نەوزاد عەلی

رۆژنامەنووس


حکومەت و دادگا لەژێر شانۆگەری ساختەی پارتی و یەکێتی.

Friday, 11.04.2022, 21:26

10362 بینراوە


هەرچەندە پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی عەلمانی خۆیان نیشاندەدەن و بانگەشەی دیموکراسییەت دەکەن، بەڵام بەهەموو پێوەرێکی لۆژیکی و زانستی سیاسی، پارتی و یەکێتی دوو هێزی فاشیزمی سیاسی تۆقێنەرن لە مێژووی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردیدا، توانیویانە بە حکومی زەبر و زەنگ، لەڕێگەی هێزە چەکدارەکانیانەوە و بە هاوکاری دەزگا سیخوڕییەکانیان، دەسەڵاتی فاشیزمی خۆیان بەتەواوی بسەپێنن بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.
سەرەتا دەبێت بزانین فاشیزم چییە؟ فاشیزم :(بە ئینگلیزی: Fascism) ئایدۆلۆژیایەکی ڕاستڕەوی تووندڕە و دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزمی تووندڕەوە، کە تیایدا بە بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، سەرکوتکاری بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بوونی دەسەڵاتێکی بەهێز بەسەر کۆمەڵگا و ئابووری دەناسرێتەوە. فاشیزم دژی ئەناکیزم، دیموکراسی، لیبرالیزم و مارکسیزمە.
مادام پێکهاتە و هەیکەلی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام زادەی دوو حزبی فاشیزمی پارتی و یەکێتین، ڕەگ و ڕیشەکەیان لەهەناوی ئەو دوو حزبەوەیە، هەرگیز حکومڕانی ئەوان نابێتە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی خەڵک و ڕەخساندنی سەکۆیەکی دیموکراسی، چونکە لەبنەڕەتدا پێکهێنانی حکومەت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندخوازی و لوشدانی خێر و بێری وڵات، سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزۆسیۆنە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، هەروەها درووستکردنی قەیرانە بۆ خەڵکی ئاسایی.
بەسەیرکردن و سەرنجدانی حکومڕانی ڕابردووی پارتی و یەکێتی، کە ئاوێنەی حکومڕانی داهاتوویشیانە، بەدرێژایی سێ دەیەیی ڕابردوو، لە ژێر سێبەری ناسێۆنالیزمی کوردی و بە درووشمی درۆ، وەک دووهێزی فاشیزمی چەکداری خۆسەپێن بەتەواوی دەستیان گرتووەبەسەر سامانی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی کوردستاندا و وەک دوو دزی هاوبەش و هێزی میلیشیایی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەهەمان کاتدا دەستیان سوورە بەڕشتنی خوێنی سەدان خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان، زیندانەکانیان پڕکردووە لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و گەنجانی ناڕازی.
 دادگا لەوڵاتانی دیموکراسی و ئازادی خوازدا شوێنی بڕیاردانی دادپەروەرانەیە لەسەر دۆسیەکان و جێ بەجێکردنی سەروەری یاسا و گێڕانەوەی شکۆیە بۆ مرۆڤ لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
کە چی پارتی و یەکێتی هاتوون بەناوی ئازادی و دیموکراسییەکی ساختەوە، سیستەمێکی هەڵبژاردنی پڕ لە ساختەکارییانداناوە و دادگاکانیشیان کردووەتە دەزگایەک بۆ پەردەپۆشکردن و ساغ کردنەوەی تاوانە قێزەونەکانیان.
بۆیە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان لەهەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کارتۆنیە و هیچ هەیمەنەیەکی یاسایی و شەرعییان نیە، چونکە دادوەرەکان کەسانی حزبین و لەسەر بنەمای ئیخلاس بونیان بۆ پارتی و یەکێتی دەکرێنە دادوەر و بەبروسکەی مەکتەب سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی بڕیار لەسەر دۆسییەکان دەدەن.
چەندە تراژیدییە کاتێک ئاور لە ڕابردوو دەدەینەوە و دەبینین لەماوەی حکومڕانی کوردیدا، چەندین ڕۆژنامەنووسی ئازا و بوێر بەئاشکرا و بەڕۆژی ڕوناک، لەژێر حکومی تاریکی پارتی و یەکێتی و بەدەستی بەرپرسانی ئەوان تیرۆرکران، کەچی دادگاکان بێدەنگ بوون و دۆسییەکانیان داخستن، هیچ کەسیش لەسەر کوشتنی ئەوان دەستگیر نەکران، ئێستا بکوژانی ڕۆژنامەنووسان خاوەنی دەسەڵات و پۆست و پارە و ژیانی خۆشن.
بۆیە بەڕاستی شەرمە بڵێین دادگاکانی هەرێم دادگان، چونکە ئەوانە هیچ سیفەتێکی دادوەرییان تێدانییە و بەشێکن لەدەزگا ئەمنییە داپڵۆسێنەرەکانی پارتی و یەکێتی.