عەبدولواحید خەندەڕەش

facebook.com/awkhandarash


هەڵگرتن و رەدوو کەوتن

Wednesday, 26/10/2022, 10:39

4687 بینراوە


یەکێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی مەڵبەندی موکریان کە لە ناوچە و مەڵبەندەکانی تری کوردستان نییە یا زۆر کەمە، بابەتی (رەدووا کەوتن و هەڵگرتن)ە.   جڤاکی کوردەواری وەک هەموو جڤاکەکانی تری جیهان لە سیستەمی خێڵایەتی و دەربەگایەتیدا  رێگەی نەدەدا کچ بە دڵی خۆی هاوسەری خۆی دەسنیشان بکات.  دایباب، برا، مام و خاڵ و زۆر جار هەر نێرەوەزێکی خانەوادە و خێڵ دەیتوانی بڕیار لەسەر ژین و مەرگ و چارەنووسی ژنێک بدات.
لە مەڵبەندی موکریان ئەو کچانەی لەمپەر لەبەردەم شووکردنی دڵخوازیاندا دروستدەکرا، بە نهێنی لەگەڵ کوڕەکە رێک دەکەوتن و لە دەرفەتێکدا پێکەوە دەڕۆیشتن و بڕیاریان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدا.  هەندێک جار شەڕ و خوێنڕێژی بە دووایدا دەهات؛ بەڵام زۆربەی جاران دووای ماوەیەک خانەوادەکانیان ئاشت دەبوونەوە و بە داینی بەرخوێن، خوێنبەها، باربەها، شیربایی و.. ئاو بە ئاگردا دەکرا.  بە ووتەیەکی دی، زۆر جار کچێکی تریش دەکرایە قوربانی بۆ کوژاندنەوەی دوژمنایەتی و خوێنڕێژی.  لە ناوچە و مەڵبەندەکانی تری کوردستان مەگەر بە دەگمەن ئەگینا هەمیشە کوڕ و کچەکە و بە تایبەتیش کچەکە لەلایەن کەسوکارییەوە کوژراوە.  لە موکریان بەم کردەوەیەی کچەکە دەگوترێ (رەدوو یا رەدووا کەوتن) واتە کچەکە دەکەوێتە شوێن کوڕەکە.  بە کردەوەی کوڕەکەیش دەگوترێ (هەڵگرتن).   واتە کچەکە هەڵدەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات.
هەڵگرتن و رەدوو کەوتن مێژوویەکی دیاریکراوی نییە؛ بەڵام بەسەرنجدان بە رابردووی درێژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و خێڵایەتی، و بەگوێرەی ئەو گۆرانی و حەیران و بەند و باوە کوردییانە بێت مێژووەکەی هەزاران ساڵ کۆنە.
 بەهەر حاڵ رەدوو کەوتن و هەڵگرتن چارەسەرێک بوو بۆ گرفتێکی کۆمەڵایەتی کە رێگری کردن بوو لەوەی کچێک بە دڵی خۆی ژیانی هاوبەش پێک بهێنێت.
کاتێک کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێکهێنرا، رەدووا کەوتن فەرامۆش نەکرا و چووە نێو قانوونەکانی کۆمارەوە؛ بەڵام وەک دیاردەیەکی نەرێنی سەیری کرا و لێکدرایەوە.  لە کۆماری کوردستان دا ژن هەڵگرتن وەک تاوان هەژمار کرا و سزای بۆ دانرا.  نازانم لەو یازدە مانگ تەمەنەی کۆماردا چەند کەس ژنی هەڵگرت و چەند کەس سزا درا، بەڵام سەرەڕای روواڵەتی پێشکەوتنخوازانەی،  کۆماری کوردستان ئەم لایەنە نەرێنییەی هەبوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە