سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


تروسکایی

Wednesday, 11.02.2022, 14:34

1033 بینراوە


ئەوە دوو هەفتەیە لە فەرەنسا بە تایبەتی لە پاریس دەبێت سەرە بگریت بۆ بەنزین، لەبەر ئەوەی کرێکارەکانی پاڵاوتەی نەوت مانیان گرتووە، چونکە شەریکەی تۆتال تەنها لە فەرەنسا قازانجی ساڵانەی سیازدە ملیار ئۆرۆیە، بەو بۆنەیەوە موچەی بەڕیوەبەرەکەی دوو قات بەرزکردۆتەوە، بەڵام بۆ موچەی کرێکاران هیچ !
لەم سەردەمەدا کە جیاوزیەکان لە نێوان چینی سەروە و چینی خوارەوە، ئێجگار زەق بوونەتەوە، بەمەش دەڵیین کریز، لە هەموو جیهاندا گرانییەکی بێ ئەندازەیە، بە تایبەتی لە ئەوروپا. دێهاتی کۆچبەرانی وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵات و بێ لانەکان بە دەیەهان لە ناو پاریسدان، کاتێک بە تەنیشتییانەوە تێپەڕدەیت، دەبینیت لەو پەڕی کولەمەرگیدا دەژین، تۆش بەخۆت دەڵێیت کە بەختەوەریت، چونکە دەبینیت خەڵکی دەمرن لە برسا، بۆیە بە  موچە کولەمەرگییەکەت ڕازی دەبیت، ئەمەش بە قازانجی مولتی ناسیۆنال دەشکێتەوە. 
من نە لیبراڵم نە کۆمۆنیست. لیبرالیسم بە مانای جەنگەڵ دێت، بە مانای ئازادی دێت.  لیبرالیسم ویستی هەوەسە، کە تیایدا هزر ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتە گەڕ، لە داهێناندا، کۆمەڵگەیەکی چالاک و ئابورییەی چالاک دەڕەخسێنێت، پەیوەندنییەکی سێکسوێلی ئازاد. بەڵام لەم جەنگەڵەی لیبرالیسمدا چەندەها کەس بە تەنیشتەوە دەپلیشێنەوە و لە کولەمەرگیدا دەژین. لەبەر ئەوەی تۆ خاوەنی ئاگاییت بۆیە قبوڵی ناکەیت، ئاگایی بە مانای ئاگایی دێت بە هەستی نادادپەروەری، بۆیە دەتەوێت مۆدێلێکی تر پەیڕەوی بکەیت. بە پێچەوانەوە، کۆمۆنیسم بە مانای سەپاندنی مۆدێلێک دێت. بەڵام سەپاندنی هەرمۆدێلیک بەسەر مرۆڤایەتیدا، بە مانای سنوردارکردنی هزری دێت. بۆیە مەحاڵە و دواجار لیبرالیسم سەردەکەوێت، چونکە ئەوە ویستی هەوەسە، ویستی هێزە. خەڵکی ئەوروپیش لەبەر ئەوەی لە لیبرالیزمدا دەژین و ئاگاییان بەمە هەیە، بە ناچاری ئەم بارەیان قبوڵە. ئەگەر گەنجانی کوردستانی باشور بە چاوی ئەبڵەقەوە سەیری شۆڕشی ڕۆژهەڵات دەکەن، لەبەر ئەوەی کە لە پلەیەکی تری پەرەسەندندان، پەرەسەندنی بێهیوایی و قبوڵکردنی ژیان وەک ئەوەی کە هەیە، لەبەر ئەوەی هیچ ئاسۆیەک نابینن، هەقیقەتی هێز دەزانن چییە و شتەکان زیاتر بۆ ئەوان پاشڕوونە.
بۆیە لە سیبریاوە هەتا ئەوروپا و ئەمەریکا، هیچ هێزێکی جێگرەوەی کاپیتالیسم نییە، کە توانای کۆکردنەوەی جەماوەری هەبێت لە دەوری خۆی، هەر بۆیەش مولتی ناسیۆنال شوڵی لێ هەڵکێشاوە و بە گونییەوە. خۆ هیچ کەسێک لە ئەوروپا ناتوانێت ببێت بەسەرەک کۆمار ئەگەر بە پێچەوانەی بازاڕ (فاینەس)ەوە هەلسوکەوت بکات، یان ئەگەر نەچێتە سەر پرۆژەی بەردەوامیدان بە ئەوروپا. بۆیە کاتێک چەپەکان حوکم دەگرنە دەست بە ناچاری دواکارییەکانی بازاڕ جێبەجێ دەکەن و سواری شەمەندەفەرەکە دەبن و توانای گۆڕانکارییان نییە، چونکە گۆڕانکاری لەگەڵ جیهانگیرییدا مەحاڵە بە تایبەتی بۆ ولاتە پیشەزاسییەکان. بۆیە لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا بە دەنگدان، حکومەتەکان زیاتر بەلای بەرەی ڕاستی توندڕەو و فاشیستا دەیشکێننەوە هەتا بەرەی چەپ، ئایدیۆلۆژی بەرەی ڕاستیش دژ بە ئازادی ژنان و سیاسەتی ڕەگەزپەرستی پەیڕەوی دەکات و سنور بەسەر پەناهێندەدا دادەخات و ئەمەش هیچ لە بارەکە ناگۆڕێت.  ڕۆژهەلاتیش بەرامبەر بە رێژیمی نیمچە دیکاتۆری چەقبەستوودا، بەلای ئیسلامی فاشیستا دەیشکێنێتەوە. تەنها هیزێکی کارا و پتەو کە توانای گۆڕانکاری هەبێت لە رۆژهەڵات، کە دروشمەکەیان سەردەمیی بێت و باسی ژینگە و ئازادی ژنان بکەن، مۆدێلێکی نوێ پێشنیار بکەن بۆ کۆمەڵگە، پەکەکە و یەپەگەیە و هیچی تر. بێگومان وەک چارەسەرێکی حەتمی نا، چونکە چارەسەری حەتمی بە مانای مردن دێت، بەڵام لەم سەردەمەدا هەر ئەوان ئەلتێرانتیڤن.. 
وەک دەبینین لە ئێران لە نەبوونی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر کە بتوانێت مۆدێلێکی نوێ پێشنییار بکات، خۆیان دەبیننەوە لەبەردەم کۆڵانێکی داخراودا،  خەڵکی بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر کوڕی شا و هەندێک لە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە ناوی ئێرانیان لکاندووە بە خۆیانەوە، وەک ئەنەکەسە لە سوریا، کەوتونەتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا و دەموچاویان بە میزی حوشتر دەشۆنەوە. بێگومان نە بە لۆژیک و نە بە ماتماتیک ڕیی تێ ناچێت و مەحڵاە کوڕی شا جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر تەختی پاشا، مەگەر جیهان کاول بێت. بۆیە شۆڕشی ئێرانیش بێگومان هەندێک گۆڕانکاری دەکات بەڵا ناتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات یان ئەوەیە دوای هەمان مۆدێلی پەکەکە و  یەپەژە دەکەون.
لە ئەوروپا، حکومەتەکان هەوڵ دەدەن بارەکە هێور بکەنەوە بە کەمکردنەوەی فشار، نەوەکا بتەقێتەوە، خۆ ئەگەر یارمەتی سۆشیاڵ نەبووایە ئەوا دەمێک بوو تەقیبووەوە. بەڵام ئەوانەی چاویان بڕیوەتە فەرەنساو هیوایان بە خۆپیشاندانەکانی هەیە وەک سەرەتای سەرهەڵدان دژی مولتی ناسیۆنال، خەیاڵیان خاوە، ڕاستە هەموو ڕۆژێک گەنجان لەگەڵ پۆلیسدا بەشەڕ دێن، ئەنارشیستەکان شت دەشکێنن، بە گژ پۆلیسا دەچنەوە، خۆپیشاندان و ناڕازیبوون مۆدێلێکی فەرەنسییە، بەڵام هەتا ئێستاکە هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک، مۆدێلێکی تری نییە کە بتوانێت بەرامبەر بە مۆدێلی لیبرالیسم بوەستێتەوە.

چارە چییە ؟

چارە خەباتە لەم جەنگەڵەدا  بۆ بەدەستهێانی ماف و هیچی تر، بە مەبستی کەمکردنەوەی ئەشکەنجە. واتە خەباتی هەموو ڕۆژێک، خەبات بریتییە لە تابلۆیەکی سەردەمیی، وتارێکی گرنگ، مۆسیقایەک، کتێبێک، تێکشکاندنی عەمامەی پیاوێکی دینی، خۆپیشاندانە، بەگژدا چونەوەیە....تاد، هەموو ئەم بەرهەمان دەبێت ئامانجایان کەمکردنەوەی ئەشکەنجە بێت. چونکە ئەگەر من ئارەزووی ئەوەم نەبێت کە ببمە بەڕیوەبەری تۆتاڵ ئەوا شایستەی موچەیەکم لە ئاستی کارەکەما بۆ بژێوی. بەڵام شۆڕش و سەپاندنی مۆدێلێک جێگرەوەی لیبرالیسم مەحاڵە.