia)ی یان ڕووەو چی-بوون ی ئەوەکەیەک / شتێک.
پلاتۆن بوونی پەتیی وەک ئیدێ (ئایدۆس / eidos) دیاری کرد. بە تێروانینی ئەو ئەرکی فەلسەفە هەڵچوون بوو لە ئاستی بۆچوونی (دۆکسای / doxa) پەتی و دیاردەی سێنسییەوە ڕووەو ئاستی مەئریفەی (ئێپیستێمەی / episteme) فۆرمەکانی بوونی ڕاستینە: ڕووەو خودی ڕاستینە و چاکە و جوانێتیی پەتی، کە دوایەمین ترۆپکی ئەنجامییانەی بریتییە لە "یەک" (ئەلئەحەد). وەلێ مایەی سەرنجە کە مەئریفەی بوون لەم ڕێبازەی ئیدێکانی پلاتۆندا یادهێنانەوەیە (ئانامنێزیس / anamnesis)، واتا: کاتێک دەروونی ئاوارەکراو بۆ نێو لەش خۆی سیستەماتیکییانە یان "زانستییانە" بە کرۆکی بوونەوە خەریک دەکات، لەم ڕەوتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئێکزیستێنسی پێشینەیی خۆی بەر لە ئاوارەکردنی بۆ نێو لەش، واتا بۆ ئەو ڕەوشە دەگەڕێتەوە کە دەیتوانی "بە چاوی هۆش" ڕاستەوخۆ لە ئیدێکان بڕوانێت. کەواتە کاتێک سێنسەکانمان شتێکمان لەبارەی جیهانی دەرەوە پێدەگەیەنن بەبێ ئەوەی هەرگیز پێمان ببێژن کە داخۆ کرۆکی، ئێسێنسی، بوونی جیهان چی بێت، ئیدی لێرەوە ئەو دەرئەنجامە دەکەوێتەوە کە دەبێت مەئریفەی بوون سەرەتا لەنێو ئێمەدا وەنەوزی دابێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕەوتی مەئریفەی فەلسەفە لە جیهانی بەرجەستەیی دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات ڕووەو "ڕوانین"ی (نەزەری) هۆشەکییانەی پەتی لە جیهان. بێگومان ئەم ڕوانینە هۆشەکییە پەتییە تایبەتە تەنیا بە کەمینەیەکی دانایان.
شاگردە مەزنەکەی پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس، بە پێچەوانەوە وای دادەنێت کە ئاگایی مرۆڤ بەجەختی دەتوانێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی بوون، ڕووەو ڕاستی، بگرێتە بەر. گەر فەلسەفە زانستی گشتێتی یان هینی بنەڕەت و هۆکارەکان بێت، بەمەش لە کۆتاییدا زانستی کرۆکی شتەکان و بوون بێت، ئەوا دەبێت سیستەماتیکی بێت، لێرەشەوە دەبێت شیاوی فێرکردن بێت و هەموو یەکێک لێی تێبگات. بۆیە ئەڕیستۆتێلیس لۆگیکییانە ڕێگەی مەئریفە لە دەرککردنی سێنسییانەی شتەکانەوە دەگرێتە بەر، لێرەشەوە ئیدی زانست وەک لای پلاتۆن "یادهێنانەوە" نییە، بەڵکو ئەزموونە. ئەڕیستۆتێلیس هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە بایەخێکی زۆر دەدات بە مێتۆدناسیی ڕێگەکردنەوە ڕووەو گۆزارە ئەزموونییەکان و هەروەها بە بناغەڕشتنی دەرئەنجاماندن (سیلۆگیزم / زانستی قیاس – و). فەلسەفە وەک زانستی بنەڕەت و هۆکاری بوونەوەر هەروەها دەمانبات ڕووەو پرسیار لەبارەی "یەکەمین" بنەڕەت و هۆکارەکان. ئەمە ئەڕیستۆتێلیس ناچار دەکات کایەی زانستەکانی ئەزموون جێبهێڵێت، کە ئیدی ئەویش هاوشێوەی پلاتۆن دەگات بە کایەی کرۆکە "ناماتەریەلەکان"ی (هۆشەکییەکانی – و) بوون. لێرەدا ئاوەزمەندانە دەبێت کە مرۆڤ 'پاش' مەئریفەی جیهانی فیزیکی یان جیهانی شیاوی دەرککردنی سێنسی، کار لەم پرسیارەدا بکات. لەبەر ئەم هۆیە بوو کە ئالێکساندەری ئافرۆدیسیاسی، کە لە سەدەی دوومی پێش زایینیدا خەریکی توێژینەوە بوو لە ئەڕیستۆتێلیس، پرسیارەکەی ناو نا "مێتا تا فیزیکا": "پاش فیزیک" (لێرەوە وشەی "مێتافیزیک" سەریهەڵدا). کێشەکە لێرەدا خەریکبوونە بە یەکەمین پرنسیپی بوونەوە کە مرۆڤ لۆگیکییانە بەنێو زنجیرەیەکی هۆ و ئەنجامدا پێی دەگات. ئەڕیستۆتێلیس ئەم یەکەمین پرنسیپەی ناو نا "بزوێنەر نەبزواو" (لە: Metaphysik, 1012) و چوونیەک داینا بە پرنسیپی خودایەتی. پرنسیپەکە لە هزری تایستیی سەردەمانی درەنگتردا بوو بە "بزوێنەری نەبزۆک" کە چوونیەک بوو بە خودای کەسەکییانەی ئافرێنەر.
لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە بۆچی پلاتۆنیزم و فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی توانییان بچنە پەیوەندییەکی چڕەوە لەتەک ئایینە مۆنۆتایستییە جیهانییەکاندا: تیۆلۆگەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلام لەوەدا یەکدەگرنەوە کە پێکڕا دەگەڕێنەوە بۆ ڕوونکردنەوە فەلسەفەییەکانی جیهان لە ئەنتیکەدا. ڕێبازی ئیدێکانی پلاتۆن ڕاستێتیی پەتی، واتا بوون، دەباتە نێو کایەیەکی ناماتەرییەوە کە مرۆڤ تەنیا بە "لێڕوانینی / نەزەری" دەروون پێی دەگات. ئەم ڕێبازە شوێنێک بۆ ئیمان دەسازێنێت. هەروەها ئەڕیستۆتێلیس دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی "یەکەم بزوێنەر"ی خودایی هاوکات وەک کەرتی ڕێکخراوێکی سەرجەم بوونەوەران دیاربدات، ڕێکخراوێک کە دەشێت سیستەماتیکییانە ئاوەڵا بکرێت و بەمەش ئاوەز پەی پێببات. هەر بەم شێوەیە دەتوانین وای دابنێین کە خودا جیهانی مەغزامەندانە ڕێکخستووە و مرۆڤیش دەتوانێت بە ئاوەز لێی تێبگات، ئەویش چونکە خودا خۆی ئاوەزی پەتییە. لێرە ئێستا شوێنێک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەری ئاوەزمەند دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا کاتێک فەلسەفەی چەرخی ناڤین کەوتە دەمەقاڵەی بەتینەوە لەبارەی کرۆکی ئاوەز پەیوەند بە کرۆکی خودا و ئیمانەوە، لێرەدا درزی سەرهەڵداوی نێوان فەیلەسوفان بەزۆریی لەوەدا بوو کە هەر لایەنەیان جەختی لە میراتەکەی پلاتۆن یان ئەڕیستۆتێلیس دەکرد. لە کۆنتێکستی ئیسلامییانە و کریستیانییانەی چەرڤی ناڤیندا تەنیا ژمارەیەکی کەمی فەیلەسوفان بە پرسیارە ڕادیکال و تێزەکانیان چوونە دەرەوەی هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە، لێرەشەوە ڕێیان خۆش کرد بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو جۆرە هزرینە ناوبراوە. سەرەتا لە فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامیدا بەڕوونی جەخت دەکرا لە میراتی نوێپلاتۆنی.
نوێپلاتۆنیزم لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا (درەنگدا) دوایەمین هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی هزرى پلاتۆنى و ئەڕیستۆتێلى بە شێوەیەکى سیستەماتیکى و لەسەر پرنسیپى یەکانە پێکەوە بگونجێنرێن. لێرەدا هەروەها فەلسەفەی دیکەش کە لەژێر کاریگەریی هزرڤانانی مەزنی گریگیدا بوون، وەک ستۆئایکی و گنۆستیکییەکان کە پاڵهێزی خۆیان نارد، ڕژانە نێو نوێپلاتۆنیزمەوە. ئەوجا گەرچى پلۆتین (205-270) دامەزرێنەرى نوێپلاتۆنیزم نییە، وەلێ بە یەکەمین و گرنگترین نوێنەرى دادەنرێت. پلۆتین، خۆگرێداو بە پلاتۆنەوە، ئەم تێڕوانینە ڕادەگەیەنێت: بوونى "پەتى" تەواو هۆشەکییە، بوونێکی بەدەرە لە ماتەری، ئەوجا گەرچی مرۆڤ لە دەروونی خۆیدا پەیوەندیی بەو بوونەوە هەیە، سەرەڕای ئەوە تەنیا بەناڕۆشنی هەستی پێدەکات، تەنیا "هەناسە"یەکى ئەو بوونە ئاگامەندانە دەناسێتەوە. پلۆتین لە خۆى دەپرسێت کە داخۆ چۆن ئەم کێماسەی مەئریفەی پەتى ڕوون بکرێتەوە، لێرەشدا سەرەتا بۆی خۆیا دەبێت کە جیهانى ماتەریانەی ئەزموونکردنمان لەژێر ڕکێفى سەرهەڵدان و لەناوچووندایە (فانییە)، بە پێچەوانەشەوە گەردوون و ڕێکخراوییەکەى (گریکەکان لە کۆسمۆس دەدوان) هەمیشەیین. گەردوون لێرەبوون و ڕێکخراویى خۆى وەک سەرجەم دەپارێزێت، جا گەرچى کەرتەکانى تایبەتن بە لەناوچوون. لەم تێڕوانینەوە دوو دەرئەنجام بۆ پلۆتین دەکەونەوە: یەکەم، ئەوە کە نافانی و ئەزەلییە، دەبێت هاوشێوەى ئەوە کە فانی و کاتەکییە، شوێنێکى چەسپى لەنێو ئەم ڕێکخراوەدا هەبێت؛ دووەم، دەبێت نافانی چۆنێتییەکى دیکەی، واتا باڵاترى لە ئەوە هەبێت کە فانییە. بەم شێوەیە دوو ئەدگاری نوێپلاتۆنیزم کە سەرەتا بە لێڕوانینێکى رواڵەتی وەک "نافەلسەفەیى" و ئێسۆتێریکییانەی پەرۆشمەند بۆمان دەردەکەون، چە وەک زانستى جددى و چە وەک بەشێکى دابی فەلسەفاندنى پلاتۆنى-ئەڕیستۆتێلى ڕووندەبنەوە.
ڕێکخراوی "جیهان" کۆسمۆلۆگیانەیە، گشتگیرە، هەروەها "پلە"ییە لە بوونی نافانی و پەتییەوە بەرەو ژێر ڕووەو لێرەبوونی فانی کە تەنیا ماتەریانەیە. بەم ڕێیەوە لە فەلسەفەی نوێپلاتۆنیدا ئاخافتن لەبارەی "کایە" کۆسمۆلۆگییەکان واتای فەلسەفەیی وەردەگرێت. ڕێکخراوی ماکرۆکۆسمۆس پێکەوە لەتەک ڕێکخراوە نافانییەکانی ئەستێرەکانیدا، بەرەو ژێر ڕووەو جیهانی بگۆڕ کە ئێمە لەسەری دەبزوێین، لەو ڕێکخراوەدا وێنەدەدرێتەوە کە ئێمە خۆمان وەک بوونەوەری هزرڤان لەژێر ڕکێفیداین. لێرەبوونی ماتەریانەی جەستەییمان بریتییە لە پلە فانییە نزمترینەکەی بوون، بە پێچەوانەشەوە ئاوەزمان یان هۆش ئاڕاستەیەکی ڕووەو بوونی نافانیی پەتی وەرگرتووە.
تێڕوانینی ڕێکخراوی گەردوون کە کایەى جیاواز لە خۆ دەگرێت، دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى سروشت ی گریکى لە قۆناغی کلاسیکییدا، وەلێ بەتایبەتى بۆ ئەڕیستۆتێلیس، کە هێڵی سووڕانەوەی بۆ پلانێتەکان دانا، واتا کایەى (سفێری) تایبەتی دانا کە پلانێتەکان لەسەریان دەبزوێن. ئەڕیستۆتێلیس بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بزووتنە وای گریمانە کرد کە "سفێرگەلى هاوکێش" هەن و کاریگەری لەسەر یەکدى دەنوێنن. وەلێ بەگوێرەی ئەم گریمانەیە دەبوو سەرجەم بزووتنەکانى پلانێتەکان لە کۆتاییدا بگەڕێنەوە بۆ دەرەکیترین کایە کە خۆیشى لە لایەن "بزوێنەرى نەبزۆکەوە" بزوێنرابوو، هێندە نەبێت کە نەدەشیا ئەم بزواندنە میکانیکییانە بەربخرێت، چونکە دەبوو "یەکەم بزوێنەر" فۆرمێکى ناماتەریانەی (هۆشەکییانەى - و) هەبێت کە ئیدی لە لایەنى خۆیەوە نەبێتەوە بە کەرتى پەیوەندییەکى هۆ-ئەنجام. کەواتە ئایا بە چە ڕێیەکەوە بزووتنەکە هێنرایە گۆڕێ؟ نوێپلاتۆنیزم وەڵامێکى سەرنجڕاکێشى ئەم پرسیارەی دایەوە: ئەوە بەڕێى خودى "ژیان"ـەوە، بە گریکى بەڕێی پسیهێ-وە (psyché) ڕووی دا، واتا بەرێی ئەوەوە کە ئێمە بۆ دەروون وەریدەگێڕین. کەواتە "زیندە" یان "دەروون" لە باڵاترین کایەوە پلە بە پلە دەڕژێتە خوارەوە. ئەم ڕژانە ناودەنرێت "ئێماناسیۆن" (Emanation). لەم ڕوانگەیەوە یەکەم بنەڕەتی سەرجەم بوون خۆى لەسەر باڵاترین پلەکەى ڕێکخراوى گەردوون دەبینێتەوە. ئەم یەکەم بنەڕەتە دەبێت لە ڕووى چۆنێتییەوە ئەوەکەیەکی تەواو جیاواز بێت لە پلە نزمترەکانى بوون، بۆیە ئێمە کە وەک مرۆڤ بە پلەى ماتەرییانەی بوونەوە گرێدراوین و پلەیەکى نزمترە، تەنیا بە شیفرە (Chiffre) دەتوانین ئەو یەکەم بنەڕەتەی بوون دیارى بکەین: وەک "یەک-ى هەرە سەرەتایى"، ئەویش چونکە شیاوی دابەشاندن نییە بەسەر کەرتگەلی دیکەدا و هەروەها لەژێر ڕکێفى هیچ دۆخگۆڕییەکدا نییە؛ یان ئێمە ئەو وەک "ئەبسولوت" (لێجیابۆوە) دیاری دەکەین، چونکە ئەو گشتگیرە و بەمەش لە توانستى سنووردارى هزرمان جیابۆتەوە. "یەک-ى هەرە سەرەتایى" خۆی لە خۆیدا شتێکى سەرجیهانییە، ترانسسێندێنتە، بۆیە لەخۆڕا نییە کە نوێپلاتۆنیزم خوازەی "تیشک"ی بۆ بەکاردەهێنێت: یەک-ى هەرە سەرەتایى بریتییە لە تیشکى پەتى کە ئێمەى مرۆڤ کوێر دەکات. وەلێ پلۆتین هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى ناو دەنا "بابە"، بەمەش نزیک دەبینەوە لە ڕاڤەکردنی تایستییانەى هەرە یەکی سەرەتایی وەک خودایەکى کەسەکى.
     بەدووى یەکەم بناغەى بووندا بینایەکى پلەیى شۆڕدەبێتەوە تا دەگات بە لێرەبوونى "تاریک": لێرەبوونى ماتەرییانەی پەتی.
     کایەى یەکەمی "خودایانە"ى تیشک لە کایەکەی دیکەدا وەک هۆشى پەتى (نووس / nus)، یان وەک هزری ڕەها، دیاردەدات. هۆشى پەتی، هزرى ئیدێ پەتییەکانی سەرجەم بوون بەرجەستە دەکات. ئیدێ پەتییەکان لە پێناوی بەماتەریکردنى خۆیاندا دەڕژێنە نێو زیندەوە، واتا نێو دەروونى جیهانەوە. بەم شێوەیە یەک-ى هەرە سەرەتایى، بە نێوەندیاریی هۆش، خۆی بەزیندوویى لەنێو دەروونى جیهاندا پێشان دەدات. کەواتە خودا، یان یەک-ى هەرە سەرەتایى، سێبارە لەنێو جیهاندایە: وەک تیشکی پەتى و ڕەها (ئەبسولوت)؛ وەک هۆش کە ئیدێ پەتییەکان بەرجەستە دەکات؛ هەروەها وەک دەروونى ژیانخەرەوەی جیهان. ئەم بنەڕەتە دەرفەتی بۆ تیۆلۆگیى کریستیانەتى ڕەخساند بە بڕوا بنەماییەکەی لەمەڕ سێ-یەکانە زۆر بەچاکی لەتەک نوێپلاتۆنیزمدا یەکبگرێتەوە. بە هەر حاڵ، پاشان ڕەوتى پلەکان بەرەو خوارتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە ماتەریى نەفۆرمێنراو. پلۆتین ئەم ماتەرییە نەفۆرمێنراوە هاوچوو دادەنێت بە تاریکیى ڕەها و خراپە. ئا لێرەدا مۆدێلێکی هزرینی گنۆسیس تێکەڵ بە فەلسەفەی نوێپلاتۆنی دەبێت. "گنۆسیس" (کە بە گریکی واژەیەک بوو بۆ "مەئریفە") بە دیدی کلێمێنس ی ئالێکساندریایی (150 تا نزیکەی 215) مەئریفەی خودا بوو بەپاڵ کرداری پابەندی ئیمانی کریستیانییەوە. وەلێ گنۆسیس هەروەها واتای هەڵوێستێکی ئایینی-فەلسەفەیی دەگەیەنێت کە لە ئەنتیکەی ڕۆمیدا هاتە ئاراوە و دەیویست بەڕێی "ڕوانینی / نەزەر"ی میستیکییەوە بە خودا بگات نەک بەڕێی مەئریفەی ئاوەزمەندانەوە. بەمەش گنۆسیس دەبێت بە شێوەیەکی "زانینی نهێنی" کە تەنیا موختاران دەتوانن پێی بگەن. لایەنی هاوبەشی سەرجەم ڕێبازە گنۆستیکییەکان بریتی بوو لە دوالیزمی چاکە و خراپە کە تێیدا چاکە وەک خودایەتی و هۆشەکێتیى پەتى، وەلێ خراپە وەک ماتەری و ئارەزووەکان کە خودی ماتەری وروژێنیان بوو، دیاری دەکران. بێگومان مرۆڤ پابەندی هەردووکیانە، سەرەڕای ئەوە دەبێت بۆ خەڵاس (ڕزگاربوون) لە لەشى ماتەریانەی گوناهبار تێبکۆشێت. ئەوجا نوێپلاتۆنیزمیش تێڕوانینێکى هاوشێوەى هەیە: ئامانجى مرۆڤ جیابوونەوەیە لە لەشەکێتیی خۆی - لەشەکێتی کە "تاریکی" و "خراپەى" ڕێکخراوى بوون بەرجەستە دەکات. وەلێ ئێستا کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنى ڕەوتى پلەکان هەڵدەگێڕێتەوە، ئەمەش جێی سەرنجە، چونکە لێرەدا دەتوانین کۆسمۆلۆگییەکە بە تێلیۆلۆگى (هۆئەنجامناسی) دابنێین، ئەویش چونکە ئامانجێک (تێلۆس-ێک) بۆ مرۆڤ و جیهان دادەنێت. ئاخر چۆن هەر کایەیەک دەڕژێتە نێو هەر فۆرمێکی نزمترى بوونەوە، مرۆڤیش بە هەمان شێوە دەتوانێت ڕێگەى بەرەڤاژ بگرێتە بەر: بەهێزى ئاوەزى بۆی دەلوێت خۆى لە لەشەکێتییەکەى و بەمەش لە خراپەی نێو لەشی ئازاد بکات و بگات بە ڕوانین لە یەک (ئەلئەحەد): لە خودایەتى. وەلێ ئەم تێپەڕکردنە لە جیهانی ماتەری بە هیچ شێوەیەک لاى نوێپلاتۆنییەکان هەڵپەچێتییەکى جەمبوو (ئیسۆتێرى) نییە، بەڵکو زۆرانێکە لە پێناوی زانیندا، بێگومان زۆرانێک کە بە ئەڕیستۆتێلیس مەشقی پێکراوە: بریتییە لە فەلسەفە وەک زانستى تەواوەتی، هێندە نەبێت کە لە کۆتاییدا (جیاواز لە ئەڕیستۆتێلیس) ئاماژەیەکى هێور ڕووەو لێرەبوونی "بزوێنەرێکى نەبزۆک" خۆی نابینێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی میستیکی (تەسەوفی) لەو کۆتاییەیدایە، یان ڕوانین لە خودا هەیە کە مرۆڤ تەنیا بە پشتکردنە جیهان و بە زوهد پێیدەگات.
نوێپلاتۆنیزم وەک بەرنامەیەکی سیستەماتیکییانەى مەزنى ڕوونکردنەوەى جیهان دەردەکەوێت کە خۆی بە فەلسەفاندنى پلاتۆنی و ئەڕیستۆتێلییەوە گرێ دەدات، وەلێ هاوکات توخمگەلى دوالیزمێکى مێتافیزیکى و مۆرالى لە خۆ دەگرێت، دوالیزمێک کە دەبێت بە دوژمنکاریى لەش و وەرگرتنی شێوازی ژیانى زاهید (ئاسکێزى) و ئەزموونى میستیکی. بەتەواوەتی ئا لێرەدا بوو گرنگیدانە تایبەتییەکەى فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامى بە نوێپلاتۆنیزم. ئاخر نوێپلاتۆنیزم شیاوی وەرگرتن بوو چە وەک بەردەوامیپێدان و چە وەک دەرخستەی چارەسەر بۆ ئەو دانوستاندنانەی تیۆلۆگیى سەرەتای ئیسلامی و موتەکەللیمونەکان کە سەبارەت بە کرۆکى خودا و ئافرێنراوەکەى، هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى مرۆڤ بە کرۆکى خوداوە، بەردەخران. وەلێ جێی سەرنجە کە "ترۆپک"ى ڕێکخراوە کۆسمۆلۆگییە نوێپلاتۆنیزمییەکەى جیهان لە دیدى ئیسلامییەوە پڕکێشە بوو، چونکە زۆر دەشیا ئەو ترۆپکە چە وەک هێمای سێ-یەکانەى کریستیانەتی و چە پانتایستییانە راڤە بکرێت، بەمەش خودا قادیرە ئافرێنەرەکەى قورئان بهیچێنرێت (نەفی بکرێت). لێرەوە چەند پرسیارێک سەریانهەڵدا و هیچ نەبێت یەکەمین هزرڤانە سیستەماتیکییە مەزنەکانى فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى کاریان تێدا کردن: ئایا چۆن ڕژانى یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، بۆ پلەکەى دی ڕوودەدات و ئەوجا بە پێچەوانەشەوە ئایا چۆن ئێمە لە هەنگاوی هۆشى مرۆڤ ڕووەو "نەزەر / ڕوانین" لە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) تێبگەین؟

مێتافیزیک و تیۆریى زەین لاى ئەلکندى

کندى بەهێزتر لە فەیلەسوفانى پاش خۆى هەوڵ بۆ بەیەکگەیاندنی پەیامى قورئانى و فەلسەفەى گریکی دەدات. ئەو لەنێو فەیلەسوفانی بەواتای ئیسلامیدا تاکە فەیلەسوفێکە کە تێڕوانینى ئەڕیستۆتێلیس سەبارەت بە ئەزەلییەتى جیهان ڕەتدەکاتەوە و ئافراندنێک لە هیچەوە (ئێکس نیهیلۆ / es nihilo) وەردەگرێت، چونکە تەنیا ئەم تێڕوانینە بە خودا ئافرێنەرەکەى قورئان دەگونجێت. بێگومان ئەم خۆزگەیەی کندی بۆ یەکێتیى نێوان ئیمان و ڕوونکردنەوەى فەلسەفەییانەى جیهان ناگەڕێتەوە بۆ ناچارییەک بەرانبەر زانا ئۆرتۆدۆکسەکانى ئایین، هەروەها هەڵوێستێکى هەلبازانە نییە بەرانبەر ئەوان، بەڵکو نیشانەى ئیماندارییەکى قووڵە. جگە لەوە کندی زۆر بەبایەخەوە دەیویست سیستەماتیکییانە ئیدێگەلی فەلسەفەیی دیاری بکات، ئەمەش تەنیا بەوەدا نابینرێت کە هەوڵی دا ژمارەیەکی زۆر فەیلەسوفی گریکی بۆ ئەرەبی وەربگێڕرێن، بەڵکو هەروەها ڕێبەرییەکەشی بۆ نووسینی "لەبارەی یەکەم فەلسەفە" هەواڵێکمان لەو بارەوەیە پێڕادەگەیەنێت. ئاخر ئەو لەم نووسینەیدا گەڤی خوێنەر دەکات کە "لە هەر سەرچاوەیەکی خوازراوەوە، جا گەر تەنانەت هینی نەوەکانی ڕابوردوو و گەلانی دیکە بێت"، تێڕوانین هەڵبهێنجێت. بە دیدی ئەو فەلسەفە بریتییە لە "ناسینى سروشتى ڕاستینەى شتەکان تا ڕادەی بڕکردنی توانای مرۆڤ بۆ ئەو ناسینە"، هەروەها نابێت هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ئەو مەبەستەدا هەبێت(1). باوەجو، وەک کندی دەبێژێت، فەلسەفە لە سەرئەنجامدا هەر بەو تێڕوانینە دەگات کە پێشتر پەیامەکەى قورئان گەیاندوویەتى، ئەمەش هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، دەگرێتەوە. بێگومان کندى لێرەدا تەنیا پێی دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوە بدات کە ئاوەزى مرۆڤ لە توانایدا نییە هیچ لەبارەى کرۆکى خودا ببێژێت، لەم تێڕوانینەشدا پەیڕەوی هزرڤانە نوێپلاتۆنییەکانى کریستیانەتیى سەرەتا دەکات کە گۆتبوویان، ئاخافتن لەبارەى خودا کارێکی نەشیاوە. ئەم شێوازەی ڕاڤەکردن کە لە مێژووى فەلسەفەدا ناونراوە "تیۆلۆگیى نێگەتیڤ"، فەیلەسوفانى ئایندە ڕەتیان کردەوە، چونکە بە دیدی ئەوان دەرفەت بە وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفەییەکان نادات.
کندى زۆرتر بە تیۆرییەکەی خۆی لەمەڕ زەین کاریگەریى لەسەر فەلسەفەى ئیسلامى نواند. ئەو لێرەدا هەرەمى پلەییانەى بوون کە لە نوێپلاتۆنیزمدا گۆڕان پێدراوە، هەڵدەگێڕێتەوە، واتا لەژێرەوە بەرەو ژوور دەڕوات. دەرچەی پرسیارەکەى کندى لەم پەیوەندییەدا ئەمەیە: ئایا چۆن زەینى مرۆڤ کە پابەندی ماتەرییە، دەتوانێت بە هۆشى پەتى (نووس) بگات؟ کاتى خۆى ئەڕیستۆتێلیس جیاوازیى کردبوو لە نێوان دوو فۆرمى زەیندا (De anima III, 430a): زەینى چالاک (intellectus agens / activus) و زەینى ناچالاک یان موئاناتاوی (intellectus passivus). زەینى چالاک بریتییە لە چالاکیى کرۆکى و مەئریفە دەخاتەوە، بە پێچەوانەشەوە زەینى ناچالاک تەنیا وەرگرە (rezeptiv)، واتا تۆمارکەرە و بە جیهانى ماتەرییەوە گرێدراوە. وەلێ، وەک کورت فلاش دەبێژێت، ئەم کۆنسێپتە پەیوەند بە ئەڕیستۆتێلیسی زاناى ئەزموونەوە نەک تەنیا "گوزارشتێکى سووڕهێنەرە"، بەڵکو هەروەها پرسیاریش سەبارەت بە کرۆکى زەینى چالاک دەخاتەوە: ئایا زەینى چالاک نزیکەى زەینێکى خوداییە، ئەویش چونکە تەنیا بەهۆى چالاک-بوون-ییەوە "خودى خۆیەتى"؟ کندى ئەم جیاوازیکردنەى ئەڕیستۆتێلیس لە نێوان زەینى چالاک و زەینى ناچالاکدا دەهێنێتە نێو فەلسەفەى ئیسلامییەوە، هاوکات دەیەوێت خۆى لە کێشەى کۆنسێپتەکەی ئەڕیستۆتێلس لابدات، ئەویش بەوە، کە تێگەى زەین پتر ورد دەکاتەوە و پلەی دیکە وەک نێوەندیار لە نێوان زەینى چالاک و ناچالاکدا دادەنێت: "یەکەمیان زەینی چالاکە؛ دووەمیان زەینێکە کە شیمانەییە / هێزەکییە (پۆتێنسیەلە) و لەنێو دەرووندایە؛ سێیەمیان وەرگۆڕینى ڕەوشە شیمانەییەکەى نێو دەروونە بۆ ڕەوشی کردەکی (ئەکتوالێتى)؛ چوارەمیان زەینێکە کە دەتوانین لەبارەى ببێژین: ئەو خۆی بەیان کردووە" (al-Kindi, 1950, 353).
کەواتە زەینى چالاک لاى کندى هەمیشە وەک باڵاترین پرنسیپ لەنێو شتەکاندا ئامادەیە، هەروەک ببێژین، ئەم زەینە ئاوەزی پەتییە، ئاوەزی تیۆرییانەیە، یان بریتییە لە نووس. زەینى چالاک ئاڕاستەیەک ڕووەو جیهانى هۆشەکى (ئینتەلیگیبل) وەردەگرێت، واتا ڕووەو ئەو جیهانە کە دەبێت بەگوێرەی پارادیگماى ئۆنتۆلۆگیانە وەک کرۆکى گشتى، وەک فۆرمى پەتیى بوونەوەر (2)، لێی تێبگەین. بە شێوەیەکی دی ببێژین: زەینى چالاک "لە دەرەوە" دێت و کاریگەری لەسەر زەینى مرۆڤ دەنوێنێت، واتا سەرەتا کار دەکاتە سەر پلەى دووەم. ئەم پلەیە دەرووندارە، دەروونیش (psyché) بۆ فەیلەسوفە ئەرەبییەکان هەروەها واتاى "ژیان"ى دەگەیاند. دەروون "وەک کرۆک یەک-ە؛ گەوهەرى دەروون هاوشێوەی گەوهەرى خودایە، هەر وەک چۆن تیشکى خۆر هاوشێوەی خۆرە" (, 2731950al-Kindi ). کەواتە لەنێو دەرووندا بەشیمانەیى / هێزەکییانە زەینى پەتى، چالاک، دانراوە. ئەوجا سێیەم پلەى هزر پەیوەندییەک لە نێوان هەردووکیاندا دەهێنێتە گۆڕێ، واتا لە نێوان کایەى زەینى چالاکى دانراوی نێو دەروون و کایەى زیندەدا، واتا کایەى بزواو و پابەندی سروشتدا. ئەوجا کندى فۆرمێکى دیکەى زەین دەداتە پاڵ سەرئەنجامى ئەم پەیوەندییەى نێوان زەینى پەتى و کایەى زیندە، کە بریتییە لە بەیانبوونی پەیوەندییەکە. ئێمە بەڕێی بەیانبوونی پەیوەندییەکەوە دەتوانین ئەو زانینە هۆشەکییە بناسینەوە کە خۆى لەنێو جیهانى بەرجەستەیی شیاوی دەرککردندا دەبینێتەوە. کندی لەسەر ئەم پلەیەی زەین زانستەکان و فەلسەفە یان پەیامهێنی دادەنێت. بێگومان کندی بەم مۆدێلە هێشتا هەر وەڵامى ئەو پرسیارە ناداتەوە کە داخۆ چۆن دوایی پەڕینەوەکە لە مەئریفەی سێنسییەوە ڕووەو مەئریفەی هۆشەکى ڕووبدات. ئەو پەرە بە پلەکانى زەین دەدات، وەلێ کارێکی بەم چەشنە هیچ لە پاڵیەکیی زەینەکان ناگۆڕێت گەر هاتوو ڕووننەکرێتەوە کە داخۆ چۆن خودی پلەکان بتوانن لە یەکدییەوە بێنەگۆڕێ. ئێمە دەتوانین هۆی دەلاقەکان کە لەنێو فەلسەفە سیستەماتیکییەکەى کندیدان، بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە کە بەرهەمەکەی ناتەواو بە ئێمە گەیەنراوە. وەلێ هەروەها دەتوانین ڕەوایانە گومانی ئەوە لەو هزرڤانە مەزنە بکەین، کە ئەو ئاگامەندانە وەڵامدانەوەى فەلسەفەییانەى هەندێک پرسیارى بۆ خاترى وەڵامدانەوەیەکى ئایینى پشتگوێ خستووە.

3-2 ئەلڕازی و گومانگەرایی فەلسەفەیی
(بڕوانە هەمان ماڵپەڕ – و)

پەراوێز

(1) سیتاتەکە وەرگیراوە لە وەرگێڕانەکەی:
Watt/Marmura 1985, 331, Vgl. al-Kindi 1950, 82 ff.
(2) بەم تێگەیەدا جیاوازیی نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیانە و پارادیگمای نوێسەردەم-مۆدێرنی مێنتالیستی ڕوودەبێتەوە: کانت تەنیا ئەو بابەتانە ناودەنێت "ئینتەلیگیبل" (هۆشەکی، دەرسێنسی) کە "تەنیا بە زەین شیاوی پێشبینیکردنن و هیچ کامێکی لێڕوانینەکانمان ناتوانێت ڕوویان تێبکات" (Prolegomena zu einer jeden künftigen Metaphysik, § 34 Anm.). کەواتە بابەتەکان "کرۆکی هۆشەکین" (Gedankendinge) کە ئاوەزمان بنیاتیان دەنێت بۆ ئەوەی بتوانین گۆزارە لەبارەی دەرککردنە سێنسییەکان دەرببڕین (وەک: پرنسیپی کاوساڵێتی، یان زەروورەی کردار (die Imperative) لە مۆرالدا). بە پێچەوانەشەوە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگیانە ئا لێرەدا شوێنی مەئریفەی "ڕەها" و ڕاستییەکان بەسەر کرۆکی جیهانەوە دەبینێت.

سەرچاوە

Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

تێبینیی وەرگێڕ

ئەم وەرگێڕانانە کە بەدووی یەکدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر بۆ "فێرخوازان"ی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین.

فەرهەنگۆک

بۆچوون: لای پلاتۆن نزمترین پلەی مەئریفەیە و تەنانەت دەکەوێتە ژێر مەئریفەی دەرککردنی ڕاستەوخۆی بابەتەوە. کە من دەبێژم "بە بۆچوونی من ئەمە ئەوهایە"، لێرەدا من تەنیا وای بۆ دەچم کە ڕەوشەکە ئەوهابێت، وەلێ من هیچ لەبارەی نازانم.
پارادیگما: نموزەج، نمونەیی، مۆدێلی ڕوونکردنەوە، شێوازێکی مەئریفەیی.
ترانسسێندێنت: دەرجیهان، لەوبەر توانستی مەئریفەی مرۆڤەوە.
ترانسسێندێنتکردن: تێپەڕاندن لە کایەی سێنسی، کایەی شیاوی دەرککردن و ناسین؛ هەڵزنان ڕووەو کایەی هۆشەکێتی.
تیۆلۆگی: زانستی توێژەرەوە لە خودا / خودایەتی و کرۆکی ئەو.
تێلیۆلۆگی: زانستی هۆئەنجامی، واتا گریمانە دەکات کە جیهان لە پەیوەندیی هۆئەنجامیدایە؛ هەردووکیان پابەندی یەکدین: هۆ وەک کاریگەری، ئەنجام وەک سەرهەڵداو لەو کاریگەرییەوە.
ڕوانین (نەزەر)ی میستیکی: ئەزموونی نهێنیئامێزی دیتەنییانەی خودا (بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا).
ستۆئایک: ستۆئا مەدرەسەیەکی فەلسەفەیی گریکی بوو دوای ئەڕیستۆتێلیس (بەگشتی دوای قۆناغی کلاسیکی). مەدرەسەکە بەتایبەتی ئێتیکی (ئەخلاقناسی) بوو و ڕوونی دەکردەوە کە چۆن مرۆڤ یەکگرتۆوە لەتەک "خۆی" و "سروشت"دا بژی، هاوکات لەدژی سۆزەکانی کارا بێت تاکو بەو مەئریفەیە بگات. ستۆئایکییەکان خۆیان هەروەها لە سیاسەت بەدوور دەگرت.
سیلۆگیزم: زانستی قیاس، دەرئەنجاماندن. لە دوو پێشدانراوەوە (پرێمیسەوە) کە تێگەیەکی نێوانییان هەبێت، بەزەرووری دەرئەنجامێک دەکەوێتەوە: "سۆکرات مرۆڤە"، "مرۆڤ بمرە"، کەواتە: "سۆکرات بمرە". سۆکرات لە پێشدانراوی یەکەمدا بکەرە (سەبژێکتە)، مرۆڤ پرێدیکاتە (مەحمولە)؛ مرۆڤ لە پێشدانراوی دووەمدا بکەرە، بمر پرێدیکاتە؛ مرۆڤ لە هەردوو پێشدانراوەکەدا تێگەی نێوانییە.
سێنسی: مەحسوس، ئەوە کە بەڕێی سێنسەکانەوە (چاو، گوێ، لووت، هتد) چێدەبێت.
سێ-یەکانە: تیۆلۆگیی کریستیانەتی جەخت لە سێ یەکانە، یان لە سێ-یەکانەیەک دەکات کە بریتین لە: خودا جارێک وەک "بابە"ی ئاسمان کە مرۆڤان دەپارێزێت، جارێک وەک "کوڕ" (ئیسا)، واتا خودا هاتۆتە نێو مرۆڤەوە، ئەوجا خودا جارێکی دی وەک "هۆشی / گیانی پیرۆز" کە هەمیشە لەنێو کریستیانییەکاندا ئامادەگیی هەیە.
کرۆکی هۆشەکی، یان شتی هۆشەکی / بیرۆکەیی لای کانت بریتین لە "ئیدێکان" کە ئاوەز خۆی بەناچاری دەیانهێنێتە ئاراوە، هەروەها "شت لە خۆدا".
کلاسیکی: سەر بە کلاس (پۆل)ی یەکەم، هەمیشە چواندوو، هەمیشە هەنووکەیی. کە دەگۆترێت سۆفۆکلێس کلاسیکە، یان بووە بە کلاسیک، مەبەست لەوەیە کە دراماکانی ئەو هەرگیز کۆن نابن. کلاسیک جیاوازە لە "تەقلیدی"، بۆ نموونە مرۆڤ ناتوانێت ببێژێت: "فڵان کلاسیکییە"، "ئەو پارتانە کلاسیکین".
گنۆستیک: واتا مەئریفە، کۆناوێک بوو بۆ ئەو ئاڕاستانەی کریستیانەتیی سەرەتا لە سەدەی دووەم تا سێیەم کە ئیمانی کریستیانییان بە هەندێک هزری ئەنتیکەوە گرێ دەدا؛ ئەوان دەیانویست بە مەئریفەی خودی خۆ (خودناسین) و جیهانبینیەکی دوالیستی (هۆش و ماتەری) بەهای لەشەکێتی بەرانبەر هۆشەکێتی تا بشێت کەمبکەنەوە، تاکو ئیدی مرۆڤ بەو ڕێیەوە خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت.
ماکرۆکۆسمۆس: "مەزنە گەردوون"، واتا گەردوونی دەرەکی بە پێچەوانەی میکرۆکۆسکۆس، واتا گچکە گەردوون کە لە ناخی مرۆڤدا شیاوی سەرهەڵدانە.
مۆنۆتایزم: ناساندنی خودایەکی "تاک" و "گشتگیر"، وەک لە ئایینەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلامدا.
میحنە: بریتی بوو لە "ئینکڤیزیسیۆن"ی ئەباسییەکان کە خەلیفە ئەلمەئمون ساڵی 833 داینا و هەموو کەسێکی ناچار دەکرد پابەندی ڕێبازی دەوڵەت بێت. دەوڵەت دەیسەپاند کە "قورئان دانراوی مرۆڤە" ("خەلق ئەلقورئان")، بە پێچەوانەی پیاوانی ئایین کە قورئانیان بە پەیڤی ئەڵلا دادەنا. بەتایبەتی موئتەزیلەییەکان جەختیان لە قورئان دەکرد وەک مەخلوق.
مێنتالیزم: مێنتال بەواتای "کایەی هۆش". مێنتالیزم لە فەلسەفەدا (هەروەها پسیکۆلۆگیدا) گریمانەی سروشتێکی هۆشەکییانەی مرۆڤ دەکات بەپاڵ سروشتی بیۆلۆگییانەی ئەوەوە. سروشتی هۆشەکی خۆی لە زمانێکی گشتگیری هزریندا دەخەمڵێنێت، ئەوە سەربەخۆ لە سروشتە ماتەریالیستییەکەی مرۆڤ (لە نیۆرۆلۆگی).
نووس: ئاوەزی پەتی، یان هۆشی پەتی ی تێکەڵنەبوو بە هەر ڕەوشێکی سێنسی، هەستەکی و ئەندێشەیی.
ئۆڕتۆدۆکسی: پابەندی بە بنەما چواندن پێدراوەکانی ئیدیۆلۆگییەک یان ئایینێکەوە.
ئەزەلی: نەئافرێنراو، هەمیشە هەبوو. بۆ نموونە گەردوونێکی نەئافرێنراو لە لایەن خودایەکەوە. ئەمە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس بوو و لەتەکیدا فارابی، ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد هاوڕا بوو.
ئیدێ: وێنەی هۆشەکی.
ئێسۆتێریک: هەموو ڕێبازە میستیکییەکان (نهێنیئامێزەکان) دەگرێتەوە، وەک تەسەوف، کە دەیانەوێت بەنهێنی، مێتافیزکییانە، بە مەئریفەی خودی خۆ بگەن. ئامانجیان لێرەدا بریتییە لە "ڕیالیزەکردنی خودی خۆ" (تەحقیق ئەلزات).