کەمی رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە تێکۆشان و خەبات بۆ پرسی رەوای خۆیان رێگای گەیاندن بە ئامانجی هاونرخی و یەکسانی لە کۆمەڵدا، دوورودرێژتر دەکاتەوە و هەنگاوەکان ئاڵۆزتر و سەختر دەکات.
کتێبی ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە کە بە شێوازێکی پێداگۆکی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا هەڵدەسەنگێنێ. دەکرێ ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە هوشیارکردنەوەی لاوان، کچان و کوڕان، لە کۆمەڵگەدا. دەکرێ رێکخراوەکانی ژنان لە تۆری یەکبینن و کۆڕوکۆبوونەوەکانی خۆیاندا، لە روانگەی ئەم کتێبەوە پێگە و پرسی ژن لە تێڕوانینی دین و دەسەڵات و بیری خێڵەکیەوە هەڵسەنگێنن و وتووێژی لەسەربکەن.
هەوڵ و تێکۆشانی خودی ژن خۆی، بۆ شکاندنی ئەو کۆت و بەندە و چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و یەکسانی، مەرجی سەرەکیە بۆ ئەوەی ژن لە بەردەم یاسا و لەدیدی کۆمەڵگەدا هاونرخ و یەکسان و سەربەست بێ. کچان و ژنان دەبێ ڕێچکەشکێن بن و یاخی ببن لە دیدو تێروانینە کۆنسەرڤاتیڤەکانی نێو دین و نێو کۆمەڵگە. دیارە ئەم تێکۆشان و خەباتەش پشتگیری پیاوان، بەتایبەتی پشتگیری رۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندانی پێویستە.
پێگە و گوزەرانی ژن لە کۆمەڵدا پێوەری گەشکردن و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیەیە. تا ژن لە هەموو ماف و ئەرکێکی دا لەگەڵ پیاو یەکسان نەبێ، ژن وەک مرۆڤێکی تەواو و ئازادو و سەربەست لە کۆمەڵدا نەبینرێ، کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەربەست نابێ.